ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی چوارەم

بوم بە مودیری مەدرەسەی دزڵی و بڕێ کارەساتم بۆ گێڕانەوە، ئێستە ئەچمە سەر درێژەی کار و بار.

بەڵێ مێز و نیمکەت و تەختەی ڕەش هات و دامان مەزراند و ئامادە بووین بۆ دەرس وتنەوە.

ئێستە تۆی خوێنەری ئەم وتارە پێت وایە بەیانی، لەبەر دەرکی مەدرەسە، بووە بە قەرەباڵغ و باوک و دایک هاتوون و بە تامەزرۆیی‌یەوە ناوی مناڵەکانیان بنوسن و شەو بڕۆنەوە ماڵ و بەئاسودەگی بنون. نە برام وەها نەبوو، بێجگە لە مناڵەکانی عەبدوڵلا خان، کە دوو کوڕ و کچێ بوون و کچێکی برازای و کچ و کوڕێکی دیکەش خەڵکی دێ، کەس لێ‌ نەپرسینەوە.

پرسیم، مسەفا ئەوە چی‌یە، چ باسە بۆ کەس نایێ. وتی قوربان ئەبێ خان دەستوریان پێ بدا مناڵەکانیان بنێرن. منیش دوا ڕۆژ چووم بو چای‌خانە و خەڵکی لە ئیش وکار گەڕابوونەوە، لێ‌یانم پرسی ئەرێ برادەر بۆ مناڵەکانتان نانێرن بۆ مەدرەسە؟

کتوپڕ یەکێ هەستاوە وتی مودیر گیان نۆرە بێگاری من نیە.

وتم بۆچی دەرس خوێندن بێگاری‌یە؟

وتی ئەی بێگاری نیە چی‌یە، من کوڕە گەورەکەم ناردە مەدرەسە چوارساڵ دەرسی خوێند لە کارو کاسبی کەوت و پشتی سەردەوە بو لە کار، دواجار ئەوەشی کە خوێندبوو لەبیری چوەو، چوار ساڵ تەمەنیشی بەفێڕۆ چوو.

وتم دەی ئەوساڵ من کارێک ئەکەم مەدرەسەی دزڵی ببێ بە شەش کلاسە و ئیتر کارنامەی پۆلی شەش هەر لێرە وەرگرێ.

یەکێکی‌تر هەستاوە و وتی، دەی گیرام کارنامەی پۆلی شەش‌یچی وەرگرت جا دوا جار چی بکا؟  وتم دەی دواجار ئەتوانێ بڕوا لە ئەرتەش ببێ بە گروبان، لە شارەوانی ببێ بە پاسەبان.

یەکێکی تر هەستایەوە وتی دەی وەڵلا موبارەکە، من بە هیوا بووم کوڕم بێ، ببێتە عەسای پیریم و چاوی لێم بێ کە پیر ئەبم و هێزم نامێنێ کاربکەم. یەكێ‌تر لەولاوە وتی وەڵلا باشە مناڵەکانمان وەکوو عەلەشیش بار بهێنین، عەلەشیش ئەڕواتە دەرەوە ئیتر ڕێ ناباتەوە ماڵی خۆی و هەمو تێکڕا دایان لە هاڕەی پێکەنین.

سەیرم کرد سودی نیە، چون قسەکانیان تا ڕادەیێ مانای هەیە و داهاتوویێ بۆ چین و توێژی خوێنەوار لە ڕژیمی ئیراندا ڕەچاو نەکراوە بە تایبەت بۆ کوردی هەژار و بەستەزمان.

پاش چەن ڕۆژ عەبدوڵلاخان باوکی پازدە شازدە مناڵێکی ناچار کرد کە مناڵەکانیان وەبەر خوێندن بنن.

پاشان کەوتمە بیری ئەوەی گەورەکان بێنم و شەوانە دەرسیان پێ بڵێمەوە. دیسان لە چاخانە، لەگەڵیان کەوتمە دوان و سەیرم کرد بە گاڵتە دێتە پێش چاویان، یەک بەوی تر ئەڵێ “بە خوا سەیرە کاک ڕەحیم بە خۆی ئەو ورگەیەوە ئەبێ بە میرزا و زگی دەرئەپەڕێنێ و ئەڵێ ڕۆژنامەکان ئاوایان نوسیوە و دەس ئەکا بە وتار دان” و هەموو تێکڕا ئەیان دا لە قاقای پێکەنین. زانیم بێ سوودە وەها لەگەڵیان بدوێم.

ڕۆژێکیان لە چاخانە وتم برادەر ئێوە بۆ لە من بیر ناکەنەوە، من بە ڕۆژا دەرس ئەڵێمەوە، کارم هەیە بەڵام شەو بێکارم و بێتاقەت. وەرن بۆ لام، گۆروابازی بکەین. وتیان باشە، لە سبەی شەوەوە دە دوازدە کەسێ هاتن و لە ژووری مەدرەسەکە، میز و نیمکەتەکانمان کۆ کردەوە و بەڕە و مافورەیەکمان ڕاخست، دەستمان کرد بە گۆرەوێ بازی تا دوو سێ شەو. پاشان شەوێکیان وتم برادەرینە من بە مەرجێ گۆرەوێ بازی ئەکەم هەموو شەوێ سەعاتێ دەرس بخوێنین. وتیان باشە.

