ناوم جه‌مال عومه‌ر حه‌مه سه‌عید ناسراوم به جه‌مالی ده‌لاك یان جه‌مالی ڕه‌زازی.
له‌یه‌كێك لهگهڕهكه دێرینه‌كانی شاری سلێمانی ( مه‌ڵكه‌ندی ـ حاجی حان ) له‌وه‌رزی سه‌رماوسۆڵه‌و شه‌خته‌ی رێبه‌ندانی 1963، واته ( 2/1/1963) له‌خانه‌واده‌یه‌كی كه‌مده‌رامه‌ت به‌دنیا هاتووم.
باوكم فه‌رمانبه‌ری میری بووه تا ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو. دواتر وه‌ك كارمه‌ندی (ئۆفسێت) له‌كه‌رتی تایبه‌ت و لهچاپخانهكانی سلێمانی ئه‌وسه‌رده‌مه وه‌ك (كامه‌رانی، ڕاپه‌ڕین و ژینی كاكه‌ی فه‌لاح ) كاری كردووه .
ئه‌م تێكه‌ڵاو بوونه‌ی باوكم، له كۆتایی شه‌سته‌كانه‌وه، به‌دنیای چاپه‌مه‌نی و ڕۆشنبیری، كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه له بوونی ئامێری گرام و ته‌سجیل و ڕادیۆ لهماڵەکەماندا و لە ئاشنا کردنی هه‌میشه‌یم بە ده‌نگی هونه‌رمه‌نده نه‌مره‌كانی گه‌له‌كه‌مان (عه‌لی مه‌ردان ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌دی ماملێ ، حه‌مه ساڵه‌ح دیلان و ئیبراهیمی قادری …. تاد )
وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی، له‌ته‌مه‌نی شەش ساڵیدا خراومه‌ته به‌رخوێندن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی خاوه‌ن خانووی خۆمان نه‌بووین، هه‌میشه كۆچه‌ری شار بووین، له‌م گه‌ڕه‌ك بۆئه‌و گه‌ڕه‌ك.
ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه له‌سه‌رم و ئاواتم بووە كه تاكۆتایی قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌یه‌ك قوتابخانه بخوێنم. ئاستی خوێنده‌واریم تا قۆناغی په‌یمانگای ته‌كنیكی یە.
له‌ساڵی دووه‌مدا بووم، به‌هۆی بڕیارێكی نه‌شیاوی حیزبی به‌عس، ده‌بوو له‌پشووی هاویندا جلی سه‌ربازی له‌به‌ركه‌ین و بچینه به‌ره‌كانی جه‌نگ. ئه‌وكاته شه‌ڕی نه‌گریسی نێوان ( عێراق و ئێران ) بوو (ساڵی 1986). به‌هۆی ئه‌وه‌ی پابه‌ند نه‌بووم و نه‌چووم، به بڕیاری رژێمی به‌عس، له‌خوێندن ده‌ركرام و منیش وه‌ك سه‌ربازێكی هه‌ڵاتوو، خۆم گه‌یانده ناوچه ئازادكراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه له‌ناوچه‌ی شارباژێر.
خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ” ئاماده‌یی” م و لە باری كۆمه‌ڵایه‌تیەوە هاوسه‌رگیریم كردووه و خاوه‌نی چوار كوڕم.
له‌ساڵی 1975، دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئاواره‌بوونمان به‌هۆی شۆرشی ئه‌یلوله‌وه، له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌مه‌وه ئازادیم پێ به‌خشراو بڕۆمه ناو بازار‌و به‌دوای كاردا بگه‌ڕێم تا بژێوی ژیان و پێداویستی قوتابخانه دابین بكه‌م. ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تێكی گرنگ بوو بۆمن و چاوكرانهوهیهك به‌دنیایه‌كی ڕۆشنتر و تێكه‌ڵاوبوون و فێربوون له‌ژیان.
