مێژوولکەی بەرنامەی کوردی رادیۆ ئێران

زۆرکەس لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا، واتە پاش شۆرشی گەلانی ئیران، چ لە ناوخۆ چ لە دەرەوە یا  لە دونیای مەجازی و کەیسەکانی راگەیاندنی گشتی دا، داوایان لێم کردووە چلۆنایەتی بەدی هاتنی بەرنامەی  کوردی رادیۆ تاران یان بۆ روون بکەمەوە.

منیش لە راستیدا لەبەر تەمەڵی یا کەمتەرخەمی ئەوکارەم نەکردووە، بەڵام ئێستە لێبڕاوم چەن مەبەستێ بخەمە پێش چاوی ئێوەی خۆشەویست  وە زیاتر لەبەر ئەوش من تاقە کەسێکم کە لە سەرەتاوە بۆ ماوەی بیست ساڵ لەو رادیۆیە کارم کردووە و بەشداری ئەو گرووپە بووم کە یەکەم بەردی بناغەی ئەو عەمارەتەیان دانا وە، بەداخەوە باقی هەموو ماڵئاوایی یان لەژیان کردووە و بەڕەحمەتی خودا چوون.

رادیۆ کوردی تاران  لە  ساڵی ١٩٥٨ دا، کە ئەودەم لەرادیۆتارانەوە بڵاو ئەکرایەوە و چارەکە سەعاتێ بوو، کرا یە  یەک سەعات.

تاران دوو ئێزگەی هەبوو:

یەکێکی، لەسەرەتاکەی دا ئەی ووت:

“ئێرە تارانە، ڕادیۆی ئێران

ئەوی تر ئەی ووت : 

“ئێرە تارانە ڕادیۆی تاران“.

بەرنامەکانی ئەودوو ڕادیۆیە جیاوازییان پێکەوە هەبوو. رادیۆ ئێران بەرنامەکانی بۆ هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵ بوو، لەبەرنامەی ژنان و مناڵان و کشت و کاڵەوە بگرە تا بەرنامەی کرێکاران، گیروگرفتی دادگە، گەڕان و رابواردنی هەینی و رۆژانی پشوو وە هەمووجۆری گۆرانی و موزیک.

رادیۆ تاران تەنیا  بەرنامەی کوردی بڵاو نەئەکردەوە، بەرنامەی ئینگلیزی، فەڕانسی، رووسی، تورکی، عەرەبی و فارسیشی هەبوو. رادیۆیەک بوو کەبەرنامەکانی تایبەت بوو بە تاقمی خوێنەوارو ئەهلی زانست و  لە مستەوایەکی هەرەبەرز دا بوو. گەورەترین و بەناوبانگترین مامۆستایانی زانستگە و چینی هەرەناودار و خوێنەواری پایەبەرز لەگەڵی هاوکارییان ئەکرد. ئەتوانم بڵێم ئەو رادیۆیە لەناو  رادیۆەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا لە پلەی یەکەم دا بوو وە تەنیا ئەکرا لەگەڵ رادیۆەکانی ئێمریکا و ئینگلیزوفەڕانسەدا هەڵسەنگیرێ.

دیارە بەرنامەی کوردیش هەر بەپێی ئەو ڕەوشتە، لە کەسانێ پێک هاتبوو کە لە خۆش ناوترین و گەورەترین بنەماڵەکانی کوردبوون، لە ڕاستیش دا ئەوانە بوون کە دڵیان بۆ کورد و کوردستان لێ ئەدا، عاشقی کوردستان بوون و بەئاواتی ئەوە کە رۆژێ لە رۆژان ئاڵای کوردستان لە سەر لووتکەی بەرزی ئازادی دا بشەکێتەوە ئیشیان ئەکرد. بۆ وێنە، صدێقی مفتی زادە غەزەڵیکی هەبوو کە بە داخەوە هەر تاقە شێعرێکیم لەبیرماوە ئەیووت:

نەمێنێ خائنی بەدفەڕ، نەژی بەدخواهی ئەو خاکە        خوا !  لەت لەت کرێ کوردێ کە بێگانەی لە لا چاکە

بەرنامەی کوردی کە کەژمێرێک بوو، چارەکێکی قورئانی پیرۆز و وتەکانی پەیغەمبەری ئیسلام بوو، نیو سەعاتی کوردی سۆرانی بوو و چارەکەکەی تریشی بەرنامەی بادینانی بوو کە پێیان ئەووت کوردی شومال.

