تیپی موزیكای منداڵانی بێخود

لەگەڵ نەبوونی هیچ فێرگەیەكی خوێندنی موزیك لەشاری سلێمانی ،لەسەرەتای سەدەی پێشوو و دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم ،بەهەوڵ و تێكۆشانی گەلێك كەسایەتی نیشتمان پەروەرو خەمخۆری هونەرو موزیك و گۆرانی كوردی لەساڵی (1926) تیپێكی موزیكی دادەمەزرێت ئەندامانی ئەو تیپە موزیكیە پێكهاتبوون لە (18) هونەرمەند بەسەرپەرشتی كەسایەتی كوردپەروەر ( شاكیر فەتاح ) (1) ،دوای ئەو تیپە موزیكیە هەر لەشاری سلێمانی تیپێكی تر لەساڵی (1955) بەناوی ( تیپی موزیكای مەولەوی ) دادەمەزرێت بەسەرپەرشتی هونەرمەندی كۆچكردوو ڕووحی شاد بێت ( قادردیلان ) سەرەتا ئەو تیپە پێكهاتبوون لە (13) ئەندام وەك هونەرمەندان ( قادر دیلان ، ولیەم یوحەننا ، نەجاتی عەبدە ، بەهجەت ڕەشید سەعاتچی ،حاتەم سەعید ، ئومێد مەدحەت موبارەك ، هادی عەنبەر ، سەردار ڕەمزی فەتاح ،حەمەفەرەج ،ساجید رشەفیق ، نوری بەدەوی ، قادر كوردی  و حازم حەداد ) (2)

تیپی موزیكای مەولەوی توانیان خزمەتێكی گەورە بە هونەری موزیك و گۆرانی كوردی بكەن و چەندین هونەرمەندی گۆرانبێژی بەتوانا لەدەوری خۆیان كۆبكەنەوە و خزمەتێكی بەرچاو بەڕۆِڵی هونەر بكەن لەسەر ئاستی سلێمانی و كوردستان بەگشتی ،

كاروانی هونەری میوزیك و گۆرانی لەشاری سلێمانی درێژەی پێدەدرێت وبەهەوڵ و هیمەتی كۆمەڵێك مرۆڤی خۆنەویست و هونەرپەروەر كە خۆڕسك دروستبوون نەیان هێشتووە ئەو گۆڕەپانە چۆڵ بێت و بۆشاییەكی هونەری لەو شارە و كوردستاندا دروست ببێت ، دوای ئەو هەموو سۆزو خۆشەویستییەیان بۆ هونەر كۆمەڵێك گەنج و لاوی بەئەمەك تیپێكی تر دادەمەزرێنن لەساڵی ( 1967) و گەلێك كاری هونەری ئەنجام دەدەن تا ساڵی ( 1973) وەك تیپێكی فەرمی خۆیان دەناسێنن و مۆڵەت وەردەگرن ، بەناوی ( تیپی موزیكای سلێمانی ) كە چەندین هونەرمەندی دەست و پەنجە گەوهەر تا ئەمڕۆ خزمەتێكی گەورەیان بەڕەوتی هونەری موزیك و گۆرانی كوردی یان كردووە لەسلێمانی و كوردستان بەگشتی، كەهەمیشە جێگەی شانازیین ، تیپی موزیكای سلێمانی بەسەرپەرشتی مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی ، ولیەم یوحەننا ، خالید سەركار، فەرەنسیس داود و سەلاح ڕەووف و ……… تاد )

