مامۆستا دوکتۆر سدێقی موفتی زاده، ئەدب زانی گەورەی گەلەکەمان، لە بوارەکانی جۆربەجۆری فەرهەنگ و ئەدەبی نەتەوەکەماندا هەوڵی زۆری داوە.
لەسەردەمە ڕەش و تەنگەکانی کوردستاندا تێ کۆشیوە، بە هەرچەشنێک بووایە، دەرفەتێک پەیدا بکات وکارە ئەدەبی و هۆنەریەکانی بۆ خزمەت بە گەلەکەی بەرەۆ پێش ببات.

پێناسەی ئەو مامۆستا پایە بەرزە، چەندین لاپەڕەو لێکۆڵینەوەی تایبەتی ئەوێت. بەکورتی ئەتوانم بلێم مامۆستا دوکتۆر سدێق، هەرلەسەرەتای لاوی یەوە وەکوو مامۆستای زمانی کوردی، بەڵێنی داوە تا هە تا دوایین رۆژ لە بواری ئەدەبی و فەرهەنگیدا خزمەت بە گەلەکەی بکا وە بەڕاستی بە بەڵێن و سوێندەکەی خۆی هەر وەفادارمایەوە!

لەبواری دەستوری زمانی کوردیەوە، هەوڵێکی زۆری داوە تا زمانی کوردی وەکوو زمانە گەورەکانی دونیا، بەتایبەت ئنگلیسی و فەرانسە، ڕێزمانێکی زانستی هەبێت و وشە و زاراوەکانی لە چوارچێوە فۆنەتیک دا پشت ڕاست بکرێتەوە، تا بکرێت لە ئاستی زانستگا نێونەتەوەیەکاندا دەرس بدرێت و هەندەرانیش ( و ئەوانەی کوردی یان نەبیستووە) بتوانن وەکوو زمانێکی زیندوو فێری بن و لێ تێ بگەن.
لە کۆڕی دەرسەکانی دا، بە تایبەت لە زانستگای تاران، پاش ساڵانی ٧٠ ی زائینی بە ڕونی پیشانی هەموانی دا کە زمانی کوردی، لە باری دەستووریەوە، زمانێکی رێک و پێکە وە ئەبێ بە زمانێکی زیندوو و پڕووشە لە ئەژماربدرێت وە بە پێچەوانەی بڕوای کەسانێک، زۆر لەگەڵ زمانەکانی دراوسێان جیاوازی هەیە.
جێگای سەرنجە کە زۆر کەس لە کۆڕی دەرسەکانی ئەو مامۆستا پایە بەرزە دا بەشداریان کردووە وە تەنانەت چەن لاوێکی ئۆروپەیی کە لە ئەنجامی تەواو کردنی دەرسەکەیان، فێری کوردی یەکی جوان و ڕێک و پێک بووبوون.
ئاوڕێکی بچووک بۆ بەرهەمی ئەو نووسەرو هۆنەرمەندانە کە لە کۆڕی مامۆستا دوکتۆر سدێق دا بەشداریان کردوە و لە بەرهەمەکانیاندا لەو رێ و ڕەوشتە دەستوریانە پەیڕەویان کردووە، بە ڕونی پیشانی ئەدات کە چەندە رێ و ڕەوشتی دەستوریی مامۆستا دوکتۆر سدیق، لە سەریەکگرتوویی و رێک و پێکی زمانی کوردی دا کاریگەری هە بووە.
ئەڵبەت مامۆستا دوکتۆر سدێق، لە بواری هونراوەو لێکۆڵینەوەی ئەدەبیش دا کارهایێکی کەم وێنەی هەیە کە لە سەرمانە پێشکەشی ئێوە ئازیزان بکرێن.


مامۆستا دوکتۆر سدێق بە خەتی خۆی پێناسەێکی کورتی، بە داوای مامۆستا هەژاری خۆشەویست نوسیوە کە ئەمە دەقی ئەو نووسراوەیە. هەر رۆحی گەورەی شاد بێ ویادی لە دڵی هەموو نیشتمان پەروەران زیندوو بمێنێتەوە.
