ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی سێهەم

بۆم گێڕانەوە کە بووم بە مودیری مەدرەسەی دزڵی و چووم بۆ ئەو دێ‌یە کە خاوەنی عەبدۆللا خان کوڕی مەحمووخان بوو.

جا با بەکورتی مێژوولکەی دزڵی و خانی گەورەی ئەو دێ‌یەتان بۆ باس بکەم.

عەبدۆڵلا خان، کوڕی مەحمووخان، کوڕی عەزیزخان، کوڕی بارام بەگە. هەر لە بنەڕەتا خانەدان بوون وه گەورەی هەورامان. پیاوی گەورە و هەرە ناوداری ئەو بنەماڵەیە مەحمووخانە کە هاوچەرخی شێخ مەحمودی مەلیکە.

پاش تێشکانی ئێمپێراتوری عوسمانی، ئینگلیزیەکان عێراقیان داگیر کرد و گەیشتنە کوردستان. لە سەرەتاوە گەلێک بەڵێن یان بە شێخ مەحمود دا بەڵام لە بەڵێنەکانیان پاشگەز بوونەوە.

شێخ کە زانی ئینگلیزیەکان فێڵی لێ دەکەن و ئەیانەوێ کات بکوژن، بەپەلە نامەیەکی بۆ مەحمووخان نووسی کە بە هانایەوە بچێت. هەر کە نامەکە بەدەستی مەحمووخان گەیشت، بە خۆی و پێنج هەزار تفەنگچی یەوە، سوار بوو لە شارباژێڕەوە بەرەو سلێمانی چوو.

میجرسۆن، حاکمی سیاسی بریتانیا، لە هاتنی مەحمووخان و هێزەکانی ئاگادار کرابووەوە، بەپەلە چوو بۆ لای شێخ مەحمود وە لێ پرسی کە ئەوانە بۆچی بەو هەموو هێزەوە هاتوون. شێخ لە وەڵامدا وتی هاتوون بۆ زیارەتی کاک ئەحمەد. میجرسۆن وتی دەی خەبەری بۆ بنێرە با بە تەنیا، بە یاوەری چەن کەسێکەوە بێت، شێخ لە وەڵاما وتی من ناتوانم وەها داواکاریەکی لێ بکەم.

لەشکری مەحمووخان لە بیستی ئایار(گوڵان)ی ١٩١٩ دا دەگاتە سەر شاخی گوێژەی نێزیکی سلێمانی. میجرسۆن لە سلێمانی بوو بەرەو کەرکوک هەڵ هات. بۆ سبەینێ مەحمووخان شاری سلێمانی لە بارەگا و بنکەی ئنگلیزیەکان پاک کردەوە و ڕادەستی شێخ مەحمودی کرد. شێخ مەحمودیش هەر ئەو ڕۆژە نامەیێکی بۆ ویلسۆن حاکمی گشتی عێراق بەڕێ کرد و پێی ڕاگەیاند: کورد لە وزەیدا نەماوە تەفرەی بەڵێنەکانی بریتانیا بخوات.

ڕەفیق حلمی ئەنووسێت ئەم پیاوە شۆڕشگێڕە، واتە مەحموو خان، لە ژیانی پڕ سەروەری خۆیدا دو مەسئەلەی گرنگی داهێنا، یەکێ سنورە دەستکردەکانی ڕەت کردوەتەوە و یەکێکیش یەکەم کەس بوە بنەمای شەڕی پارتیزانی داناوە وە بەو شێوەیە هێزەکانی بریتانی شپرزە کردووە.

  ئەم​ پیاوە ناوداری کوردە یەکێ بووە لە ئەندامانی حیزبی هیوا وە دۆسایەتی بووە لە گەڵ شێخ مەحمود، سمکۆی شکاک ، سەردار ڕەشیدی ئەردەڵان، حەمە ڕەشی خانی بانە، کەریم بەگی فەتاح بەگی هەمەوەند، شێخانی تاڵەبانی و کەس نەزان و بیارە.

ساڵی ١٩٤٦ لە لایەن ئێرانەوە دەرمان خوارد کرا وە لە گوندی هانەی قوڵ بەخاک سپێردرا.

مەحمووخانی دزڵی

لەو ماوەیەدا کە مەحموو خان لە خزمەتی بزوتنەوەی کوردستان و مەلیک مەحمودا ئەبێت، لە دزڵی دا، عەبدۆڵلا خانی کوڕی لە جێگەی خۆی دا ئەنێت تا کار و بار هەڵ‌سوڕێنێ، ئەویش ئەکەوێتە بەر شاڵاوی کوشتن و بڕینی ڕەزاشایی و لەگەڵ هەموو خان و خانزادە و بەگ و بەگزادەکانی کوردستان و کرماشان و لوڕستان و ئیلام ئەگیردرێ و ئەکەوێتە زیندان و بەتێکڕایی لە زیندانی قەسر لە تارانا دەس بە سەر ئەکرێن.

