ئاشكرایە كە هەرناوچەیەكی كوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە ، لەڕووی داب و نەریت و فەرهەنگ و كلتوورەوە ، گەلی كورد بەهۆی داگیركردن و ژێردەستەییەوە بۆی نەڕەخساوە كە بەشێوەیەكی زانستیانە لە مێژووی هونەری میوزیك و گۆرانی خۆی بكۆڵێتەوە و هونەرەكەی بە نەتەوەكانی دەورو بەر بناسێنێت ، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو داگیركاری و ماڵوێرانی و دزینی سەروەت و سامانی هونەری نەتەوەیمان لەلایەن گەلی داگیركەرو سەردەستە، گەلی كورد هەمیشە بەهۆی زمان و ئەدەب و هونەرەكەی وەك گەلێكی زیندوو لەناوچەكە درێژەی بەژیان و مانەوەی لەسەرئاو خاك و زێدی خۆی داوە ، گیانی بەخت كردووە و قوربانی داوە لەپێناو مانەوەیدا ، جێگەی خۆش حاڵیە كە بە هەوڵ و هیمەت و تێكۆشانی ڕۆڵە دڵسۆزو بەئەمەكەكانی ئەم نەتەوەیە كە هەستی نەتەوەیی ڕۆژ بەڕۆژ لەناخیاندا گەشەی كردووە ، هونەرو ئەدەب وزمانی كوردیان پاراست و لە فەوتان و نەمان ڕزگاریان كرد ،
یەكێك لە ناوچە گرینگ و دەوڵەمەندەكانی كوردستان لەباری فەرهەنگ وئەدەب و زمان و وهونەرەوە ناوچەی (موكریان) ە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت شاری (مەهاباد) كە بەسەرچاوەی لەدایك بوونی هونەرو ئاوازی كوردی لەوناوچەیەدا دەژمێردرێت ،
ناوچەی موكریان كانگای شیعر و ئاوازو گۆرانی و فۆلكلۆری نەتەوەیمانە ، لەباری شیعر و ئەدەبەوە موكریان زێدی كەڵە شاعیرانی وەك (وەفایی ، هێمن ، هەژار ، هاشمی نانەوا زادە ،حەقیقی و هێدی و سوراەی ئیلخانی زادە و ئاسۆ … تاد) كە هەموو ژیانیان بەخشی لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنی زمان و ئەدەبی كوردی و لەهەمان كاتیشدا ئەم شاعیرانە كاریگەریان هەبووە لەسەر هونەرو میوزیك و گۆرانی لە ناوچەكە و تەواوی كوردستاندا بەگشتی و لەبواری هونەری بەرگریدا بەتایبەتی ،
موكریان ئەو ناوچە فراوانە پڕاوپڕ لە هونەرە یە كە بەدەیان هونەرمەندی خۆڕسكی تیادا هەڵكەوتووە ،
خزمەتی هونەرو میوزیكی كوردیان كردووە و گۆرانیە فۆلكلۆرییەكانیان لە فەوتان ڕزگاركردو دەم بەدەم گێڕایانەتەوە ، لەشاری مەهاباد و ناوچەی موكریان لەسەرەتای سەدەی ڕابردوو دا چەندین گۆرانیبێژ گۆرانیان خوێندووە و شایی و زەماوەندیان گێڕاوە وەك : ( سەعیدی ماملێ ، مەجیدە گڕوێ ، دەروێش سەرڕاو ، حاجیلەی ئیندرقاشی ، سەید عەوڵای سەید مینە ، عەزیزە خڕە ، وسێن شەشە ، كەوە جو ، سەید حەسەنی كابانێ و مەنیج حەیران وزوڵەیخا چوختیش ( دووژنی شاری مەهاباد بوون گۆرانیان خوێندووەو شایی و زەماوەندیان گێڕاوە ) * (1)
