ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی دەهەم

لەو دیمەنە زۆر بەرچاوی و هەست بزوێنانە کە ڕۆح و دڵی هەژاندووم و تەمێکی ڕەش و تاڵی لە ئاسمانی بیرویادم دا هێناوەتە دی، ڕۆژێ بوو لە باشماخ، کە ژن و پیاوێ لەگەڵ دادە ئامین کە ژنێکی بەساڵا چوو بوو، قوتابخانە و ژوورەکەی خۆمی خاوێن و تەمیس ئەکردەوە، هاتن بۆ لام.

ژن ناسک و نازارێکی باڵا بەرز بوو کە ئەکرێ بڵێی تاقانەیێ لە جیهانی جوانی و زەڕەشیرینی دا، بە سیمایەکی مۆن و بە بزەی سەرلێوی “مەیلەوەئاڵ” وەکوو پەری‌یەکی ئاسمانی. پیاو کورتە باڵایەکی بەساڵاچوو زەڕەتاڵ و نا شیرین کە دەمی ئەکردەوە کەفی ئەچەراند و بەئەستەم تێ ئەگەییشتی ئەیەوێ چ بڵێ.

لە سەرەتا دا بۆم گرنگ نەبوو. قەڵافەتی ئادەمیزادیش ئەوندە سەرنجی ڕانەئەکێشام بەڵام کە تێ گەییشتم ژن و مێردن ناخی هەژاندم و چومە زەریەی خەیاڵەوە. لەودوا لێم پرسی بۆ مێردت کردووە بەو کابرایە؟ وتی من مێردم نەکردووە “ژن بە ژن” یان کردووە. ئەوە یەکەم جار بوو شتی وام ئە بیست، تێ نەگەییشتم بە چ مانایە. پاشان بۆیان ڕوون کردمەوە کە ئەو ئاسکە سڵ و کارمامزی بنارو هەرد و کێوی کوردەواری‌یەیان داوە بەم کابرایە تا ئەویش خۆشکی بدا بە براکەی.

کە ئەوەم بۆ ڕوون کرایەوە، زانیم بەرەی ئادەمیزاد چ دێو و ناڕەسەنێ لە باوەشی خۆیدا بەخێو ئەکا. چۆن کابرایێ ئامادە ئەبێ، بۆ خۆشی خۆی، خوشکەکەی بکاتە قۆچی قوربان و بۆ ڕابواردنی خۆی بیخاتە چاڵێکی ڕەش و تاریکەوە. پێم وت دەی بۆچی جیا نابیتەوە؟ وتی کاری وابکەم براکەشم ئەبێ ژنەکەی تەڵاق بدا، ئەو ژنەکەی خۆش دەوێ، وتویە کاری وا بکەی ئەتکوژم.

  ئەوکارەساتە بوو بە هۆی ئەوەی زۆرشتم بۆ بێتەوە یاد کە لە مێژوودا هاتوە. باوکێ بۆ مانەوە لە سەر هێز و دەسەڵات، کوڕی خۆی کوشتووە وە یا کوێری کردووە، ئیتر بەم ئاکارە گەیشتم کە لە کۆمەڵەی ئادەمیزادا زۆرن ئەوانەی بەڕواڵەت ئادەمیزادن وە لە ڕاستیدا گورگن.

فەرەیدونی مۆشیری کە یەکێ لە هەستیارە هەرە ناودار و گەورەکانی ئەدەبی فارسی ئەم چەرخەیە، شێعرێکی زۆر جوانی هەیە ئەڵێ:

لە دەروون و نەفسی ئادەمیزادا گورگێ هەیە ئەبێ هەموو ساتێ سەروگوێلاکی بە گاچۆن لێك نێی و نەهێڵی سەر ڕاست کاتەوە ئەگینا ئەو بەسەر تۆدا زاڵ ئەبێ و لە خوو و خەدە و ئاکاری ئادەمیزاد دوورت ئەکاتەوە.

هر کە گرگش را دراندازد بخاک                    رفتە رفتە میشود انسان پاک
وانکە از گرگش خورد هردم شکست            گرچە انسان می نماید گرگ هست

واتە ئەوی کە هەوڵ بدا و گورگەکەی لەژێر نێ و دایپڵۆسنێ، وردە وردە ئەبێ بە ئادەمیزادێکی پاک و ڕەسەن، ئەوەش کە تێ‌ئەشکێ و پێ ناکرێ گورگەکەی لە ناو بەرێ، گورگە و بە ڕواڵەت ئادەمیزادە. 

