ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی دووهەم

بۆم گێڕانەوە، بۆ مامۆستایی ڕوم کرد لە مەریوان و لەوێ دیاری کرام بچم بۆ دزڵی کە لە سروشت دا وا لە نێو شاخ و داخەکانی هەورامان دا، بەڵام بە دابەشکردنی شاری، سەر بە قەڵای مەریوانە.

بە گوێرەی داب و نەریتی ئەو سەردەمە، خان و خاوەن موڵکەکان ئەهاتن و ئەکەوتنە ڕاوێژ لەگەڵ بەرپرسی یانەی فەرهەنگ واتە مەعارف دا و داوایان ئەکرد مامۆستایان بۆ دیاری بکەن. خاوەن موڵکی دزڵی عەبدوڵلا خان کوڕی مەحمودخانی دزڵی بوو وە یانەی فەرهەنگ منی هەڵبژاردبوو بە مامۆستایی بچم بۆ دزڵی. خەڵکی مەریوان بە مامۆستای دێهاتەکانیان ئەوت مودیر.

بەڵێ من بووم بە مودیری قوتابخانەی دزڵی، چاوەڕێ وەستام ئەسپێک و قاترێ بنێرن بە شوێنم‌دا، کەل و پەلەکەم بارکەم و بڕۆم.

دوو سێ ڕۆژی خایاند، لەم دوو سێ رۆژەش دا من بووم بە میوانی برادەرانێکی دڵسۆز و مێهرەبان  – فەیزۆڵای پەشانی- موسای بێهڕەوش – فەریدونی ئەیوبی و عەزیزی عەلاقەبەندان وە بیرەوەری زۆر خۆشم هەیە لەگەڵیان لەو ماوەیەدا. دواجاریش کە لە دزڵی‌یەوە بۆ حەمام و سەندنی کەل و پەل ئەهاتمەوە بۆ قەڵای مەریوان هەر پێکەوە بووین.

ئەسپ و قاتر هات بە دواما، کابراێی هات و خۆی پێ ناساندم وتی ناوم مستەفایە، فەڕاشی مەدرەسەی دزڵیم، فەرمو با بچین.

وتم مستەفا گیان بڵێ بزانم دزڵی لە کوێ‌یە؟ وتی هۆ ئەوەیە لە پشتی ئەو تەپۆڵکەوە. وتم دەی باشە پەلەت نەبێ ئەچین خۆ ڕۆژ زۆری ماوە، وتی نا با زوو بچین باشە، وتم نا جارێ پەلەت نەبێ ئەڕۆین.

یەک دوو سەعاتی تر کەوتینە ڕێ و چوین،  هەر چوین…. و هەرچوین تا گەیشتینە پشتی گردەکە، تەماشام کرد دێ‌یێکە لەوێ، وتم ئەمەیە؟ وتی نەوەللا ئەمە دێ دەگاشێخانە.

لە نێو دێ‌ دەگاشێخانەوە تێپەڕین، تازە گەیشتینە سەرەتای دۆڵێ تەسک و تەنگەبەر، وتم برادەر ئێرە کوێ‌یە؟ وتی ئێرە ناوی دەربەن دزڵی‌یە.

ملی ڕێگامان گرت و سەرمان کرد بە نێو دەربەنا، تەمەشام کرد رێگا تەق‌تەقەبەردانە، گا سەرەو خوارە گا سەرەو ژوورە، ئەبێ لە جۆگە ئاوێ کە هەڵبەز دابەز، بە هەرا و هوریا تێ‌ئەپەڕێ، بپەڕیتەوە و سێ چوار هەنگاو نەچویی دیسانەوە ئەبێ بازدەی بڕۆیەوە ئەوبەر، لەوێشەوە چەن هەنگاو ئەبێ بڕۆی دیسانەوە بپەڕێیتەوە. بە هەزار زەحمەت و دەردی سەری چواردەجار ئەم بەر و ئەبەرمان کرد تا لە دەربەند چوینە دەرێ. دۆڵێکی درێژ لە بەرانبەرمان قوتەو بوو. وتم مسەفا زۆرمان ماوە؟ وتی نەقوربان خەریکین ئەگەیین. بە هەزار زەحمەت گەیشتینە ئاخر و ئۆخری دۆڵەکە، لە دوورەوە چراکانی دێ کەوتنە جریوە و سوسەسوس.