دیارە مەودای ئەو بەرنامەیە ئەوندە نەبوو کە تێیدا ئەوەی کە دڵمان ئەخوازێ بڵاو بکەینەوە. چەن بەرنامەیەکی چارەکەسەعاتی هەبوووەکوو کورد و نەتەوایەتی ئێران، شارەکانی ئێران و کوردستان، ناودارانی ئێران و کورد، گۆرانی داواکراو وە بەرنامەی لەش ساغی وتەندروستی.

بەرنامەکە باوەکو کورت بوو بەڵام زۆرجێگای رەزامەندی خەڵک بوو و ناوبانگی دەرکربوو، پێشوازیەکی زۆری لێ کرا بە جۆرێ کە پۆستەخانە لە زۆری نامەی گوێگرەکان وەرەز بووبوو!

رۆژێک سەرەک وەزیران هات بۆ بەرنامەی کوردی، کە ئەودەم دۆکتور ئەمینی بوو و بڕیاری دا ماوەی بەرنامەکە زیاد بکرێ، وە چوونکو بەرنامەکانی تاران زۆربوون و مەودا نەبوو بەرنامەی کوردی لەسەر ئەو ئێسگەیە درێژتر بکرێتەوە، بە ناچار لێبڕان دوو ئێزگەی جیاوازی سەد کیلۆواتی، لە قەسری شیرین بۆ کوردی و لە ئەهواز بۆ عەرەبی دانێن.

رادیۆ قەسری شیرین دەستی بە کارکرد وە برایان شوکرولای بابان، عەزیزی عەلەوی و خانمی مێدیا زەندی چوون بۆ کرماشان.

تا ئەوکاتە، ئەوانەی لە بەرنامەی کوردی کاریان ئەکرد بریتی بوون لە:

صدێقی مفتی زادە : مامۆستای قوتابخانە ناوەندیەکانی تاران

عەبدۆلرەحمانی مفتی زادە : مامۆستای قوتابخانە ناوەندیەکانی تاران

عابدی سراج الدینی : مامۆستای قوتابخانە ناوەندیەکانی تاران

سید ابراهیمی ستودە: مامۆستای قوتابخانە ناوەندیەکانی تاران

ئەحمەدی مفتی زادە: کاری ئازاد

عوسمانی ئەحمەدی: مامۆستای قوتابخانە ناوەندیەکانی تاران

خۆسرەوی شێخ کانلو : کاری ئازاد

سید عەزیزی عەلەوی: کاری ئازاد

خانمی مێدیای زەندی: کار بەدەستی رادیۆ

دوای ئەوەی کە رادیۆ گوێزرایەوە بۆ کرماشان، عەبدۆلرەحمانی مفتی زادە و ئەحمەدی مفتی زادە چوونە دەرێ وە صدێقی مفتی زادەش کە بەرنامەی “لێکدانەوە وێژەیی” (واتە ئەدەبی) ئەنووسی ئیتر خۆی نەدەهات.

ئەوانەی کە لە تاران مابووینەوە، من بووم و خۆسرەۆ شیخ کانلو کە بە بەرنامەی کرماشان دا را ئەگەیشتین و سید ئیبراهیمی ستوودە و عابدی سراج الدینی. پاش ماوەیەک ئیبراهیمی ستوودەش گوێزرایەوە کوردستان، من مامەوە لە گەڵ عابدی سراج الدینی.

دوای ئەوە کارەکانمان سووکەوە بوو، داوام لە رادیۆ ئێران کرد بچم دەورەی “ڕاهێنەری [1]” ی بەرنامەی رادیۆیی ببینم. جەختیان لەسەری کردو رۆیشتم ئەو دەورەیەم بینی و بووم بە ڕاهێنەری بەرنامەی کوردی.