ناوم محەمەد سەدیق، ناوی بنەمەڵەییم مفتی زادە یە. لە ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی-هەتاوی لە گوندی دشە لە ناوچەی هەورامانی جوانڕۆ هاتوومەتە دنیاوە. باوکم مەلا عەبدوڵڵای مفتی کوڕی مەلا مەحموود کوڕی مەلا محەممەد کوڕی مەلا ئەحمەدی گەورە لە بنە ماڵەی مەلایانی دشە یە.
دایکم کچی سەیید شەهابەدین ی تاڵشی و دایکی کچی شێخ عوسمان ی تەوێڵەیی هەورامانە.
لە ساڵانی پێش شەڕی جیهانی یەکەم، باوکم ڵە لایەن فەرمانڕەواکانی ئەردەڵانەوە دەعوەت کراوە بۆ شاری سنە و بووە بە مودەڕسی خوێنگەی مزگەوتی دارول ئێحسان.
پاش چەن ساڵ، لە ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی قاجاریەکاندا دەعوەت کراوە بۆ تاران و لەقەبی مفتی کوردستان ی پێ دراوە وە گەڕاوەتەوە بۆ شاری سنە.
تەمەنم شەش ساڵ بووە باوکم لە شاری سنە کۆچی دوایی کردووە. دایکیشم پێنج ساڵ پاش کۆچی دوایی باوکم لە دشە لە دنیا چووە.
خوێندنی سەرەتاییم لە گوندەکانی دشە و خانەگا و شاری سنە دوایی پێ هێناوە. لە ساڵی ١٣١٥ی کۆچی هەتاوی دەستم کردووە بە خوێندنی عولوومی ئیسلامی وە لە خزمەتی زانایانی ئایینی مەڵبەندگەلی شارەزوور، مەریوان، موکریان و شارگەلی پێنجوێن، سلێمانی، کەرکووک، هەولێر، ڕەواندز، مەهاباد و سنە دەرسم خوێندووە.
ئەو زانایانە کە لە خزمەتیاندا دەرسم خوێندووە ئەمانەن: کاکم حاجی مەلا خالێدی مفتی، مەلا سەیید عارف، ملا ساڵحی تریفە، سەیید باباڕەسوڵی عەبابەیلێ لە مەلبەندی شارەزوور، مەلا باقری باڵک، مەلا مەحموودی دەرەتفێ لە مەریوان، مەلا عەلی حەمامیان، مەلا شێخ محەمەدی بورهان لە موکریان، مەلا عارفی بانەیی، مەلا سەیید عەلی لە پێنجوێن، مەلا مستەفای حاجی، مەلا ڕەسوڵ، مەلا عەبدەڵای بێژوێی لە سلێمانی، مەلا عەزیزی شلی خانەیی لە کەرکوک، مەلا ساڵەحی دیبەگەیی، مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی لە ڕەواندز، مەلا سەدیقی سەدیقی، مەلا حسێنی مەجدی لە مەهاباد، مەلا مەحمودی مفتی کاکم لە شاری سنە کە ئیجازەی عیلمیم بەلای ئەوەوە وەرگرتووە و لە دواییدا لە شاری سلێمانی مامۆستایانی هەیئەتی زانیاری ئایینی ئەوقاف پاش تاقی کردنەوە ئەو ئیجازەنامەیەیان بۆم مۆر کردووە و لە شارگەلی مەهاباد و سنە و خوڕەم ئاباد و تاران دەرسم داوە.
لە ساڵی ١٣٤١ لە دانشکەدەی ئیلاهی یات و مەعاریفی ئیسلامی دانشگای تاران دا، دەورەی لیسانس و دوکتۆریم دوایی پێ داوە لە دانشکەدەی ئەدەبیاتیش ماوەیەک خەریکی علوومی تەربیەتی و زمانەوانیش بووم و لەو ماوەیەشدا لە دەبیرستانەکانی شاری تاران دەرسم داوە.
لە ساڵی ١٣٤٩ بووم بە مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی دانشکەدەی ئەدەبیات و عولوومی ئینسانی دانشگای تاران. لەو ماوەیەدا بێجگە لە دەرس دانی زمانی کوردی، ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبیشم تەدریس کردووە.
