بیرەوەریەک سەبارەت بە رادیۆ پەیکی ئێران

مامۆستا جەمال نەبەز لە پاریس کتێبی “تڕم، پڕم، پف”ی دامێ، خوێندمەوە. چەن ئاگاداریەکم نووسی و بۆم نارد.

لە کتێبەکەدا قەڵەمەشەڕێیەتی لە گەڵ برادەرێ بە ناوی جەمشید حەیدەری کە نایناسم و نەمدیوە و کتێبەکەشیم نەدیوە، بەڵام وەها کە جەمال نەبەز نووسیویە لە سەر ئەم مەبەستە بووەتە کێشەیان، کە رادیۆ “پەیکی ئێران”* لە کام وڵاتی کۆمۆنیست ‌دا بووە و هەرکام جێگایەکیان وتوبوو.

منیش بۆ ئەوەی کێشەکەیان دووایی پێ‌ بێ و لە راستی کارەسات تێ بگەن، نووسیبووم: رۆژێکیان عەلی گەلاوێژ لە سر رادیۆ پەیکی ئێران بەو دەنگە جوان و هەست بزوێنیەوە کە هەیبوو، ئەی‌قێڕاند:

هەتیوەکەی حەمە رەزاشا داو و دواڵایە  و بە شوێن رادیۆ پەیکی ئێران دا ئەگەڕێ کەبزانێ لە کوێ‌یە!

ئێمە پێویستە بەم کابرایە رابگەینین کە رادیۆ پەیکی ئێران جێگایەکی تایبەتی نیە!  رادیۆ پەیکی ئێران  وا لە نێو دڵی سی و پێنج ملوێن ئێرانی‌دا.

حەمە رەزا شا، ماوەیەک پاش ئەوە،  گەشتێکی هەبوو بۆ وڵاتانی ئورووپا  و لەم گەشتەدا چاوێکی بە بۆلغارستانیش‌ کەوت. وەزیری بازەرگانیشی لە گەڵ بوو، بڕیارنامەیەکی مۆر کرد و بڕێ پەنیری لە بۆلغارستان کڕی.

بۆ شەوی ئەو رۆژە عەلی گەلاوێژیان خنکاند و رادیۆ پەیکی ئێران قاپات کرا و دیاریدا کە نە تەنیا رادیۆیەکە لە دڵی سی و پێنج ملوێن خەڵکی ئێران‌دا نەبوو بەڵکوو لە نێو چووار پێنج تەنەکەی پەنێردا بوو.

 

*رادیۆ پەیکی ئێران سەر بە حێزبی توودە ی ئێران بوو، دژ بە دەسەڵاتی پەهلەوی، کە بەشی کوردیەکەی عەلی گەلاوێژ بەڕێوەی ئەبرد .