من و سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی

ئەتەوێ ڕۆحت لە لەش بێتە دەرێ بکەوێتە سەما لە حەوت ئاسماندا، بڕوا تێکەڵ بێ لەگەڵ پەریان و فریشتەکانی کەشکەڵان، وەرە گوێ بگرە لە دەنگی ئاسمانی سەید عەلی ئەسغەر.

بە ڕاستی کاتێ لە ناخی دەروونەوە گوێ بۆ ڕا ئەگری ئەتواتە زریەیێکی خەیاڵەوە کە تێیدا  شەوق و سەمایە و نووری خودائی یە. کاتێ دەچریکێنێ هەموو ئەندامت باڵیان لێ پەیدا ئەبێ و ئەفڕن بەرەو ئاسمانی بێ سنوور.

ئەگێڕنەوە: کاتێ لە کێوی ئاویەر دەخوێنێ، خەڵکی ناو شار دەنگی ئەبیسن!

بیستبووم کاتێ لە عەمارتی ئاصەف خوێندوویە چل چراکانی دیواخان بەلەرە کەوتوون. ئەو بابەتەم لەگەڵ دوکتۆر حوسەینعەلی مەلاح بەرپرسی کۆڕی مۆسیقای رادیۆ ئێران، کە دوکتۆری موزیک بوو لە ئۆتریش، باس کرد ووتی ڕاستە لە ئۆتریش دەسگایەک هەیە کە ئەگەر گۆرانی بێژ توانایی هەبێ دەنگی بگەیەنێتە ئەو ئۆکتاوە، دەسگاکە بۆی ئەبێ بە ئۆرکێسترا و ئەکەوێتە شوێنی.

جارێکیان خەلکی ئەڕۆن ئەگێڕنەوە بۆ مفتی سنە، کە ئەو دەم خوالێ خۆشبوو مەلا عبداللە مفتی ئەبێ، کە گوایە سەید عەلی ئەسغەر عارەق دەخواتەوە. سەید عەلی ئەسغەر تێ دەگا، ئەزانێ کە موفتی بەیانی زوو بەر لە تاو هەڵاتن هەڵ ئەسێ بۆ نوێژ. ئەڕوا بەرانبەر ماڵەکەیان دەست ئەنێتە بنا گوێی و ئەچریکێنێ: غەمگین و دڵ پەشێوم …

کتوپڕ مفتی لە نوێژا ئەبێ، نوێژەکەی ئەبڕێ و بە پرمەی گریانەوە دێتە دەرەوە لە ئامێزی ئەگرێ ئەلێ: باوکی باوکم تۆ بەو دەنگە تەو هەزاران کەس لە خوا نێزیک ئەکەیەوە بڕۆ ئازاد بە هەرچی ئەکەی بیکە!

رۆژیکیان لە ئستۆدیۆ بووم خەریکی ڕێک و پێک کردنی بەرنامە بووم قەوانی سەید عەلی ئەسغەرم دانابوو کتوپڕ بەدیع زادە* مۆسیقار و گۆرانی بێژی رادیۆ کردی بە دەرگا و ئەگریا وەکوو هەوری بەهار، وتی تۆ خوا لێ گەڕێ با بخوێنێ!

کە بەستەکەی تەواو بوو هەستاوە وتی، دەک ڕۆحم بە سەرگەردت بێ، لە دەسگای ڕاست پەنج گا، گەیشتوتە پەردەیێ، نە قەمەر* و نە رۆح انگیز*، نەیانتوانیوە بگەن.

ئەگێڕنەوە ڕۆژێکیان لە شوێنێ ئەڕواتە چاخانەیەک لە قاوە چیەکە داوا ئەکا پارەی نیە چاکی بداتێ، کابرا وەدەری ئەنێ ئەڵێ بڕۆ دەرەوە. سەید دێتە دەرەوە ئەبینێ لەوبەر شەقامەکەوە چاخانەیک تر هەیە، ئەڕوا ئەڵێ برام پارەم نیە تینوومە چاکم بدەرێ. کابرای چایچی ئەڵێ گیانا جا چایی چیە وەرە سەد چاش بخۆوە. تا کابرا ئەڕوا چای بۆ بێنێ دەس ئەکا بە خوێندن و ئەچریکێنێ، هەر دەنگی بەرز ئەبێتەوە پڕ چاخانە ئەبێ لەخەلک و چای دوو فلسی ئەبێ بەدینارێ!

 

* قەمەر و رۆح ئەنگیز دوو گۆرانی بێژی زۆرپایەبەرزی مۆسیقای کلاسیکی ئێرانین

*بەدیع زادە ئوستادێکی بەرزی مۆسیقای فارسی بوو.

 

عوسمانی ئەحمەدی