نمایشنامەی کوردی

ماوەیەک تێ پەری، رۆژێکیان لەگەڵ عابدی سراج الدینی، لەژوورەکەی رادیۆدا دانیشتبووین، وتم کاکە عابد دا با نمایشنامەیێک بەڕێوەبەرین. سەرێکی هەڵ بڕی و بەنیگایەکی کز و بە مەئیۆسیەوە سەیری کردم وتی “عوسمان گیان بەچیمانەوە”!

ووتم کاکە عابد مەتەڵێکی مشهوورە ئەڵێن “خودا لە سوڵتان مەحموود گەورەترە”، ئێمە دەستی پێ بکەین، سەرکەوین باشە، سەریش نەکەوتین خۆ شتێکمان نەدۆڕاندووە.

وتی باشە، من چی بکەم؟ وتم ئەچم لە بایەگانی رادیۆ تیکستێکت بۆ دێنم تۆ وەڕیگێڕەوە سەر زمانی کوردی منیش ئەچم ئەگەڕێم کەسانێ  پەیدا بکەم نمایشنامەکە تۆماربکەین.

نمایشنامەیەکم هێنا بە ناوی “گەورە یە خدای ئیبراهیم” کە ئەحمەدی سروش نووسیبووی و چیرۆکی جەژنی قوربان و قوربانی کردنی حەزرەتی ئیسمائیل بوو.

منیش چووم بۆ زانستگەی تاران، دانشسرایعالی و جێی حەسانەوەی خوێندکارانی کورد بەدوای ئەکتەری کوردی زان دا، بەڵام لەگەڵ هەرکەسیان باسم ئەکرد ئەیان ووت ئەوا ئێمە ساڵێ یان دووان تر لە زانستگە خوێندنمان تەواو ئەبێ، گەرچی کوردین بەڵام کوردی نازانین، نە بە نووسین نە بەخوێندنەوە!

بەکورتی بیبڕمەوە، بە هەزار زەحمەت سێ چوار کەسم بینیەوە، هێنایانم نمایشنامەکانمان پێ دان و ڕۆڵ و نەخشی هەرکەسمان بۆدیاری کردن وە بڕیارمان دا حەوتووی داهاتوو بێنەوە بۆ ڕادیۆ.

حەوتووی داهاتوو هاتنەوە، رۆژێکی لە بەیانیەوە تا ئێوارە لەگەڵیان خەریک بووم و رۆژی دواییش هەروەها تا توانیمان بڕۆین بۆ تۆمارکردن. من بۆخۆم لە جێگای حەزرەتی ئیسمائیل قسەم ئەکرد، کاکە عابد حەزرەتی ئیبراهیم و ئەوانی تریش باقی کەسایەتیەکانی تر. باشم لەبیرە خۆم ناچاربووم بە جێگای سێ چوار کەس قسە بکەم، دەنگم بگۆڕم و دەور بگێڕم، تاتۆمارمان کرد.

نمایشنامەکە نیوسەعاتی بوو، ئێمە بەهەزار زەحمەت بیست دەقێقەمان لێ هەڵکڕاند و نامانە نێو قوتوویەک و لەسەری نووسیمان “یەکەم نمایشی کوردی” و ناردمان بۆ معینیان سەرپەرەشتی رادیۆ.

بەتەما بووین بنوسێ “باشە بڵاوی بکەنەوە” کەچی هێندەی نەخایاند و پاش ٢٤ خولەک نەوارەکە گەڕایەوە. کە بەتامەزرۆییەوە سەیرمان کرد، نەتەنیا خۆشی لێ هاتبوو، بەڵکو نووسیبووی “زۆرباشە درێژەی پێ بدەن”!

ئیتر ئەوکارەساتە خستمیە هەوڵ و تەقالا ی گەڕان بە شوێن ئاکتەرو ئەندامانێ هەمیشەیی کە بتوانین ئەوکارە درێژەپێ بدەین.

