ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی پێنجەم

هەروەها کە وتم، بووم بە مودیری مەدرەسەی دزڵی و بڕێ کارەساتم بۆ گێڕانەوە، ئێستە دوبارە ئەچمەوە سەر باقی کارەساتەکان:
دیواخانی عەبدوڵلا خان گەرم و میواندار بوو. هەموو شەوێ بەگزادەکانی دێهاتی دەوروبەر ئەهاتنە خزمەتی و ئەویش بەوپەڕی دەست و دڵبازی‌یەوە میوانداری لێ ئەکردن وە لە هیچ کۆتایی نەئەکرد.

چوار گۆرانی‌بێژی دەنگ خۆشی هەبوو، لە پێشا بڕێ سیاچەمانەیان ئەوت دواجار ئەیان کرد بە گەڕەلاوژە و بەزمێکی خۆش و پڕکەیفیان ساز ئەکرد:

تازە وەر کەوتەن کەل و کەمەرا،  وەشڵەیم پانیشا هەمیر مەکەرا
تازە وەر کەوتەن کەل و گۆرەکەی، مەر بە وەرم وینوو هەسەوتۆرەکەی

واتە: تازە لیزگی خۆر داویە لە سەر کڵاوان، خۆزگەم بەوانە خەریکی نان کردنن
تازە تاو داویە لە کەلی “گۆرەکە”، مەگەر لە خەوا هەسەی دۆانە ببینم

هۆنراوەیەکی ساکار و بەرزە پڕ بەدەم هاوار ئەکا خەڵکی نە نانیان هەیە نە دۆ. ئاواتی هەستیارەکە نانێ گەرم و پەرداخێ دۆوە.

بەڵێ کۆڕی دیواخان گەرم بوو ، دوای گۆرانی دەستیان ئەکرد بە قسەی خۆش و گاڵتە و گەپ و منیش جار و بار قسەی خۆشم بۆ ئەگێڕانەوە. قسەی تاران و سنە و ئەو چیرۆکانە کە لە کتێب و گۆڤارەکاندا ئەم خوێندەوە. بەگزادەکانی دەوروبەر لەو بەزمانە کەیفیان ساز ئەبوو، هەرکە ئەهاتن داوایان لە خان ئەکرد بنێرە بە شوێن مودیرا.

شەوێکیان تا درەنگانێ لەوێ بووین تا هەستام بچمەوە بۆ ماڵ، وتیان بابە ساردە، هەر لێرە لە دیواخان بنووە، منیش وتم باشە. خەوتین بەیانی زو، جەماعەتی نوێژ خوێن هەستابوون چووبوون بۆ نوێژ، من و حامد بەگ مابووین. نۆکەرەکەی خان هات منی خەبەرکردەوە، تماشام کرد حامد بەگ هێشتا خەوتووە، وتم باشە بچۆ حامد بەگ خەبەر کەرەوە، وا منیش هەڵ‌ئەسم. حامد بەگی خەبەر کردەوە هەر لێفەکەی بەسەر خۆیەوە لادا، مارێ فڕکەی کرد ڕوو بە من هات، منیش هەر وەکوو فیشەک لە جێی خۆم هەڵپەڕیم چووم بە ئاسمانا و حامد بەگیش هەروا. کەوتینە ڕاکردن و غاردان وەها سەرمان لێ شێوابوو چوار پێنج جار بە دەوری ژوورەکەدا سووڕاینەوە تا ئاخری دەرگەکەمان دۆزیەوە وە دەربازبووین. هاتن مارەکەیان کوشت.
هەروا کە لە پێشا دیاردەم کرد، دزڵی پاسگای لێ بوو کە بریتی بوو لە ئەفسەرێکی تورک، پزشکیارێک و دوو سێ گروبان و چەن سەرباز. زۆربەی وەخت کە بێکار بووین پیکەوە بووین.

ڕۆژێکیان ئەفسەرەکە هات نامەیەکی بەدەستەوە بوو وتی بیخوێنەوە. تماشام کرد نامەی مەرزبانی‌یە، کە لە مەریوانەوە هاتووە. نووسیبووی ئەو شەو ماڵێ بار ئەکا لە دزڵی‌یەوە بۆ ئەو دیو. پێشیان پێ‌بگرن. وتم جا چی ئەکەی؟ وتی ئەچم دەربەندی خان ئەگرم دەردەستیان ئەکەم.
دێ دزڵی دوو دەربەندی هەبوو، کە ئەهاتی دەربەن دزڵی بوو، کە ئەڕویشتی بۆ عێراق دەربەندی‌خانی ناوبوو.

وتم کەی ئەچن؟ وتی دوای نیوەشەو، پێت خۆشە بێیت؟ وتم ئا بۆچ پێم ناخۆشە.

دوای نیوەشەو کەوتینە ڕێ. چووین تاکو مابوی بگەیینە لوتکە، لە پەنا پەسیوێ، کە وەکوو ئەشکەوت بوو، خۆمان حەشاردا.

ئەو شەوە تاریکە شەو بوو، چاو چاوی نەئەدی، نێزیکی دووسەعاتی پاش نیوەشەو، تەق و هۆڕ، زرمەی سمی وڵاخ بەرزەوە بوو. ڕاوەستاین تا گەیشتنە عاستی ئێمە، ئەفسەرەکە بانگی کرد ” ئیست” یانێ ڕاوەستن. هێشتا ئیستەکە لە ڕەوەز و بنارەکانەوە دەنگی ئەدایەوە، شریخەی تفەنگێ هات. لەگەڵ شریخەکەدا ئەفسەرەکە قێڕانی ” ئای دەدەم وای” یانێ ئای دایکە ڕۆ.