پاشان لەساڵی ( 1969) تیپێكی تر پێكهات بەدەست و پەنجەی كۆمەڵێك هونەرمەندی میوزیك ژەنی بەتوانا ،هاتنە ناو گۆڕەپانی هونەرەوە ئەویش تیپی ( موزیكای كۆمەڵی هونەرو وێژەی كوردی سلێمانی ) بەسەرپەرشتی مامۆستا ( نامدار قەرەداخی ، حەمە سەعید عەبدوڵا و عەلی ڕەزا .و ………چەندین هونەرمەندی تر  ) ئەو تیپە موزیكی یانە لەگەڵ ئەو هەموو كەم دەرەتانە هونەرییانە و بارودۆخی ڕامیاری وڵات بەگشتی و بەتایبەت شاری سلێمانی نەبوە لەمپەر لەبەردەم هونەرمەندان و ئەو تیپە میوزیكانە ، بەڵكو بەئەركی سەرشانی خۆیان زانیوە لەجاران زیاتر بەوپەڕی دڵسۆزییەوە درێژەیان بەو خەباتە هونەرییەداوە ، هەمیشە بەرهەمی باشتر و  ڕەسەن و ناوزەیان خستۆتە سەر خەرمانی هونەری نەتەوەیمان كەتائەمڕو لەناو هەست و دڵ و دەروونماندا  جێگەیان گرتووە.

دوای ئەوەی هونەرمەند ( قادر دیلان ) لەساڵی (1962)  كوردستانی بەجێهێشت و ڕووی كردە وڵاتی ( چیكۆسلۆفاكیا) بۆ مەبەستی درێژەدان بە خوێندن ، بەداخەوە تیپی موزیكای مەولەوی هەڵوەشایەوە ، ، بەڵام بەهۆی خەمخۆری و دڵسۆزی مامۆستا نامدار قەرەداخی و چەندین هونەرمەندی میوزیك ژەن و گۆرانیبێژ سەرلەنوێ‌ تیپی موزیكای مەولەوی لەساڵی ( 1967) لەدایكبۆوە ،ئەو تیپە توانیان بەدەیان ئاوازی ڕەسەن و بەسۆز تۆماربكەن ، بەڵام نابێت ڕۆڵی هونەرمەندی كۆچكردوو  میوزیكژەنی بەتوانا  ( شەوكەت ڕەشید ) لەیادبكەین كە لەوسەردەمەدا ڕۆڵێكی گرینگ و بەرچاوی هەبووە لەخزمەتكردن بەهونەرو بەخشینی ئەو زانیاریە هونەرییانە  كەلەناخیدا هەڵیگرتبوو بۆ ئەو كەسایەتیانەی كەتازە هاتبوونە ناو جیهانی هونەرەوە ، هەروەها ڕۆڵی هونەرمەندی كۆچكردوو شەوكەت ڕەشید ( گلكۆی پڕنووربێت )  لەهاوكاری تیپە موزیكیەكانی شاری  سلێمانی بەگشتی و تیپی موزیكای باواجی كۆیە ،لەكۆتایی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی پێشوولەپاڵ ئەو هەموو تیپە موزیكیە بەتوانایانە. چەندین تیپی موزیكای منداڵان سەریان هەڵدا بوونە فیرگەیەكی زانستی بۆ خوێندنی موزیكا و پێگەیاندنی منداڵان لەوبوارەدا.

وەك تیپی موزیكای منداڵانی بێخود بەسەرپەرشتی ( مامۆستا نامدار قەرەداخی ) ، تیپی موزیكای منداڵانی پیرەمێرد بەسەرپەرشتی ( مامۆستا دلێر ئیبراهیم ) ، تیپی موزیكای منداڵانی نەورۆز بەسەرپەرشتی ( مامۆستا عوسمان محەمەد ئەمین )، لەگەڵ دەست خۆشی و ڕێزو حورمەت بۆ ڕەنج و ماندووبوونی ئەو مامۆستا دڵسۆزانە كەتوانیان نەوەیەكی نوێ‌ دروست بكەن كە ببنە هونەرمەندی دواڕۆژ و شانازیان پێوەبكەین ، بێگومان هەربەشێوەیەش بوو ، منداڵانی دوێنێ‌ كە هەمیشە دەست و پەنجەو  هۆش و هەست و هەمووكاتێكیان تەرخان كردبوو لەپێناو خزمەتكردن بەهونەری نەتەوەكەیان ، ئەمڕۆ بوونەتە مامۆستاو هونەرمەندی بەتوانا لەژەنینی ئامێرەكانی میوزیك كە نموونەكانیان گەلێك زۆرن وەك ( هونەرمەند زانای مەحمود هەژار ، ئالان عارف ، گۆران كامیل و  نیاز نوری و لاوك لەتیف…..تاد )  تیپی موزیكای منداڵان  ( پیرەمێرد ،نەورۆز و بێخود)  گەلێك كاری باش و ناوەزەیان لەڕۆژە سەختەكانی ئەو سەردەمەدا تۆماركرد و هونەری میوزیك و  گۆرانی  كوردییان دەوڵەمەند كرد ،و بەشداری چەندین فیستڤاڵی چالاكی قوتابخانەكانیان كرد.