چیرۆکی شەو

ئەو تێکۆشانە لە راستیدا بوو بە هۆی ئەوە کە بۆ ماوەی دە ساڵ هەموو شەوێ نیو سەعات چیرۆکی شەومان هەبوو.

“چیرۆکی شەۆ” ئەو چیرۆکانە بوون کە لە  ڕادیۆ ئیران بڵاو ئەکرانەوە، ئەمان هێنا و وەرمان ئەگێڕایە سەر زمانی کوردی، کە  شەش بەش بوو هەموو شەوێ بەشێکی بڵاو ئەکرایەوە هەتا شەوی هەینی. شەوی هەینی چیرۆکێکی یەک بەشی بوو زۆرجار خۆمان ئەماننوسی، من یا عابدی سراج الدینی.

ئەم کارە هۆنەریمانە بەرهەمێکی جوانی هەبوو. گروپێ کە پێکەوەم نا، گەیشتە چواردە پازدە کەس و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لەگەڵ یەک  کارمان کرد. دوا بەرهەمی کارەکەشمان دووبلەی دوو فیلمی “محمد رەسوول اللە” و “عومەر موختار” بوو لە دوای شۆڕش، باوەکوو پێش دەسپێکردنی، بەڵێنان پێ دابووم کە لە سینەماکانی سنە و سەقز و مەهاباد دا بڵاویان بکنەوە، نەیان کرد و هەروا مانەوە!

راپۆرتمان بۆ ئەهێنرا کە لە کوردستان بەرنامەکانی رادیۆ کوردی ئەخرێتە سەر شریت و ئەفرۆشرێ. ئە هەواڵانەش دڵگەرمی ئەکردین کە باشتر و جوانتر تێ بکۆشین.

ئەوخۆشک و برایانە کەیارمەتیان داوم و خۆیان پێوەماندوو کردووە جێ سوپاس و ستایشن. نێوی چەن کەسیانم لە بەر پیری لەبیرچووەتەوە و داوای لێ بوردنیان لێ ئەکەم.

ئەو ناوانەم لەبیر ماوە پێتان ئەناسێنم:

خوشکەکان: پەروینی مشیروەزیری، مریەمی زاهریانی، ئافاقی صفوی، شەهلا و شەهینی تاڵەبانی، زەهرای نادری، فەریدەی یەزدانی.

برادەرەکان: عەلی عەباسی، حەسەنی دادشکر، مەنسووری اردڵان، حەمیدی عەبدولمەلکی، موحەمەدی فەریدونی، جەماڵی نەقشبەندی، ناسری رەوشەن، پەرویزی حەبیبی، رەحیمی فەرەهمەند، سوارەی ئیلخانی زادە، موحەمەدی فراقی، جەمیلی رۆژبەیانی، مەزهەری خالەقی، مەنافی شافێعی، محەمەدی ئازەرمی، عینەدین زیایی و فیروزی سیمونی.

بەرنامەی بەزمی هەینی

بەرنامەیەکی کەشکۆڵی بوو،  واتە هەموو شتێکی تێدا بوو، قسەی نەستەق، پەندی پێشینان، کورتە نمایشی کۆمەڵایەتی، گاڵتە و گەپ و مۆسیقا. لە ئێستۆدیۆی گەورەی رادیۆ ئێران بە بەشداری پەنجا شەست کەس لە گوێگرەکان بەڕێوە ئەچوو، ئەهاتن رادیۆشیان ئەبینی و کاربەدەستەکانیان لە نێزیکەوە چاو پێ ئەکەوت، لەگەڵ گۆرانی بێژەکان ئەکەوتنە دەمەتەقێ. کێ وەرکێ هەبوو جایزەمان پێ ئەدان.

کێ وەر کێ یەکان دوو جۆر بوون، جۆرێکی ساکار بوو، بۆ وێنە بە ئەوانەی کە بەشداریی یان ئەکرد ئەم ووت سێ جار بڵێنەوە :

“تۆم چۆنەر تۆ چ تۆم چۆنەرێکی” یا “جلی تەڕ لە ڕێوی لەڕ”.

