من و موجتەبا میرزادە

موجتەبا پاش ئەوەی لە کرماشانەوە هات بۆ تاران هاوکاریی خۆی لە گەڵ بەرنامەی کوردی دەس پێکرد.

بەرنامەی کوردی، لەو سەردەمەدا، لە سێ بوارەوە مۆسیقای تۆمار ئەکرد. یەکەم لە ئۆرکێستری تایبەتی بەرنامی کوردی، دووهەم لە ئۆرکێسترای گەورەی رادیۆ ئێران و سێهەم دوو سێ مۆسیقاری هەبوو کە حەوتەی جارێ، کە بەرنامەی “بەزمی هەینی” لە ئستۆدیۆ تۆمار ئەکرا لەسەر دەرخوازی دانیشتوان و بەشداری یەکێ لە گۆرانی بێژەکان، گۆرانی یان تۆمار ئەکرد، موجتەبا لەم بەشەدا بە تایبەت لەگەڵمان هاوکاری هەبوو.

رۆژێکیان لەبیرمە دەوری چل کەس هاتبوونە ئستۆدیۆ، موجتەبا هات و ڤیۆلۆنەکەی گرت بەدەستەوە، دەستی پێکرد. هەموو بێ دەنگ سەیری دەس و پەنجەیان ئەکرد، کتوپڕ لە نێو خەڵکەکە، کابرایەکی ئاسایی بێ ئەوەی هونەرناس و مۆسیقار بێ، هاوارێ لێ هەستا و وتی  “باوکەڕو چی ئەکا ئەو کابرایە خۆ جەرگ و دڵی لە ڕیشە دەرهێنام”!

جا بەڕاستیش هەروەها بوو. کاتێ لەئۆرکێستری گەورەی رادیۆ ئیران دا بەشداری ئەکرد، لە نێو چل پەنجا ئامرازی مۆسیقا دا ڤیۆلۆنەکەی موجتەبا هاواری ئەکرد، وەک چۆن لە ئاسمان دا بڕێ ئەستێرە بەورشەترن لەوانی تر، ڤیۆلۆنەکەی موجتەباش دیار بوو و بەر گوێ دەکەوت.

مۆجتەبا لە تاران بەباشی جێی خۆی کردەوە، نە تەنیا لە ئۆرکێسترای گەورەی رادیۆ بەشداری ئەکرد مۆسیقای بۆ نێزیکەی پەنجا فیلمی فارسی داناوە.

لەگەڵ ھە موو گۆرانی بێژەکانی فارس دا ھاوکاری ھەبووە. زۆربەی گۆرانیەکانی حەسەن زیرەک و مەزهەری خالەقی کە لە ڕادیو کرماشان تۆمار کراون وە وان لەوپەڕی جوانی و دلڕفێنی دا کاری مۆجتەبایە و دەس و پەنجە ڕەنگینەکانی وێن کە گەیاندوونی بەو جێگایە.

یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی مۆجتەبا ئەوەیە، کاتێ گەیشتە ئەو پلە و پایە، کە لە نێو مۆسیقارە بە ناوبانگەکانی ئێرانا ئەدرۆشایەوە، خۆی نەگۆڕی لە خۆی تەبا نەبوو و بەو پەڕی شانازی یەوە، لە وەڵامی پرسیاری هەواڵ نووسانا کە ئەیان پرسی کوردی؟ ئەیوت ئەرێ برام، خۆم کوردم، دایکیشم کوردە، باوکیشم کوردە. بەزاراوەی جۆری کەلهوڕی (کرماشانی) ئەدوا.

موجتەبا خەریک بوو لە ناوھونەرمەندانا بگاتە عاستێ کە کەس لەو بانتر نەبێ. بەڵام بەداخەوە بەڵای ناگەھانی شۆڕش ھات،  ئامرازی مۆسیقاکانی شکاند و مۆسیقارەکانی ڕاونا، قەڵەمی نووسەرانی شکان و ڵاپەڕەییەکی ڕەشی لە مێژووی ھونەری ئێراندا بەدی ھێنا.

زۆر لە ھونەرمەندان ئەو بارە سەنگینەیان بۆ ھەڵ نەگیرا، دلیان لە لێدان وەستا و رۆحیان بەرەو ئاسمانی بێ پاومان دای لە شەقەی باڵ،  دیارە موجتەباش یەکێ لەوانە بوو!

لە باری کەسایەتیەوە نێزیک بەدڵ خوێن شیرین و سەروزوان خۆش و مێھرەبان بوو  جیھانی زۆر گەورە دەھاتە بەرچاو وە بڕوای وابوو کە ھۆنەر سنوور ناناسێ و مەرزی بۆ نیە. ئەیوت

رسد ادمی بە جایی کە بجز خدا نبیند

بنگر کە تا چە حد است مقام ادمیت

واتە: مروڤ ئەتوانێ بگاتە ئەو جێگایە کە جگە لە خوا هیچی تر نەبینێ ، تۆش سەرنجێ بدە لە بەرزایی ئەو ئاستەی مروڤایەتی

بەداخەوە کاتێ کۆچی دوایی کرد نەیان ھێشت رێ و ڕە سمێکی بۆ بەڕێوە بچێت 

زۆر ساکار نێژرا :  ساڵی لە دایک بوونی ١٩٤٥ وە ساڵی کۆچی دوایی ٢٠٠٥

ڕۆح و رەوانی شاد بێت