ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی هەشتەم

لە بەسەرهاتە جۆربەجۆرەکانی سەردەمی مامۆستاییم لە مەریواندا بڕێ کارەساتی سەرنج ڕاکێشم بۆ گێڕانەوە، ئێستەش لەسەری ئەچم و درێژەی پێ ئەدەم.
بەڵێ، بووم بە مامۆستای باشماخ، کە دێ‌یەکی بیست سی ماڵی بوو، لە سنوری ئێران نێزیکی شاری پێنجوێن. ئەم دێ‌یە، بە پێچەوانەی باقی دێ‌یەکان، خان و دەرەبەگی نەبوو وە خەڵکەکە بۆ خۆیان لێ ئەبڕان مناڵەکانیان بەرخوێندن بنێن.
لەسەرەتاوە باوکەکان هاتن وە لەگەڵیان کەوتمە دوان و ڕاوێژکردن و گوێم ڕاگرت بۆ گیروگرفتەکانیان. وتیان مودیر گیان پێش ئەوەی جەنابت بیتە مودیر، کەسێکی‌تر بوو، گوێ ڕایەڵی کاروباری ئێمە نەبوو و پێی‌ لە کەوشێ کردبوو کە وەکوو قوتابیانی ناوشار، لە سەر سەعات مناڵەکان ئەبێ بێن بۆ قوتابخانە. ئێمە زۆربەمان ئەوکارەمان پێ ناکرێ. مناڵەکانی ئێمە کارئەکان. یارمەتیمان ئەدەن کە نەختێ لە بارسایی باری ژیانمان لە کۆڵ کەوێ.

وتم برادەرینە گوێ ڕاگرن با پێتان بڵێم من نەهاتووم ببمە سەرباری ئێوە و ژیانتان لێ سەخڵەت تر بکەم. هاتووم مناڵەکانتان خوێنەوار بکەم وە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لە سەر ئەم بیروباوەڕەم کە قوتابخانە و دایک و باوک لە سەریان پێویستە دەستی یەکتر بگرن و بۆ مسۆگەر کردنی ئەم ئامانجە تێ بکۆشن. ئێستە بۆم ڕوون بکەنەوە بزانم مناڵەکانتان لە ڕۆژا چەن سەعات ئەتوانن بێن بۆ قوتابخانە. وتیان نازانین، ئێمە شت و مەک، وەکو دار و خەڵوز، ئەبەین بۆ پێنجوێن بۆ فرۆش. بڕێ ڕۆژ زوو ئەفرۆشرێ بڕێ ڕۆژ نا. وتم من لێرەم وە شەو و ڕۆژ لەم دێ‌یە ئەژیم. لاشم گرنگ نیە کەی و چۆن ئەتوانن مناڵەکانتان بنێرن بۆ قوتابخانە. ئەمەوێ هەر کە کارتان تەواو بوو، مناڵەکانتان بنێرن. وتیان باشە.

ئیتر لەم پازدە بیست قوتابی‌یە بڕێ ڕۆژ حەوتیان یا هەشتیان نەدەهاتن و دوای‌نیوەڕو ئەگەڕانەوە و منیش لەوپەڕی دڵسۆزی‌دا لەگەڵیان ئیشم ئەکرد و نەم ئەهێشت وەدوا بکەون.

باری ژیانی خەڵکی لەو سەردەمەدا لە کوردستان و بەتایبەت لە مەریوان کە پازدە ساڵێ قات و قڕی بوو ئاڵۆز و شێواو بوو. وشکەساڵی باری سەربار بوو، ئاسمان لە عاستی خەڵکی ئەو ناوانە لە شەڕ دا بوو، زەوی کارژی دەردابوو، شەرارەی خۆرەتاوی ناوڕاس مانگی هاوینان دار و دەونی هەڵ پڕوزاندبوو.

ژن و مناڵی هەژار و داماو لە بەیانی‌یەوە تا شەو لە نێو دارستانەکانا بە شوێن “مازک” و “کڵکاف” و “سیچک” دا هەڵوەدایان بوو. ئەو بەرهەمانە کە کۆیان ئەکردەوە، ئەیان برد بۆ سنە، لە ڕەنگ ڕێزی بەن و دەزوو، بۆ تەنینی بەڕ و مافوورە و ئەوشتانە کەڵکی لێ وەرئەگێڕا.
جا بیر کەنەوە ئەوشتانە داخۆ چەندە دەسهاتی بووبێ کە کاریگەری بووبێ لەسەر ژیانی بەئەستەم نووزەتیاماوی ئەو ڕۆژڕەشانە.

لە چوارلایێکی ژیانی پڕ لە کوێرەوەری ئاوەهادا بیهێننە پێش چاوتان چەندە سەخڵەتە خەڵک ڕابهێنی مناڵەکانیان وەبەر خوێندن بنن. بەڵام من بۆ خۆم ئەو ڕێگایەم هەڵبژاردبوو بێ ماندوو بوون لە هەوڵ و تەقالا بووم. ئەگەر بڕیاربووایێ لەگەڵ خەڵکی تێروتەسەل ئیشم بکردایێ، کە پارە لە لایان وەکوو پشکەڵە و لە نێو لێف و دۆشەکی پەڕی قوو دا ئەنوون و ئەخەون ئیتر ئەوندە بایەخی نەبوو.

تۆ کە ڕێگای خزمەت بە خەڵک هەڵ ئەبژێری، ئەویش خەڵکێکی کۆس کەوتوو و لارەمل ئەبێ پی ئەو جۆرە کوێرەوەری‌یانەش لە خۆت هەڵ سوویی. لە بەر خۆمەوە ئەموت : شەرت بێ ئەگەر وڵاتێکم هەبێ، هی خۆمان بێ، گەسک دەریش بم شانازی پێوەبکەم. گەنج بووم و تازە پێ‌گەیشتوو، ئەوە ئارەزووم بوو وەکو پێشینان وتوویانە “ئارەزوو بۆ جەوانان و گەنجان کەتن و عەیب و شوورەیی نیە”.