هەروەها لەناوەڕاستی سەدەی پێشوو چەندین هونەرمەندی دەنگخۆش و بەتواناگەشەیان بە هونەری میوزیك و گۆرانی دا لەناوچەكەدا و ڕێگا پیرۆزەكەی هونەریان گرتەبەر ، كەهەریكەیان مێژوویەكی جوان و باخێكی پڕ بەرهەمیان بەنەتەوەكەمان بەخشیوە ، وەك ( حەسەن زیرەك ، محەمەدی ماملێ ، سەیدڕەحیمی قوڕەیشی ، خەلیلی صدیقی ، حەسەنی ماملێ ، عەزیزی شارۆخ ، محەمەد دانش ، محەمەدی ناهید ، شمشاڵ ژەنی بەنێوبانگ ( قالە مەڕە ) ، شەهید جەمالی موفتی ، تایەری خەلیلی ، ڕەشید خانی فەیز نەژاد ، میكایل و مستەفا دادار , ….. تاد )
هەروەها لایەنێكی تری دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیە ( موكریان ) بواری هونەری گۆرانی فۆلكلۆرە كە هونەرێكی دەوڵەمەند و سادە و بێ خەوشی ناوچەكەبووە و چەندین گۆرانیبێژ و شایەری تیاداهەڵكەوتووە ، كەسەرتاپا هونەریان لێباریوە ، ئەم گۆرانیبێژ و شایەرانەی ناوچەی موكریان نەلە خوێندنگەیەكی زانستی هونەری گۆرانیدا خوێندوویانە و نە كەسێكیش پەلی گرتوون و ڕێنوێنیان بكات ، بەڵكو زادەی سرووشت و جوانیەكانی ئەو ناوچەیەبوون وخۆڕسك بارهاتوون، هەروەك چۆن مامۆستا ( گۆران ) لە هۆنراوەی ( بۆ فریشتەی مۆسیقا ) بۆ ( دەروێش عەبدوڵا ) نوسیویەتی :
( نەحەرفی مەكتەبێكت خوێند نە ئوستادێ پەلی گرتی )
هونەری ئەم گۆرانبێژو شایەرانە بەشێكی گرینگی هونەرو موزیكای گەلەكەمانن و بەهونەرەكەیان هەمیشە خۆشی و شادی یان پێبەخشیوین و پێویستە بەڕێزو حورمەتەوە لێیان بڕوانین ، نموونەكانیشیان زۆرن وەك : ( عەلی خەندان ، سەید محەمەدی سەفایی ، مەلاحسێنی عەبدوڵازادە ، عەبە دەڕژێ ، ئیبراهیمی قادری، ڕەسوڵی نادی ، برایمی فەتاحی ، سەیدعەلی سەردەشتی ، حسێن بۆكانی ، بەكر قەرەگوێزی ، ئەحمەد شەنگە و یوسف مستەفا …تاد)
دەكرێت و زیاتر دەهێنێ لەباری زانستی هونەرو میوزیك و گۆرانییەوە ناوچەی موكریان توێژینەوەی زیاتر و فراوانی لەسەر بكرێت چونكە ئەو ناوچەیە گەلێك دەوڵەمەندە ، لەبواری ( بەیت ، لاوك ، قەتار و حەیران ) و بەسەرهات و قسەی نەستەق و داستانەوە ،
مەبەستمە لێرەدا لەسەر كەسایەتیەكی بەهرەمەندی ئەو ناوچەیە كە خاوەنی چەندین بەهرەی هونەرییە و ساڵانێك خزمەتی بەفەرهەنگ و زمان و هونەری نەتەوەكەمان كردووە ، ئەم هونەرمەندە جیا لەبەهرەی دەنگخۆشیەكەی لەزۆر بواردا ئەسپی خۆی تاوداوە و تەنها مەبەستی بووە لەو ڕێگایانەوە خزمەت بە نەتەوەكەی بكات 0
( سەید ڕەحیمی قوڕەیشی ) دەنگخۆش ، بێژەر ، نووسەر ، ئاوازدانەر ، شانۆكار ، ئەم ونەرمەندە نەمرەی شاریمەهاباد ، لەیەكێك گەڕەكە دێرینەكانی شاری مەهاباد بەناوی گەڕەكی ( پشقەڵا) لەساڵی ( 1309) ی هەتاوی ، ( 1930) زاینی بەدونیا هاتووە،
ئەم كەسایەتیە نامۆ نیە وناوێكی ئاشناو ناسراوە لە ناوچەكەدا ولەناو هونەرمەندان و هۆگرانی هونەر بەتایبەت گوێگرانی ڕادیۆ مەهاباد، چونكە بەرهەمەكانی هەمیشە وێردی سەرزار و لەناو دڵ و دەروونی خەڵكی مەهاباد و ناوچەكەدا بووە ،
