ئاوڕێک لە سەر زمانی فارسی

ئاوڕێکی کورت بۆ سەردەمی ساسانیان، دوا زنجیرەی پادشایانی ئێرانی پێش لە ئیسلام، زۆر مەبەستی  گرنگ و سەرنج ڕاکێشمان بۆ دەر ئەخا.

ئەم زنجیرە پادشاهی یە، کە لە کوردەکانی ناوچەی شوانکارەی فارس بوون، ماوەی نێزیکەی چوارسەد ساڵ پادشاییان کرد.

سەبارەت بە ووشەی ساسانی مێژوونووسان بڕوایان وایە ئەم ووشەیە لە ووشەی -سان سان-ی  پێک هاتووە. سان ووشەیەکە لە هەورامان دا هەر ماوە.گەورە بەگزادەی هەورامان بە سان ئەناسرێت وە دوا سانی ئەو زنچیرەیە –حەمەومین سان– ی پاوەیی بوو، کە نێزیکەی حەفتا ساڵ پێش، کۆچی دوایی کردووە.

ساسانیەکان، شارستانیەتێکیان بەدی هێنا کە ئیستەش ئاسەوارەکانی، بە زمانێکی بێ زمانی، باسی شکۆ و گەورییان ئەکا.  شارستانیەتێ، کە نە تەنیا باڵی کێشابوو بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، بەڵکو داوێنی دەسەڵاتی هەموو ئێرانی گەورەی تا ئەفغانستان و تاجیکستان و ئاسیای بچوکی داگرتبوو.

لەگەڵ ئیمپێراتوریای گەورەی ئەو سەردەمە دا، واتە ڕۆم، بووبوون بە دراوسێ و لە شەڕێکیشدا ئیمپێراتوری ڕۆم یان تێک شکاندبوو و ئیمپەراتورەکەیان دەردەست کردبوو و هێنابوویانە پێتەختی ئێران.

ئێستە بەردە هەڵ کەنراوێ هەیە کە نەقشی ئەو پادشاییە پیشان ئەدا کە ئیمپێراتوری ڕۆم لە تەنشتی ئەسپێکدا دانەویوە شاپووری یەکەم، ئێمپراتوری ساسانی، پێ لە سەر شانی ئەنێ و سوار ئەبێ .

لە مێژوودا شاپوری دووهەم بە ذوالاکتاف، واتە خاوەنی شانوباهۆەکان ئەناسرێ. ئەو ناوبانگەش بەهۆی ئەوە پێدرابوو کە ئەم پادشایە عەرەبەکانی ناوچەی یەمەنی، کە دژ بە ئێران شۆڕشیان کردبوو، تێک شکاندبوو و گرتبویانی شان و پێڵ یانی کون کردبو وە تەنافی لێوە تێ پەڕاندبوو.

ئەمە کورتەیەکە لە شکۆی ئەو بنەماڵەیە و ئەو زنجیرە پادشایی یە.

بەڵام ئەم شکۆ و گەورەییە لە سەرەتاوە بوو. لە ئاخرەوە، کە پێشەکی لە ناو چوونیان دەستی پێ کرد، لە نێو خۆیاندا کەوتنە گیانی یەکتری و خەسرەو پەرویز، کە هاوکاتی هاتنەدی ئیسلامە، کەوتە نێوانی گەورە پیاوانی ساسانی و هەموی کوشت. بە جۆرێ کە پاش مەرگی لە ماوەی شەش مانگ دا یازدە پادشای ساسانی هاتنە سەر دەسەڵات و بە شەڕی ناوخۆیی لە بەین چوون.

وڵات هێندە شپرزە بوو کە لە بەرانبەری هێرشی عەرەبەوە خۆی پێ ڕانەگیرا و ڕوخا و وڵات چووە ژێر دەسەڵاتی ئیسلام و عەرەب.

ئێرانی پێش ئەم سەردەمە بە شێوەی ئاریستۆکراسی بەڕێوە ئەچوو، یانێ بەڕێوەبەرایەتی چینایەتی، کە بریتی بوون لە چینی پیاو ماقووڵان و ئاغەوات و خاوەنی زەوی و سامان، چینی پێشەوایانی ئایینی، چینی کاسبکاران وپیشە و چینی ئاپۆرەی خەڵکی هەموو بەتێکڕایی.

لەم چین و توێژانە، تەنیا دووچین مافی ئەوەیان هەبوو بخوێنن : یەکەم چینی ئاغەوات و پیاوماقوڵان  وە دووهەم چینی پێشەوا ئایینیەکان.

تاقمی ئاغەوات گاڵتەیان ئەهات بە خوێندن و نووسین و خەریکی ئەسب سواری و چەوگان بازی و وەرزش بوون ، کەوابوو تەنیا چینێ کە خوێندن و نووسینی پێ ئەکرا پێشەوا ئایینیەکان بوون.

