من و مامۆسا تاهێر تەوفێق

هەموو کاتێ گۆێم لە گۆرانیەکان و مەقامەکانی تاهێر تەوفێق ڕائەگرت لەبەر خۆمەوە ئەم ووت داخۆ بکرێ ڕۆژێ بیبینم  ولە نێزیکەوە گۆێ بۆ ڕاگرم؟!

پاش ساڵەها، بێ ئەوەی چاوەڕێ بم، ئاواتەکەم هاتە دی و هات بۆ تاران.

هەر کە بیستم  چووم بۆ لای و هێنامە ڕادیۆ، بەڵام بەداخەوە ئەوکاتە رادیۆ شێوا بوو، مۆعینیان، سەرپەرستی رادیۆ، لە ڕادیۆ نەمابوو و بۆم نەکرا ئەوجورە دڵم دێنێ و شیاوی ئەوە پێشوازی لێ بکەم. تەنیا بردمە ئێستۆدیۆ بۆ تومار کردن.

لەو سەردەمەدا ئەسغەری بەهاری، مامۆستای گەورەی کەمانچەژەن کە لە ئاسمانی مۆسیقا دا ئەستێرەیەکی گەورە بوو، هاوکاری  ئۆرکێستری بەرنامەی کوردی ئەکرد.  هەرکە میکرۆفۆنیان هێنایە بەردەم تاهێر تەوفێق کە پەردەی دەنگی تاقی بکەنەوە و دەنگی هەڵێنا : شیرین بەهارە بەهاری شادان… کەمانچەژەن واقی  وڕ ما و کتوپڕ وتی بەهارت پڕ گوڵ بێ، یاخوا ئەو دەنگەت هەموو کاتێ بزرنگێتەوە!

جا ئیتر هاتن، بە دڵ و گیان هاوڕی یان کرد و چەن بەستە مەقاممان لێ تۆمار کرد: موتربی حەریفان، قەلبی من، وەی زاڵم و شیرین بەهارە.

توانیمان شەوێکیش پێکەوە بین، چووین بۆ دەربەندی تاران  بەیادی کێو و بەندەنەکانی کوردستان. لەوێ مەقامێکی خوێند ئێستاش لە گوێی گیانم دا ئەزرەنگێتەوە.

رۆحی شاد بێ.