تا ئەو جێگەی من ئاگادار بم مامۆستا عەلی مەردان دووجار سەفەری ئێرانی کردووە: لە ساڵەکانی ١٩٦١ و ١٩٦٥.
جاری یەکەم، من نەبووبووم بە ڕێک و پێک کەری بەرنامەی ڕادیۆیی وە هیچم پێ نەکرا. بەڵام جاری دووهەم داوام لە رادیۆ کرد، ئۆرکێسترێ بنرێتە ئیختیارم، چونکوو مامۆستایەکی گۆرانی بێژی کورد لە عێراقەوە هاتووە و ئەمەوێ چەن گۆرانیەک تۆماربکەم.
سەرۆکی یانەی مۆسیقای رادیۆ “دوکتۆرحسین علی مەلاح” بوو کە دوکتۆرای مۆسیقای لە ئۆتریش وەرگرتبوو، وە پیاوێکی زۆرباش و پایەبەرز بوو، پرسیاری کرد:
مامۆستایە ؟ وتم بەڵێ.
وتی مامۆستایە لە چی دا؟ وتم مامۆستایە لەمۆسیقای کوردی دا و لەمەقاماتی عێراقی دا.
ملێکی بە بێ دڵنیایی بەلاوە نا!
بۆ ئەو رۆژەی کە بڕیارمان دا بڕۆین، گۆرانیەکان تۆماربکەین، لە پێشدا چووینە ژوورەکەی ئاغەی مەلاح. پاش چاکی و چۆنی، لەگەڵ عەلی مەردان کەوتنە قسەو باسی مۆسیقا، تا گەیشتن بەم نوکتەیە کە مەلاح ووتی لە یەکێ لەدەزگا موسیقاکانی فارسی دا هەشت خاڵ هەیە.
عەلی مەردان ووتی نه! دە خاڵ هەیە!
وتی کامانەن؟
بەدەم بۆی روون کردەوە، کتوپڕ مەلاح هەڵساوە سەرپێ و عەلی مەردانی لەئامێزگرت و وتی:
سەلماندت کە بەڕاستی مامۆستای! کەوای لێ هات، خۆم رابەریی ئۆرکێسترەکە بەئەستۆ ئەگرم!
چووینە ئێستودیو و چەن بەستەیەک وەکوو “گیانە بەسیەتی” و “ئەڕۆی ئۆغر” و “چەن جارم ووت” ی تۆمار کرد و گەیشتە چەن هەوایەکی ئاواز وەکوو “ئای ئای” و “حەیران”، مەلاح وتی: داخی بەجەرگم، پیربووە، ئەیەوێ بڕواتە سەرێ، پێ ناکرێ.
بەیانیەکەی ئەو رۆژە، ئاغەی موعینیان سەرۆکی گشتیی رادیۆ ئێران، کە دیار بوو دوکتۆر مەلاح باسی بۆ کردبوو، بانگی کردم، وتی: پیاوی وەها گەورە میوانتە، بۆ نەت وتووە هۆتێلی بۆ تەرخان بکەین و میوانی رادیۆ بێت؟ وتم خەبەرم نەبووە لە کاتی هاتنی.
پاشان سەعاتێکی تەواو زێڕی دەرهێنا و وتی: ئەمەی لە لایەن رادیۆ ئێرانەوە پێشکەش بکە!