ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی نۆهەم

لە چەن وتارێ کە بیرەوەریەکانی ئەڕازاندەوە، بڕێ کارەساتم بۆ گێڕانەوە ئەمڕۆش لە سەری ئەچم.
هەروا کە وتم مودیری مەدرەسەی باشماخ بووم کە پاسگای لێ بوو کە بریتی بوو لە ئەفسەرێک و چەن گروبان. ئەفسەرەکە شیرازی بوو وە بۆ خۆی بە بنەماڵە، خۆی بە لۆڕ ئەزانی و پیاوێکی نەجیب و خوێن گەرم بوو.
ڕۆژێکیان هات و نامەیەکی نیشانم دا و وتی لە مەرزبانی‌یەوە هاتووە، کە خوێندمەوە نووسرابوو: حەوتووی داهاتوو لەو بەڕوارەدا، دوو دێ لە نێزیکی زرێوار – وابزانم “چاولکان” و دێ‌یەکی تر -کە ناوەکەم لە بیر چووە – شەڕ ئەکەن، بچن بەرهەڵستیان بن وە ئەگەر ناچار بوون ئەتوانن تەقەشیان لێ بکەن.

وتم دەی باشە بۆ بە منی ئەدەی بیخوێنمەوە؟ وتی من کوردی نازانم پێم خۆشە تۆش لەگەڵمان بێ‌ی. وتم باشە بە چاوان.
ئەو ڕۆژە هات و ئێمەش لەگەڵ ئەفسەرەکە و دوو سێ سەرباز بە چەکەوە سوار بووین چوین. تماشام کرد، بەڵێ لەشکری سەلم و توور بەرانبەر یەک وەستاون، هەرچی بێڵ و داس و تەوەرداس و شیر و خەنجەرە هێناویانە و خەریکی هەڕەشە و گوڕەشە و جنێو دانن. هەر کە ئێمەیان دی بە سواری هاتین، پێان وابوو ئەوە ئێمە ڕێبوارین و ئەچین بۆ قەڵای مەریوان، ئەوندەی تر سوور بوون لە هەڕەشە و گوڕەشە.
یەکێکیان قوڵتەشەنێ بوو تێک‌سمێڕراو، سمێڵی بۆزی چەخماخی با دابوو ئەینەڕاند “کاروڕەهاتێکتان پێ بکەم ببن بە پەند و بەرەی داهاتوو وەکو چیرۆک و ئەفسانە دەماودەم بیگێڕنەوە”، ئەوی تر لەو لاوە ئەیوت “ئەوە بۆ وەکو عەنتەر خۆت ئەلەقێنی بەخوا بێڵێکت تێ ئەسرەوێنم دایکت بەدیار لەشتەوە خوێن بگری”. خرپنەیەکی کورتەباڵا  کردبووی بەسەر بەرزی‌یەکدا و ئەی نەڕاند “ئەوە زەربی دەستی پیاوت نەدیوە وات بدەم بە تەپڵەکی سەرا حەفتاوحەوت پشتت بێتە پێش چاوت”.
کتووپڕ ئەفسەرەکە شووتێکی دەرهێنا و فووی پێی‌دا کرد، هەموو بێدەنگ بوون.
چووین و لێ‌یان نێزیک بوینەوە، ڕۆژباشمان لێ کردن و وتم چ باسە؟وتیان ئەوانە پیاوێکیان لە ئێمە کوشتووە، ئێمەیش هاتووین تۆڵە بکەینەوە. منیش وتم باشە کەی کوشتوویانە؟ وتیان قوربان چەن ساڵ لەوەپێش و ئێمە بە سەرشۆڕی و کەتنی ئەزانین تۆڵە نەکەینەوە. وتمان دەی باشە تا کەی ئێوە ئەتانەوێ بەم کارە درێژەبدەن و لە یەکتر بکوژن؟ وتیان تاوانی ئێمە نیە ئەوان واز ناهێنن و هەموو ساڵێ دێن دەس بە جنێودان ئەکەن و پەلامارمان ئەدەن. وتم دەی ئەگەر ئەوان واز بێنن، ئێوە قسەیەکتان هەیە؟ وتیان واز ناهێنن نابینی چەن سوورن لە سەر ئەوەی شاڵاومان لە سەر بکەن؟ وتم ئێوە وەڵامی پرسیارەکەی من بدەنەوە، ئەوان واز بێنن ئێوە واز دێنن یام نە، چوونکو با پێتان بڵێم لە مەرزبانی مەریوانەوە فەرمانیان بەم ئەفسەرە داوە تەقەتان لێ بکەن، یەکەم کەس دەس بەرزکاتەوە لەوی‌تر بدا پێش ئەوەی سەر کەوێ کوژراوە. جا ئەمە بوو بەکار؟ ئێوەی هاوزمان و هاوسێ و بڕێکیشتان ئەگونجێ خزم بن، خوا هەڵ ئەگرێ لەسەر هیچ یەکتر بکوژن؟
وتیان ناوەڵڵا خوا هەڵ نەگرێ ئەوان شەڕمان پێ ئەفرۆشن. وتم دەی باشە ڕاوەستن با من بچم لەگەڵ ئەوان قسە بکەم بزانم ئەوان چ دەڵێن. وتیان باشە.