دیارە وەرزی پاییز بوو و زوو تاریکی ئەکرد. بە هەرحاڵ گەیشتینە بەر ماڵێ کە تازە کرابووەوە لە پەڕ ئاوایی‌دا. وتی ئەمە مەدرەسەکەیە.

ئەو خانووبەرەیە بە گوێرەی ماڵەکانی هەورامان، کە وەکو پێ‌پیلکە، یەک لە سەر یەک ئەکرێنەوە، کرابووەوە، لە ڕارەوێک و داڵانێکەوە تێ‌پەڕین و گەیشتینە ژوورێکی نێزیک بیست مێتری، وتی ئەمە کلاسەکەیە واتە ژووری دەرس وتنەوە.  دوو دەلاقەی هەبوو بەرەو خوار ئەینواڕی بە سەر باخ و دۆڵ و لێڕەوارەکاندا. دەرکەیەکی بوو ئەچووە نێو ژوورێکی‌تر کە کادان بوو، پڕی بوو لە کا. لە نێو کادانەکەوە چوینە نێو ژوورێکی‌تر کە ژوورێکی پچووک بوو دوو دەلاقەی هەبوو، ڕوو بە باخ و باخاتەکان. وتی ئەمەش ژوورەکەی خۆتە.

ئەم چەن ژوور و ڕاڕەوە کە باسم کرد هیچکام دەرکەیان لێ نەخرابوو، لە نێو ژوورەکەما دەرکەیێ بوو ئەکرایەوە، ئەچویتە ناو ژن و مناڵەکەی سۆفی ڕەسوڵی خانە خوێ. دواجار ئەم دەرکەیەم لا برد و کردم بە دیوارێ و بوو بە دۆڵابێ، تەلیسێ ئاردم کڕی و لەوێ دام نا.

سۆفی ڕەسوڵ هات، پیرەپیاوێکی نێزیک بە دڵی بەساڵا چوو، خەێر هاتنی کردم و لە لام دانیشت و بانگی کردە کوڕەکەی، سینی یێ چایی هێنا و ئەویش لە تەنشتمان دانیشت و دەستمان کرد بە قسەکردن.

لێم پرسین چەن ماڵە دزڵی و عەبدوڵلاخان چۆن پیاوێکە و ئێوە بۆخوتان خەریکی چین و چۆنی ڕائەبوێرن بەدرێژە بۆی باس کردم وە وتیشی ئێرە مودیرگیان مەرزە، لەو دۆڵە سەر کەوی، ئەو دیو ئیتر ئێران نیە و دێ زەلمی عێراقە. لەبەر ئەوە، لێرە پاسگا هەیە و پاسگاش لەوبەرە بەرانبەر بە ئاوایی. وتم ئەزانم پرسیومە کاتێ لە مەریوان بووم.

ئیتر شەو میوانی سۆفی ڕەسوڵ بوم تا بەیانی.  بۆ سبەینێ سۆفی ڕەسوڵ و کوڕەکەی هاتن، کەل و پەلی ماڵەکەمان دامەرزاند و دانیشتین، کەوتینە قسە. بۆی گێڕامەوە وتی مودیر گیان، پێش ئەوەی تەشریف بێنی، ئا لەو جێگەی جەنابتا، ماندوو بووم، ڕاکشابووم و کڵاشەکانم نابووە ژێر سەرم و خەوم لێ کەوتبوو. کە بە خەبەر هاتم مارێ لە دەوری کڵاشەکانم دا پەپکەی بەستبوو. بە ئەسپایی کڵاشەکانم هەڵگرت، ئەویش بە خەبەر هات و چوو ئا لەو کونی بن میچەدا کە ئەی‌بینی، خۆی شاردەوە.

