محەمەد دانش

هونەرمەند محەمەد دانش و…. گۆرانی ئەمیرەكەم

هونەری میوزیك و گۆرانی مێژوویەكی كۆن و دێرینی هەیە و بەشێكی گرینگی هونەری نەتەوەكەمانە، ئەم هونەرە لەگەڵ بەرەوپێش چوونی كۆمەڵگا گۆڕانی بە خۆوە دیوە ، كاراكتەری ئەم بەشە زیندووەی هونەری میوزیك و گۆرانی ( گۆرانیبێژ و ژەنیار و شاعیر و ئاوازدانەر) ە كە هەرهەموویان وابەستەن بەیەكەوەو بەردەوام ئاوێتەی یەكتر بوون لەپێناو گۆڕان و خوڵقاندنی بەرهەمی نوێ‌.

هەرچەندە نەتەوەی كورد وەك هەرنەتەوەیەكی تر خاوەنی هونەرمەندی گۆرانیبێژ و میوزیكژەنی بەتوانایە و هەمیشە خۆبەخشانە كاریان كردووە و لە خەمی پاراستن و بەرەوپێش چوونی هونەری میوزیك و گۆرانیدا بوون ، بەڵام بەداخەوە هونەر لەنێو نەتەوەی كوردا تا ئێستا نەبۆتە پیشە تابتوانرێت بژێوی ژیانی هونەرمەند بەگشتی دابین بكات.

هونەرمەندی كورد لە هەموو بوارەكانی هونەردا بەگشتی بە عەشقێكی پاكەوە لە خزمەتی هونەری نەتەوەكەیدا بووە ، بەڵام سەختیەكانی ژیان و كەم دەرامەتی و دەست تەنگی هۆكاربووە كە هونەرمەند نەتوانێت هەموو ژیان و كاتەكانی تەرخان بكات بۆ گەشە پێدانی هونەرەكەی ، بەڵام جێگەی خۆشحاڵیە هونەرمەندی كورد تائەو جێگەیەی دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت كەم تەرخەم نەبووە و هەمیشە لەخزمەتی هونەرەكەیدا بووە و كاری بۆ كردووە.

یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە جیا لە بەهرەی دەنگخۆشی بەڵكو خاوەنی چەندین خەسڵەتی جوانی هونەرییە ، وەك ( گۆرانیبێژ ، میوزیكژەن ، شێوەكار و دروستكردنی ئامێرەكانی میوزیك ( عود و سەنتووور ).

ئەو بەهرەمەندە دەست ڕەنگینە هونەرمەند ( محەمەد دانش ) خەڵكی شارەجوانەكەی ( مەهاباد ) ی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە ، ناوی تەواوی هونەرمەند ( محەمەد خەلیل قادر ) ە لەساڵی ( 1945) لەشاری مەهاباد بەدنیا هاتووە ، ( دانش ) پاشگری ناویەتی بەواتای ( زانست ) دێت.

هونەرمەند محەمەد دانش توانایەكی باشی هەیە لەبواری خوێندنی گۆرانیدا و بەتایبەت لاساییكردنەوەی هونەرمەندانی نەتەوەكەمان ، بەڵام دەكرێت ئەوەش بڵێم كە دانش خاوەنی شێوازێكی تایبەت بە خۆیەتی لە خوێندنی گۆرانیدا ،سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەری دانش دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی خوێندنی سەرەتایی ، بەتایبەت كاتێك لەپۆلی سێی سەرەتایی دەبێت لەلایەن مامۆستاكانی قوتابخانەكەی داوای لێدەكرێت كە سرود و گۆرانی بخوێنێ‌ ، دانشی هونەرمەند بەدەنگە خۆشەكەی لەمەراسیم و یادو چالاكیە هونەرییەكانی قوتابخانەكەی بە خوێندنی گۆرانی و سروود بەشداری كردووە.

محەمەد دانش دوای تەواكردنی خوێندن ،زیاتر بەرەو جیهانی هونەری میوزیك و گۆرانی هەنگاو هەڵدەگرێت و كاریگەری شارە جوانەكەی مەهاباد و ناوچە دەوڵەمەندەكەی ( موكریان ) كە پڕبووە لە هونەرمەندانی بەتواناو دەنگخۆش و هونەری ڕەسەن و هەرەوەها سرووشتە جوانەكەی مەهاباد كاریگەریەكی زۆر لەسەر محەمەدی دانش دادەنێت و كە زۆرتر لە هونەر نزیك بێتەوە.

