ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی یەکەم

دانیشتبووم بەتاقی تەنیا و چوبوومە زەریەیی خەیاڵاتی دوورودرێژی ڕابردوو و بۆ ئەو کات و سەردەمە لە کوردستان نە شارێ بوو نە دێهاتێ. ماڵی خەڵکی بە کوڵ گوێدرێژ و چوارپاکانەوە بوو و خۆشیان بە دووی مەڕوماڵاتەکەیان، لە گەرمیان و کوێستانەکان دا هەوارە وهەوار لە هاتووچوونا بوون. دواجار بوون بە قەڵانشین و قەڵای زەڵم و حەسەن‌ئاوا و مەریوان و جوانڕۆ و مەهاباد و ورمێ‌یان … کردەوە. هەموو کاتێ عەشیرە جۆربەجۆرەکان کە تا ئەم دوایەش مابوون وەکو مەنمی و گەڵواخی خەریکی شەڕ و حەمەرەمزێ بوون.

وەکوو خەو لەبیرمە بۆیان ئەگێڕاینەوە مەنمی، گەڵواخی‌یان تێ‌ئەشکان و ئەکەوتنە سەریان. خەڵکی سنە ئەیانوت بڕوا شێرەکوڕانی مەنمی هەرئەڵێی هەورەترێشقەن، لە سەردا دێن وئەیکەن بەهاوار و گەڵواخی ڕاوئەنێن. گەڵواخی‌یەکان ئەچوون خۆیان تەیار ئەکرد و بە گژ مەنمی دا ئەهاتن. خەڵکی شار ئەیانوت جا ڕۆحم بەسەرگەردتان بێ شێرەپیاوانی گەڵواخی، بەخوا نەبەردن، کێ ئەوێرێ بەرهەڵستیان بوەستێ.

ئەمە فەرهەنگی عەشایری بوو. ئەم فەرهەنگە ئێستەش هەرماوە تەنیا ناوەکانیان گۆڕاوە، ئیتر مەنمی و گەڵواخی نین و ناوی‌ ڕێکخراوەیان لەخۆ ناوە و هەرسات و سەردەمێ بەرەنگاری یەکتر دەبن و بە ئارەزووی دوژمن یەکتر قەڵاچۆ ئەکەن.

گەورەتر بووم و بە مامۆستایی چووم بۆ مەریوان و گەڕان بە نێو دێهاتەکان‌دا.

ڕووم لە هەر دیارێ ئەکرد لەگەڵ پیرەمێردان و ڕیش‌سپی‌یەکانیان ئەکەوتمە قسە و داوام ئەکرد چیرۆکی ڕابردوو و بەسەرهاتی خۆیان بۆم بگێڕنەوە. بڕێکیان بە هۆنراوە و بەیت ئەیان گێراوە و بڕێکیشیان هەروا بە ئاسایی. ڕۆژێکیان لە باشماخی مەریوان بووم پرسیم مامەگیان ئەوە بۆ بە تەیمان ماڵ ئەکەنەوە؟ لە وەڵامدا وتی “برام ئێرە عەشایرلەناوە، کاتێ ئەکەوینە بەر شاڵاو، ئاگر بەر ئەدەین لە ماڵەکان و خۆمان هەڵ‌دێین”.

ئێستە تۆی خوێنەری ئەم وتارە، ئەڵێی تەیمان چی‌یە؟ تەیمان دیوارێ بوو وەکوو سەبەتە ئەچنرا بە تووڵی تەڕی داربی، لە نێوانی دوو “دێرەک” یا “کۆڵەکە” دا ئەهاتە چنین و ئەم دیو و ئەودیویان بە هەڕگ و قوڕ سواغ ئەدا. پاشان دارە ڕایان ئەکرد و لە چەن لاوە شوشەیان لێ تون ئەکرد.

ڕۆژگار ئارام و لەسەرخۆ تێ ئەپەڕی و منیش بەردەوام بووم لە کۆکردنەوەی زانست و چوونە قووڵ ئەو مەبەستانەی کە لە کۆمەڵ دا ئەقەوما و لە روانگەی منەوە سەرنج ڕاکێش بوون.

مەریوانی ئەو سەردەمە “دێ”‌یەک بوو ناویان نابو “شار”، وە چوارسوچێکی بوو لەم لاوە سێ چوار دوکان و لەو لاوە دوو سێ دوکان و گاراژێکیشی هەبوو. جار و بار لە سنەوە، ماشینی لۆری واتە بارکێش ئەهات و باری ئەهێنا و رێبواریشی هەڵ ئەگرت. ڕێبوارەکان ئەیان کرد بەو سەرەدا و لە سەر بارەکان دائەنیشتن و ئەوندە تۆزیان لێ ئەنیشت کە لە دابەزین‌دا ئەبوا دەسەسەڕێ بەدەستەوە بگری، دەم و چاویان خاوێن بکەیەوە، تا بیان ناسی بزانی کێین. بەم جۆرە ڕێبوارگواستنەوەیان ئەوت “هاتوو چووی بەقلەموتی” واتە “گوێزرانەوە وەکوو ئەلی‌شیش”.