جا ئیتر ئەبێ کاروباری منی شاری بێتە بەر چاوتان کە لەو ژوورەدا چۆنم ڕابواردبێ. کاتی نووستن لە سەر تەختەکەم دا لێفەکەم ئانکادرە کرد واتە لە سێ لاوە خستمە ژێر دۆشەکەکەم وەکوو کیسەی خەوی لێ هات. شەو کە نوستبووم کتوپڕ بە خەبەرهاتم، هەستم کرد شتێک لە سەر ڕانم ئەجووڵێتەوە. وەها ترسام و هەڵپەڕیم، لە گەڵ تەخت و جێگاو بان بەسەر یەکا کەوتین. چرا دەستی‌یەکەم هەڵ کرد تماشام کرد مشکە، مار نیە.

بەیانی هەستام، چوم بۆ پاسگا و چوم بۆ چاخانە و لەگەڵ خەڵکی کەوتمە قسە. ئەو ڕۆژە و سبەینێ‌یش لەوێ بووم و پاشان گەڕامەوە بۆ مەریوان، چونکو ئەبوا چوبایام بۆ سەرژمێری واتە ڕاگەیشتیی نفوس لە دێهاتی مەریوانا.

بۆ سبەینێ کەوتینەڕێ چوین منیان لە دێ کوڵان لە ماشین دابەزان و خۆیان چون. منیش هاتم تەمەشام کرد کوڵان بیست سی ماڵێکن، وتم هاتووم سەرژمێری بکەم بچن شناسنامەکانتان بێنن. چون هانیان و سەرژمێریم کرد و کەوتمە ڕێ بچم بۆ گوندێکی تر تماشام کرد لە دوورەوە سەرژمێرێکی تر، کە کاک حەمەی بیدارپور بوو، ئەویش خەریکە ئەڕوا بۆ دێ‌یەکی تر. بانگم لێ کرد و هات بڕیارمان دا پێکەوە بڕوین بەو دێهاتانا، هەرجێگایێ هی ئەوە، ئەو بەرگەکان مۆربکات و ئەوانەش کە هی منن، من مۆریان بکەم و کەوتینە ڕێ چوینە دێ سێف.

پێش ئەوەی بکەوینە ڕێ، من ئەنوەربەگ خاوەنی سێفم دیبوو کە پیاوێکی پیاوانە و نێزیک بەدڵ بوو. تومەس ئەو سپاردوویە بە نۆکەرەکانی کە فڵان کەس دێت بیبەن بۆ دیواخان[1]، منیش شەو دێم بۆ لایان. ئیتر نۆکەرەکەی هات و ئێمەی بردەماڵەوە، زۆر ڕێز و ئێحترامی لێ گرتین.

بۆ سبەینێ دا سەرژمێریمان تەواو کرد، ئەنوەر بەگ وتی کاکە ئەو دێ‌یانە کە ئەتانەوێ بڕۆن خانی لێ نیە و پوخت و تەمیس نین هەر لێرە بنون و بەڕۆژا بچن و سەرژوماری بکەن و شەو بگەڕێنەوە. جا هەرواشمان کرد و چوین  دیهاتی گاگل و بناوەچڵە و شەڕکە و چاولکان و مەحمەدەمان سەرژوماری کرد و گەڕاینەوە بۆ سێف.

لە یەکێ لەو دێهاتانەدا، لەبیرم نەماوە کامیان بوو، بووین بە میوانی فایەق بەگ، بۆ نانی نیوەڕۆ کولێرەی گاڵی بۆ هێناین. وتم کاکە من نانی گاڵم بۆ قووت نادرێ. وتی چۆن؟ کولێرەی گاڵت پێ ناخورێ؟ وتم نا. وتی دەی ئەوە خوا منەتی لەسەر داناوین و وتوویە ڕزقم داون، هەستا چوو کولێرەیەکی برد و لە سەر بانجێڵەکە فڕەی دا بە ئاسمانا، وتی “ها، ئا خودا ئەوە خۆت و ڕزقەکەت”.

