ئەی بەندینخانە تاكەی ئەمێنی
لاوانی گەلمان لەناو خۆت ئەچێنی
لەشۆرشەكانی كورد دژ بەداگیركەران و ناحەزانی كوردستان ، شان بەشانی پێشمەرگە نوسەران و ڕۆشنبیران و شاعیران و هونەرمەندان وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەبەرەی گەلە چەوساوەكەیاندا بوون و بەرهەمیان خولقاندووە بە خامە و هەستی بەرزیان ئەدەبی بەرگریان بالاتر كرد و هونەرمەندان یش بەگەرووی كوردانەیان هونەری بەرگری گەلی كوردییان پتەو تر و بەجۆشتر كردووە ، لە هەموو قۆناغەكانی شۆرشی كورد هونەرمەندانی ژەنیار و دەنگبێژ و سروود بێژ لەناو تیپە مۆسیقیەكان بەوپەڕی دلسۆزیی و لەخۆبووردووییەوە بێ ووچان كاری هونەرییان تۆماركردووە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشكێك بخەمە سەر سروودی ( ئەی بەندیخانە )، بەڵام بەرلەوەی بچمە سەرباسەكەم لەنێو هونەری بەرگری نەتەوەكەماندا گەلێك سروود و مارش تۆماركراوون كەهەریەكەیان بۆسەردەمی خۆیی و تەنانەت ئێستاش گرنگی خۆی هەیەو هەریەكەیان پاشخانێكی هەیە كە پێویستە ئاماژەیان پێبدرێت و بیان كەینە دۆكۆمێنت و سەرچاوە بۆ داهاتوو.
لەسەرەتای ساڵی ١٩٨٤کاتى دانوسانى نێوان ڕژێم و یەکێتى نیشتمانى کوردستان ، لەڕێی تۆمارگای (پیرۆزە) لەشاری سلێمانی گوێبیستی سروودێك بووم بەناوی ( ئەی بەندیخانە) لەگەڵ یەكەم بیستندا ئەو سروودە لەڕوویی تێكست و میلۆدی و دەنگەوە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بیسەر دادەنا ، لەبەر گرنگی سروودەكە و كاردانەوەی تێكستەكە لەسەر ناخ و هەستم لەخاوەن تۆمارگام پرسیی ئەو سروود بێژە كێیە ؟ بەداخەوە هیچ زانیاری لەسەر نەبوو تەنها وتی ئەوە كاسێتێكە هەمووی سروودە بەناوی ( تیپی هونەری چەوساوەكان ) بۆم هاتووە و بڵاوی دەكەمەوە.
ئەو پرسیارە بێ وەڵامە لەلا مایەوە تادوای ڕاپەڕین، زیاتر كەوتمە دوای وەرگرتنی وەڵامەكەم تا بۆم ڕۆشن بۆوە ئەو سروود بێژە هونەرمەند ( لالۆ رەنجدەر) ی ئازیزە و لەنزیكەوە بەخزمەتی گەیشتم ، بەپێویستم زانی كە بكەومە دووی و زانیاری زیاتر لەسەر ئەو سروودە وەدەست بهێنم و لەنزیكەوە كاكە لالۆ رەنجدەر بدوێنم و چەند پرسیارێكی ئاراستە بكەم ، بەوپەڕی لوتفەوە وەڵامی درووستی پێ بەخشیم سەبارەت بەسروودی ( ئەی بەندینخانە).
بەندینخانە ئەو شوێنە ئازار بەخشەیە كە داگیركەرانی كوردستان بۆ كەسانی تێكۆشەرو ئازادیخواز و شۆرشگێڕی درووست كرووە و ژوورە تاریكەكانی بەندینخانە شوێنی ئازاردان و شەهیدكردنی سەدان لەرۆڵەكانی نەتەوەكەمانە بەدەستی جەللادە خوێنمژەكانی داگیركەر.