ساڵی ١٣٥٩ کە بە هۆی شۆڕشی فەرهەنگی یەوە زانستگای تاران داخرا، بۆ من دەرفەتێک بوو تا لە ماڵ دانیشم و نووسینی ئەو ڕێزمانە کوردی یەم کە بەدەستەوە بوو تەواو بکەم. لەگەڵ ئەوەشدا خەریکی لەسەر نووسینی دیوانی مەولەوی (مەعدوومی) بووم و ئێستاش هەر خەریکی ئەوکارەم.
چؤن بوو خەریکی زمان و ئەدەبی کوردی بووم
لە سەرەتای ئاوەزیانمەوە خەریک بوونی خوێندنەوەی هۆنراوەکانی مەولەوی، و لێ دوان لە ماناکانیان لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەکەمان و دۆستانەوە هانی دام کە پێوەندی یەکی بەتین لەگەڵ زمان و ئەدەبی کوردی دا بهێنمە دەس. ئەم پێوەندی یە بوو بە هۆی ئەوە کە ئەو ماوەیە کە لە کوردستانی عێراقدا ئەم خوێند، زۆرتر خەریکی زمان و ئەدەبی کوردی بم. تا لە سەرەتای دەست پێ کردنی شەڕی جیهانی دووهەمدا کە سیایەتی فەرمانڕەوایی تورکیا گۆڕا و نامە نووسینی کوردەکانی ئەوێ بۆ وڵاتانی دەرەوە ئازاد کرا، کاکم محەمەدی میهری بەگ کە پێش شەڕی جیهانی یەکەم، شەهیدی نەمر شێخ عەبدولقادری گەیلانی زادە لە شاری رەواندزەوە لەگەڵ خۆی بردبووی بۆ شاری ئەستەمبووڵ (بە داخەوە من هەر چاوم پێ نەکەوت) بۆ یەکەم جار بەکوردی نامەی بۆ نووسیم و لە نامەکەیا زۆر هەڵی نابووم کە لە خزمەت کردن بە زمان و ئەدەبی کوردی لە هەر هەل و مەرجێکدا کۆتایی نەکەم. ئەو هەڵنانی ئەوانە بووبە هۆی ئەوە کە زۆرتر لە جاران خەریکی لێکۆڵینەوە لە زمان و ئەدەبی کوردی بم.
لە ساڵی ١٣٣٨ دا کە لە لایان حکوومەتەوە ڕۆژنامەی کوردستان لە تاران دەرچوو، پێشنیاری سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامەیەم قەبووڵ کرد.
چوونکە لە لایەکەوە بە هەلێکی گەورەم زانی کە لەو ڕێگایە، بە پێی توانای خۆم، خزمەت بە زمان و ئەدەب و مێژووی گەلە چەوساوەکەمان بکەم و لە لەیەکی دیکەشەوە پێم وابوو دەرچوونی ئەو ڕۆژنامەیە بە زمانی کوردی لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە باوەکوو مەبەستێکی تەبلێغاتیشی تێدا بووبێ، بەڵام پێ هاتنێکی بەڵگەدار بوو سەبارەت بە هەبوون (مەوجودی یەت) ی گەلی کورد و زمان و ئەدەب و نیشتمانی.
لەو ساڵانەدا کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستان بووم، گەلێ مەتالیبی ئەدەبی کوردیم نووسیوە وە لەو ڕۆژنامەیەدا لە چاپ دراوە.
هەندێ لەو مەتلەبانە ئەمانەی خوارەوەن:
– کۆ کردنەوەی نزیکەی ٢٥٠ پارچە لە هۆنراوەکانی سەیید عەبدورەحیمی مەولوی لە نێو بەیازە دەسنووسە کۆنەکان و ڕاست کردنەوەیان و کورتە لێ دوانێ لە مانای هۆنراوەکان.
– کۆ کردنەوە و ڕاست کردنەوەی زۆربەی هۆنراوەکانی وەلی دێوانە
– کورتە لێکۆڵینەوەیەک لە دیوانی مەلاپەریشان و لە چاپدانی هەندێ لە هۆنراوەکانی
– ڕاست کردنەوە لە سەر وەلەدخانی گۆران
– ڕاست کردنەوەی هەندێ لە هۆنراوەکانی کەنیزەک و یازدەڕەزم کە بەشێکە لە شانامەی کوردی دانراوی سەرهەنگ ئەڵماس خانی کەنوولەیی.
