پێناسەی عوسمان ئەحمەدی

من عوسمانی ئەحمەدیم. لەساڵی ١٣١٦ هەتاوی، بەرانبەر بە ١٩٣٧ی زایینی، لە نێوە ڕاستی هاوین دا کە شەرارەی گەرما، دارودەوەنی هەڵپڕوزاندبوو هاتومەتە دونیاوە. بنەماڵەم ئایینی یە، کوڕە زای حاج مەلا ئەحمەد (حاجی مامۆسای نۆدشە) و کوڕەزازای مەلا عەبدولڕەحمانی موفتی سلێمانیم.

مەزاری شەریفی حاجی مامۆسا  لەسەر گردێکە کە ئەودەم بەناوی “حاجی مامۆسا” بەناوبانگ بووە و ئەکەوێتە ناوەڕاستی شاری سنە و بەرانبەرە بە کۆشک و تەلاری خەسراوا. پاشان کە شەرەف الملکی ئەردەڵان عومری خوا ئەکات و وەسیەت ئەکا : لە تەنیشتی حاجی مامۆسا بمنێژن، کە ڕۆژی حەشر لەبیرم نەکا و لەگەڵ خۆی بمبا، بە گردی “شەرەف الملک” ناوبانگی دەر کرد، وە دوا جار کە شێخ حەمە باقر کۆچی دوایی ئەکا وە لەوێ ئەینێژن، بە گردی ” شیخ حەمە باقر” ئەناسرێ.

وەکوو هەموان چوومەتە قوتابخانە و خوێندنی سەرەتاییم دوایی پێ هێناوە و پاشان چوومەتە قوتابخانەی ناوەندی. هەرلە مناڵیەوە، بێ ئەوە خۆیشم ئاگام ڵێ بێ، لەگەڵ بڕێ داب و نەریتی کۆمەڵایەتیدا ناحەز بووم، چەوسانەوەی چینی هەژاری جوتیار و کرێکارم دزێو و ناشیرین ئەهاتە بەر چاو.

دێتەوە بیرم، مامۆستایەکی خۆش خەتم هەبوو، لەسەر تەختەی ڕەشی کلاسی دەرس، به خەتێکی جوان ئەم هۆنراوەیە ئەنووسی و دەروونی پڕ لە گڕ ئەکردم:

هر کە افزودەگشت سیم  و  زرش        زر نباریدە ز آسمان بسرش

از کجا جمع  کردە  ثروت  و   مال         یا خودش دزد بودە یا پدرش

واتە ئەوی کە پارەدار و بەسامانە، لە ئاسمانەوە زەڕ و زێوی بەسەرا نەباریوە، یا خۆی دز بووە یا باوکی!

ئەم جورە شتانە هانی ئەدام بە کۆمەڵەی یەکسانی بیر بکەمەوە، ئەم ووت بریا:

خۆزگە خوا بیکردایا           دەستوورێ دا هاتایا

بەرزی و  نزمی  نەمایا        بەشەر  وەک  یەک بژیایا[1]

پاشان چووم بۆ تاران پۆلی هەشت و نۆم لەوێ خوێند. دیارە لە تاران ئازادی زۆرتر بوو، بەتایبەت ئەو دەمە سەردەمی موسەدێق بوو و بەردەوام خۆپیشان دان وحیزبایەتی جۆربەجۆرئەکرا، تا دژی سەرۆک وەزیران (دکتر موسەدێق) کودێتا کرا و هێزە دێمۆکرات و ئازادیخوازەکان ڕاونران.

منیش هاتمەوە بۆ شاری سنە و چوومە دانشسەرای موقەدەماتی و دیپلۆمم وەرگرت و بووم بە مامۆستا. ساڵێ لە سنە، چوارساڵ لە مەریوان و ساڵێکیش لە قروە مامۆستا بووم.

ساڵی دووهەمی مامۆستاییم، لە باشماخی مەریوان، لەگەڵ برادەرێ بە نێوی “حەمەی دەروێش حەمەساڵەحی پێنجوێنی” بووم بە ئاشنا. ئەو، گۆڤار و رۆژنامەی “ژین” و “ژیان” و  “هەتاوی” بۆ ئەهینام و منیش گۆڤاری فارسیم پێ ئەدا. ئەو، شێوەی نووسینی نوێی کوردی فێر ئەکردم منیش ئەوم فێری زمانی فارسی ئەکرد.

