گۆرانی لایە لایە

گۆرانی لایە لایە بە دەنگی مەزهەری خالەقی و ئاوازی حەسەن یوسفزەمانی

پایزێکی درەنگ بوو. دار چنارەکانی حەوشەی رادیۆ تاران بەو پەڕی دەس و دڵ بڵاویەوە گەڵا سوور و زەرد و هەمە رەنگەکانی خۆیان بەردابووەوە، مافوورەیەکی جوانیان لە بەر رێ هاتووچووکەران را خستبوو. وردەبارانی شەوی رابوردوو وەک شەونمی سەرەتای بەهار لە سەر پەڵک و گەڵای گوڵگوڵاوەکان دەبرسکانەوە.

بە تەنێ پیاسەم ئەکرد، وە لە زریەی خەیاڵاتی دوور و درێژدا نوقم بووم. کتووپڕ کاک حەسەنی یوسفزەمانی، مۆسیقاری بە ناوبانگی کورد دیاری دا.

وەکوو هەمیشە بزەیێ نیشتبوە سەر لێوی. دەفتەرێکی لە ژێر هەنگڵ‌دا بوو. پاش چاکی و چۆنی، لێم پرسی خێرە؟ وتی مەقامێکی لایە لایەم داناوە، ئەمەوێ بیدەم بە “رامش” (١)  بیخوێنێت. ئەوە نۆتەکەیەتی، هێناومە بیدەم بە شەورای مۆسیقا جەختی لە سەر بکات. پێتخۆشە گوێ بۆ راگری؟ وتم ئا، بۆچ پێم ناخۆشە.

بە جووتە چووینە ئستودیۆ وە گوێم بۆ راگرت. لام جوان بوو، زۆرم پێ خۆش بوو. وتم کاک حەسەن پێت چۆنە لایە لایەی کوردی لە سەری دانم. وتی جا چۆن خۆ گۆرانیبێژی ژنمان نیە. وتم کارت نەبێت، من شێعرێکی لە سەر دائەنێم وە ئەیدەین بە مەزهەری خالەقی بیخوێنێت. وتی باشە وە ئەو کارەمان کرد.

 

ئەمەش دەقی بەستەکەیەتی:

لای لای نەمامی ژیانم، من وێنەی باخەوانم

بە دڵ ئاودێریت ئەکەم، بە فرمێسکی چاوانم

تا لە خەزانی ژینم، ئەڕزێ گەڵای ئەوینم

لە سێبەری باڵاکەت، شاد بێ دڵی خەمینم

هەوڵ بە بێ سێبەر نەبی، وەک داری بێبەر نەبی

بۆ هاوماڵ و هاوخوێنت، بێ فایە و سەمەر نەبی

لای لایت بۆ ناکەم تاکوو، بە ناز خەو بتباتەوە

یا خۆ پەژارە و خەفەت، ژینت لە بیر باتەوە

ئەمە لای لای ژیانە، دەنگ دایکی نیشتمانە

لە تاریکەشەوی ژین، ئەستێرەی رێگامانە

پێت ئەڵێ کە وریا بی، خوێنەوار و زانا بی

بۆ هاو ماڵ و هاوخوێنت، تێگەیشتوو ئاگا بی

(١) رامش گۆرانبێژێکی فارسی رادیۆ ئێرانە                                                پاریس ١٤ی ژانوویەی ١٩٩٩