حەسەن زیرەک

هونەرمەند حەسەن زیرەك …. و یادكردنەوەی لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندن ….؟!

ڕێكەوتی 26/6 ساڵیادی كۆچی دوایی گەورەترین و پڕ بەرهەمترین هونەرمەندی كورد بلیمەت و هونەرمەند ( حەسەن زیرەك ) ە ، ڕۆژی چوارشەمە (47) ساڵ تێپەردەبێت بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندێكی نەخوێندەوار بەڵام بەهەموو واتایەك هونەرمەند و مامۆستا ، هونەرمەندێكی خۆڕسك و زادەی كۆمەڵگایەك دوور لەمۆسیقا و شارستانیەت ، دوور لەقوتابخانەی هونەری و دوور لەسۆزو خۆشەویستی باوك و دایك و بێ لانە و نەدار ، بەڵام لە هونەر و بەخششی هونەری دەوڵەمەندو پێشەنگی هونەرمەندان ،

بەوبۆنەیەو ساڵانە لەو ڕێكەوتەدا كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بەتایبەت بینراو دەكەونە خۆسازكردن بۆ ئەنجامدانی بەرنامەیەك تایبەت بە هونەرمەند حەسەن زیرەك وكەسێك دێنن كە گۆرانیەكانی بلیمەت و هونەرمەند حەسەن زیرەك بڵیتەوە ، بەداخەوە ئەوە بۆتە نەریتێك لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دوای ڕاپەڕین ، نەك گۆرانیەكانی بەجوانی دەڵیتەوە بەڵكو ئەو شاكارە بەرزانەی زیرەكی نەمرڕەنج و ماندووبوونێكی بێهوودەی پێوە كێشاوە ، دەشێوێنن و مەزاجی بینەریش تێك دەدەن ، دەنگ و هونەر و قوتابخانە زیندووەكەی زیرەك بۆتە هۆكارێك كە زۆر لەهونەرمەندانی ئەمرۆ لەڕێی لاساییەكردنەوەی دەنگی زیرەك بوونتە گۆرانیبێژ ، وە هەندێك لەو هونەرمەندانە بەهەوڵ و كۆششی خۆیان بوونەتە خاوەن شێوازێك كەتایبەت بەدەنگی خۆیان ،

لەم ساڵیادەدا وەك هونەر دۆستێك و شەیداو هۆگری هونەری هونەرمەند حەسەن زیرەك پێشنیار دەكەم كە لەباتی هێنانی كەسێك كە گۆرانییەكانی زیرەكی نەمر نەشێوێنێ ، ئەگەر مەبەستمانە چێژ لەدەنگ و سۆزو تێكست و میلۆدییە پڕ سۆزەكانی زیرەكی نەمر وەربگرین تەنها گوێ لەدەنگە خۆشەكەی زیرەك بگرین نەك كەسێك كە گۆرانییەكانی دەشێوێنێ ،ئەگەر مەبەستانە یاد لە هونەرمەندە خۆشەویستەكەی نەتەوەكەمان حەسەن زیرەك بكەینەوە ، بەپێویستی دەزانم كە هونەرمەندێكی ئەكادیمی و ئەدیب و رۆشنبیرێكی شارەزا لە فەرهەنگ و كەلتوور و فۆلكلۆر و كەسایەتیەك كە لەنزیكەوە زیرەكی نەمری دیتبێ و لەتەكیدا ژیابێت ، ئەو كەسایەتیانە بانگهێشتی بەرنامەكانتان بكەن و لەنێوان خوێندنەوە بۆ هونەرمەند حەسەن زیرەك گۆرانیەكانی پەخش بكەن ،

