من و حەسەن و حوسەینی یوسف زەمانی

دوو برا، دوو ئەستێرەی گەشی ئاسمانی ھونەر و مۆسیقای کوردی، ماڵمان لە گەڕەکێکا بوو و ڕاستە چەن ساڵ بە تەمەن لە من گەورەترن و گەرچی سەردەمی مناڵی پێکەوە نەبووین بەڵام دوور بە دوور یەکترمان ئەناسی

حەسەن لە مۆسیقای ئیرانی دا کاری کردبوو و حوسەین لە مۆسیقای فەرەنگیدا.

کاتێ گوێزرانەوە بۆ تاران ھاتن بۆ بەرنامەی کوردی و کەوتینەیەک.

حەسەن چووە ئۆرکێستری رادیۆ ئێران و حوسەین کە لە پێشدا چووبووە ئۆرکێستری سنفۆنیک، زۆر زوو دوبارە ھاتەوە کۆشی رادیۆ ئێران و دەستی کرد بە تێکۆشان و گەشە پێدانی موزیکی کوردی.

ئەو گۆرانیانە کە عەلای بابا شەھابی، موحەمەدی تەھماسبی، زوھرە و قەمەری بەنی ئەردەڵان خوێندوویانە زیاتری کاری حوسەینە

حەسەن ئەو ھونەرمەندە دەس ڕەنگینەیە کە زۆربەی گۆرانیەکانی خالەقی بەدی ھێناوە کە لە ئۆرکێستری گەورەی رادیۆ ئێراندا تۆمارکراون.

دۆسایەتی و کارمان لەگەڵ حەسەن زۆر بە درێژەی کێشا. پاش شۆڕش من هاتم بۆ فەڕانسە و ئیتر خەبەرم لە حەسەن نەبوو ئەویچ هاتبووە دەرێ.

پاش چەندین ساڵ، چووم بۆ کانادا لە شاری “تۆرێنتۆ” لە هۆتێلێ، نامیلکەیەک لە سەر مێزەکە بوو، هەڵم گر ت دیم نووسراوە ” کلاسی مۆسیقای یوسفزەمانی”  تەلەفۆنم کرد بە فارسی وتم تۆ کام یوسفزەمانیت  حەسەنی یا حوسەین ؟ دەس بە جێ ناسیمی و  وتی لە کوێی؟ وتم لە پاڵ دەستا !

نێوی هۆتێلەکەم پێدا هات شەو و ڕۆژێ پێکەوە بووین. بەیادی گەشتەکانمان بۆ باکووری ئێران داوام لێ کرد بێت پێکەوە بچین بۆ سەیری تاڤگەی نیاگارا، وتی بەداخەوە کلاسم هەیە ناتوانم، بەڵام بەڵێن بێ تێم بۆ ئۆروپا بۆ دیتنی ئیبراهیمی کوڕم لە ئاڵمان، دێم بۆ لات.

ئیتر پێوەندیمان هەر بەرقەرار ما تا هات بۆ فەرانسە و دوو شەو و رۆژ پێکەوە بووین.

کارەکانی بە چەن  “سی دی” بۆم هێنابوو کە گۆرانیەکانی خانمی گیسیا خوێندبووی و لە هێندوستان کلیپ کرابوو، باش کلیب نەکرابوو، وتم بۆ بە منت نەووت لێرە کلیپی بکەین وتی گیسیا بردوویانی بۆ هێند.
ڕۆژێکیان وتم کاک حەسەن، تا ئێستە تۆ ئاهەنگت داناوە و من بەستەم لە سەری وتووە ئەمجارە من بەستەیەکم وتووە وەرە تۆ ئاهەنگێکی لە سەر دانە وتی کامەیە، شێعرەکەم پیشانی دا. نەختێ سەیری کرد و ووتی چۆن بیر ئەکەیەوە؟ وتم پێم خۆشە لە سەر تەشکی “ئۆپەرێت” ئاهەنگی لەسەر دانی و لە گەڵ گروپێکی “کۆر” دا بخوێنرێ. وتی باشە و بەستەکەم پێ دا.پاشان کە گەڕایەوە بۆ کانادا، پاش مانگێ یا دوو مانگ تەلەفۆنم بۆی کرد وتی خەریکم لە سەری کار ئەکەم.

ماوەیەک دوای ئەوە، تەلەفۆنم بۆی کرد وتی نەخۆشم چوومەتە نەخۆشخانە، وتوویانە لە بڕبڕەی پشتت دا نارەحەتیەک هەیە ئەبێ عەمەلی  بکەین.

دووسێ ڕۆژ دوای ئەوە تەلەفۆنم بۆ کرد کە هەواڵی بزانم کەسێکی تر جوابی دامەوە، وتی پێم وا نیە بتوانێ لەگەڵت قسە بکا، زۆرناڕەحەتە. حەسەن پرسی کێ یە؟ هەر کە وتی عوسمانی ئەحمەدی یە وتی قسە ئەکەم، کە هاتە گوفت بە دەنگێکی مەحزوون و غەماوی وتی ئەمە دوا قسەمانە پێکەوە، من ئەڕۆم بەرەو دیارێکی نەناسراو کە کەس تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە بزانین چۆنینە وە بەم جۆرە عومری خوای کرد. ڕۆح و ڕەوانی شاد بێ.

ئەمەش ئەو بەستەیە کە بڕیار بوو مۆسیقای لەسەر دانێ:

کشەکشە پۆپە ڕەشە                   میوان ساتێ، دوان، خۆشە *

لەبیرم دێ بەهارێ بوو               کانیاو و تاقەدارێ بوو

بژوێن و لالەزارێ بوو              سێبەر خۆشی دەوارێ بوو

گەنم و جۆ بوو و هەڵپەڕکێ       خۆشی و سەیران و چاوەبڕکێ

هەموو مەستی شادی و خۆشی     نەبوو ئازار و پەرۆشی

لە پڕ هات و بوو بە میوان          هەورێکی ڕەشی ماڵ وێران

بەر بینگی ئاسمانی تەنی            شێواندی بەزم و شایلۆغان

کشەکشە پۆپە لارێ                  من میوانم تا بەهارێ *

تاکو تۆ لێرەی قەت بەهار          پێ نانێتە دەشت و گوڵزار

ئیتر پەپوولەی باڵ ڕەنگین         دەم نانێتە ناو دەمی یار

ئیتر بولبول بە سۆزی دڵ          ناخوێنێ ناکا چڵ بە چڵ

بەجێگای خەندە و پێکەنین        شینە و شەپۆڕە و خۆ ڕنین

کشە كشە پۆپە ڕەشە             میوان ساتێ دوان خوشە

 

* ئەمە مەتەڵێکی کۆنی کوردی یە، زیاتر لە سنە و دەوروبەری باوە. ئەڵێن کابرایە میوانی هاتووە، زۆرماوەتەوە، ژنی خانەخوێ، لە وەختی گەسک دانا، گوایە تانە لە مامر و جووجەڵە ئەدا، ووتویە:

کشەکشە پۆپە ڕەشە     میوان ساتێ، دوان، خۆشە!

ژنە میوانەکەش وتوویە: 

کشەکشە پۆپە لارێ      من میوانم تا بەهارێ!