بۆی ئەگێڕامەوە، ئەیوت یازدە ساڵی ڕەبەق زیندانی “لەسەرپێ و دانیشتوو” بووین، وتم تێ ناگەم، وتی ئاویان ئەکردە ژێرمان بۆ ئەوە ڕانەکشێین، هەموو کاتێ یا بە پێوە بووین یا بە جیجکانەوە دا ئەنیشتین.

یەکێ لەو کوردانە کە پاوەیی بوو و لەگەڵ حەمەومین سانی پاوە گیرابوو، بۆی ئەگێڕاینەوە ئەیوت رۆژێکیان زیندان‌بانەکە هات وتی بۆ دانیشتوون، هەستن بچنە دەرەوە وڵات شێواوە و ڕەزا شا نەماوە لێرە دانیشن لە برسا ئەمرن. ئەوا منیش ئەچم و ئیتر نایمەوە. ئێمە لە ترسا بڕوامان نەئەکرد، کە هاتینە دەرەوە دیمان گرتووخانە چۆڵ و هۆڵە و هەموو هەڵاتوون. ئێمەیش هاتینە دەرەوە. لەگەڵ برادەرێ بووین نە فارسی‌مان ئەزانی و نە تارانمان ئەناسی. دۆستەکەم روی تێ کردم وتی من چوار تمەنم هەیە، دوو تمەنی بۆ تۆ، دوو تمەنیشی بۆ خۆم. با بگەڕینەوە بۆ پاوە. وتم وەڵلا من کەسم نیە و نایمەوە، تۆ کەیفی خۆتە ئەتەوێ بگەڕێوە. دەسەپاچە بووین، نەمان ئەزانی چی بکەین، من تەنیا ناوی مزگەوتی سپا سالارم بیستبوو، وتم با سواری دروشکە بین و بڕوین بۆ ئەوێ. چوین لەبەر مزگەوتەکە دابەزین، ئەو چوو بۆ گاراژ و ڕۆیشتەوە.

منیش پینەچی گەریم ئەزانی، چووم سندانێک و مشتەیەک و درەۆشێک و بڕێ مۆم و دەزووم کڕی و لە بەر دوکانێ دەستم کرد بە کار. لە بەر دوکانەکەشا، لەوبەری مزگەوتەکەوە، ئەنوستم.

پاش چەن ڕۆژ خاوەن دوکانەکە پرسی برا گیان تۆ خەڵکی کوێی؟ وتم کوردم. وتی کەست نیە؟ وتم نا وەڵلا. وتی کلیلەکەت پێ ئەدەم شەو وەرەنێو دوکانەکە بنوە، وتم ماڵت ئاوابێ.

کاتێ کە ئاڵمانی‌یەکان لە ئێران بوون و ناچار کران ئێران بەجی بێلن، زۆر چادر واتە برزنت‌یان لێ بە جێ مابوو، دوکاندارێ پڕ هەمارێ گەورە برزنتی کۆنی هەبوو ئەی‌هێنا، من بەشە دڕاوەکانیم فڕێ ئەدا، باقیم ئەدروو وەکو خەیمە وە ئەویش ئەی برد ئەیفرۆشت. ئەو کارە دوو سێ مانگی خایاند، ڕۆژێکیان پینەچی‌یەکی تر، لەگەڵ دۆستێکی کە ئەوانیش وەکوو من کاریان ئەوە بوو هاتن وتیان پارەت هەیە؟ وتم بۆ چیتانە؟ وتیان کابرایێ سێ دوکان برزنتی هەیە ئەیەوێ بیفرۆشێ بچین بیکڕین وتم باشە. چووین کڕیمان وتیان پشک بهاوین هەرکام دوکانێکی هەڵ گرین، ئەو کارەمان کرد، دوکانێ لە من کەوت تا بنمیچ پڕ بوو لە چادرە کۆنە. دەسم پێ‌کرد، دەرم ئەهێنا و لەسەریەکم ئەکرد و ئەم فرۆشت تا ڕۆژێ چوومە نێو هەمارەکە، سەیرم کرد ئیتر برزنت و چادرە کۆنە نەماوە. باقی هەموو فەردە چادری نوێ و تازەیە. گورجێ چووم دوکانێکی گەورەم بەکرێ گرت و تابلۆیەکی پان و پۆڕم لێ خست و بۆم بە تاجری هەرەگەورەی ئەو شەقامە.

هەروا کە وتم، شەڕی دووهەمی جیهانی کۆتایی پێ‌هاتبوو و ئاڵمانی نازی و حکومەتی ڕەزا شا لە نێو چووبوو و خان و بەگ و ئاغەواتەکانیش گەڕابوونەوە وڵات و سەر جێگە و رێگەی خۆیان و عەبدوڵلا خانیش بۆ دزڵی گەڕابووە وە سەر دەسەڵات.

