کۆشک و تەلاری ئەمان ئەللاخان ئەردەڵان

لە نێوەڕاستی شاری سنە دا گردێ هەیە کە پێش شۆڕش باشگای ئەفسەران یان پێ ئەوت.

ئەم تەپۆڵکەیە کۆشک و تەلارێکی لە سەر ساز کرابوو کە لە سەر تەشک و نەخشەی کۆشکەکانی سەردەمی ساسانی وە هەخامەنشی بووە٠

کۆشکەکە لە سەر ئەو تروپکە لە لایەکەوە بەرهێوانێکی بووە بەرەو باکوور و لە لایێکەوە بەرەو رۆژهەڵات وە لە لایێکی ترەوە بەرەو ڕۆژئاوا نواڕیوە.

لای رۆژهەڵات و باکوری، چوار باخی گەورە بووە. لای باشوری دۆڵێ بووە کە لەوبەری گەڕەکێ سازکراوە بە نێوی قەتارچیان  کە تایبەت بە دەس و دایرەی حکومەت بووە. لە کۆشکەکە کە ئەهاتیتە خوارەوە، دەروازەی چونە ژوورەوەی کۆشکەکە بووە کە دەرماڵیان پێ ئەوت. لە مە بەدوا پانتایییەکی گەورە بووە تا مزگەوتی جامێعە.

گەورە نۆکەرەکانی ئەمان ئەللاخان هەرکام کۆشک و تەلارێکیان بووە ئێستەش بڕێکیان هەر ماون.

ئەڵێن شکۆ و دەسەڵاتی ئەمان ئەڵڵاخان وەها بووە قەت بە زاری نەهاتوە بڵێ شا ئیسماعیل یا شا عەباس، ئەیوت ئەمانە شا نین شێخن وە کاتێ نێویانی ئەهێنا ئەیوت شێخ ئیسماعیل یا شێخ عەباس.

لە  مێژووی عالەم ئارای عەباسی، لە باسی قەڵای دم دم دا هاتووە، کاتێ کە ئەمیرخانی لەپ زێڕین قەڵای دم دم  نوێ دەکاتەوە و تیادا نیشتەجێ ئەبێ، شا عەباس داوای لێ ئەکا بێت بکەوێتە بەرسپا دژ بە ئەردەڵانیەکان. خانی لەپ زێڕین کە نایەوێ لە گەڵ کوردان شەربکات، ئەڵێ پیر بووم و پێم ناکرێ شاعەباس ئەڵێ باشە یەکێ لە کوڕەکانت بنێرە بۆ بەڵەدی بکەوێتە پێش سپا دیسانەوە ئەمیرخان ڕازی نابێ وە شاعەباس بۆی دەرئەکەوێ کە ئەمیرخان یاخی بووە و بە گوێی ناکات.

جا ئەوەیە کە هەڵ ئەکوتێتە سەر قەڵای دم دم. بۆ جاری یەکەم سەر ناکەوێ. شەش مانگ گەمارۆی ئەدا، زستان دێ و ناچار ئەبێ واز بێنێ و بگەڕێتەوە. 

 

قەڵای دم دم

بۆ جاری دووهەم کە شاڵاو ئەباتە سەر قەڵاکە، خاێنێکی خۆفرۆش ڕێی نهێنی قەڵاکە نیشان لەشکرەکەی ئەدا و لەو شوێنەوە سەر ئەکەون و قەڵاکە ئەگرن.

شکۆی پادشایانی ئەردەڵانی و داوێنی دەسەڵاتیان هەموو ئەو ناوچانەی دەوروبەری ئەگرێ و قەڵای زەلم و حەسەن ئاوا و قەڵای مەریوان گەوای ئەو شکۆ و دەسەڵاتەن.

بەڵام ڕۆژ ڕەشی کورد و نەهاتی، کاتێ دەس پێ ئەکا کە دووبەرەکایەتێ ئەکەوێتە نێوانیانەوە. یەکێ لە کوڕەکانی بنەماڵەی ئەردەڵان لەگەڵ کچی شای ئێران دا ئەبن بە ژن و مێرد و باوکی تووڕە ئەبێ ئەو کوڕەی وەدەر ئەنێ. ئەویش ئەڕوا پاڵ ئەدا بە حکومەتی ئێرانەوە و ئەردەڵانی ئەکا بە دوو بەشەوە وپاشان بەشێکیان ئەبن بە شێعە.

بە شوێنی ئەمان ئەللاخان دا هەر گەورەیی و شکۆی شاری سنە لە نێو ناچێ. جێگای شارستانیەتێکی بە هێز ئەبێ وە ئەمان ئەللاخانی دووهەم یش ئەو شکۆیە ئەپارێزێ.