سروودی بەندینخانەش باس لەو ئازارە دەكات كە ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلەكەمان لە زیندانەكانی بەعسدا بەدڕندەترین شێوە ئازار دەدران و قارەمانانە ڕووبەڕووی جەللادەكان دەبوونەوە.
ئەگەر خاوەنی تێكستی بەندینخانە خۆی قوربانییەكی ژوورە تاریكەكانی بەندیخانە نەبووبێت حەتمەن ئەو هەستە بەرزە شۆرشگێڕییە و هیوا بەدوارۆژی ڕۆشنی گەلەكەی نەبووبێت ناتوانرێت لەزیندانەوە ئەو هۆنراوە بەرزە بنوسێت و ڕۆژێك بێت بەگەرووی خۆی بیچڕێت.
بۆئەو مەبەستە لەلالۆ ڕەنجدەری سروود بێژم پرسیی دەكرێت بزانین تێكست و ئاوازی سروودی بەندیخانە هی كێن و ساڵی چەند و لەكوێ تۆماركراوە ؟
لالۆڕەنجدەر : من هەروەك تاكێكی نەتەوەكەم هەمیشە خەمم لەوە دەخوارد كە بۆ دەبێت نەتەوەكەم خاوەنی ئەو هەموو جوانییە یە ، خاوەنی وڵات و ئاڵا و زمان و فەرهەنگ و كەلتووری خۆیەتی ، بەڵام بەشمان داگیركاری و سەركوتكردن و زیندە بەچاڵكردن و لاوەكانمان لەژوورە تاریكەكانی زیندان توند دەكرێن ، بەهەرحاڵ ساڵی ١٩٧٧ لەهەیئەی بەعس زیندانی بووم لەژێر ئازارو ئەشكەنجەی جەللادەكانی بەعس شانیان شكاندم و ئازارێكی زۆرم چەشت ، بەڵام لەبەرئەوەی لەژێر ئەو هەموو فشارە دەروونی و جەستەییەدا هیچم نەدركاند و لەكۆتایی هەمان ساڵدا ئازادكرام ، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم لەدوای شكاندنی شانم كەوتمە خەیاڵی ئەوەی لەناخی پڕ ئازارمەوە شتێك بۆ ئەو چواردیوارە پڕ ئازارە كەپێی دەوترێت بەندینخانە بنووسم ، بەڵی لەزیندان ئەو هۆنراوەیەم نوسی.
دوای ئازادبوونم لەساڵی ١٩٨٧ پەیوەندیم كرد بەڕیزەكانی پێشمەرگەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم پۆشیی و لەگەڵ براو هاوڕێ پێشمەرگەكانم بەردەوام لە جەولەدا بووین لەناوچە ئازادكراوەكان و بەردەوام بەدەم ڕێوە سروودە نەتەوەیی و شۆرشگێرییەكانم دەووت بەگشتی و بەتایبەتی سروودی ئەی بەندینخانە.
لەساڵی ١٩٨٢ لەگوندی بالیسان بۆیەكەم جار لەگەڵ ( تیپی هونەری چەوساوەكان ) كە تیپێكی هونەری بەرگری گەڕۆك بووین ، لەوێ تۆمارم كرد، واتە هۆنراوەی ( ئەی بەندیخانە ) هۆنراوەی منەو دەبێت ئەو ڕاستیەش بڵیم كە دوو كۆپلەی سروودەكە ( شەهید شەماڵی باخ ) بۆی زیادكرد ئەویش دەرەئەنجامی ئەو زامە پر سوێیە بەو ڕووحە پر ئازارەوە كە ( دكتۆر ڕێبازی ) برای بەدیل گیراو لەقەسابخانەكەی موسڵ لەسێدارە درا ، شەهیدكردنی براكەی ببوە هەوێنی ئەو دوو كۆپلەیە ، دووبارە لەساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ هەمان تیپی مۆسیقی لەگوندی ( گۆپ تەپە) دەشتی كەركوك تۆمارمان كردەوە و بەباشیی بڵاوكرایەوە.
