ووشەی ئاری یا ئاریا

ماوەیێ لەمەوپێش، لە یەکێ لە بەرنامەکانی تلێڤیزیۆنی هەندەران دا، ئێرانیەک لە سەر ئەم بیروباوڕە بوو کە وشەی “ئاریا” ووشەیەکی بێ مانایە و دیار نیە کەی و چۆن دروست کراوە و هیچ ڕەسەنایەتیەکی نیە.

دیارە ئەو کابرایە یا دەس ئەنقەس لە عاستی ڕاستەقینە چاو ئەنووقێنێ، یا وەکوو پێشینانی، لە عاستی مەبەستی کورد و کوردستان نایەوێ ڕاستەقینە ببینێ.

ئەوی کە دیارە و جێ هیچ دوودڵی نیە، ئەوەیە، کە ئەوە ماوەی هەزاروچوارسەد ساڵە کە عەرەب هێرشی کردوەتە سەر ئێران و زنجیرە پادشایانی ساسانیی، کە لە کوردەکانی شوانکارەی فارس بوون، رووخاندووە.

بە دەیان جار درۆ و دەلەسە دژ بە کورد لە مێژوودا تۆمار کراوە. ساتێ کورد لە بەرە و تۆڕی جنۆکە بووە، ساتێ گروپێکی دز و جەردەبووە،کردوویانە بەم شاخانەدا.

وەکوو کابرا وتەنی، قەڵەم و کاغەز لەدەستی دوژمن دا بووە و دوژمن هەلوێست و بۆچوونی لە هەموو بوارێکا لە راستەقینە یەکجار دوورە.

ئەوەی ڕاستی بێت وشەی “ئاریا” کە زۆربەی مێژوونووسان جەختیان لە سەر کردووە، لە “ئایریانە” وەرگیراوە.

ئەم ووشەیە، بەختیارانە نەمردووە . لە ووشەی (ئایری) و پاشگری (انە) کە پاشگری نسبەتە پێک هاتووە.

 وشەی ئایری لە زمانی هەورامی دا، کە کۆنترین زمانی ناوچەکەیە بەمانا ئاگرە کە لە فارسی دا ئەبێ بە ئاتەش وە پەسوەندی انە پەسوەندی نسبەتە وەکوو: پیاو (پیاوانە) و ژن (ژنانە).

 “ئایریانە” ئەبێتە ناوی مەنسووب بە “ئایر“، وە چەن شانازیەکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان کە لە حەوت یا دەهەزار ساڵ لەمەو بەر، باو باپیرانمان یەکەم هۆز و ڕەچەڵەکێ بوون کە ئاوریان دۆزیوەتەوە.

کاتێ کە ئایر دۆزراوەتەوە مرۆڤ پشوویەکی هاتووە بە بەرا، لە سەرما و سەهۆڵ رزگاری بووە، ئەشکەوتە تاریک و تەنگەبەرەکانی بۆ ڕوون کردووەتەوە وە گرنگتر لەوەش بەرانبەر بە جڕ و جانەوەری کێوی پاراستوویە، جا بەڕاستی حەقی بووە بیپەرەستێ. 

بەڵێ ئێمە ڕۆڵەی ئەو دایک و باوکەین کە شوێنێکی هەرەگەورەیان بووە لە ژیانی ئادەمیزادا. ئاوری پەرستووە و دینی ئاور پەرستی هێناوەتە کایەوە.

زانایەکی ئاڵمانی، ماوەیێ لەمەو پێش، لە وتاریکا دیاردەی بۆ ئەم مەبەستە کردبوو کە خوای ئاگر چ دەورێکی لە ژیانی ئادەمیزادا گێڕاوە وە هەڵی سەنگاندبوو لەگەڵ هەموو ئایینەکانی جیهان دا وە بەم ئاکامە گەیشتبوو کە ئاور پەرستی چ ئایینێکی بەرز و بەشکۆیە کە لەگەڵ هاتنەکایەوە ژیانی بەرەی ئادەمیزادی بە تەواوی گۆڕیوە.

ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە، کاتێ کاوەی ئاسنگەر پەلاماری زەحاکی خوێن خۆری دا، کە هەموو ڕۆژێ مێشکی دوو گەنجیان ئەکرد بە خۆراکی مارەکانی سەرشانی، بڕیاری دا هەر کە سەرکەوت، لەسەر شاخێکی بەرز ئاور بکاتەوە، تا خەلکی کێو بە کێو ئەو پەیامە بە کردنەوەی ئاور لە سەر شاخەکان بە هەموو ڕابگەیەنن.

ئێستە ئێمەی کورد، بە شانازیەوە، ئەو سپاردەیە بەڕێوە ئەبەین وە بە هەر موناسباتێ، هەر جێژنێ، مێهرەگانێ، جێژنی سەری ساڵێ و هەر کۆ بوونەوەیەک ئاور ئەکەینەوە.

ئاور بەشێکە لە شادیمان، بەشێکە لە ژیانمان، لە هیچ کۆڕ و کۆمەڵێک لە جیهاندا ئاور ئەو جێگایە نیە کە لە ژیانی ئێمە دا هەیەتی.

٢٠٢٠/٠٧