ئەڵێن زۆربەی شازادەکانی قاجاری، بۆ ئەوەی فێری پادشایی بن و لە ڕەسم و یاسای پادشایی تێ بگەن ئەیان ناردنە سنە و لەم شارە بەخێو ئەکران.

کۆشک و تەلاری ئەمان ئەللاخان هەر بەردەوام ئەبێ تا رەزاشای قەزاقی مازەندەرانی ئەبێتە شا. 

کاتێ دێتە سنە و ئەو شکۆ و گەورەییە ئەبینێ، بۆی قووت نادرێ و لێ ئەبڕێ لە نێوی بەرێ. جا دێن و نەخشەی شار جۆرێ دا ئەڕێژن کە جێگای کۆشکەکەی ئەمان ئەللاخان ببێ بە چوارڕێ وە بەو چەشنە تێک و مەکانی ئەدەن. 

چوار شەقام ڕادەکێشن، کە یەکێکیان لە نێوەڕاستی بەرهێوانی مزگەوتی جومعەوە تێ ئەپەڕێ بەرەو سەربازخانە.

مزگەوتی جومعە

من لە تەمەنی خۆم دا لە سەر ئەو ستون و سەر ستونانە یاریم کردووە کە لە پشتی قەڵادا بەجێ مابوون، لە مەیدانێ کە بە فێردەوسی ناودێر بوو. پاشان کە گەیشتمە قوتابخانەی ناوەندی ئەو ستون و سەر ستونانەشیان ڕاگواستەوە، بۆ ئەوە خەڵکی لە خۆی پرسیار نەکا ئەو سەر ستونانە چین و مێژووی رابوردومان و گەورەیی و شکۆی باو باپیرانمان لەبیرەوە بچێ.

روونکردنەوەیەک لەسەر بنەماڵەی ئەردەڵان ( ١٨٦٨- ١١٦٨ زایینی)

بنەماڵەی ئەردەڵان لە نیوەی سەدەی شەشەم تا کۆتایی سەدەی سێزدەی کۆچی مانگی (هجری قمری) لە ڕۆژئاوای ئێراندا حکومەتیان کردوە وە دوا پێتەختیان شاری سنە بووە.

ئەم بنەماڵەیە لە سەرەتادا لە سەر ئایینی یارسان بوون کە لەو سەردەمەدا هەموو ڕۆژئاوای ئێران لە سەر ئەم دینە بوون وە زمانی ڕەسمی ئەم دینە زمانی هەورامی بووە کە ئێستەش هەر ئەم زمانەیە. بەڵام لە دوادوایی دەسەڵاتەکەیان بڕێکیان موسوڵمان بوون وە لەم ئاخرەوە بەشێکیان بوونەتە شێعە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە پشتیوانی خەڵک لەدەس بدەن.

لە ساڵی ١٢٨٤ ی کۆچی دا فەرهاد میرزای موعتەمەد ئەلدەوڵە، مامی ناسرەدین شا، کراوەتە حاکمی سنە وە بەم جۆرە حاکمیەتیان لە دەس داوە.

یەکەم پادشای ئەم بنەمەڵەیە باوە ئەردەڵان بووە (سەدەی دوازدەی کۆچی)  وە دوا پادشای ئەم زنجیرەیە کە نێزیکەی سی و حەوت کەس بوون سەردار ڕەشیدی بانەیی یە. ئەم باسە مێژوویی یەی سەرەوە، لە سی و دووهەمین کەسی ئەم بنەماڵەوە دەس پێ ئەکا کە سلێمان خان کوڕی میرعەلەمەدینە کە بنیات نەری شاری سنەیە (ساڵی ١٠٤٦ کۆچی)٠

سڵێمان خان لە پێشا لە قەڵای حەسەن ئاوا بووە کە ئەکەوێتە باشوری شاری سنە کە تەکی داوە بە کێوی ئاویەرەوە.

ئەم بنەماڵەیە پیاوانی گەورە و ناوداری زۆربووە، بۆ نمونە خان ئەحمەدخان، کوڕی هەڵۆخان ئەتوانین ناو بەرین کە تا بەغدای لەژێر دەسەڵاتا بووە.

یەکێ لە گەورەژنانی ئەم زنجیرەیەش مەستوورەی ئەردەڵان شاعێری بەناوبانگی کوردە کە یەکەم هەستیاری ژنی ئێرانە.

مەستوورەی ئەردەڵان

٢٠٢٠/٠٧