من و مەزهەری خالەقی

من و مەزهەر مناڵی ساڵێکین به چوارمانگ جیاوازیەوە، کە من گەورەترم. لە گەڕەکێک ئەژیاین و ئامشۆی بنەماڵەیی مان بووە. کاک عۆبەیدی براگەورەی لەگەڵ خوشکم  برا و خوشکی رضاعین (واتە خوشک و برای شیری).

سەردەمی مناڵی پێکەوە بووین تا چوینە قوتابخانەی ناوەندی. من چوومە دانشسەرای موقەدەماتی ئەو چوە قوتابخانەی ناوەندی.

یەکەم بیرەوەری هۆنەریەک کە لەگەڵ خالەقی هەمە ئەوەیە، ساڵێ لە قوتابخانەی ناوەندی “هدایەت”، سالۆنێکیان دامەزراند. من ئەودەمە لە دانشسەرا بەرپرسی کۆڕی ئەدەبی بووم. سەرۆکی دانشسەرا، خوا لێ خۆشبوو ناسری مۆحسنی بانگی کردم و وتی بەرنامەی دەسپێکردنی ئەو سالۆنەیان داوە بە ئێمە بەڕێوەی بەرین با شتێکی بۆ سازکەین.

دوای چەن رۆژ بەرنامەکە وای لێ هات:

پاش وتاری سەرۆکی فەرهەنگ و راپۆرتی سەرۆکی قوتابخانەکە، چەن شێعرێک خوێنرایەوە تا هاتەسەر پیشان دانی نمایشنامە. نمایشنامەکە چیرۆکی موسی و شوان بوو. ئەوچیرۆکە یەکێ لە چیرۆکە بەرزەکانی مەسنەوی مەولەوی یە و بەم شێعرە دەس پێ ئەکا:

دید موسی یک شبانی را براە      کو همی رفت و همی گفت ای الاە

واتە حضرتی موسی شوانێکی چاو پێ کەوت کە ئەرۆیشت و لەبەرخۆیەوە قسەی ئەکرد لە گەڵ خودا.

ئەیووت: ئەی خوا تۆ لەکوێی کە نۆکەریت بکەم، پێڵاوەکانت بۆ بدوورمەوە، قژەکانت شانەبکەم، شەو جێگاو بانەکەت بۆ ڕاخەم…

موسی کە ئەوەی بیست، تووڕه بوو شوانەکەی دا بەر تەوس و توانج و ووتی پێش ئەوەی ببی بە خواناس بوی بە کافر! هاوار بە ماڵت!

شوانەکە زۆرترسا و سەری خۆی هەڵکرت و کەوتە کێو.

وحی آمد سوی موسی از خدا        بندەء ما را زما کردی جدا

تو برای وصل کردن آمدی           نی برای فصل کردن آمدی

وەحی هاتە سەر حەزرەتی موسی، خوا لێ تووڕە بوو و ووتی تۆم ناردوە خەڵکم لێ نێزیک بکەیتەوە کەچی تۆ خەڵکم لێ دوور ئەکەیتەوە و ئەیان تەواسێنیتەوە!

حضرت موسی حەبەسا و کەوتە دووی شوانە، بەهەزار چەرمەسەرێ دۆزیەوە پێی ووت من بەهەڵە چووم، ببورە هەرچی وا لە دڵتا وهەرجۆرێ دەتەوێ هەڵی رێژە.

مەسنەوی بۆ خۆی هەوایەکی تایبەتی هەیە، دەروێشە دەنگ خۆشەکان ئەیڵێنەوە. لێ بڕاین مەزهەری خالەقی بێت و ئەو مەسنەویە بخوێنێتەوە.

دێکۆرێکمان ساز کرد بە خوری و پەمە و مەڕ و بزن و کێوێکیشمان خستە تەکی و خالەقی مان هێنا و جلی دەروێشیمان لەبەری کرد و کەشکۆڵ و مەنتەشایێکمان کرد بە قۆڵی دا و بەرماڵێکمان ڕاخست. لەسەر ئەوە دانیشت و دەستی کرد بەخوێندن.

ئەوە یەکەم جار بوو کە خالەقی لەکۆڕێکی گشتی دا ئەی خوێند. زۆرکاریگەریی لە سەر خەڵک کرد و تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە بیریان نەئەچوەوە.

مەزهەری خالەقی  پاش وەرگرتنی دیپڵۆم چوو بۆ سەقز و بوو بە مامۆستا و منیش چووم بۆ مەریوان. دواجار مەزهەر کەوتە کۆشی “رەشید خانی فەیزنژاد” و کاک “ناهید” و ئەوان کردیان بە گۆرانی بێژێکی کورد.

کە لە سەقز گەڕایەوە چەن گۆرانیەکی بە کوردی سۆرانی تۆمار کرد، خەڵکی پێان وابوو کە مەزهەر سەقزییە. ئەو گۆرانیانە کە خوێندوویە هی ئۆرکێستری رادیۆ ئێران نیە، یا هی رادیۆ کرماشانە یا هی فەرهەنگ و هۆنەرە.

لەگەڕانەوەی لە عێراق دووبارە یەکترمان بینیەوە و دەسمان کرد بەکار، کە بەرهەمی ئەو بیست سی گۆرانیەیە کە تۆمارمان کردووە وئەمرۆش ئەیان بیسن.