دەنگێك پڕاو پڕ لە جوانی و لە هونەر و ڕەسەنایەتی ، دەنگێك كە هەمیشە بەگەرووە پاراو كوردییەكەی ئاشنامان دەكات بە گۆرانیە فۆلكلۆرییەكان ، هونەرمەندێك بەردەوام لەخەمی زیندووكردنەوەی گۆرانی فۆلكلۆرە بەڵام جیاواز و بەشێوازی تایبەتی خۆیی و سەرلەنوێ ڕووح دەكاتەوە بەبەریان و بەهەست و ڕووحی گوێگر ئاشنایان دەكاتەوە ،
لەشەوی 22/ 12/ 2009 لەمیوانخانەی چوارچرا بەدیداری هونەرمەندان ( مەحمود محەمەد، میدیا حسێن و زاهیر جەلال ) گەیشتم دوای بەسەربردنی كاتێكی خۆش و گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی ساڵانی ڕابردوو ، لەو دیدەنیەدا بەدەرفەتم زانی كە هونەرمەند محمود محەمەد بدوێنم باسێك لەژیانی هونەری خۆیی بكات ،
مەحمود محەمەد ئەو هونەرمەندەی كەساڵانێكە خزمەت بە هونەری میللی نەتەوەكەی دەكات و چەندین گۆرانی و بەرهەمی خۆش و شادی بەخشی تۆماركردووە و ئەرشیفی نەتەوەكەمانی دەوڵەمەند كردووە ،
گەلی كورد خاوەنی چەندین هونەرمەندی گەورەو بەتوانایە ، هەریەكەیان بۆسەردەمی خۆیی و ئێستاشی لەسەربێت خاوەنی شێوازو ڕێچكەو تایبەتمەندی خۆیانن و هونەرەكەیان بۆتە قوتابخانەو لە فێرگەكەیان چەندین قوتابی بەئەمەك و دەنگخۆش و بەتوانایان بارهێناوە، زۆر گرینگ و پێویستە بەشانازییەوە لە هونەری ڕەسەن و خۆڕسكی ئەو هونەرمەندانە بڕوانین كەتائەمڕۆش دەنگ و بەرهەمە تۆماركراوەكانیان لە لوتكەدا ماونەتەوە ڕۆژ بەڕۆژ خۆیان نوێ دەكەنەوە ،
هونەرمەندانی وەك ( سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ، مامۆستا عەلی مەردان ، سێوە ، حەسەن زیرەك ، تایەر تۆفیق ، محەمەدی ماملێ ، محەمەد عارف جزیری ، حەمە صالح دیلان ، مەزهەری خالقی ، كەریم كابان و برایمی خەیات و ……تاد )
كارو بەرهەمە هونەرییەكانی ئەو هونەرمەندانە بوونەتە بنەمایەك بۆ هونەری میوزیك و گۆرانی كوردی ،
هونەرمەند مەحمود محەمەد یش بەدەر نییە لەو قوتابیانە ، لەقوتابخانە بەنرخ و پڕهونەرە سیحراوییەكەی هونەرمەندان (سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی و بلیمەتی نەمر حەسەن زیرەك ) خوێندوویەتی و بەلاسایكردنەوەو كاریگەری دەنگی ئەو هونەرمەندانە ڕێچكەی هونەری گۆرانی كوردی گرتۆتە بەر ،
تیپی سروود و چالاكی هونەری قوتابخانەكان گەورەترین كاریگەریان لەسەر قوتابیانی دەنگخۆش داناوەو گەلێك لەو قوتابیانەلەخوێندنی سەرەتاییەوە عاشقی هونەرو میوزیك و گۆرانی بوون ، بەهاوكاری و یارمەتی و هاندانی مامۆستا دڵسۆزەكانی وانەی سروود ، و بەوتنەوەی سروودەكانی وەك ( ئەی ڕەقیب ، خوایە وەتەن ئاواكەی ، ئەی دلێران و شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە و …تاد ) بوونەتە گۆرانیبێژ و گەشەیان بە بەهرەكەیان داوە ،