یەکێکی تر لەو بیرەوەری‌یانە کە دەستم بە ڕەشکەکەدا کرد و هات بەدەسمەوە ئەمە بوو :

پیاوێکی هەژاری تەمەن ناوەندی، دەستێکی لەسەر چەمەی گاچۆنەکەی دانابوو و چاوە بێ‌نوور و کزەکانی بڕیبووە دەشتەکە و وتی: کوڕم دەردی ئێمە دەردی هەژاری یە، هەژاری لە باری ئابوری و خورد و خۆراک و پۆشاکەوە، وە هەژاری لە باری بیر و بۆچونەوە. باشم لەبیرە ئەو ساڵە، گەنج بووم و تازە پێ گەیشتوو، لە ئاسمانی بیر و خەیاڵاتی خۆمدا سەمام ئەکرد و بێ ئاگا لە دەوروبەر، بێ ئاگا لە هەل و مەرج. هەڵیان خڕاندبووین ئەبێ بەشەڕ بێین، ئێمەش گەنج بووین بێ ترس و دڵەڕاوکێ، پڕ بە هێز و توانایی‌یەوە هاتبووینە مەیدانی شەڕەوە. کەرەسەی شەڕ و هەرا سازکردنمان چی بوو، تفەنگی “سەرپڕ” و “جان بێزار” و شیر و تیروکەوان، لە ئاستی چی؟ تۆپ و تانک و فڕۆکە.

خەریکی قلێ‌قاچ بووین و حەمەرەمزێ لەو دەشتە، کتوپڕ فڕۆکەیێ لە ئاسمانەوە دیاری دا لەسەر کێو و بنارەکانی «بالک»ەوە بەرەو دەشتەکە هات، هەر هات، هەر هات. ئێمەیش زەنەقمان تۆقیبوو هاکا گیان لە قەفەسی تەنمانەوە دەرپەڕێ. بەخوا فڕۆکە نێزیکەوە کەوت، هەرچی تفەنگی سەر پڕ و تاپڕ بوو دەستیان بە تەقە کرد و بە شوێنیا جان بێزار. دیارە ئەو چەکانە چەکی چەقەڵ کوشتن بوون نەک چەکی فڕۆکە هێنانە خوارەوە.

بەڵێ فڕۆکەکە دووسێ جار بەدەور دەشتەکە سووڕایەوە، سەیری کرد ئیتر تەقە نەما جا هاتە خوارترەوە نێزیکمان بووەوە چاوتان ڕۆژی خراپ نەبینێ داینەبەر پارەئاجۆر و بەرد، سەر و گوێلاکمانی نایە یەک، خوێنین و ماڵین دەستمان بە ئاە و ناڵە کرد. خان و دەرەبەگەکان کە ئێمەیان هەڵ نابوو کونە مشکیان لێ ببوو بە عومارەت لە نێو دارستان دا بەشوێن دارێکی ئەستور دا ئەگەڕان خۆیان حەشار بدەن.

– پرسیم دەی ئەم شەڕە لەسەر چی بوو؟

– وتی بەخوا گەنج بووم نازانم، وا بزانم خان و دەرەبەگەکانیان ئەگرت، من خان و خانزادە نەبووم، من ڕەشایی بووم، دواجار هاتن هەموو بەگەکانیان گرت و بردنیان لە زیندانیان هاویشت.

– دەی تۆ لەو وەختەدا نەت بیست کە باسی کوردایەتی و ئازادی و ئەوشتانە بکەن؟

– وتی ناوڵلا من خۆم نەخوێندەوارم تەنیا ئاواتم ئەوە بوو نەختێ تفەنگ بتەقێنم، تفەنگم کەوتبووە دەست نەختێ تەقەم کرد بە ئاواتی دێرینی خۆم گەیشتم.

– دەی ئەگەر نەهاتبایی‌یە مەیدان و هەر لە ماڵی خۆتا ببوایی چی؟

– دەی خان وەدەری ئەنام، لە هیچ کوێ ڕێگام نەئەبوو نیشتەجێ بم. بچوایێم بۆ گوندێ‌تریش ڕێ‌یان نەئەدام، ئەیانوت ئەبێ خان ڕازی بێ تۆ جیگا گۆرکێ بکەی.