هێشتا لە مەریوان بووم، لە عێراق کوودتا کرا و عبدالکریم قاسم هات و لە سەر رادیۆ بڵاوی کردەوە کە عێراق وڵاتی کورد و عەرەبە، ئەو دووگەلە ئەبێ دەس لەناو دەس بۆ بەدی هاتنی عێراقێکی ئازاد و سەربەس تێکۆشن. مەلا مستەفای بانگهێشتن کرد، ئەویش گەڕایەوە و لە بەغدا نیشتەجێ بوو.

گۆڤاری “هەتاو” ڕاپۆرتێکی نووسیبوو وە وێنەیەکیشی چاپ کردبوو کە مەلا مستەفا هاتووە بۆ هەولێر و لەبەر هێوانێک دا قسە بۆ خەڵکی ئەکا، هەر کە کوتبووی “من هیچم بۆ ئێوە نەکردووە، من نۆکەری هەمووتانم بە هەموو جووتیار و سەپانێکتانەوە”، بەتێکڕایی خەڵک هەموو، دەسەسەڕیان بەدەستەوە گرتبوو وە دابوویان لە پرمەی گریان: گریانی شەوق، گریانی ئازادی و نیشتمان پەرەستی.

ئەم هەواڵ و تێکۆشانە کوردیە بوون کە هانیان دام لە ڕێگەی پەرەپێدانی زوان و کولتوری نەتەوەکەم خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەم بکەم.

ماوەیەک پاش ئەم کارە ساتە، رادیۆ تاران بەرنامەی کوردی دا نا، منیش کە تامەزرۆی خزمەت بەزمانی کوردی بووم هەلم بۆ ڕەخسا و خۆمم ئامادە کرد ئەو ئەرکە بگرمە ئەستۆ. جا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە شوێنی کارەکەم گواستەوە بۆ تاران. هەر لەوێش چوومە زانستگەی تاران و درێژەم بە خوێندن دا و ماستری زمان و ئەدەبی فارسیم وەرگرت. 

لەسەرەتاوە کە چوومە رادیۆ، وەرگێڕی هەواڵ بووم بەڵام ئەو کەسەی کە هەواڵەکانی ئەخوێندەوە کوردی نەزان بوو، لەبەر ئەوە لێ بڕام خۆم هەواڵەکان بخوێنمەوە.

من کە هەر لە سەرەتاوە هەستم پێ کردبوو کە دانانی بەرنامەی کوردی باری سیاسی هەیە و هەرکە “ئاو لە ئاش بڕا” بەلاوەی ئەنێن، هەوڵم دا بەرنامەی کوردی لە رێبازی سیاسی لابدەم و بیخەمە باری هونەری و کۆمەڵایەتی یەوە.

“چیرۆکی شەو” و بەرنامەی “بەزمی هەینی”م دا نا. خوێندنەوەی شێعری شاعێران بە شێوەی ساکارم گۆڕی و کردم بە “هەوارگەی دڵان” و لە “هەوارەکان” ئەبوومە میوانی هەستیارەکان و هۆنراوە تەڕ و پاراوەکانیانم ئەخوێندەوە لەگەڵ مۆسیقایەکی نەرم و نیان، لە ژێر هۆنراوەکانا تێکەڵم ئەکرد و به مۆناسبەتیش گۆرانیەکمان بڵاو ئەکردەوە.

پاش چەند ساڵ، دوکتۆر مۆعتەمەد وەزیری سەرۆکی زانستگەی کرماشان من و دوکتۆر صدێقی مفتی زادەی بانگ کرد و ووتی نەخشەیەک برێژن بۆ دامەزراندنی ئەنستیتوتی کورد لە دانشگای رازی دا، وتمان باشە، کە ویستمان بینە دەرێ رووی لێم کرد و ووتی ئەمانەوێ لە زانستگەی رازیش دا، وەکوو زانستگەی شیراز، کلاسی ئازاد دابنێین (واتە دەرس وتنەوە لەرێگای تێلێڤیزیۆنەوە). چەن ئۆستادێ ئەنێرم بیانبە فێربن بەرنامەی تێلێڤیزیۆنی چۆن تۆمار ئەکرێ.

رۆژێ ناردمی بۆ زانستگەی شیراز بۆئەوە بزانم ئەوان کاریان چیە و چون بەرێوەی ئەبەن، کە گەڕامەوە وتی وەرە  کۆبوونەوەیەکمان هەیە لە کرماشان، تۆیش بەشداری بکە، وتم من لە تاران مامۆستام و دەرسم هەیە، ئەبێ بڕۆم بۆ قوتابخانە، وتی ئیتر مامۆستا نیت، گواستوتمەوە بۆ زانستگە، لەمەو بەدوا ئیتر ماموستای زانستگای!