بەڵێ ڕۆژگار هێدی هێدی ئەڕۆیشتە پێشەوە، ڕۆژێکیان هووڕەی ماشینێ هات، لە مەکتەب هاتمە دەرەوە بزانم چ باسە دیم سەرهەنگ ئەمیر موکری، سەرۆکی مەرزبانی مەریوان، لە ماشینەکە دابەزی و ڕاستەوخۆ ڕووی کرد لە مەدرەسەکە، هەر منی دی بە پێ‌کەنینەوە سەلام و ئەحواڵپرسی کرد. ووتی ئامادەبە با بچین. وتم بۆ کوێ؟ وتی بۆ پێنجوێن. وتم چ باسە؟ وتی دیداری مەرزی‌یە، هەموو ساڵێ جارێ ئەو کارە ئەکەین.

سەرهەنگ ئەمیر مۆکری، وەها کە لە ناوەکەیا دەرئەکەوێ، بە بنەچەکە و ڕەچەڵەک کوردی موکریانی بوو. باوکی بەجەوانی چووبوو بۆ تاران لەوێ هاوسەرگیری کردبوو. دیارە مناڵەکان دایکیان فارس بوو و لە تاران گەورە بووبوون بە فارسی ئەدوان. بەڵام کە هاتە مەریوان و لەگەڵ ئێمە بوو بە دۆس، چواردەورمان گرت و خۆیشی پێ خۆش بوو بکەوێ بە بارێکا توانایی ئەوە پەیدا بکا بە زوانی کوردی بئاخفێ، وردە وردە فێری کوردی بوو.

منیش ئامادە بووم لەگەڵیان چووین بۆ پێنجوێن. لەوێ قائم مەقام و موتەسەرفی سلێمانی و پێنجوێن هاتن بە پێشوازمانەوە و چووین بۆ “نادی” واتە باشگای ئەفسەران. ئەو شەوە تا درەنگانێ لەوێ بووین، خەریکی خواردن و خواردنەوە تا بەیانی. هاوڕێ‌یەکانم بەیانی هەستان چوون بۆ گەڕان بە نێو بازاڕدا، تومەس ئەمە ڕەسمیانە هەرچی ئەکڕن میوانن و دوکاندارەکان لەودوا پارەکەی لە حوکومەت وەرئەگرن. وتم برا من نایێم بۆ نێو بازاڕ چونکوو لە پێشا من چەن جار هاتووم بۆ پێنجوێن، پێم خۆشە بچم سەربدەم لە قوتابخانە. ئیتر لەگەڵم هاتن چووین بۆ قوتابخانە تماشام کرد خانووبەرەیەکی جوان و بەرچاوی، چووینە ژوورەوە قوتابیەکان هەموو جل و بەرگی یەک ڕەنگ لەبەر و سەر و گۆنا سوور و تێر و تەسەل.
بۆیان ڕوون کردمەوە کە حوکومەت نەتەنیا جل و بەرگیان دابین ئەکا، بۆ بەیانی و نیوەڕۆ خۆراکی گەرم و شیر و مێوەیان پێ ئەدا.

ئەوکارە زۆر لەسەر هەناو و دڵ و دەروونم کاریگەری بوو، هەر کە گەڕاینەوە ڕاستەوخۆ چووم بۆ سنە، بۆ لای سەرۆکی گشتی ئاموزش و پەروەرش (واتە مەعارف) کە ئەو دەمە ئاغەی مەجیدی بوو. هەر کە چلونایەتی ژیانی مناڵە برسی و پێ‌خاوسەکانی باشماخم بۆ گێڕایەوە و دیدارەکەم لە پێنجوێن بۆ شی کردەوە فرمێسک هاتە نێو چاوانی و دەس بەجێ لێ‌بڕا کە جل و بەرگ بۆ مناڵەکان دابین بکا و ناردی بە شوێنی بەرپرسی کارپەردازی‌دا، کە ئەو دەمە ئاغەی خەلیل غەریب پوور بوو پیاوی خاوەن ڕۆح و ڕەوانێکی بەرز. ئەویش کە هات و لە کارەسات تێ‌گەیشت، پیاوانە وەخۆی کەوت و کارەکەی جێ بەجێ کرد. دواجار وتی خوا سواوت بنوسێ منیش بەڵکو لەم سواوە بەشداربم.

بەڵام بەداخەوە پێش ئەوەی جل و بەرگەکان بگاتە دەستمان، قائم مەقام و موتەسەڕفی پێنجوێن و سلێمانی هاتن بۆ باشماخ کە بچن بۆ سەردانی مەرزبان و باقی کاربەدەستان لە مەریوان. بە ڕێکەوت هاتنە بەر دەرکی مەدرەسە و بانگیان لە من کرد، چوم بە پێشوازیانەوە، ویستیان بێنە ژورێ چاویان بە قوتابیەکان بکەوێ. منیش کە پێم خۆش نەبوو وە بە سەر شۆڕیم ئەزانی جل و بەرگە شڕوشیتاڵی مناڵەکان ببینن، داوای لێ بوردنم لێ‌کردن و وتم لە ئێران دا بە گوێرەی یاسایەکی گشتی کەس مافی ئەوەی نیە بێتە نێو کلاسی دەرسەوە و ئیزنم نەدا بێنە ژوورەوە. ئیتر ئەوانیش لەسەری نەچوون و ملی ڕیگایان گرت و چوون بۆ مەریوان.

 

ئەم باسە درێژەی هەیە ….