سەبارەت بە میلۆدییەكەی دەبێت ئەوەش بڵیم كە من سوودم لە گۆرانیەكی هونەرمەندی خۆشەویست كاكە ( حەسەن گەرمیانی ) وەرگرت گۆرانیەك بەناوی ( زەردەی دەم كەل ) و هەندێك دەستكاریم كرد وەئاوازی ئەو گۆرانیە هی هونەرمەندی ژەنیاری گەورە مامۆستا ( خالید سەركارە ).
دوای ئەوەی كە لە زاری هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەرەوە ناوی مامۆستا خالید سەركارم بیست ، ڕاستەوخۆ پێوەندیم پێوەكرد سەبارەت بەو ئاوازە و بەڕێزییان فەرمووی ، بەڵێ ئەوە ئاوازی منە و لەساڵی ١٩٧٣ لەسەر هۆنراوەی ( زەردەی دەم كەل ) دامنا و دەبێ ئەوەش بۆئێوە ڕوون بكەمەوە ئەو هۆنراوەیە ، هۆنراوەی بەڕێز ( فەتاح كەریم ) ە ناسراو بە ( كاوە ) ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی بوو ، دواتر هونەرمەندی خۆشەویست كاكە حەسەن گەرمیانی زۆر بەجوانی خوێندی و بووە جێی سەرنج و ڕەزامەندی گوێگرانی دەنگی كاك حەسەن گەرمیانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی.
پرسیارم ئاراستەی هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر كردەوە و وتم ئێوە بەدەنگە پر جۆشەكەتان ئەو سروودەو چەندین بەرهەمی سروودی ترتان لەگەڵ ئەو تیپە مۆسیقیە تۆماركرد ، ئایا ناوی هونەرمەندە ژەنیارەكانت لەیاد ماوە پێم باشە خوێنەران لەلایان رۆشن بێت ئەو دەست و پەنجە زێرینانە بەو هەستە نیشتمانی و كوردانەوە لەناوچە ئازادكراوەكان هاوكارتان بوون بزانێن كێن ؟
من لێرە جارێكی تر سپاس و ستایش و ڕێزم بۆ هەموو ئەو هونەرمەندە ژەنیارە خۆشەویستانە لەو ڕۆژگارە سەختەدا هەموو كات هاوكارمان بوون دەست و پەنجەو هەستی بەرزی هونەری ئەوان بوون كەئێمەیان زیاتر هان ئەدا بەردەوام بین و كاری نوێ بخوڵقێنین ، هەروەها سپاس و حورمەت بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی هاوكارمان بوون ، ئەوەی لەیادم مابێت ئەو هونەرمەندە خۆشەویستانە لەگەڵماندا كاری هونەرییان دەكرد وەبەتایبەت لەسروودی بەندینخانەدا.
( مامۆستا مەجید خۆشناو ژەنیاری كەمان بوو ، مامۆستا قەمبەر ژەنیاری كەمان ، سیار بامەڕنی ژەنیاری گیتار ، مامۆستا محەمەد ژەنیاری گیتار خەڵكی شارۆچكەی دوكان بوو وەهەروەها هەندێك ژەنیاری خۆشەویست و بەتوانا كەبەنهێنی لەشاری سلێمانی یەوە هاتبوون بۆئەو كاتە نەیاندەویست ناویان ئاشكرا بكرێت ) وە ئەوەی لەیادما ماوە لەو سروودەو سروودەكانی تردا كۆرسمان لەگەڵدا بوو ( شەهید سەردار و شەهید كامەران و چەندپێشمەرگەیەكی ) تربوون ، بەداوای لێبوردنەوە كەناتوانم ناوی هەموویان بهێنم چونكە تەمەن هەڵكشاوە و لەیادم نەماون دەبێت بەگەورەیی خۆیان بمبەخشن.