خەڵکی هەژارو داماو، دار و خواردەمەنی و خەڵوزیان بۆ فرۆش ئەبرد بۆ کوردستانی عێراق و لەو سەرەوەش چایی و سابون و کەل و پەلیان ئەهێنا. ئەوانەی ڕاستەوخۆ لە گومروکەوە تێ ئەپەڕین بۆ هەر بارێ یەک تمەن و بۆ هەر ڕێبوارێ پێنج قەرانیان ئەبوا بدایێ کە دیارە ئەچووە گیرفانی سەرۆکی مەرزبانی و کاربەدەستانی ئەو یانەیە. ئەوانیش بۆ ئەوەی دیاری بکرێن بۆ ئەو کارە ئەبوا میزانێ پارەیان دابا بە گەورەتر لە خۆیان. ئەوانەش کە بێ ڕێگا ئەچوون دوا نیوەشەو لەو دۆڵ و ئەشکەوتانەدا دوچاری هەزار کێشە و سەرما و بەفر و سەهۆڵ‌بەندان ئەبوون.

مەریوان ژیانێکی تاڵ و پڕ لە ئەستەمی بوو. حەوت ساڵ قات و قڕێ بوو. خەڵک نانی گەنم وجۆیان دەس نەئەکەوت. بەهەزار زەحمەت گاڵ و دێمیلە و زڕاتیان ئەگەر دەس کەوتبا. دێمیلە چەشنە گاڵی بوو کە ئەیان هاڕی، وەکوو پێستی دار بهاڕی وابوو، وشک و زرب کە نیو سەعات ئەبوا بت جوی‌با، وە پاشانیش بۆت قووت نا ئەدرا. خانە خوێ ئەیوت “کاکە بەزەربی دۆ بەزەربی دۆ” قووتی بدە.

ئەمەش ژیانی ئەو سەردەمەی هاووڵاتیانم بوو.

هەموو ڕۆژێ خەڵکی ڕۆژڕەش و داماو، بۆ کرێکاری و ئیشی جۆربەجۆر ئەیان کرد بەودیوا، واتە دیوی عێراق. پۆلیس دەسگیری ئەکردن و ئەیوت ئێوە ئێرانین. ئەیان وت بەخوا ئێرانی نین. ئەیان وت بژمێرە. ئەویش دەستی پێ ئەکرد، ئەیوت یەک، دوو، سێ، چوار، پەنج. هەر کە ئەیوت پەنج لە جیاتی پێنج، ئەیان خستە نێو لۆری‌یەکەوە و ئەیان برد لە قەسر شیرین بەرەڵایان ئەکرد. ئەو قوڕبەسەریشە بەهەزار زەحمەت لەوێوە ئەگەڕایەوە بۆ مەریوان. ئەوانەش کە لە قەسرشیرین ئەگیران ئەیان‌هێنا لە مەریوان بەرەڵایان ئەکردن.

ئێمەش کە تاقمێکی خوێنەوار بووین، لایەنگری ئەو بیروڕایە بووین کە بۆ رزگاری، تاقە ڕێگا، ڕون کردنەوەی خەڵک و خوێنەواری‌یانە. تا ئەو کاتە کە ئاپۆرەی خەڵک خوێنەوار نەبن و مافی خۆیان نەناسن ڕزگاری و ئازادی سەرناگرێ.

لە بیرم دێ، زانایانی کۆمەڵناس و رامیاریزان وتوویانە ئازادی و دیمۆکراسی پەنێر نیە بڕۆی لە دوکانێ بیکڕی. پڕۆسەیە وە ئەو پڕۆسەیە مسۆگرنابێ تا خەڵک ئاگادار نەکرێنەوە، وە ئاگادار کردنەوەش لە ڕێگای خوێنەواریەوەیە. جا بەدڵ و گیان لە ڕێگای خوێنەوار کردنی خەڵکەکەوە تێ ئەکۆشاین.

لەم ڕێگا سەخت و پڕ لە کۆسپ و تەگەرەدا زۆر کارەسات هاتەسەر ڕێگامان، وردە وردە لەم بوارەدا بۆتان ئەگێڕمەوە.

ئەم باسە درێژەی هەیە ….