هه‌موو كاره‌كانی ده‌ستگێڕی و شاگرد چایخانه و چێشتخانه و تا كرێكاریم ئه‌نجامدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌موو كات بیرم له‌لای موزیك و گۆرانی و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان بوو. هه‌فته‌ی سێ جار ده‌چوومه تۆمارگای خه‌یام و دهمپرسیی له به‌رهه‌می نوێی هونه‌رمه‌ندان …
به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بووم تاساڵی 1980 کە بوومه شاگرد سه‌رتاش و قوتابخانه‌و كاره‌كه‌م پێكه‌وه گرێدابوو، له‌هه‌مانكاتیشدا خوێندنه‌وه‌و گوێگرتن له‌ڕادیۆ و بیستنی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان …
ماوه‌ی 26 ساڵ كاری سه‌رتاشینم كرد و له‌ساڵی 1995 ” سه‌رتاشخانه‌ی ڕه‌زازی ” یم كرده‌وه. شوێنی كاره‌كه‌م ببوو به‌پێگه‌و به‌یه‌كگه‌یشتنی هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و نووسران و كه‌سایه‌تیه ئازیزه‌كانی شاره‌كه‌م.
بۆهه‌میشه شانازی به‌و ڕۆژانه‌وه ده‌كه‌م و قوتابخانه‌یه‌كی زۆر گرنگ و پر بایه‌خ بوو بۆ من، زۆر وانه‌ی جوانی تێدا فێربووم.
په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر و پته‌وم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م هه‌یه له‌سلێمانی و هه‌ولێر و هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌كانی رۆژهه‌ڵات ، ” سه‌رتاشخانه‌ی ره‌زازی ” ببوه ناوێكی خۆشه‌ویست له‌شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئازیز.
زۆرحه‌زم لهخوێندنهوهیه، به‌تایبه‌ت ڕۆژنامه‌و گۆڤار و كتێب وه زیاتر بابه‌تی هونه‌ری و مێژووی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان. بۆیه‌كه‌م جار له‌ساڵی 1999 ده‌ستم دایه پێنووس و بابه‌تم نوسیی و له هه‌فته‌نامه‌ی هه‌رێمی كوردستان دا بابه‌تم بڵاوكرده‌وه.
ده‌بێت به ئه‌مانه‌ته‌وه باس لهدلسۆزیی و هاندانی هه‌ر دوو برای ئازیزم كاكه ” حه‌مه عه‌زیزی ” شاعیر و كاك ” عه‌بدولی حه‌مه باقی ” نووسه‌ر و رۆژنامه‌نوس بکەم و سوپاسگوزارییان بم. له‌وه به‌دواوه بۆ ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كان، به‌بێ جیاوازی، بابه‌تی هونه‌ریم نوسیوه و تائێستاش به‌رده‌وامم.
خاوه‌نی كتێبێكم له ئاماده‌كردن و كۆكردنه‌وه به‌ناوی ” نه‌داری ” کە دوو به‌رگه و له‌ساڵی 2002 دا بڵاوبۆته‌وه و تایبه‌ته به گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه ” ناسری ره‌زازی “.
به‌هۆی كاری وه‌زیفی له كۆتایی ساڵی 2006 دا، شوێنی كار‌و ژیانم گواسترایه‌وه بۆ شاری هه‌ولێری پایته‌خت. كارمه‌ندم له‌دیوانی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری وە له‌شاری هه‌ولێری ئازیزیش، به‌هه‌مان شێوه‌ی شاری سلێمانی، به‌رده‌وام بووم له‌سه‌ر ئه‌و كاره پیرۆزه كهخزمهتكردنه بهنهتهوهكهم. بابه‌تم بۆ ڕۆژنامه‌كانی شاری هه‌ولێر نوسیوه و هه‌ندێك جاریش له‌خزمه‌تی مامۆستای ئازیز و خۆشه‌ویست “وریا ئه‌حمه‌د” دا بووم و بابه‌تی هونه‌ریم بۆ ئاماده‌كردووه بۆ گۆڤاری ” چلاواز “.
به‌داخه‌وه به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان وه‌ستاون. منیش بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بم، زیاتر له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك به ناوی ( jamalidalak ) بابه‌ته‌كانم بڵاوده‌كه‌مه‌وه.
هیواخوازم له‌ئاست جوانی و پیرۆزیی و گه‌وره‌یی هونه‌ریی موزیك و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مدا بم.
جەمال دەلاک : 18-06-2020