چووینە دێ‌یەکی‌تر، نازانم کامیان بوو، شناسنامەکانیان هێنا سەیرم ئەکرد ناوی خانەوادەگی واتە بنەماڵەیی یان بە “باد”  دەس پێ ئەکات وەکوو بادفڕفڕە، باد ئافتاوە، بادگۆزەڵە، پرسیم لە کوێخا وتم ئەمە چی‌یە؟ وتی قوربان ئەوە کابرایێ هاتبوو بۆ یەکەم جار شناسنامەمان پێ بدا، وتی من بۆ نیوەڕۆ کەبابی مریشکم دەوێ، وتمان بەخوا بابە ئێمە مەڕوماڵاتمان هەیە تاقە مریشکێکمان نیە، وتی ئیتر وتم … وتمان بەخوا ئێمەیش وتمان تاقە جوجەڵەیەکیشمان نیە. ئیتر ئەویش تووڕە بووە شناسنامەکانمانی ئاوا داوە. کە چوینە دێ ئەولاتر تماشامان کرد ئەوان هەموو دانشوەر دانش پەژوە و دانشمەندی بۆ هەڵبژاردوون زانیمان ئەوان جوجەکەباب یان پێ داوە.

ئیتر لە ئەنوەربەگ خواحافزیمان کرد و چوین تا دێ هەنجیران. دێ‌یەکی پوخت و خاوێن و جوان، تەکی دابو بە گردێکەوە وەکو نگینی ئەنگوستیلە ئەدرۆشایەوە. سەیرمان کرد، لەسەر بەرزی‌یێ، مزگەوتە. چوین دەس نوێژێکمان گرت و نوێژێکمان خویند دیمان کابرایێ بەجلوبەرگی شۆڕی سەیادەتەوە هات، چل و پێنج شەش ساڵێ تەمەنی بوو، سیمایێ نورانی و مۆن، بەبزەیەکی سەرلێوەوە خێرهاتنی لێ کردین. وتی نێوم سەی مەجیدە، فەرموون بچین بۆ ماڵمان. چوین، بنەماڵەیەکی زۆر بەڕێز و مێهرەبان هاتن بە پێشوازمانەوە، خێزانی شاژنێکی بەڕەسەن و ژیر و ماقوڵ لەگەڵ کوڕێک و دووکچی عازەبی تازە پێ گەیشتوو.

میوانداریەکی باشیان لێ کردین و بۆ سبەینێ سەرژمێریمان تەواو کرد و ویستمان بگەڕینەوە، بەفر دای کرد. دوو ڕۆژ و دوو شەو بەدرێژەی کێشا.

لەو ماوەیە دا تومەس مەگرە ئەم کاکە حەمەی دۆستی منە گراو و شەیدای یەکێ لە کچەکان بووە، کە ناوی ئامین بوو. وتی ئەبێ خوازبینی بکەی بۆم، منیش وتم باشە. خوازبینیم کرد سەی مەجید پرسی سەیدە؟ وتم نە، وتی ببورن “ئێمە کچ بە ئۆمی نادەین”. ئیتر کچیان پێ نەداین و کاکە حەمە دڵی سوتا و بوو بە داخ لە دڵی دا.

لەو ماوەیە لە ماڵ سەی مەجید بووین. بۆ یەکەم جار دۆشاوی گەزۆم خوارد، یەکجار خواردنێکی بەتام و بەلەزەت بوو.

ئەم باسە درێژەی هەیە ….

 

[1] دیواخان خانووبەرەیەکی تایبەت بە میوانە، کە جیاوازە لەو جێگایە خان تێیدا ئەژی.