من و کاک جەمالی دەلاک

دانیشتبووین لەگەڵ خۆشکەزای خۆشەویستم کاک عابد مفتی زادە کە ماوەییەکە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی ڕاگەیاندن دا کار ئەکات. باسی برادەرێ هاتە گۆڕێ بەناوی جەمالی دەلاک. 

وتی خاڵۆ ئەم پیاوە ناودارە لەم رێگایەدا ئیش ئەکات و خۆی و کات و ژیانی تەرخان کردووە بۆ خزمەت بە هۆنەر و داب و نەریتی کوردەواری وە خاوەنی هەزاران بەرهەمە.

کە سەیری کارەکانیم کرد، زۆرم باش هاتنە بەرچاو و تێ گەیشتم هەر دوو ڕێبواری ڕێگایەکین و یەکترمان نەدیوە. لێ بڕام پەیوەندی لەگەڵ بگرم وە ئەو پەیوەندیە بوو بە هەوێنی پێک هینانی ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیە.

من و جەمال هەردوو ڕێبواری یەک ڕێگاین، من زووتر دەستم پێکرد بەڵام ئاش بەتاڵ دڵی سەرد کردمەوە وە لە هەوڵ تەقەلای بیست ساڵە وازم هێنا و ئیتر بیرم لێ نەکردەوە.

جەمال هانی دام بگەرێمەوە سەرڕێگا، بەڵام داخی مەخابن زۆر شت لەگەڵ چل ساڵ لەمەوپێش گۆڕاوە، مێشکم توانای بیرکردنەوەی وەک ڕابوردوو نیە وە ئەو جۆرە کە جاران بەرانبەر بە قەوماوە جۆربەجۆورەکان هەڵویستی پیشان ئەدا خۆ نانوێنێ. دارستانی یاد و بیرەوەری یەکانم شەختە لێی داوە و خەزەڵوەری ڕۆژگار گەڵای هەموو داڕنیوە.

لێرە و لەوێ، تاک و تەرا، گەڵای پێوە ماوە، کۆیان ئەکەمەوە ئەیانکەم بە مافوورەیێ لە بەر پێی هاووڵاتیانم، ئەیکەم بە فەرشی ئەو ڕێگایە کە لە بەرمانە، تا چ ڕادەیەک سەر ئەکەوم نازانم.

بە هیوای سەرکەوتن 

عوسمان ئەحمەدی  06-2020