لەو دیدەنیەدا لەهونەرمەند مەحمود محەمەد مان پرسی ، سەبارەت بە قۆناغەكانی خوێندن و چۆنیەتی سەرهەڵدانی بەهرەی دەنگخۆشی ،پێی ڕاگەیاندین كە لەخێزانێكی هەژارو كەم دەرامەت لەساڵی (1959) لەگەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی هاتۆتە دونیاوە و وەك هەرمنداڵێكی هاوشاری و هاوتەمەنی خۆی لەتەمەنی (6) ساڵیدا خراوەتە بەرخوێندن ،
لەپۆلی چوارەمی سەرەتایی دا هەستی كردووە كە توانای خوێندنی گۆرانی هەیە و دەنگی خۆشە و زیاتر لەو قوناغەدا بەهۆی سروودەكانی ئەو سەردەمە كە بەیانیان بەر لە وانە خوێندن لە گۆڕەپانی قوتابخانەكاتێك قوتابیانیان كۆكردۆتەوە و سروودیان خوێندووە ،مەحمود محەمەد یش لەو قۆناغەدا بەهاوكاری مامۆستای میوزیكژەن ( فەرەنسیس داوود ) توانای هونەری دەركەوتووە و زیاتر هان دراوە بۆ درێژەپێدان و بەردەوام بوون لە كاری هونەری ،
هونەرمەند مەحمود محەمەد ، درێژە بەخوێندن دەدات تاپۆلی دووەمی ناوەندی بەڵام بەداخەوە بەهۆی دابینكردنی ژیان و كاركردنەوە ناتوانێت قۆناغەكانی خوێندن تەواو بكات و دەست بەرداری خوێندن دەبێت ، بەڵام لەگەڵ هونەرەكەیدا زیاتر ئاوێزان دەبێت و خۆشەویستی بۆ هونەرو گۆرانی گوتن پەرە دەستێنێ ، و تادەگاتە تەمەنی هەرزەكاری لەنێو هاوڕێ و هاوەڵەكانی گۆرانی خوێندووە، ڕۆژ بەڕۆژ عەشق و خۆشەویستی بۆ هونەری گۆرانی پەرەدەسێنێ ، لەو سەردەمەدا لەبواری چڕینی گۆرانی ڕیتمی خێراو شادی و بەزمی هەڵپەڕگێ كۆمەڵێك بەرهەمی ناوازەی هونەرمەندان و گۆرانیبێژان لەنێو خەڵكدا دەبیستران وەك ( عەبەی سەیزادە) كە هەرگیز ناتوانرێت ( پۆستەو ئیدارەكەی ) ئەو هونەرمەندە فەرامۆش بكرێت ، پۆستەو ئیدارە و مەراسیمی جەژنە ئاینیەكان لە شاری سلێمانی هەمیشە ئاوێتەی یەكتری بوون و دەنگە خۆشەكەی ( عەبەی سەیزادە ) لەبڵندگۆی سینەماكانەوە دەبیستراو هەست و سۆزی بیسەری دەهەژاند ، هەروەها دەنگ و بەرهەمی هەندێك لە هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان سنووریان بەزاندوو گۆرانیەكانیان بوونە وێردی سەرزاری خەڵكی ،گۆرانیبێژانی وەك ( برایانی زیزی زیزی ، سەیدمحەمەدی سەفایی ، ئیبراهیمی قادری و …تاد ) دەنگ و كارە هونەرییەكانی ئەو هونەرمەندانە كاریگەریان لەسەر هونەرمەند مەحمود محەمەد داناوە ،
هونەرمەند لەنێو كۆڕو كۆمەڵ و هاوڕێكانیدا گۆرانی دەخوێنێ و هێدی هێدی ناوی دەكەوێتە سەرزار و دەناسرێت ، مەحمود محەمەد لەگەڵ هەندێك لە گۆرانیبێژانی ئەو كاتەی شار لە شەو ئاهەنگی ماڵان گۆرانی دەخوێنێ لەگەڵ گۆرانیبێژانی وەك ( ئەحمەد شەماڵ ، ئیبراهیم سەعید ناسراو بەبلەی سەعەكەڕ ، نوری حەوت برا و شەهید عەبەی مەلا ) هەروەها لەگەڵ گۆرانبێژی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان (حاجی عەبدوڵا ) كە بە ( عەبە نەنە) ناسراوە ،زیاتر ئەو گۆرانیانەی لەگەڵدا خوێندوون كەلەو سەردەمەدا لەنێو خەڵكیدا باوبوون ، هونەرمەند درێژەی بەكارە هونەرییەكانی خۆی داوە تاساڵی (1984) بۆیەكەم جار گۆرانی ( عەمرەكەم زارا ) لەگەڵ گروپی میوزیكی خەیام لەتەلەفزیۆنی كەركوك تۆماركردووە ،