دیارە زۆربەیان تێ ئەکەوتن و نەیان ئەتوانی بیڵێنەوە  و ئەبوو بەهاڕەی پێ کەنین و ڕابواردن. ئەو شتانە ئەبووە نەقلی کۆبوونەوەکان و خەڵکیش شەوگاریان پێ ئەبردە سەر.

جۆری دووهەم، بەسەرهاتی کەسایەتیەکی بەناوبانگ بووکە وردەوردە ئەمانگێڕایەوە، بە بێ ئەوەی ناوی بێنین، تا بەشدارەکان هەڵی بێنن. زەنگێک لەبەر دەستیان دا بوو زەنگیان لێ ئەدا و ناوێکیان ئەووت ئەگەر ڕاست ببوایێ بردبوویانەوە ئەگینا درێژەمان پێ ئەدا.

ئەم بەرنامەیەش بۆ ئەوە بوو میزانی ئاگایی و زانستی خەڵکەکە بەرێتە ژوورەوە.

بەکورتی بیبڕمەوە، سەعات و نیوێ خەڵکمان ئەبردە  زریە یەکی  خۆشی خەیاڵاوی  و خەم و پەژارەمان لەدڵیان دەر ئەهێنا

هەوارگەی دڵان

سەبارەت بە کاروانی هەڵبەست و گۆرانیش بیرم لێ کردەوە و “هەوارگەی دڵان”م دانا کە پێم وایە نۆ بەرنامەم تۆمار کرد. لەو بەرنامانەش کە بەچەشنێکی تایبەت بوو لەسەرەتادا پەخشانێکی هەبوو ئەم ووت : هەوارە پڕگوڵ و رێحانەکانی ئەدەبی کوردی ئەدەین بە پێوە، لە هەر هەوارێکا وچانێکی لێ ئەگرین و میوانی خوانی ڕازاوەی ئەدیبێک ئەبین وە دەماخی گیانمان بە هۆنراوەی تەڕ و دڵڕفێنەکانیان زاخاو ئەدەین.

یەکەم بەرنامەی “شاخی هەورامان” بوو لە مامۆسای نەمری کورد “گۆران” کە بەم جۆرە دەستی پێ ئەکرد:

پەلەوەری هەست و بیری گۆران لەهێلانەی دەروون هەڵفڕی، لەژێر ئاسمانی  بێ پاومان دا چاوی کەوتە شاهۆ، بووکی جوانی سروشت و تەبێعەت، کەلەژێر تارای سپی بەفرا، بزەی نیشتبوە سەر لێوی. بە ئەسپایی بەرەو شیو و لادۆڵەکانی کشا، لە لێواری سیروان لەسەر بەردێ نیشتەوە، سەری هەڵبڕی وە چوو بەتانی جوانیا. لەژێر سەردێڕی “گەشت لە هەورامان”دا، دەریایێ گەوهەری هەڵڕشت کە کەس گەوهەری وای نەدیوە و نابینێ.

گۆرانی کوردی و دانانی بەستە

پێش ئەوەی من بچمە رادیۆ، محەمەدی ماملێ و عطااللە سعید منصور هاتبوونە رادیۆ و بڕێ گۆرانی یان تۆمار کردبوو. مەزهەری خالەقیش بڕێ گۆرانی لەفەرهەنگ و هۆنەردا خوێندبوو ئەوانەیان بڵاو ئەکردەوە.

ماوەیەک تێ پەڕی داوام کرد لە شۆرای مۆسیقا ئورکێسترمان پێ بدەن بۆ تۆمار کردنی گۆرانی. لە پێش دا جەختیان لەسەر ئەوە کرد پازدە گۆرانی تۆمار بکەین.

یەکەم و دووهەم گۆرانیمان لەدیوانی وەفایی هەڵبژارد کە ئاوازەکەشی لەلایەن وەفاییەوە دانراوە : “شیرین تەشی ئەڕێسێ” و “ئەی ئاوێنەی دڵبەری”.