بۆ سبەی شەو بە هەرکام ڵاپەڕەی قاقەز و پێ نووسێکم پێ دان، خویشم چوومە پێ تەختە و لە یەکەم کەسم پرسی ناوت چی‌یە، وتی ئەحمەد، لە سەر تەختە کەوە نووسیم “احمد”  ئاوەها ئەنووسرێ. ئێستە وەرە تۆیش بینووسە. هات لە ژێردا دەستی پێ‌کرد، وتم نە گیانە لە سەردا دەستی پێ بکە هاسان ترە ئاوەها، بۆم نوسی تا فێر بوو وتم جا ئیستە وەرە، لە سەر قاقەزەکە بۆم نووسی و وتم، بیبەوە لە ماڵ، تا خوار قاقەزەکە وەکو ئەوە بنووسە سبەی شەو بۆم بهێنەوە.

دووهەم کەسم بردە پێ تەختە وتم ناوت چی‌یە، وتی ناصح منیش لە پێ تەختە نووسیم “ناصح” وە وتم سەیر کەن ناصح وا ئەنووسرێ دیسان هەموویان دەستیان کرد بە پێکەنین و وتیان و وەڵلا ناوەکەشی وەکوو خۆی زکی زلە.

بەهەرحاڵ نێوی هەمووم لە سەر قاقەز نووسی و پێم دان بیبەنەوە ماڵ و دەستمان کرد بە گۆرەوێ بازی. سبەی شەویش بە نووسینی ناوەکانەوە خەریک بووین تا درەنگێ، وتم دەی باشە ئێستە کۆی کەنەوە با کایەکەمان دەس پێ بکەین، تەمەشام کرد یەک دوویەکیان وتیان مودیر گیان بە قوربانت ڕاوەستە با نەختێ تر بزانین ناوی ئەم رەفیقانەمان چۆن ئەنووسرێ، وتم باشە، نەختێ تر لەگەڵیان ئیشم کرد و دەستمان کرد بە گۆرەوێ بازی.

بۆ سبەی شەو هاتن و نێوەکانیان لە سەر قاقەزکان نووسیبو پێان دام تماشام کرد باشی فێر بوون و نوسیویانە، وتم دەی ئێستە پرسیارێکم هەیە، ئەو ناوانەتان لەبەر کردووە؟ بڕێکیان وتیان ئا، بڕێکیان وتیان ناوەڵلا، وتم باشە بۆ سبەی شەو لەبەری بکەن.

جا ئێستە هەموو گوێ تان شل کەن: بڵێن بزانم قسەیێ وا لە دڵی مندا ئەمەوێ بە ئێوەی ڕابگەیێنم چی ئەکەم؟ قسە ئەکەم. قسە چی‌یە؟ بڕێ دەنگە لە زاری منەوە دێتەدەرەوە، بەر گوێی ئێوە ئەکەوێ، تێ ئەگەن ئەمەوێ چی بڵێم. ئەم دەنگانە لە زاری منەوە دێتە دەرەوە عەلامەت و نیشانەیان بۆ داناوە کە ئەینووسن. بەم نیشان و عەلامەتانە ئەڵێن ئەلف و بێ. کەوابوو ئەلف و بێ بڕێ عەلامەت و نیشانەن، قەراردادی‌یە، بڕیارە. هەرکاتێ دەنگی “ئە” بەرگوێتان کەوت وەها ئەنووسرێ : “ا”.  لە سەر تەختە ڕەشەکە چەن وشەم نووسی کە ئەلفی تێیدا بێ و دووبارەم ئەکردەوە و داوام ئەکرد ئەوانیش چەن وشە بڵێن ئەو دەنگەی تێدا بێ. هەرکە ئەیان ووت، ئەم وت بارەک ئەڵلا بەخوا هەمووتان زۆر زیرەکن و بێ وێنەن، هانم ئەدان بۆ زیاتر تێ‌بکۆشن.

دەردی سەرتان نەدەم لە ماوەی یەک دوو حەوتوویەکدا  ” ا” و “ب” و  نووسینی ژمارەم لە “٠”  تا  “٩”  پێ فێر کردن.

ڕۆژێکیان دیم یەکێکیان چووە بە بیرا. وتم ها چی یە کاک مەحموو، بیر لە چی ئەکەیەوە؟ وتی مودیر گیان بیر لە چارە ڕەشی خۆم ئەکەمەوە.

ئەگەر من بە مناڵی مامۆستایێ وەکو تۆم با، بەخوا ئیستە خوێنەوار بووم ئەم ئەلف و بێ یە کە وا جەنابت سووکت کردەوە و ئێمە فێری بووین لە پێشا وەکوو کێوێ ئەهاتە پێش چاوم.

یەکێ لەم قوتابی شەوانە، کە هات، پاکەتێکی لە سەر میزەکە دانا، وتی چووم بۆ عێراق بۆ جەنابتم هێناوە، تماشام کرد سێو و پرتەقاڵی هێناوە. وتم گیانە بۆ زەحمەتت کێشاوە، وتی بەقوربانت بم قابلی نیە من کوێر بووم تۆ چاوی منت ساغ کردوەتەوە.

من وردەواڵە فرۆشم و شت و مەکم بە قەرز و قۆڵە ئەدا بە خەڵکی لە بیرم ئەچووەوە، ئێستە تۆ فێرت کردووم نێوی هەمووم نووسیوە بە قەرزەکانیانەوە ئیتر کەس ناتوانێ پارەکەم بخوات. ها سەیری کە، تەماشام کرد، دەفتەرەکەی دەرهێنا زۆر جوان و ڕێک و پێک هەمووی نووسیبوو.

ئەم باسە درێژەی هەیە …