كارە هونەرییەكانی هونەرمەند زیاتر كاری فۆلكلۆرو زیندووكردنەوەی گۆرانیە فۆلكلۆرییەكانە ،لێمان پرسی مەحمود محەمەد تاچەند سوودی لەفۆلكلۆر وەرگرتووە ؟؟ پێی ڕاگەیاندین ، هەمیشە ئاوڕم لەفۆلكلۆر داوەتەوە ، چونكە ئێمە میللەتێكین خاوەنی فۆلكلۆرێكی زۆر دەوڵەمەندین ومن بەوپەڕی ڕێزو خۆشەویستیەوە دەڕوانمە ئەو گەوهەرە گەورەیە كە فۆلكلۆرە ، هەروەها سەبارەت بە مەقام و بایەخی مەقام بۆ هونەری گۆرانی میوزیكی نەتەوەكەمان ، وتی شارەزایم هەیە لەمەقامەكانداو مەقامەكان دەناسم و زۆربەیانم لە كۆڕو ئاهەنگ و بەرهەمەكانمدا خوێندووە وەك ( بەیات ، سێگا ، ئەڵڵاوەیسی ،و خاوكەر ) زۆریش حەزبە مەقامەكانی ناوچەی گەرمیان دەكەم و بەڵام زیاتر حەزم بە مەقامی سێگایە ،
مەحمود محەمەد ئەوەشی گوت كەدەتوانێت ئاواز لەسەر هۆنراوەی شاعیران دابنێت و چەند ئاوازێكی داناوە دیارترینیان ئاوازێكە لەسەر هۆنراوەیەكی ( تایەربەگی جاف ) بەناوی ( زەمانە بەزمی ڕەندانە) ،
سەبارەت بەكۆی بەرهەمەكانی پێی ڕاگەیاندین كە تائێستا نزیكەی ( 90) كاسێتی تۆماركراوی هەیە كە زیاتر لەدەشت و دەرو بەزم و ڕەزمی ئاهەنگی شەوانەی ماڵاندا تۆماركراون زۆرتر ئاوڕم لەگۆرانیە فۆلكلۆرییەكان داوەتەوە و زیندووم كردوونەتەوە بەشێوازی دەنگی خۆم ،
سەبارەت بەكاركردنی لەگەڵ گروپی موزیكادا وتی ، كاری هونەریم لەگەڵ تیپی موزیكای سلێمانی و گروپی میللی گەڕیان و تیپی هونەرە میللیەكان كردووە لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستیم بۆ هەموویان ،
لێم پرسی سەبارەت بەوەی كە ماوەیەكە كارە هونەرییەكانتان لەگەڵ گروپی موزیكی میللی گەڕیان دا ئەنجام دەدەن ، بەتایبەت لە ئەلبومی ( تریفە) دا لەگەڵ هونەرمەند ( جەمال حەسەن) كە چەند گۆرانیەكتان خوێندووە وەك ( مەقام و گۆرانی نەوبەهار، دەڕژێ و موسافیر ) كە زۆر قەشەنگ و بەئەدایەكی زۆر جوان ئەو گۆرانیانەت تۆماركردووە ،هۆی چیە لەگەڵ گروپی ناوبراودا كاری هونەری ئەنجام دەدەیت ،لەوەڵامدا هونەرمەند وتی …. لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو تیپ و گروپە موزیكیەكان هیوای بەردەوام بوون سەركەوتنیان بۆ دەخوازم ، بەڵام شێوازی كارو ئاستی هونەری گروپی موزیكی میللی گەریان لەگەڵ دەنگ و كارەكانی مندا گونجاوە و دەست خۆشی لەتەواوی ژەنیارانی ئەو گروپە دەكەم ،