– زنجیرە وتارێ لە بارەی ڕێزمانی کوردی یەوە لە ژێر سەردێڕی چۆن بنوسین و بخوێنینەوە
– زنجیرە وتارێ لە بارەی ژیانی کۆمەڵەکەمان و ڕەخنەگرتن لە هەندێ بیر و باوەڕ و ڕەسم و یاسای نالەباری کۆمەڵایەتی لە ژێر سەردێڕی لە کۆمەڵا چۆن بژین
– کۆ کردنەوە و ڕاست کردنەوەی دیوانی مەلا حامیدی ئالیجانی لە ناوچەی ژاوەرۆ
– ڕاست کردنەوەی شەڕەقسەی ئاسمان و زەوی، هەڵبەسراوی میرزا عەبدولقادری پاوەیی
– ڕاست کردنەوەی جەنگە نامەی کولە و عاینەمەل، هەڵبەسراوی میرزا عەبدولقادری پاوەیی
– کۆ کردنەوە و ڕاست کردنەوەی شوێنەواری شیعری گەلێ لە شاعیرەکانی کورد لە ژێر سەردێڕی لە هەر گوڵزارێ گوڵێ
– چەن پارچە هۆنراوەیەکی نیشتمانی و نەتەوایەتی و عێشقی و چەند وردە چیرۆکی هۆنراوە بە شێوەی تەنز و توانجی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی وەک چیرۆکی مام ریوی و پەپوو سڵێمانە و چیرۆکی فێڵ و بولبول
– زنجیرە وتارێکی فەلسەفی سورشتی لە ژێر سەردێڕی رێگای خودا ناسی
– مێژوولکەی حوکوومەتەکانی کورد
– ڕاست کردنەوە و لە چاپ دانی مناجاتی خانای قوبادی بە ناوی حەفت بەند
ئەو مەتالیبە هەموویان لە ژێر عونوانی “م ص م” کە کورت کراوەی محەمەد صدیق مفتی زادە یە لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان کە لە چوار بەشدا بەرگ گیراون لە بەر دەست دان.
ڕۆژنامەی کوردستان باوەکوو لە ژێر چاوەدێری سەختی حکوومەت دا دەرئەچوو لەگەڵ ئەوەش لە ڕاستەقینەدا خزمەتێکی گرینگی بە زمان و ئەدەب و مێژووی گەلی کورد ئەکرد. بەڵام پاش چوار ساڵ بۆ دەوڵەت دەرکەوت کە لە چاپ دانی ئەو ڕۆژنامەیە جگە لە زیان بۆ سیاسەتی دەوڵەت سوودێکی تێدا نیە. ئینجا لە بەر ئەوە لە سەرەتای بەهاری ١٣٤٢ دا رۆژنامەکە داخرا.
جگە لەو کارە ئەدەبیانە کە لە ڕۆژنامەی کوردستان جێ بە جێم کردوون، لە ساڵی ١٣٣٨ ەوە تا پاییزی ساڵی ١٣٥٨ چەن زنجیرە وتاری ئەدەبیم لە بارەی ئەدەب و مێژووی کوردەوە نوسیوە و لە ڕادیۆی کوردی ئێران بڵاو بوونەتەوە و بەشێکی زۆری ئەو وتارانە لە بەر دەست دایە. هەندێ لەو وتارانە لە ژێر ئەم سەردێڕانە بڵاو کراونەتەوە:
لێکدانەوەی وێژەیی بەسەرهاتی با و باپیرانمان، وێژە و وێژەوانان، پەندی پێشینیان. ڕاست کردنەوە و لە سەر نوسسینی دیوانی نالی، شێعری شێوە گۆرانی کوردی مەستورەی ئەردەڵان کە بۆ یەکەم جار لە نێو بەیازە کۆنەکان دا بە دەستم هێنابوو.
دوکتۆر سەدیق لە مانگی سەرماوەزی ١٣٦٣ لە شاری تاران وەفاتی کرد و لە گۆڕستانی وەیس ی کرماشان دا بەخاک ئەسپێردرا.