پاشان نۆرەی تلێڤیزیۆن هات، بەرپرسی تلێڤیزۆن مۆهەندێس قوتبی وتی من ئەمەوێ بتگوێزمەوە بۆ تلێڤیزۆن! پێم ووت خەریکم ئەرۆم بۆ زانستگە. پاش وتووێژێکی زۆر، بڕیاردرا، بگوێزمەوە زانستگە و  لە  تلێڤیزۆنیش بمێنمەوە و ببم بە پەیوەندکاری هەردوولا.

چوارساڵ لە کرماشان ئەو کارەم هەبوو هەتا شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێکرد و کاربەدەستانی رادێۆ و تلێڤیزۆنی کرماشان، وەکوو باقی دام و دەزگاکان، مانیان گرت.

هەرکە شۆڕش سەرکەوت،  لە ماڵەوە بووم کە بیستم رادیۆ  تلێڤیزۆنی تاران کەوتووەتە ئیش، منیش دەس بەجێ چووم بۆ ڕادیۆ و بۆ یەکەم جار لە رایۆ تلێڤیزۆنی کرماشانەوە بەدەنگی خۆم مزگێنیم دا بە خەڵک کە “دێوەزمەی شاهی وەلاوە نراوە، وە لەمەو بەدوا وڵات هی خۆمانە وبە هیواین بە ئازادی و کامەرانی بیبەین بەڕێوە” وه دەستمان کرد بە بڵاو کردنەوەی سروودی نیشتمانی کوردی.

خەڵکی بەو پەڕی خۆشەویستی یەوە یەکتریان لە ئامێز ئەگرت و بانگی دۆسایەتی و برایەتی هەموو عالمی داگرتبوو.

ماوەیەک تێپەڕی، چووم بۆ سنە و لە زانستگەی رازی سنە ئەنستیتوتی کوردیمان دا نا. دوو تێرم زمانی کوردیم بەدەرس  وتەوە.

لە تاران، لەگەڵ کانوونی پەروەردەکردنی مناڵان دا کەوتمە وتووێژ بۆ دانانی کتێب بە کوردی بۆ مناڵان. پەنجا کتێبم هەڵبژارد کە وەری بگێڕینە سەر زمانی کوردی، من پێنج کتێبم وەڕگێڕا، مامۆسا هەژاریش پێنج و برادەرێکی تریش کە بەداخەوە ناوکەم لە بیر چووە پێنج.

پێنج کتێب لەوانە چاپ کرا، سێ کتێبی هی من بوو، کتێبێکی هی هەژار و ئەوی تریان هی ئەو برادەرە بوو.

وەزارەتی “ئامووزش و پەروەرش”یش سێ کتێبی پێ دام، وەرم گێڕایەوە سەر کوردی بەڵام چاپ نەکرا.

لەگەڵ چەن برادەرێک چووین بۆ مەهاباد، بە پێی بەڵێنی وەزیری پەروەردە بۆ چاپی کتێبی سەرەتایی بەکوردی، کتێبی پۆلی یەکەمی سەرەتاییمان نووسی، بردیان بۆ تاران، رازی نەبوون چاپی بکەن.

ئیتر شەڕ سەپێنرا بەسەر کوردستانا و هەموو ئەو هەوڵ تەقەلایە جێگای خۆی دا بە براکوژی وهێندەی پێ نەچوو هەموو زانستگەکانی ئێران یان داخست.

منیش لێ بڕام ئێران بە جێ بهێڵم و بێم بۆ فەرانسە. ئاوا یئستە زۆرتر لە ٣٥ ساڵە وام لە فرانسەدا.

بەداخەوە کاتێ لە ئێران هاتمە دەرەوە، هەرچی نووسراوەم هەبوو ، لەبەستە، لە شێعر، لە لێکدانەوەی زاراوەکانی کوردی و فارسی و شەمیرزادی ( زمانێکە لە باشووری ئێراندا ) وە هەروەها راستکردنەوەی دیوانی مەلا خدری رواری وە  وەڕگێڕاوی پەراوێکی فیزیک کە چوار مامۆستای سوئێدی نووسیبوویان و بریتی بوو لە تاقیکاری ساکاری فیزیکی کە هەمووی لە ناو جانتایەکدا بوو لە سەر ڕێگای تاران-دۆبەی وون بوو.

[1] ع.ع. شەونم