لەوانەیە لێم بپرسن بۆ ئەو كەسایەتیانە …؟

بۆئەوەی زیاتر زیرەكی هونەرمەند و مامۆستا بناسین ، ئەو هونەرمەندە ئەكادیمیە خوێندنەوە بۆ دەنگ و ئەداو تۆنی دەنگی زیرەك بكات ، چونكە لەسەرەتای دەركەوتنی زیرەك وتۆماركردنی بەرهەمە هونەرییەكانی لەڕادیۆی كوردی بەغدا ساڵی 1953 ،خەرمانێك بەرهەمی ناوازەی لەگەڵ ژەنیارانی عەرەبدا تۆماركردووە ، دەنگی زیرەك دەنگێی ناسك و پرچێژ ،، لەڕادیۆ تاران بەهەمان شێوە بەڵام دەنگێك و تۆنی دەنگی جیاوازتر لەكارەهونەرییەكانی رایۆی بەغدا ، دواتر لەڕادیۆی كرماشان دەنگی زیرەك لەوانی پێشووتر جیاواز و تۆنی دەنگی لەلوتكەدا و ئەو هەموو شاكارە بەرزەی تۆماركردووە ، پاشان لەناوەڕاستی شەستەكانی سەدەی پێشوو دێتەوە شاری سلێمانی و كۆمەڵە ئاهەنگ و شەو دانیشتنێك كەلەماڵان تۆماركراوە دەنگی زیرەك دەنگێكی پڕ و قەبەتر لە بەرهەمەكانی پێشووتری ، لەكۆتا ساڵەكانی ژیانیدا لەشنۆ و نەغەدە تۆنی دەنگێكی ترە ، ئەم پۆلێنكردنی تۆنی دەنگی زیرەكی نەمر زیاتر دەهێنێ خوێندنەوەی ووردی بۆبكرێت ،

كەسایەتی دووەم : ئەدیب و ڕۆشنبیر خوێندنەوە لەسەر ئەوە بكات ئایا زیرەك سوودی لەفۆلكلۆر وەرگرتووە ،یان فۆلكلۆری زیندووكردەوە و لەفەوتان پاراستنی ، چونكە گۆرانیەكانی هونەرمەند حەسەن زیرەك هۆنراوە و میلۆدییەكانی ئەوەندە تەڕو پاراو و مۆركی كوردییان پێوە دیارە كەهیچ كات پیربوونیان بۆ نییەوهەمیشە لەنوێ بوونەوەدان ، گوێگر حەز بەبیستنیان دەكات و زۆر زوو دەكەونە سەرزاری بیسەر ، لەلایەكی دیكەشەوە چونكە ئەو گۆرانیانە هەڵقوڵاوی ناخی خەڵك و لەژینگە جوانەكەی كوردستانەوە سەچاوەی گرتووە زیرەكی نەمر زۆر لێهاتوو و كارامە تێكستەكانی دارشتووەو لەنێو گۆرانیەكەدا زۆر هونەرمەندانە سیناریۆیەكی جوان دەبەخشێتە گوێگر تەنها نموونەی دوو گۆرانی ئاماژەی پێئەدەم وەك ( كیژان دەچنە مێرگوڵان و شاییە دەگەڕی) وەك فیلمێك سیناریۆی سروشتی جوانی كوردستانی تێدا بەرجەستە كردووە ،

كەسایەتی سێیەم ، باس لە كەسایەتی زیرەكی نەمر بكات لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە ، جیا لەهونەرە بەرزەكەی زیرەك كەسایەتیەكی سادەو خاكی ، دەموودوو و زمان شیرین خۆش مەشرەب و كۆرگەرمكەر و ڕووخۆش بووە هەمیشە چێژو خۆشیی و شادی بەخشییەوە ، بۆئەوەی بینەری ئەو ساڵیادە زیاتر ڕۆبچنە نێو ژیان و كارە هونەرییەكانی هونەرمەند و بلیمەت حەسەن زیرەك ، نە بەهێنانی كەسێك گۆرانیەكانی زیرەك بشێوێنێ ، هیواخوازم ئەو یادانە بۆ تەواوی هونەرمەندانی گەورەی نەتەوەكەمان بەوشێوەیە بێ نەك ووتنەوەی بەرهەمەكانیان ،

 جه‌مالی ده‌لاك –  23/6/2019  

تێبینی:

ئه‌و بابه‌ته‌م پارساڵ له‌سالیادی بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك دا نوسیوه.‌