هەروەها لەدرێژەی دیدارەكەماندا لە هونەرمەند مەحمود محەمەدم پرسی ، دەنگ و كارە هونەرییەكانت زۆرتر كاری ڕۆژهەڵاتین و ئایا بە چ ئامێرێكی موزیك سەرسامن یان حەز بەچ جۆرە ئامێرێك دەكەن لەبەرهەمەكانتدا بۆت بژەنن ،
حەز بەو ئامێرانە دەكەم كەلەگەڵ دەنگی مندا ئەگونجێن بەتایبەت ئامێری ( سەنتور ، باڵەبان ، دەف و ئیقاع ) ،
لەبەشێكی تردا سەبارەت بەڕەوشی هونەری میوزیك و گۆرانی كوردی لەمڕۆدا ، مەحمود محەمەد پێڕاگەیاندین ، ئەو كارانەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێن هونەری ڕەسەنی نەتەوەكەمان بەرەو هەڵدێر دەبات ، ئەوەش سەرگەردانییەكە بۆ هونەری میوزیك و گۆرانی كوردی ، چونكە ئێمە خاوەنی گەلێك هونەرمەندی بەتوانا وخاوەن ئەزموون و گەورەین كە هەریەكەیان بە ئەندازەی خۆیان خزمەتێكی گەورەیان بە نەتەوەكەمان كردووە، و پێویستە ئەرك و زەحمەت و ماندووبونی ئەو كەڵە گۆرانبێژو هونەرمەندانە لەبەرچاوبگرین و فەرامۆشیان نەكەین و درێژە بەڕێگا پیرۆزەكەیان بدەین كەئەویش خزمەتكردن بووە بە هونەری كوردی ، دەكرێت كاری نوێ و داهێنانی نوێ پێشكەش بكەین بەڵام لەسەر بنەمای هونەرێكی ڕەسەن و پوختی كوردی ،
دەكرێت بیرەوەرییەكی خۆش كەلەژیانی هونەریتدا بەسەرتان هاتووە بۆ خوێنەرانی بەڕێزی باس بكەیت ،
وەڵڵا بیرەوەری و بەسەرهاتی خۆش گەلێك زۆرن لەماوەی كاری هونەریمدا كەبەسەرمدا هاتووە ، بەڵام یەكێك لەو بیرەوەریانە كە هەرگیز لەیادم ناچێت و بەشەوێكی زۆر خۆش لەبیرەوەریەكانمدا ناودێری دەكەم ، ئەویش شەوی (19/6/2001 ) بوو لە مۆتێل چنار لەسەرچنار بانگهێشت كرابووم بۆ یادی (46) ساڵەی لەدایكبوونی هونەرمەندی بەڕێزو خۆشەویست كاك ناسری ڕەزازی ، هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی لەلایەن خاتوو ( مەرزیەی فەریقی ) یەو داوەتكرابووم بۆ ئەو یادە ، كاتێك چووم جیا لە هەندێك میوانی ئازیز ، كۆمەڵێك هونەرمەندی گەورە میللەتەكەمان وەك من داوەت كرابوون وەك هونەرمەندی گەورە مامستا كەریم كابان ، خوالێخۆشبووان ( برایمی خەیات و عوسمان عەلی ) هونەرمەند حەمەڕەووف كەركوكی و جەمال حەسەن و عەتا قەردەداخی ئامادەبوون ، بۆ ئەو یادە مەرزیە خانم داوای لەمن كرد چەند گۆرانیەك بەو یادەوە پێشگەش بكەم ، منیش سەرەتا بەمەقامێك دەستم پێكردو پاشان چەند گۆرانیەكم خوێند ، لەكاتی گۆرانی گوتن دابووم كاك ناسری ڕەزازی هاتەلام و فەرمووی ئیجازە هەیە بەیەكەوە گۆرانی بخوێنین ، منیش بەو پەڕی ڕێزو حورمەتەوە پیم وت بەڵێ ، ئەوەبوو بەیەكەوە چەند گۆرانیەكی بەزمی هەڵپەڕكمان پێشكەشی ئامادەبوان كردو ، ئامادەبوانمان هێنایە جۆش و هەڵپەڕكێ ، بەڕاستی بۆمن ئەو شەوە بەیەك لەشەوە خۆشەكانی ژیانم دەژمێرم ،
تێبينى : ئهم بابهت له گۆڤارى (چلاواز) ژماره (49) لهئادارى 2010 بڵاومكردۆتهوه