سەیدڕەحیمی قوڕەیشی وەك هەرمنداڵێكی هاوتەمەنی خۆیی چۆتە قوتابخانە، لە قوتابخانەی ( سەعادەت ) خوێندنی سەرەتایی تەواوكردووە و هەلەشاری مەهاباد درێژەی بە خوێندن داوە تاوەرگرتنی بڕوانامەی ( دبلۆم ) واتە ( ئامادەیی ) ، ئەم هونەرمەندە لەتەمەنی مێرد منداڵیدا خویاو ئارەزوویەكی بێ وێنەی هەبووە بەرامبەر بە هونەر بەتایبەت بە هونەری نواندن ( شانۆ ) ، لەتێڕوانینی سەید ڕەحیم بۆ ئەو هونەرە گەیشتۆتە ئەو ڕایەی كەلەو ڕێگەیەوە دەتوانێ خزمەت بەگەلەكەی بكات ، حەزو ئارەزوی نواندن ڕۆژ بەڕۆژ لەناخیدا گەشەی كردووە وعەشقێكی بێ وێنەی هەبووە بەرامبەر بەكاری نواندن ، هونەرمەند توانیویەتی كۆمەڵێك بەرهەمی شانۆیی ( كۆمیدی و تراژیدی ) بنوسێت و نمایشی بكات و ڕۆڵی تیادا ببینێت وەك ئەكتەر ، كارەكانی بریتی بوون لە ( باوەش ، عەدالەتی بەشەر ، باڵندەی شین ، خانووی ئەرواح ، ئاسمانی شین ، تەنیا خۆم و ئیش و نۆش و .. تاد ) * (2) ،
دوای ئەوەی سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەم كارە هونەرییانەی زیاتر خۆی دەناسێنێت ودەناسرێت لەنێو جەماوەردا ، هونەرمەنددەبێت بەبەرپرسی كاری هونەری قوتابخانەكانی شاری مەهاباد و درێژە بەو كارەی دەدات ، لەساڵی ( 1958) ز لەشاری مەهاباد ڕادیۆیەك بەمەبەستی پەخشكردنی بەرنامە كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و كلتوورییەكان شاری مەهاباد دادەمەزرێت ، للایەن بەڕێوەبەرانی ڕادیۆ مەهاباد بانگهێشتی هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی دەكرێت بەمەبەستی هاوكاری كردن و ئەنجامدانی كارە هونەرییەكانی لەڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە ، داوای لێدەكەن وەك بێژەری هەواڵ ، كاری نمایشكردن و پێشكەشكردنی بەرنامەی كورتە چیرۆك تەنزو كۆمیدی ، سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەردەوام دەبێت لەكاركردن لەڕادیۆی مەهاباد و لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو كارانە ، بەرنامەیەكی هۆنراوەو میوزیك بەناوی ( گوڵانی گەشی كوێستانی كوردستان ) زۆر بەسەركەوتوویی پێشكەش دەكات و دەبێتە جێگەی بەختەوەری و خۆشحاڵی گوێگرانی رادیۆی ناوبراو ،
لەدرێژەی بەردەوام بوونی هونەرمەند و گەشەكردنی ڕادیۆی مەهاباد و كركردنەوەی گوێگرێكی زۆر لەدەوری ئەو ڕادیۆیە ، سەیدڕحیمی قوڕەیشی زیاتر تێدەكۆشێت و گەشە بە توانا هونەرییەكانی دەدات تادەگاتە ئەو بیرو ڕایەی كە هونەرمەندی گۆرانیبێژ جیا لە هونەری گۆرانی گوتن و دەنگخۆشی پێویستەشارەزایی لەئامێرەكانی میوزیك و دەزگا و گۆشە و نۆتەكانی میوزیكدا هەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لەكارەكانیدا سەركەوتووتر بێت ،