شێعرەکانمان کەهێنا تەماشامان کرد شێعری ئەی ئاوێنەی دلبەری باشە بەڵام شێعری شیرین تەشی ئەڕێسێ بەکاری بەستە نایێ و پڕە لە ووشەی دوور لەزەین و فەلەکیات وەکوو  کف الخضیب …. و ئەوشتانە. لێ بڕاین بیگۆڕین، سید ابراهیمی ستودە وتی من ئەیگۆڕم و چوو کردی بە پێنج خشتەکی. سێ خشتەکی بۆ ووت و شێعرێکی وەفایی بۆ دانا و بوو بە پێنج خشتەکی، ئەوەیە کە خوێنراوە، دێتە بەر گوێتان.

ئەو دوو گۆرانیە تۆمارکرا، منیش کەوتمە بەستەدانان.

لەبیرمە یەکەم جار بۆ خالەقی  “ئەی باخ و گوڵ و گوڵزاران”م بۆ دانا و دوا جار “هەتاکو تۆم بێ”.

جەختیان لەسەر ئەوە کردبوو پازدە گۆرانی تۆمار بکەین. لەو پازدە گۆرانیە سێ یا چواری خالەقی خوێندی، چەن دانەی خانمی زۆهرە و خانمی ملک رضوان و باقیشی خانمی قەمەری بەنی ئەردەڵان و برایان حەمەی تەهماسبی و باباشهابی.

دووبارە ڕۆیشتمەوە شۆرای موسیقا داوام کرد، ئەمجار ئیزنیان دامێ پازدە گۆرانی تر تۆماربکەین و بۆجاری سێهەمیش کردیان بە سی گۆرانی.

لەم شەست گۆرانیە ئەتانم بڵێم نیوەی زیاتری خالەقی خوێندوویە. باقی، ئەو گۆرانی بێژانە خوێندیان کە ناوم بردن و هەروەها دوو برادەر بەناوانی مەجیدی و مەهدی، دوو گۆرانیشی نەورۆزی خوێندوویە.

پاش ماوەیەک کە جێ کەوتین و کارمان گرتی، شۆرای موسیقا لێ بڕا هێندێ لەو گورانیانە بباتە ئۆرکێسترای گەورەی رادیۆ کە سی چل کەس بوون. چەن گۆرانی لە گۆرانیەکانی مەزهەری خالەقی لە ئۆرکێستری گەورەی رادیۆ ئێران دا خوێنرایەوە کە رابەری ئۆرکێسترەکان مرتضی حنانە، مصطفی کسروی، سیروس شهردار و ناسری بوون.

جێگای خۆیەتی کە پڕ بەدڵ سپاس و شتایشی خۆم بۆ ئەو هونەرمەندانە ڕاگەیێنم کە بەرنامەکانیان بە دەس و پەنجەی رەنگین ئەڕازاندەوە و ماندووییان لە لەشی کوێگرەکان دەر ئەکرد.

کاک حەسەنی یوسفزمانی گەورە مۆسیقار و ئاهەنگ دانەر بە دەیان گۆرانی نەتەنیا بە کوردی، بەڵکو بۆ زۆری لە گۆرانی بێژەکانی فارسیش داناوە. بێگومان جێگەی بەهەشتە.

کاک حوسێنی یوسفزمانی مۆسیقار و هەوا دانەری گۆرانی کوردی.

کاک محەمەدی عبدالصمدی هەوادانەر و مۆسیقار کە بەداخەوە جوانەمەرگ بوو.

کاک موجتبا میرزادە کە بە دەس و پەنجە ڕەنگینەکەی مردووی زیندوو ئەکردەوە و سەیری دەس و پەنجەت ئەکرد بەحت ئەبوویەوە ئەتی بردە دەریایەکی خەیاڵی قووڵەوە.

باقی هونەرمەندان کورد نەبوون بەڵام عاشقی مۆسیقای کوردی بوون:

شەفێعی: سەنتوور

وەحدانی:تار

هەمەدانیان: زەرب

ئەسغەری بەهاری: کەمانچە

هەموویان رۆحیان شاد، جێگایان بەهەشتی بەرین بێ.

[1] واتە “تهیە کنندە”