چووم لەگەڵ ئەوان کەوتمە قسە، وتم برادەرینە با پێتان بڵێم من مودیری مەدرەسەم و ئەم حەمەرەمزەی ئێوە هیچ پێوەندیەکی بە منەوە نیە، تەنیا ئەوە نەبێ من کوردم و هاوڕەگەز و هاو زبانی ئێوەم. ئەم سەرۆکی پاسگایە داوای لێم کردووە بێم لەگەڵتان بدوێم چونکو خۆی فارسە و کوردی نازانێ. ئێستە کای کۆن بە با مەدەن، واز لە ڕابردوو بێنن، بڵێن بزانم ئامادەن من بکەنە وەکیل ئاشتتان بکەمەوە؟ وتیان ئێمە باش ئەزانین ئەوان ڕازی نابن. وتم کاکینە من لە پێشا لەگەڵ ئەوان قسەم کردووە و ئەوان ڕازین و منیان کردووە بە وەکیل. وتیان جا باشە تۆیش نوێنەر و وەکیلی ئیمەش بە. وتم باشە وەرن چەن کەستان لەگەڵ من بێن. بەخوا چەن کەسی بەساڵا چوو هاتن و ئەوانیش کە دیان ئەمان بەرەو لایان ئەچن چەن کەسیان هاتن بە پێشوازمانەوە یەکتریان لە ئامێز گرت و بێڵ و داس و خەنجەریان بەلاوە نا و دەستیان کردە مل یەکتر و کەوتنە ماچ و موچ.

بانگهێشتن مانیان کرد بچین بۆ نێو دێ چایی‌یەکیان لەگەڵ بخوێنەوە. وتمان باشە، چایێکمان لەگەڵیان خواردەوە، ئەو دێ‌یەکەی تریش وتیان بەخودا ئەبێ بێن لای ئێمەش چایی‌یەک بخۆنەوە، وتمان باشە چوین بۆ دێ ئەوانیش جایێکمان خواردەوە.

وتم برادەرینە دەنگ خۆشتان نیە؟ وتیان چۆن نیمانە وتم دەی براکەمی خێراکە.

بەخوا قاوەسینی‌یەکی هەڵگرت و دەستی پێ کرد :
بانەو مەریوان ئەم دیو ئەو دیوە
ڕەحمە لەو دایکە تۆی بۆ من دیوە

تازەم زانیوە مەریوان دەشتە
ماچی سەر لێوت میوەی بەهەشتە

جا دەستیان کرد بە هەڵپەرکێ، لە پێشا بەزمی گەڕیان:
هەی گەڕیان گەڕیان، ئەمەسە گەڕیان
ئەمە بەزمەکەی، مەحبوبەی خاقان
دەسم بۆی ئەبرد ، وەک مەل ئەی‌شاخان …

دوا جار کردیان بە فەتاح پاشایی و سێ جار و لەبلان و سۆنە. ڕزی ڕەشبەڵەک تا چاو کاری ئەکرد ئەلەرایەوە و ئەیان قریوان دەشت و دەریان هێنابووە سەما.

بە خۆشی و دەم بە پێکەنین ڕۆژباشمان لێ‌ی کردن و خۆش‌وخوشمنی بە جێ یانمان هێشت.

بەڵام بەداخەوە لەولا ترەوە، پاش یەک دوو مانگ، دوو دێ – “لەنجاوە” و دێ‌یەکی تر بووبوو بە شەڕیان، دوو کەس کوژرابوو و چەن کەس شەل‌وپەت و خوێناوڵی هێنابوونیان بۆ بەر دەرکی مەرزبانی خەریکی گریان و شین و شەپۆڕ بوون.

ئەم باسە درێژەی هەیە ….