یەکێکی‌تر لەو بیرەوەری یانە کە ئەبوا لەگەڵ بیرەوەری‌یەکانی دزڵی دا بۆم باس کردباین، ئەم یادوارەیە تا ماوم لە بیرم ناچێتەوە. یەکێ لە ڕۆژان کوڕێکی شازدە حەڤدە ساڵان هاتە لام داوای یارمەتی کرد. پێم وابوو پارە و شتی وای ئەوێ، وتی نە، یارمەتیم بدە ڕێگای ژینم بدۆزمەوە. وتم گوێم لێتە برادەر. وتی: من برای میرزا مەحموو نوسەر و بنوسی عەبدوڵلا خانم. من میرزا مەحمووم ئەناسی پیاوێکی بەشەرەف و نێزیک بەدڵ بوو، وتم دەی باشە نێوت چی‌یە؟ وتی نێوم ئەحمەدە و نێوی بنەماڵەم موحەمەدی‌یە. نەختێ سەوادم هەیە بەڵام نەچوومەتە مەکتەب. منیش تاقیم کردەوە باش بوو بە ڕادەی چوار کلاس سەوادی هەبوو کە ئەکرا کارنامەی پێ بدەم، چونکوو قوتابخانەی دزڵی چوار کلاسە بوو. پاش چەن ڕۆژی‌تر کوڕێکی تر بە نێوی ڕەمەزان لەگەڵی هات ئەویش هەر وەکوو ئەم نەختێ خوێندەوار بوو، کارنامەم بە ئەویش دا و چوم لە مەریوان نێویانم نووسی کە بەهار بڕۆن لەوێ لە تاقی کردنەوەدا بەشداربن بۆ وەرگرتنی کارنامەی شەشەم.

بەهار هات و بردیانم بۆ مەریوان و کارنامەی پۆلی شەشەم یان وەرگرت. خۆم بردیانم بۆ ئەرتەش – واتە سوپا – لەوێ بوم بە زامنیان، دایان مەرزاندن و ناردنیان بۆ سنە و منیش گەڕامەوە بۆ دزڵی.

ڕۆژگار تێ‌پەڕی، من دوو سێ ساڵێ لە مەریوان بووم، دواجار بەرنامەی کوردی ڕادیۆ تاران دەسی بەکار کرد و منیش چووم لە تاران لە ڕادیۆ دا دەستم بەکار کرد.

ڕۆژێ لە یانەی حەراسەت و پێ‌ڕاگەیشتنی هاتنەژوورەوەی ڕادیۆ تەلەفۆنیان بۆ کردم وتیان کەسێ تۆی ئەوێ، منیش کە هاتمە خوارەوە دیم گروبانێ هات بەرەو ڕووم و سەلامی کرد و دانەوی وتی با پێڵاوەکانت ماچ کەم، منیش ڕاچڵەکام وتم برام پێڵاوم بۆ ماچ ئەکەی؟ وتی من ئەحمەدی موحەمەدیم. دەستم کردەملی و هێنامە ژوورەوە کارم تەواو بوو پێکەوە چووین بۆ ماڵەوە، دوو ڕۆژ نەمهێشت بڕواتەوە.

بەدرێژایی بۆی باس کردم، کە وا لەشاری شێراز دا و ژن و مناڵی هەیە. وتم دەی چۆنت زانی من لە ڕادیۆم؟ وتی ناوتم بیست لە ڕادیۆ.

بەڵێ ڕۆژگار تێ‌پەڕی و من لە تاران نەمام و گوێزرامەوە بۆ زانسگەی ڕازی لە کرماشان و دوای چەن ساڵ شۆڕش کرا و هاتمەوە بۆ سنە. لەوێ دووبارە ئەحمەدم دی‌یەوە کە نەقڵی سنە کرابوو و یەک دوو جار هات بۆ ماڵمان.

شەڕ لە نێوان گرۆ و حیزبەکانی دژ بە رژێمی ئیسلامی ئێران دەستی پێ کرد و شەوێ شاری سنەیان وە بەر تۆپان و خومپارە دا. بەیانی زوو، بەر لە تاو، کەسێ نیشت بە دەرگاکەمانەوە بە ‌هەڵپە لێ ئەدا، زۆریش ترسام دەرکەکەم کردەوە دیم ئەحمەدە، ئەگری وەکو سەیلاوی بەهاران، وتم چیت لێ قەوماوە؟ ئەهوەن بووەوە وتی یاڕەبی شوکر. وتم ئەوە چی‌یە بۆ وای؟ وتی من شەو لە پادگان بووم، هەر تۆپێکیان ئەهاویشت دەستی نیازم بەدەرگای خوای گەورە بەرز ئەکردەوە ئەموت ئەی خوا ماڵی فڵانەکەس بپارێزی. ئەوا ئێستە ئەبینم لە ڕەحمی خواوە بێ مزەڕەتی.

بڕوا بکەن لە بەرانبەری ئەو گەورەیی ڕۆح و ڕەوان و ئەمەکداریەوە، هەرچی ماندوویەتی و کوێرەوەریم دیبوو، لە ڕێگای مامۆستایی لە مەریوان، هەمووم لە بیرەوە چوو.         

ئەم باسە درێژەی هەیە …