دوای ئەنجامدانی كاری نواندن و نوسینی كورتە چیرۆك و كاری بێژەری لەڕادیۆ ، هونەرمەند دەزانێت كە دەنگی خۆشەو و توانی گۆرانی گوتنیشی هەیە لەم بوارەشدا خۆی تاقی دەكاتەوە بەدەنگە بەسۆزەكەی یەكەمین گۆرانی ئاوازی بۆدادەنێ و دەیخوێنێ ، گۆرانی ( ئافرەت و جوانی ) لە هۆنراوەی مامۆستا ( گۆران ) ، ئەم گۆرانیە زیاتر لەژێر ناوی ( بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە ) ناسراوە و لەئاوازی خۆی بووە ،سەیدڕەحیمی قوڕەیشی زیاتر لە ( 20) گۆرانی خوێندووە كە (10) گۆرانیان لە ئاوازی خودی هونەرمەند بووە * (3) و سوودی لە هۆنراوەی ئەم شاعیرانە وەرگرتووە و ئاوازی لەسەر داناون وەك ( وەفایی ، گۆران و سوارەی ئیلخانی زادە ) ،
هەرچەندە گۆرانیەكانی ئەم هونەرمەندە لە ( 20) گۆرانی زیاترە بەڵام بەداخەوە لەباشووری كوردستان ( كوردستانی ئێراق ) تەنها یەك گۆرانی بڵاوبۆتەوە ئەویش گۆرانی :
( بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە لەباخچەی بەهار گوڵم چنیوە
شەونمی درەنگ لەڕووم پژاوە لەزەردەی زۆركەل سەرنجم داوە )
كەبەو تاكە گۆرانیە ئەم هونەرمەندە بلیمەتە ناسراوە و ئاوازەكەی و هۆنراوەكەی ئەوەندە خۆش و سەرنج ڕاكێشن كەبۆتە شێوازێكی تایبەت بە سەیدڕەحیمی قوڕەیشی ، هەرچەندە ئەوە كاری من نیە ، كاری مامۆستایان و توێژەرەوانی میوزیك و گۆرانیە هەڵسەنگاندن لەسەر لایەنە هونەرییەكانی ئەم هونەرمەندە بكەن ،
بەهرەی هونەری سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەردەوام لەبرەو گەشەدایەو بەردەوام دەبێت لەسەر كاری هونەری ، بەسەدان چیرۆكی نوسیوە و شەوانە لەڕێگەی ڕادیۆ مەهابادەوە پەخشكراون بوونەتە مایەی سەرنج و خۆش حاڵی گوێگران ،
سەیدڕەحیم بەهۆی ئەوەی زمان زانێكی باش و بێژەرێكی بەتوانا بووە چەند بەنامەیەكی ئەنجام داوە یەكێك لەو بەرنامە هونەرییانە ئەگەر بەهەڵەدا نەچووبووم لە ڕادیۆ تەلەفزیۆنی مەهاباد یان تەورێز بووە بۆ هونەرمەندو بلیمەتی نەمر ( حەسەن زیرەك ) ئەنجامداوە ، حەسەن زیرەك (3) گۆرانی خوێندووە لەو بەرنامەیە بەناوی ( ئەمان دكتۆر ، كەتانەو ………. ) ئەو بەرهەمە تۆماركراوانەی حەسەن زیرەك دەنگ و ڕەنگن و ئێستاش وەك ئەرشیڤ ماون ، لەو بەرنامەیەدا سەید ڕەحیم پێشمەشكاری ئەو بەرنامە هونەرییە ،
سەیدڕەحیمی قوڕەیشی بەهاوكاری ناوەندی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی مەهاباد بەشداری فیستڤاڵی موزیكای شیراز دەكەن لەگەڵ هونەرمەندان ( محەمەدی ماملێ و مەلاحسێنی عەبدوڵا زادە و عەزیزی شارۆخ و قالە مەڕەی شمشاڵ ژەن ) سەرەڕای كەمی دەرەتانی هونەری نەبوونی گروپێكی موزیكی باش و زەمینەیەكی لەبار بۆ بەشداربوونیان لەو فیستڤاڵەدا ، بوڵام بەهۆی تێكۆشانی بێوچان و دڵسۆزانەو بەڕوحێكی زۆر گەورەوە بەشداریان لە و فیستڤاڵەدا كردووە ، نەتەنیا میوزیك و گۆرانی كوردی بەنەتەوەی فارس و ئێران بناسێنن بەڵكو بەتەواوی نەتەوەكانی بەشداربووی ئەو فیستڤاڵەیان كردبوو ناساند و بوە مایەی شانازی و سەربەرزی بۆ نەتەوەی كورد ،