کە عەرەب هێرشی کردە سەر ئێران، ئەو پێشەوا ئایینی یانە بەرە بەرە پاشەکشێ یان کرد وبە پەنابەرییەتی چوونە وڵاتی هێندوستان، بۆ لای زنجیرە پادشایانی گورکان ی ئەو ناوچەیە. هەرچی کتێب و نووسراوەی ئەو سەردەمە بوو، وەکوو ئاوێستا، گاتاکان، دین کەرت، یادگاری زەریران، کارنامەی ئەردەشێری پاپەکان وە هی تریشیان لەگەڵ خۆ برد.

ئەم کتێبانە بەدوو زمان و دوو ئەلف و بێ نووسرابوون:

یەکەم بە زمانی پەهلەوی

دووهەم بە زمانی ئەوێستایی

زمانی پەهلەوی :

ئەم زمانە، وەها کە لە ناوەکەیا دەر ئەکەوێ، زمانێکی دەسکردە، لە شار ەوە هاتووە  (هەموو زمانەکانی دونیا بێجگە لە ئێسپرانتۆ و زمانی پەهلەوی لە دێ یەوە هاتوون).

بۆچی ئەڵێین زمانی پەهلەوی دەسکردە و لە شارەوە هاتووە چونکوو وشەی پاڵە وشەیەکی کوردی هەورامی یە، بە مانای شار ە. ناوی زمانەکە کە پاڵەیی بووە بە ڕابووردنی کات و سەردەم بووە بە پەهلەوی .

ئەو بۆچوونە لەم شێعرەدا بە باشی دەر ئەکەوێ کە ئەڵێ :

زۆرکار عەرەب کردنەی خاپوور            گنا وە پاڵە هەتا شارەزوور

کە گنا بە مانای گوند -بە مانای دێ-  و پاڵە بە مانای شارە.

زمانی ئەوێستایی:

دیارە، زمانی ئەو کتێبە بەرزەیە کە زەردەشت هێناویە. شێوە نووسینی هەر دوو زبانەکە زۆر لە یەکتر نێزیکن تەنیا ئەوە نەبێ کە زمانی ئەوێستایی چەن پیتی زۆرترە و ئەلف و بێ یەکی زۆر پێشکەوتووی هەیە، تەنانەت ئەڵێن ئەکرێ چریکەی بوڵبوڵ و پەلەوەرانیشی پێ بنووسرێ !

عەرەب کە دەستی گرت بەسەر ئێراندا ئەو زانایانە کە خوێندن و نووسین یان ئەزانی یا کوژران یا هەڵاتن وە ئێران چووە خەونێکی دوو سەد ساڵە وە ئیتر لەم وڵاتەدا تاقە خوێندەوارێکی ئێرانی بەدی ناکرێ.

کاتێ کە سەففاریان، یەکەم زنجیرە پادشایانی ئێرانی پاش عەرەب، لە سیستانی ئەو ڕۆدا هاتنە سەر کار، زمانی فارسی هاتە کایەوە.

تەزکەرە نوسەکان کە مێژوو نوسانی ئەو سەردەمە بوون ئەگێڕنەوە لە یاسایەکدا، کە لە دەرباری یەعقووب سەففاری دا بەرپا بووە، موحەمەدی وەسیفی سیستانی کە میرزای دەربار بوو شێعرێکی لە تاریفی یەعقوب دا بە زمانی عەرەبی دانابوو. هەر کە دەستی بە خوێندنی کردبوو یەعقووب لە سەر تەختەکەی هەستابوو و عاسا کەی دابوو بە عەرزا و نەڕاندبووی شتێ کە من تێ ناگەم لەدەرباری منا بۆچی ئەبێ بیڵێن!

جا دوای ئەوە، محەمەدی وەسیف شێعری بە فارسی دانا، بەڵام چوون شێعرەکەی قورس و قۆڵە تەزکەرە نووسەکان ئەڵێن ناکرێ ئەوە یەکەم شێعری فارسی بێ و حەنزەلەی بادغەیسی وە ئەبوسەلێکی گورکانی وە فیروزی مەشرقی بەیەکەم شاعێری زمانی فارسی دا ئەنێن کە مێژووەکەی ئەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٥٠-ی کۆچی.

ئەمە مێژووی بەدی هاتنی هۆنراوەی فارسی یە. دەس پێکردنی پەخشان بەزمانی فارسی سەد ساڵ دوای ئەم بەڕوارەیە، ئەگەڕێتەوە بۆ نێوە ڕاستی سەدەی چوارەمی کۆچی، کە نووسراوەیەکە شەرعی لە فقهی حەنەفی دا.

لەم سەردەمانەدا بوو کە کۆ بوونەوەیەک لە شاری بەلخ پێک هات. شێوەی ئەخاوتنی خەڵکی بەلخ و بۆخارا و سەمەرقەند یان پێکەوە هەڵسەنگاند وە هاتنە سەر ئەم باوڕە کە شێوەی ئاخاوتنی شاری بەلخ لە هەموو جوانترە. ئەو شێوەیەکرایە زمانی ڕەسمی دەربارەکانی ئێران کە تا ئەمڕۆ ئاڵ و گۆڕی زۆری بەسەرا هاتووە.

ئەمڕۆ زمانی فارسی بەیەکێ لە زمانەکانی پێشکەوتووی دونیا ئەناسرێ.