جاری یەکەم کە چوم بۆ دزڵی، نەچوومە ماڵی عەبدوڵلا خان. دوا جار کە گەڕامەوە، یەکسەر چووم بۆ دیواخانەکەی و چوومە ژوورەوە سەلامم کرد و جوابی دامەوە و نەختێ لە جێ خۆی بزوت و وتی بەخەیر بی. وتم زۆر سپاست ئەکەم، ئەبوری خان ئەو سەفەر نەهاتمە خزمەتت چون بە پەلە بووم بگەڕێمەوە، ئەوا ئێستە ئیتر هاتوومە خزمەتت، با خۆم باشتر پێت بناسێنم من کوڕەزازای حاجی ماموسای نۆدشە و بە ئەسڵ و نەسەب هەورامیم. هەر کە وام وت، کتوپڕ هەستایەوە سەر پێ و وتی خەجاڵەت خۆم، ڕوو ڕەش خۆم. هات لە ئامێزی گرتم و بردمی لە ژوور خۆیەوە دای نام. تاو نە تاو سەیری ئەکردم و ئەی وت تۆ ئەرواحی باوکت ببورە، خەریکم دا ئەڕزم و منیش ئەم وت خان تاوانی من بوو، ئەبوا ڕۆژی هەوەڵ کە هاتم، بەهاتایمە خزمەتت، تۆ تاوانت نیە. ئیتر عەبدۆڵلاخان لەوپەڕی گەورەیی‌یەوە زۆر ڕیزی لێ ئەگرتم و خۆشی ئەویستم.

لە دیواخان وێنەیەکی شا و سورەیای هەڵواسیبوو، هەرکاتێ خۆمان بواین، ڕوی لێ ئەکرد و ئەی وت: ئاخ دەستم پێت بگەیشتبا کوڕی سەگ، کوت کوت تم بکردبای هەر کوتێکم دابای بە سەگێ بیخواردبا.

عەبدوڵلا خان، بە پێچەوانەی باقی خانەکان، لەگەڵ دێهاتی‌یەکانی خەڵکی دزڵی زۆر میهرەبان بوو و باج و پیتاکی لێ وەر نەئەگرتن. زۆریش قسە خۆش و ئەهلی بەزم بوو، دیواخانی هەموو ڕۆژێ پڕ بوو لە بەگ و بەگزادەکانی دەوروبەر.

کوڕی گەورەی، عیزەت بەگ بوو، پیاوێکی نەرم و نیان و ئەهلی نوێژ و تاعەت و میهرەبان و بێ‌دەنگ. ڕۆژێ وتی مودیر بەخان بڵێ تفەنگمان پێ بدا بڕۆین بۆ ڕاو. وتم ئەی خۆت بۆ پێ ناڵێی؟ وتی بە گوێم ناکا بەڵام تۆی خۆش ئەوێ لە قسەت دەرناچێ، وتم باشە. کە بە خانم وت، بە پێکەنینەوە وتی باشە، ئەزانم ئەوە عەیزەت تۆی هەڵ ناوە. 

تفەنگچی‌یەکی بوو بە نێو سڵێمان، بانگی کرد و تفەنگی بڕنەوی پێ‌دا و پێنج تیرێکی ئاڵمانیشی دا بەمن و سێ تیرێکی رووسی یشی دا بە عەیزەت بەگ.

ئەو ڕۆژە نێزیکی بانگی شێوان کەوتینە ڕێ، چوینە ئەشکەوتێ. تاریک و لێڵی بەیان سلێمان ئێمەی بەجێ هێشتبوو و چووبوو، کتوپڕ تەقەی تفەنگێ هات، وتیان کوشتی، وتم جا چۆن؟ بەڵکو نەی پێکابێ، وتیان چۆن شتی وا ئەبێ تا ئێستا سڵێمان تیری هەڵەی نەکردووە. سڵێمان لە دوورەوە بانگی پیاوەکانی کرد، چوون و لاشی کەڵێکی چواردەساڵانیان هێنا کە شاخی لەو ئاسمانە بوو.

سڵێمان پرسی مودیر تۆ کەبابی مغۆلیت خواردووە؟ وتم نا وەڵلا. وتیان ئێستە کەبابی مغۆلیت بۆ دروس ئەکەین، هاتن کەوڵی کەڵەکەیان کەندو و گۆژدەکەیان هێنا باش شوشتیان و نێو کەوڵەکەشیان خاوێن کردەوە و گۆژدەکەیان تێ هاویشت و لەگەڵ گیای کێوی وەکوو مەرزە و بەڕەزا تێکەڵیان کرد و سیم پێچیان کرد و هاویشتیانە بنی ئاوردانەکەوە و  سەریان پڕ کرد لە پێڵوی ئاور واتە سکڵ.  وتیان ئەوە ئیتر تا نیوە ڕو ئامادە ئەبێت، جا ئێستە هەستن ئێوەش بڕون بۆ ڕاو.

ئێمەیش هەستاین لەگەڵ عەیزەت بەگ چووین لە بنارەکانەوە زۆر کەڵ و بزن مان دی، یەک دوو تەقەمان کرد، هیچمان نەپێکا و گەڕاینەوە بۆ خواردنی کەبابی مغۆلی.

جێگاتان خاڵی، زۆر کەبابێکی بەتام و بە لەزەت بوو.

ئەم باسە درێژەی هەیە …