مامۆستا جەمال نەبەز لە پاریس کتێبی “تڕم، پڕم، پف”ی دامێ، خوێندمەوە. چەن ئاگاداریەکم نووسی و بۆم نارد.
لە کتێبەکەدا قەڵەمەشەڕێیەتی لە گەڵ برادەرێ بە ناوی جەمشید حەیدەری کە نایناسم و نەمدیوە و کتێبەکەشیم نەدیوە، بەڵام وەها کە جەمال نەبەز نووسیویە لە سەر ئەم مەبەستە بووەتە کێشەیان، کە رادیۆ “پەیکی ئێران”* لە کام وڵاتی کۆمۆنیست دا بووە و هەرکام جێگایەکیان وتوبوو.
منیش بۆ ئەوەی کێشەکەیان دووایی پێ بێ و لە راستی کارەسات تێ بگەن، نووسیبووم: رۆژێکیان عەلی گەلاوێژ لە سر رادیۆ پەیکی ئێران بەو دەنگە جوان و هەست بزوێنیەوە کە هەیبوو، ئەیقێڕاند:
هەتیوەکەی حەمە رەزاشا داو و دواڵایە و بە شوێن رادیۆ پەیکی ئێران دا ئەگەڕێ کەبزانێ لە کوێیە!
ئێمە پێویستە بەم کابرایە رابگەینین کە رادیۆ پەیکی ئێران جێگایەکی تایبەتی نیە! رادیۆ پەیکی ئێران وا لە نێو دڵی سی و پێنج ملوێن ئێرانیدا.
حەمە رەزا شا، ماوەیەک پاش ئەوە، گەشتێکی هەبوو بۆ وڵاتانی ئورووپا و لەم گەشتەدا چاوێکی بە بۆلغارستانیش کەوت. وەزیری بازەرگانیشی لە گەڵ بوو، بڕیارنامەیەکی مۆر کرد و بڕێ پەنیری لە بۆلغارستان کڕی.
بۆ شەوی ئەو رۆژە عەلی گەلاوێژیان خنکاند و رادیۆ پەیکی ئێران قاپات کرا و دیاریدا کە نە تەنیا رادیۆیەکە لە دڵی سی و پێنج ملوێن خەڵکی ئێراندا نەبوو بەڵکوو لە نێو چووار پێنج تەنەکەی پەنێردا بوو.
*رادیۆ پەیکی ئێران سەر بە حێزبی توودە ی ئێران بوو، دژ بە دەسەڵاتی پەهلەوی، کە بەشی کوردیەکەی عەلی گەلاوێژ بەڕێوەی ئەبرد .