هونەرمەند لەساڵی ( 1970) ڕوودەكاتە ڕادیۆی مەهاباد وەك كارمەند دادەمەزرێت، و درێژە بەكاركردن دەدات و ئەو رادیۆیەش كاریگەری دەبێت لەسەر كارە هونەرییەكانی محەمەد دانش ، و ماوەی ( 27) ساڵ درێژە بەكارەكەی دەدات لە ڕادیۆ مەهاباد و لەوماوەیەدا چەندین بەرهەم تۆماردەكات.

لەماوەی تەمەنی هونەریدا محەمەد دانش زیاتر لە ( 40) گۆرانی تۆماردەكات و شارەزاییەكی باشیش لە ناسین و خوێندنی مەقامەكان بەدەست دەهێنێ‌.

دانش بەهۆی كەسایەتی و بەهرەی دەنگخۆشیەكەیەوە ئاشنایەتیەكی زۆر لەگەڵ هونەرمەندانی شاری مەهاباد بەتایبەت ( سەیدڕەحیمی قوڕەیشی و یادی بەخێر محەمەدی ماملێ‌ ) دروست دەكات ،محەمەدی دانش بەهۆی ئەوەی كە ژەنیاری ئامێری ( عود) بووە لەچەند ئاهەنگێكی هونەرمەند محەمەدی ماملێ‌ بەئامێری عود بەشداری كردووە یەكێك لەو ئاهەنگە دیارانە، زەماوەندی یەكێك لە كوڕەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو( خەلیلی صدیقی ) ساڵی ( 1976) لەماڵی ( كەریمی تەڵایی ) تۆماركراوە ، لەو ئاهەنگەشدا هونەرمەند ( ناسری ڕەزازی ) لەگەڵ هونەرمەند ( محەمەدی ماملێ‌ ) چەند گۆرانیەك بەیەكەوە تۆماردەكەن و تائەمڕۆش ئەو ئاهەنگە وەك ئەرشیف ماوە ، جیا لەبەشداریكردنی محەمەد دانش بەژەنینی ئامێری عود ، دوو گۆرانیش دەخوێنێ‌ ، گۆرانیەكان بەنێوی ( ئەمیرەكەم و ڤینۆس ).

لەساڵی (2002) هونەرمەند محەمەد دانش بەگەشتێك هاتە شاری سلێمانی و لەنزیكەوە بەخزمەتی گەیشتم و لەڕێكەوتی ( 16/1/2002) لەسەرتاشخانەی ڕەزازی دیدارێكی كورتمان ئەنجامدا و چەند پرسیارێكم سەبارەت بە سەرەتای كاری هونەری و كاریگەری ڕادیۆ لەسەر خەرمانی هونەری و هەروەها ( میرزا عەبدوڵا تۆقە) ی تارژەن لێكردو ئاغای دانش و لەوەڵامدا ئەوەی ڕاگەیاند كەزۆر خۆش حاڵ و شادمان بوو بەو سەردانەی بۆ شاری سلێمانی و دیدەنی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و كەسایەتیەكانی ئەو شارە ، خۆش حاڵ بوو كە ئەو ئاواتە لەمێژینەیی هاتە دی ، یەكێك لەپرسیارەكانم ئەوەبوو بەڕێزتان ماوەیەكی زۆر لەڕادیۆ مەهاباد وەك كارمەند كارتان كردووە ئایا كاریگەری ئەو ڕادیۆیە لەسەر ژیانی هونەریتان چەند بووە ؟؟؟