هونەرمەند سەید ڕەحیمی قوڕەیشی كەسایەتیەكی ناسراوی شاری مەهاباد و پیاوێكی هەست ناسك و قسەزان و خۆش مەشرەب و كانگای قسەی نەستەق و نوكتەوە گاڵتەو گەپ بووە ، بەردەوام لەنزیكەوە ئاشنایەتی هەبووە لەگەڵ كەسایەتی و پیاوە قسە خۆشەكانی شاری مەهاباد ، لەهەوڵی كۆكردنەوەی ڕووداو بەسەرهات و قسەخۆشەكانی شاری مەهاباد و دەوروبەری بووە و لە كتێبێكدا كۆیان بكاتەوە و بەچاپی بگەیەنێ بەناوی ( كوێستانی دڵ ) بەڵام بەداخەوە مەرگ مەودای سەید ڕەحیم نادات و ئاواتەكەی نایەتەدی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی ( سی ) لەڕێكەوتی ( 8/6/1991) لەتەمەنی (61) ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات و ماڵئاوایی لە هونەرو هونەرمەندان و شارە جوانەكەی مەهاباد دەكات ، ڕووحی شادو گڵكۆی پڕ نوور ،
جێگەی خۆش حاڵیە كە هونەرمەند وەجاخی ڕۆشنەو لەدوای مەرگی ئاواتەكەی هاتەدی كتێبی ( كوێستانی دڵ ) بەهەوڵ و تێكۆشانی ( زەینەبی قوڕەیشی ) لەساڵی (2002) بەچاپ گەیەندراو كەوتە بەردیدەی خوێنەر ،
گۆرانی بهئاسمانهوه ئهستێرهم دیوه
ئاواز و وتنی : هونهرمهند سهید ڕهحیمی قوڕهیشی
هۆنراوهی : مامۆستا گۆران
هۆنراوهكه بهناوی ( ئافرهت و جوانی ) دیوانی گۆران
بهڵام دوای بڵاوبوونهوهی ئهو تێكسته بهو میلۆدییه خۆشه بهدهنگی هونهرمهند سهیدڕهحیمی قوڕهیشی زیاتر به ( ئاسمانهوه ئهستێرهم دیوه ) ناسرا ،
ههرچهنده هۆنراوهكه (14) كۆپلهیه ، بهڵام هونهرمهند تهنها (4) كۆپلهی لێخوێندووه و لهناوهڕاستی بهستهكهدا هونهرمهند مهقامێك دهخوێنی كه (2) كۆپله لههۆنراوهی ( نائومێدی ) هۆنراوهی مامۆستا ( ئهحمهد ههردی )
( بهسته) …..
بهئاسمانهوه ئهستێرهم دیوه ، لهباخچهی بههار گوڵم چنیوه
شهونمی درهخت لهڕووم پژاوه ، لهزهردهی زۆر كهل سهرنجم داوه
پهلكهزێڕینهی پاش بارانی زۆر ، چهماوهتهوه بهرامبهر بهخۆر
( مهقام ) …..
بهسهرسامی لهسهرلوتكهی بڵندی گهنجی وهستاوم
شریتی عومری ڕابردووم وهكو خهو دێته بهرچاوم
شریتی چی سهراپا سهرگوزهشتهی نائومێدیمه
فلیمی پڕ لهناسۆری ههرهس هێنانی لاویمه
( بهسته) …..
ئهمانه ههموو جوانن ، شیرینن ، ڕۆشنكهرهوهی شهقامی ژینن
بهڵام تهبیعهت ههرگیزاو ههرگیز ، بێ ڕووناكییه بێ بزهی ئازیز ،
سەرچاوە /
- (1) كتێبی ( ئاوازو گۆرانی ) كورتەیەك لەمێژووی ئاوازو گۆرانی كوردی ) حامید گەوهەری ، ل( 36)
- (2) كتێبی ( كوێستانی دڵ ) ( نوكتە و قسەی خۆش و چەند كورتە شانۆ ) زەینەبی قوڕەیشی ل( 9 و 10)
- (3) هەمان سەرچاوەی (2)