ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی شەشەم

بڕێ کارەساتم بۆ گێڕانەوە کە یەکەم ساڵی مامۆستاییم بوو لە دزڵی. بۆ ساڵی دوایی حەمە خانی کانی سانان کە منی ناسی بوو خۆی هات بە شوێنما کە بچم ببم بە مودیری مەدرەسەی کانی سانان.
حەمەخان پیاوێکی ژیر و تێگەییشتوو و خوێنەوار بوو. لە پێشا لە بەسەرهاتی ئاگام نەبوو بەڵام لە زەینم دا هەر سێ و دووم ئەکرد چۆن بووە حەمەخان لە نێو خان و بەگزادەکانی ئەم ناوچەیەدا جیاوازی هەیە.
وتم باشە و لەگەڵی چووم بۆ کانی سانان. ماڵێکی کردبووەوە بۆ قوتابخانە و شوێنێکی تایبەتیش بۆ مودیر.
شەوی هەوەڵ و دووهەم میوانی بووم لە دیواخان، تا کەل و پەلەکەم هێنا و ژوورەکەم ئامادە کرد. بیست سی قوتابی‌یەکیشی لەگەڵ کوڕ و کچەکەی خۆیدا ناردبووە بەر خوێندن.

ڕۆژێ هات و لە بەر دەرکەوە بانگی کردم وتی مودیر وەرە با بچین بۆ گەڕان. تماشام کرد نۆکەرەکەی ئەسپێکی ڕەشی بۆ هێنام وەکوو شەوە ئەدرۆشایەوە. ئەسپێکی ڕەسەن بە کلک و یاڵێکی لول کە هۆنیبوویانەوە کردبوویانەوە چین چین لە سەر و مل و گەردنی ئەلەرایەوە. هەر کە سواری بووم و لەغاوەکەم بە دەستەوە گرت هەستایە

سەر پێ، دەستی کرد بە سەما.

یەکەم جاربوو کە سواری وەها ئەسپێ دەبوم، زۆر ترسام. لە دوورەوە حەمە خان بانگی کردم “لەغاوەکەی بۆ شل کە” منیش شلم کرد هاتەوە سەر چوارپێ. حەمە خان وتی مودیر ئاگات لێ بێ، کە سواری ئەبی نابێ لەغاوەکەی توند ڕاکێشی، وەها بکەی پێی وایە خۆشت دێ بکەوێتە سەما.

چوین گەڕاین بە نێو مووچە و مەزرادا، لە پێشا لە نێو جاڕی توتون دا. ئەم توتنانە لەگەڵ توتنی خۆمان، کەلە کوردستان دا باو بوو، زۆری فەرق هەبوو. تووەکەی لە دەرەوە هاتبوو وە سێ جۆر بوو (باسما) و (تی کولا) و (سامسون). چەشنی چاندن و هەڵ گرتن و کەڵک لێ وەرگرتنی کارێکی زۆر ئەستەم و تاقەت‌بڕ بوو. قەڵافەتی وەکوو زوڕات و گەنمەشامی و ڕۆجیارپەرەس بوو کە بەرز ئەبووە بەقەد باڵای پیاوێ. لە بنەوە گەڵاکانی پێ ئەگەیشت، ئەبوا هەموو ڕۆژێ لەبەرێکەوە بە سەوزی چنرابا لە سەر یەک بە سافی دایان نابا. لە دولاوە کونیان ئەکرد و دەزویان لێ هەڵ ئەکێشا وەکوو تەزبێح ئەیان هۆنییەوە. ئەیان برد لە ژێر زەوینی تاریک کە هەڵیان کەندبوو هەڵیان ئەواسی (١).

تا دوایین گەڵای توتنەکەیان ئەبڕی و لە زیندانیان ئەهاویشت، کارێکی یەکجار سەخت بوو. پاش ئەوە کە ماوەیەک لە زیندان ئەمانەوە، شوێنەکەشیان ئەبوا گەرم ببوایێ، زەرد ئەبون. ئەیان هێنا چەن هۆشویان لە تەنشتی یەکتر دائەناوە، سێ دەوریان بە گۆنی دائەپۆشی و باش توندیان ئەکرد کە لە جێ خۆیان نەبزون. کە سەیرت ئەکرد وەکو کتێبێ ئەهاتە پێش چاوت کە بەرگی یەکەمی نەمابێ.

ئەم فەردە توتنانەیان ئەبرد بۆ یانەی دۆخانیات، پسپۆڕ و کارناسی تایبەت ئەهات گەڵایەکی لە خوار فەردەکەوە، گەڵایەکی لە نیوەڕاست و ئەوی تری لە سەرەوە دەر ئەهێنا، بە گوێرەی باشی و خرابی، دەرەجەی بۆ دا ئەنان، دەرەجەی ١ و ٢ و ٣ وە هەرکام نرخێکی هەبوو. حیسابیان ئەکرد و پارەکەیان ئەدا بە خاوەنەکەی. ئەم جۆرە توتنانە، بۆ دروس کردنی جگەرە، ئەبرایە مەکینە خانەکان لە تاران جگەرەیان پی دروس ئەکرد.
دوای گەڕان هاتینە بەر دەرکی مەدرەسە، حەمەخان چوو، وتی ئێستە ئەنێرم بە دوای ئەسپەکەدا.
تا نۆکەرەکەی هات، ئەسپەکەم بەستەوە لە بەر دەرگا، چووم نوقڵی بیرمشکی ڕەزاییەم هەبوو نەختێکم هێنا کردم بە دەمیەوە. زۆر بە لەزەت خواردی. نۆکەرەکەی هات و بردیەوە. سبەینێ یش دیسان حەمە خان هات بانگی کردم. خۆی یەواش یەواش چوو نەختێ دوور کەوتەوە، کە نۆکەرەکەی ئەسپەکەی هێنا، مابووی بگاتە لام هەر کە چاوی پێم کەوت دەستی کرد بە مل بادان وە لەغاوەکەی لە دەستی نۆکەرەکەی سەند و بە غاردان هات بۆ لام، چووم گرتم دەستم هێنا بە

