لەمانگی 10/2019 ئەلبومی (شارەكەم)ی هونەرمەند ناسری ڕەزازی بڵاوكرایەوە، یەكێك لە گۆرانییەكان بەناو شارەكەم، لەئاوازی هونەرمەند (ئەردەشیر كامگار) و هۆنراوەی (سەعید شێخولئیسلامی كوردستانی)
تێكست و میلۆدی و دەنگە پر سۆز و زوڵاڵەكەی كاكەی ڕەزازی، بووە جێی سەرنج و ڕاكێشانی هەست و سۆزی گوێگر بۆنێو دنیای ئاوارەیی و سۆزی غوربەت و نامۆیی، كاتێك كە زیاتر وشە بە وشەی تێكستەكەم گوێگرت، واهەستم كرد شاعیر پەیكەرسازێكی كارامەو دەسڕەنگینە و پۆرترێتێكی لە وشە بۆهونەرمەند ناسری رەزازی دروستكردووە كە ماوەی (40) ساڵە لەزێدەكەی دوورەو هەموو كات ئاسۆیەكی لەبەر چاوە، كە لەكێوی ئاویەرەوە بڕوانێ بەسەر شارە ئازیزەكەی سنەدا. جوانی و بەرزی هۆنراوەكە بۆ من بوو بە بابەتێك تا زانیاری لەسەر دانەری ئەو هۆنراوەیە بەدەست بێنم. ماندووبوونەكەم زۆری نەخایاند و لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە، دانەری هۆنراوەی (شارەكەم)م دۆزییەوە و وتووێژێكی كورتم لەتەكیدا ئەنجام دا و بەڕێزییان زۆر بەمیهرەبانی و لووتفەوە بە زاراوەی شیرینی ناوچەی ئەردەڵان وەڵامی دامەوە. بەرێزییان بەهەمان دەردی مامۆستا (هێمن) ئەویش ناوە دوورو درێژەكەی كورت كردۆتەوە و، نازناوی (شێخ)ی بۆ ناسنامەی شیعری هەڵبژاردووە، شێخ : وتی … ناوم (سەید موحەممەد سەعید شێخولئیسلامی كوردستانی)یە، وەلێ لەسەیدەكە و موحەممەدەكە چشم كردگە، چونكە ناوەكەم یەكجار دوورو درێژە …! هەرسەعید شێخولئیسلامی كوردستانییەكەم هێشتگەسەو و نازناوی شیعریم (شێخ)ە. لەساڵی 1945، لەیەكێك لەگەڕەكە دێرینەكانی شاری سنە لەدایكبووم، _ لەزانستگە دەرسم خوەندگە و پانزەساڵیك لەزانستگای (ئازادئیسلامی) و زانستگای (سوورە) لەشاری تاران، دەرسی ئەدەبیاتی فارسیم وتگە و ئیسە لەشار تارانا نیشتەجێ و خانەنشینم. سەبارەت بەسەرەتاكانی هۆنراوە نوسین لێم پرسی؟ _ نازانم ئەوەل شیعرم كامەسە، چونكە هەرگیز خوەمم بەشاعیر نەزانیگە، وەلێ كەنیشكەكەم بەعزێ لەكارەكانمی جەمەو كردگەسەو. شیعرەكانم بۆ ئەوە ناشێ چاپ بكرگێت، وەلێ چەن كتێوم لەبوار (كۆمەڵگەناسین) و (ژیربێژی) و (عیرفان ) و (داستان)، لەفارسییەوە بۆكوردی و لەكوردییەوە بۆ فارسی تەرجومە كردگەسەو. و هەروەها (خەوەبەردینەی) نەمر (سوارەی ئیلخانیزادە)م كردگە بە فارسی و شەرحم لەسەری نوسیگە، سەبارەت بەهۆنراوەی شارەكەم لێم پرسی ئایا ئەو هۆنراوەیە تایبەت بەژیانی ئاوارەیی و نامۆیی هونەرمەند ناسری ڕەزازی نوسیوە؟ _ ئەو شیعرە دەمێك ساڵە نوسیگمە بەناو ( سنە) كەواتە ئەوە هەست و نەستی ناخی بەڕیزتانە كە ماوەی چەند ساڵە لەشاری تاران دەژین و دوورن لە سنە، هۆكاری لەدایكبوونی ئەو هۆنراوەیە سۆزو هەستی دووریتانە لەزێدەكەتان؟ _ بەلی شیعری سنەم لەسەر ئاهەنگ ئاغەی (ئەردەشیر كامگار) بەتەقازای شاگردێك قەدیم دانشگام وتگە، كاك ناسر رەزازی خوەشەویست بەعزێكی تەغیر داگە، دەسی خوەش بێ، هەرچەندە هۆنراوەی سنە كۆپلەكانی زۆرن بەڵام هونەرمەند ناسری رەزازی تەنها شەش كۆپلەی لێ هەلبژاردووە و هەندێك دەستكاری كردووە. كاك سەعیدشێخۆلئیسلامی كوردستانی لەكۆتاییدا وتی:
_ جیا لەوە چەند هۆنراوەیەكی ترم هەس وەك (هەولێر) و (دایە)، بەڕێزییان لوتفی نواند هەردوو هۆنراوەكەی بۆناردم، لێم پرسی: ئەو هەست و سۆزەت بۆشاری هەولێری هەیە ئایا لەنزیكەوە شاری هەولێرتان دیوە؟
_وتی نەخێر بەڵام زۆر تاریف هەولێرم ژنەفتوو، ئەمەی كەشارێكی كۆنە و قەڵاو منارەی هاتیا، ئەوە بوو خوەم لەخەیاڵا ئەو كەلیماتمە جۆركرد. ئەوهەستەی شاعیرم بیست كەوتمەوە خەیاڵی (ئەسیری) شاعیر لە هۆنراوەی (بێرە كوردستان)دا بەچ شێوەیەك باس لە گوڵزارو زەنوێری قەندیل دەكات، كە دڵنیام (ئەسیری ) قەندیلی هەرنەدیوە، ئەسیری دەفەرموێ
( بێرە كوردستان عەزیزم گەر تۆ سەیرانت دەوێ
بتبەمە قەندیل ئەگەر گوڵزاری كوێستانت دەوێ )
شاعیر سەبارەت بەشیعری هەولێر دیسانەوە دەڵێت:
_ ئەو شیعرەم لەژێر كاریگەری ئاهەنگی (شلێرە)ی مامۆستای نەمر (تایەر تۆفیق)دا نوسیگە، هەر لە جەوانییەوە لەبیرمدا بوو و جارجار لەبەرخوەمەوە ئەمخوەند، دەبێ ئەوەش بێژم من لەتەك ئاغەی (كەیخوسرەوی پوورنازری) هونەرمەند مەنشوور و ژەنیاری (تار و تەموورە) دۆسایەتیم بوو ،بەلایەوە چەند ساڵ مەشق تەموورە ژەنینم ئەكرد، رۆژی وتی پێم: قەرارە خوەموو كوڕەكانم (تەهمورس و سوهراب) برۆین بۆ هەولێر كۆنسێرتمان هەس، ئەگەر شیعرێك شك ئەوەی بیدەپێم بۆئاهەنگ دورس كردن و خوێندن، ئاغەی نازری لەشار هەولێر ئەو شیعرەی خوێندبوو خەڵكەكە حەزیان پێ كردگە، ئیسە شیعرەكە بۆت بەڕێ دەكەم، ئەگەر پەسەندت بوو پێم خۆشە ئاوازێكی لەسەر دابندرێت و لەلایەن هونەرمەندێكی دەنگخۆشەوە بخوێندرێ و پێشكەش بێت بەشار هەولێری خوەشەویست و هەموو دانیشتوانەكەی.
15/2/2020 جەمالی دەلاك
هەولێر
یارەکەم هێندە جوانە ئەدرۆشێ وەک ئەستێرە
جێگای لە ئاسماندایە یا دانیشــتووی هەولێرە
لەوێ بێ یاکوو لێرە
خەڵکی شاری هەولێرە
باڵای باریک و شووشە گـــەردەن دەڵی بلــوێرە
مژۆڵەی وەکوو خەنجەر ئەبرووی وەکوو شمشێرە
ئاسکی دەشتی حەریرە
خەڵکی شاری هەولێرە
لە مێژە زۆر لە مێژە یەخســیری کردووم لێـرە
سەد جار لێ پاڕامەوە ئاورێ وابزانە خــەێرە
شەهیدم کە بە نیگا و
خۆت بە خاکم بسپێرە
شاری قەڵا و مەنارە هـەولـــێـرە دیارە ئێــرە
شاخی بەرزو بەفرینە دەشت وچیمەن زەنوێرە
بۆیە ئەو گوڵەم خۆش ئەوێ
خــەڵکی شـاری هەولێرە
***
سەعید شێخولئیسلامی کوردستانی
( شێخ )
جەمالی دەلاك