بەخوا چرکەمان لەخۆمان بڕی، هاتن بەئەسپایی تێ‌پەڕین و ئێمەیش گەڕاینەوە.

وتم دەی ئێستە چی ئەکەی؟ وتی هیچ ئەنووسم بۆ جێ بە جێ کردنی فەرمانی ئێوە، نیوەشەو سەرە ڕێگای دەربەندی‌خانمان گرت تا بەیانی لەوێ بووین کەس بەوێ‌دا تێ‌نەپەڕی.

ڕۆژێکی لەبیرەوە نەچوویەکی‌تر کە وەکوو ئەستێرەیێکی گەش لە ئاسمانی بیرویادم دا ئەدرۆشێتەوە، ڕۆژێکی زستانی دزڵی بوو. یادی بەخەیر ئەو کات و سەردەمە کە بەفر ئەباری، ئای خوا بەفر ئەباری. سێ شەو و سێ ڕۆژ وێنەی سەلکە مەلیچک (واتە چۆلەکە) بەفر باری، قەد چاوی نەکردەوە. دار و دەوەن و کوێستانی ساماڵسا کردبوو. ئیتر نە دۆڵێ بەدەرەوە بوو نە شیو و بنارێ.

هەرلات سەیر ئەکرد مافوورەیەکی سپی بەرانبەر بە خۆرەتاوی سبەینێ ئەبرسکایەوە. کتوپڕ گوێم ڕاگرت بیستم هەرایێ بەرزەوە بووە. ژن و پیاو و مناڵ ڕژاونەتە بەر ئاوایی، بوەتە ڕۆمەڵ خەزا. پرسیم چ باسە؟ وتیان مودیر ئەچین بۆ ڕاو، کەمانە لە پێ (١)، کەوتبوونە پێش، ڕێگایان ئەکوتا.

هەرکەس هەرچێکی بوو، لە بێڵ و پێ مەڕە و دار و گاچۆن هێنابوویانە دەرەوە. ڕاوچی بە تانجی‌یەوە و گەنجی تازە پێ‌گەیشتوو بە سەگ و گەماڵەوە کەوتبوونە  ئەو دەشتە، کردبوویان بە هەرا، یەکێ ئەیوت بازە تەکان بە لە خۆت و بۆرە خێرابە دەری نەکەی، ئەیان قریوان و شوت یان ئەکێشا زەنەق دار زەنەقی ئەتۆقی.

تومەس مەگیرە ئەمانە فێرن، ئەزانن لە بەفری قورسی ئاوادا ئاژەڵ و گیان لەبەری کێوی لە نێو ئەشکەوتەکان لە ترسا وەدەر ئەکەون و ئەکەونە نێو بەفرەکەوە تەکانیان لێ ئەبڕێ، خەڵکیش پڕئەدەن ئەیان گرن.

هەر رێوی بوو گرفتار ئەبوو، کەروێشک بوو ئەکەوتە بەر پەلاماری تانجی‌یێ، کەڵ و بزنیش بەو یاڵانەوە ئەکەوتنە بەر پەلاماری پیاوە گەورەکان، کەوی بەستەزمان ئەفڕی لە وزەیدا نەبوو تا سەر لوتکە بفڕێ، ئەکەوتە نێو بەفرەکە و ئەیان گرت.

لەم ناوە ناوەدا نازانم، بەرانێ خوا سەری لێ شێواندبوو، کەوتبووە هەڵاتن و هەڵاک هەڵاک خۆی گەیاندبووە سەر تەختایی‌یەک لە سەر بنارێکەوە (٢). کابرایێ  پڕی دایێ بیگرێ، نەیکردە نامەردی کەلەییەکی تێ گرت هەردووکیان لە سەر تاشەکە، کە نێزیکی سی چل گەزێک ئەبوو کەوتنە خوارەوە. خەڵکی پڕیان دایە بەرانەکە و گرتیان سەریان بڕی. ئەوجا چوون بەسەروەختی کابراوە، دیان پشتی شکاوە.

بە هەزار زەحمەت هێنایانە نێو دێ و دەستیان کرد بە تیماری. مشەمایەکیان تێ‌گرت و باش تەختەپێچیان کرد تا ڕێگاوبان بکرێتەوە بیبەن بۆ قەڵای مەریوان.

ئەو ڕۆژە تا شەو ئیترهەرابوو، تاریف و پیاچوونەوەی ئەوکارەساتە، کەباب کردن و پلەزیقان و ڕابواردن.

بەفرخەڵکی هاوردبووە سەما و بە جارێک پێکەوە شادی‌یان ئەگێڕا و خەم و پەژارە و خەفەتیان بە با ئەدا.

 

ئەم باسە درێژەی هەیە …

 

١. کەمانە شتێک بوو وەکوو بێژنگ لە پێ‌یان ئەکرد لە بەفری قورسی ئاوەها زۆر نەئەچووە چاڵا ڕچەیان پێ‌ئەشکاند واتە ڕێگایان پێ ئەکردەوە

٢. مەڕ و بەران لە کێوی بەرداوی و سەخت وەکوو هەورامان ناتوانێ بژی.