لای مل و یاڵی دا و دیسان نەختێ نوقڵم پێ دا، ئەم بەستەزمانە هەروەکوو مناڵ سەری نایە سەر شانم وە کەوتە نازکردن، نە جارێ سەد جار ماچم کرد وە نازم دا ، جا هات لە تەنشتم دا وەستا نەختێ پشتی نەوی کرد کە سواری بم. سواری ئەبووم پلەزیقانی بوو، جار و بار سەری هەڵ ئەبڕی سەیرێکی ئەکردم کە دڵنیا بێ خۆمم و کەسێکی تر نیە سواری بووبێ. کە گەیشتینە لای حەمە خان زۆری پێ سەیر بوو وتی مۆدیر چیت کردووە ئەسپە ڕەش وا خۆشی دەوێیت.
وتم خان وەرامی خۆشەویستی خۆشەویستی یە، بریا بنەڕەتی ژیانی ئادەمیزادیش لە سەر خۆشەویستی و مێهر و و وەفا دانرابا نەک لە سەر رقەبەرایەتی و کینە و دوژمنی. ئەگەر وا بای ئێستە دونیا بەهەشتی بەرین بوو.
چەن جارێکی تریش لەگەڵ حەمەخان چوین بۆ گەڕان لە نێو موچە و مەزراکان دا بەڵام قەد پڕکێشم نەکرد کە داوای لێ کەم سەبارەت بە خۆی قسەم بۆ بکات بەڵام لە دڵەوە هەر لەو مەبەستە بیرم ئەکردەوە کە چۆن بووە حەمە خان ئاوا پیاوێکی خوێنەوار و ئاگایە، تا لەم و لەو پرسیارم کرد و بۆم دەرکەوت کە مەحموو خانی باوکی، باوەکو لە هەوەڵەوە هەر وەکوو مەحموو خانی دزڵی پشتی بزووتنەوەی کوردستانی گرتووە و لەگەڵ مەلیک مەحموود بووە، بەڵام لە دوایی دا پاشگەز بوەتەوە وازی لە بزوتنەوەی کورد و مەلیک هێناوە و هاتووە بەلای ڕەزاشا.
ڕەزاشاش ئیتر بەناوی بارمتە بووە یا بە بۆنەی دۆسایەتی، داوای کردووە حەمەی کوڕی، کە ئەو دەم مناڵ بووە وە هاو تەمەنی حەمە ڕەزای کوڕی ڕەزاشا بووە بنێرێتە تاران دەرس بخوێنێ. ئەویش حەمەی کوڕی ناردووەتە تاران لە یەک قوتابخانە لەگەڵ حەمە ڕەزا دەرسیان خوێندووە.
کاتێ کە ئاگاییم پەیدا کرد لەم کارەساتە ئیتر خۆشم نەهات لە کانی سانان بمێنم، چوم داوام کرد بمگۆزنەوە باشماخ و چووم بووم بو مودیری قوتابخانەی باشماخ.
کانی سانان دیارە وشەیەکی زۆر کۆنە و لەگەڵ تاقەوسان و سانان دژ (سنە دژ) وە زنجیرە بەگزادەکانی هەورامان کە بە “سان” ناودێر بوون وە هەر وەها لەگەڵ زنجیرە پادشایانی سان سانی (ساسانی) لە ڕیشە و تەوەرێکەوە هاتوون. ئەو زنجیرە پادشایانە کە لە کوردەکانی شوانکارە بوون و سێ سەد چوار سەد ساڵ خاوەنی گەورەترین شارسانیەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون وە شوێنەوار و ئاسەوارەکانیان ئەمڕۆ لە گەورەترین موزەکانی دونیا دا سەربەرزی و شکۆیان ئەخاتە پێش چاو.

جا ئەوەیە کە زۆر بەرچاوی و گرنگە، کە گەل خزمەتگوزارانی خۆی لە بیر ناباتەوە، ئەوانەی کە گیانیان لە ڕێگای ئازادی و شەرەفی نەتەوەکەیاندا داوە، نێویان، یادیان لە دڵی خەڵک‌ دا ئەمێنێ و لە بیرەوە ناچن وە بە هەر موناسبەتێ، جەژنێ وە یا یادوارەیێ، سەری کرنۆش و سپاسیان بۆ دا ئەنوێنن.

ئەوەتا دوو مەحموو خان بوون، یەکیان مەحمووخانی دزڵی‌یە، کە پەیکەرەی بۆ دائەنێن و یادی زیندوو ئەهێڵنەوە، ئەوی تریان مەحمووخانی کانی سانانە، نێوی لە کولەکە باخانیشا نەماوە.

سەرنجی ڕابردوویش بدەین، لە زنجیرە فەرمانرەوایانی ئەردەڵانی دا، دوو ئەمانەڵاخان بووە، یەکەمیان زنجیرەپادشایانی سەفەوی شپرزە ئەکا وە ئەوی تریان ئەبێ بە نۆکەری پاوشا خوێڕی یەکانی قاجاریە وە بە یەکجاری شکۆ و گەورەیی بنەماڵەکەی بەبا ئەدا.

ئەم باسە درێژەی هەیە ….

 

(١)  بەم شوێنە کە لە زەوی دا هەڵیان ئەکەند و بن میچی تایبەتیان بۆ دائەنا و مێخرێزیان ئەکرد ئەیان وت زیندان.