نزیكەی ٤٢ ساڵ بەرلەئێستا ئەو هۆنراوەیە لەزیندانی بەعسدا نوسراوە ، لەوپەڕی وورە بەرزی و هیوا بەخۆبوون و دڵنیابوون لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی بەو گەشبینییەوە شاعیر دەنگ هەڵببڕێ و بڵێ :
بێشك بزانە ئەی بەندینخانە
ئەتكەین بەجێگەی گوڵ و ڕەیحانە
لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەو شوێنانەی پێش ڕاپەڕین جێی ئازار و ئەشكەنجەدان و شەهیدكردنی ڕؤڵە چاونەترس و قارەمانەكانی ئەم گەلە بوون وەك ( حامیەی سلێمانی ، ئەمنە سورەكە و سجنی گەورەی سلێمانی ( پاركی دایك ) و شوێنی ئێستای پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان و بێگومان لەشاری دهۆكیش) بەداخەوە یەك كۆپلە لەو سروودە وەك تابلۆیەك دانەنراوە تا نەوەی نوێ بزانن كەڕؤژگارێك بوو ئەم شوێنانە جێی ئازاردان و ئەشكەنجەدان بووە و ئێستا لەسایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و ڕاپەڕینی قارەمانانەی گەلەكەمان بۆ تە شوێنی پشوودان و ئارامكەرەوەی ڕووحی ئینسانەكان، لالۆی هونەرمەندیش هاوڕای بۆچوونەكەی من بوو ووتی :
كاتێك ئەو هۆنراوەیەم نوسیی لەو شوێنانەی تۆ ئاماژەت پێدان ڕۆژانە گەنج و لاوی كورد لەلایەن جەللادەكانی بەعسەوە ئازار و ئەشكەنجە دەدران وشەهید دەكران وە خۆشم یەكێكم لەو قوربانیانە و لە زینداندا ئەو بیرۆكەی نوسینی هۆنراوەیەم لەلادروست بوو ، كەچی بەداخەوە تا ئێستا لەهیچ شوێنێك لەو باخ و پاركانە تەنها یەك دێڕی ئەو هۆنراوەیەی من بەرچاو ناكەوێ ، هەركات بیری لێدەكەمەوە هەست بە ناهەقییەكی زۆر دەكەم كەبەرامبەرم دەكرێت وە دڵنیاش بن بێدەنگییەكەم تەنها بۆئەو ڕەوشتە بەرزەی كوردو كوردستان پەروەریەم دەگەڕیتەوە.
تا داگیر كەرانی كوردستان بوونیان هەبێت و تا زیندان و بەندینخانەكانی داگیرە خوێنمژ و دژە مرۆڤەكانی كوردستان لێوڕیژبن لە مرۆڤی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی كورد ، سروودی ئەی ڕەقیب و سەرجەم سروودەكانی تر بەگشتی و سروودی بەندیخانە بەتایبەتی هەردەمێنن و بەردەوام لەگەرووی هونەرمەندانی سروود بێژ و گەنج و لاوی كورد بەكوڕو كچەوە بەدەنگی بەرزی میللەتێكی مافخوراو هەردەوترێتەوە و دەدرێت بەگوێی ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان .
تێكستی سروودی ئەی بەندینخانە
ئەی بەندینخانە تاكەی ئەمێنی
لاوانی گەلمان لەناوخۆت ئەچێنی
وابووی بەژووری قوڵ و تەنگ نەفەس
لەبۆ میللەتی هەژارو بێ كەس
دیوارەكانت هە وەك پۆلایە
ژوورەكەت تاریك وا بێ چرایە
لێدانی قامچی نانی شەومانە
پەتی سێدارە لەگەردنمانە
ئێش و ئازاری برینداری بەند
هەڵئەگیرسێنێ ڕاپەرین و جەنگ
ڕاپەڕینێكی شۆرشگێڕانە
بۆنەهێشتنی ئەو فاشستانە
بێ شك بزانە ئەی بەندیخانە
ئەتكەین بەجێگەی گوڵ و ڕەیحانە
تێك ئەدەین دەرگا و دیوارەكانت
پەت ئەخەینە مل جەللادەكانت
٩/٤/٢٠١٩ ساڵیادى ڕووخانى دەسەڵاتى بەعسى فاشیست