هونەرمەند محەمەد دانش وتی ڕاستە من كارمەندی ڕادیۆ مەهاباد بووم ، بێگومان لە ماوە دوورو درێژەدا كەڵكم وەرگرتووە ، بەڵام نابێت هیچ كات ڕۆڵی ڕادیۆ كوردی ( بەغدا ) فەرامۆش بكەین ، چونكە پێش ئەوەی بچمە ڕادیۆ كاربكەم ، من گوێگرێكی بەردەوامی ڕادیۆ كوردی بەغدا بووم و خۆم بەقەرزداری ئەو ڕادیۆیە دەزانم ، كاتێك بەیانیان پەخشی ئەو ڕادیۆیە ئارمەكەی ( قاسپە قاسپی كەو ) بوو واتە لەو كاتەوە من گوێ‌ بیستی ئەو ڕادیۆیەم و لەڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە بەدەنگ و كاری هونەری گەلێك لە هونەرمەندە نەمرەكانی باشووری كوردستان ئاشنابووم وەك ( مامۆستا عەلی مەردان ، تایەر تۆفیق ، حسێن عەلی ، ڕەسوڵ گەردی ، كەریم كابان ، محەمەد صالح دیلان و فوئاد ئەحمەد و….. چەندینی تر ) لەنێو وتووێژەكەماندا لەگۆرانی ( ئەمیرەكەم ) دوایین ، وتم ئەو گۆرانیە پێشتر هونەرمەند ( فوئاد ئەحمەد ) خوێندوویەتی گۆرانی ئەو هونەرمەندەیە و كاتی خۆی بەو كەم دەرامەتە هونەرییە زۆر باشی خوێندووە ،چۆن بەڕێزتان بڕیاری ئەوتان دا كە ئەو گۆرانیە جارێكی تر بەدەنگە خۆشەكەی خۆت بیخوێنیتەوە ، لەوەڵامدا وتی ( كاتێك بۆیەكەم جار گوێبیستی ئەو گۆرانیە بووم ، هونەرمەند فوئادئەحمەد ئەوەندە بەهەست و شەوقەوە ئەو گۆرانیەی خوێندبوو ، هۆنراوەكەی ، ئاوازەكەی و دەنگی ئەو هونەرمەندە كاریگەرییەكی زۆری لەسەرم دانا و بڕیارمدا منیش بەشێوازی خۆم جارێكی تر بیخوێنمەوە و لەیەكیك لەبەرهەمەكانمدا بڵاوی بكەمەوە.

هونەرمەند محەمەد دانش لەماوەی ژیانی هونەریدا خاوەنی دوو كاسێتە و چەندین گۆرانی لە خۆگرتووە وەك ( ئەمیرەكەم ، غەریب ، پێشكەشت بێ‌ ژیانم ، ئەمبەرەو بەرە ، باخچەی ئاوات ، بڕوات بێ‌ نازدارەكەم ، ئای لەدڵداری ، كاتی بەیانە ، دڵت دامێ‌ ، یار و هەوری بەختی كوردستانم و … تاد )

دانشی هونەرمەند خاوەن خێزانەو لەناو خانەوادەكەیدا كچ و كوڕێكی دەنگیان خۆشە و كۆڕەكەی جیا لەبەهرەی دەنگخۆشی میوزیكژەنیشەو شارەزایی هەیە لەژەنینی ئامێرەكانی وەك ( ڤیۆلۆن ، عود و ئۆرگ ) ، بەهرەی دەنگخۆشی و ئاشنابوون بە دنیای هونەری میوزیك و گۆرانی لەبنەماڵەی دانش دا ، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی باپیری محەمەد دانش ، باپیری یەكێك بووە لە لەتارژەنەكانی سەرەتای سەدەی بیست لەشاری مەهاباد ، ناوی ( قادری عەبدوڵا تۆقە ) یە ،( لەساڵی ( 1932) هونەرمەندی گەورەو دەنگ زوڵاڵ ( سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ) لەشاری سنەی ناوچەی ئەردەڵان بەگەشتێك ڕوودەكاتە ناوچەی موكریان و لەشاری مەهاباد بۆ ماوەی (40) ڕۆژ دەمێنێتەوە ، سەیدعەلی ئەسغەری كوردستانی لەهاوینی ئەو ساڵەدا لەباخی ( میرزا شەریفی حاجی ڕەشید ) بەدەنگە خۆشەكەی گۆرانی بۆ خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت و تەواوی چین و توێژەكانی ئەو شارە خوێندووە ،قادری عەبدوڵا تۆقە ئەوندە شارەزاو لێزان و بەتوانا بووە بە تارەكەی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی گوێبیستی دەنگی سەید ئەسغەری كردووە ، ) * (1)

 

* (1) سەرچاوە / كتێبی ( سەیید عەلی ئەسغەری كوردستانی ) بەڕێز كاك (محەمەد حەمە باقی ) ل / (120 و 121)

 

تێبینی : ئەم بابەتە لەگۆڤاری (( چل ئاواز) ژمارە ( 40) حوزەیرانی (2009) بڵاوكراوەتەوە ، گۆڤاری چل ئاواز ، گۆڤارێكی مانگانەیە ، تایبەتە بە بوارەكانی میوزیك ، دەزگای ( موزیك و كەلەپووری كورد ) لە هەولێر دەریدەكات ،