تیپی موزیكای مندڵانی بێخود و سەرەتای دروست بوونیان !

مێژووی دروستبوونی تیپی موزیكای منداڵانی بێخوود دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی  ساڵی خوێندنی (1976) ،مامۆستا نامدارقەرەداخی كە ئەو كاتە سەرۆكی تیپی موزیكای مەولەوی بوو ، دوای وەرگرتنی مۆڵەت لەبەڕێوەبەرایەتی  قوتابخانەی بێخوودی سەرەتایی  ،و بەهاوكاریی مامۆستا حەمەسەعید عەبدوڵا              ( ڕووحی شادبێت ) و كاوە قادر  قەرەداخی ، توانیان خولێكی فێربوونی میوزیك بۆ (30) منداڵی ئەو قوتابخانەیەبكەنەوە  كەتەمەنی ئەو منداڵانە لەنێوان ( 9 بۆ 11) ساڵ بووە ،هەروەها دابینكردنی ئامێرەكانی میوزیك وەك  ( ڤیۆلۆن ، ئۆكۆردیۆن ، كیبۆرد ، گیتار ،جومبوش ، ماندۆلین ،فلوت ،ئیقاع ، (دەف و زەرب و زنجار) و چەلۆ ) دوای تەواوبوونی خولی فێركردن بۆ ئەو قوتابیانە و دەركەوتنی تواناو بەهرەی ئەو منداڵانە زیاتر بووە جێگەی سەرنج و گرینگیدانی ئەو مامۆستایانە بەرامبەر بەو منداڵانە  بووە هۆی  دروست بوونی تیپی موزیكای منداڵانی بێخود ،تیپی ناوبراو لەماوەیەكی كورتدا توانیان گەلێك چالاكی هونەری ئەنجام بدەن كە زۆر جێگەی خۆشحاڵی و ڕەزامەندی مامۆستاكان و خەڵكی بوون لەو كاتەدا  ،بۆیەكەم جار تیپی موزیكای منداڵانی بێخود لەڕۆژی جیهانی موزیكادا چوونەتە سەر شانۆ و بەشداری ئەو یادەیان كردووە ، بەهەمەكانیان پێشكەش كردووە بوونەتەمایەی سەرسوڕمان و ڕەزامەندی ئامادەبوان.

تیپی موزیكای منداڵانی بێخود لەماوەیەكی كەمدا ناوبانگیان پەیداكرد لەشاری سلێمانی و كوردستان بەگشتی و هەروەها لەسەر ئاستی ئێراقیش ،تیپی ناوبراو بەشداری چەندین ئاهەنگ و فیستڤاڵی یان كردووە  وەك :

1/ فیستڤاڵی ڕۆژی جیهانی موزیكا ( سێیەم )

2/ ئاهەنگی كۆنگرەی ئەمیندارێتی گشتی كتێبخانەی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەب لەسلێمانی

3/ چەندین ئاهەنگی تایبەت قوتابخانەی بێخود ،وەك كۆبوونەوەی دایكان و باوكان.

4/ بەشداریكردنیان لە فیستڤاڵی مەڵبەندی چالاكی قوتابخانەكانی ئێراق ، بەناوی پەروەردەی سلێمانی و پێشكەشكردنی ئۆپەرێتی ( ڕووبار ) لەسەر ئاستی ئێراق پلەی یەكەمیان بەدەست هێناوە. (3)

5/ تۆماركردنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی منداڵان بۆ ئیستگەو تەلەفزیۆنی ئەو سەردەمە.

6/ كاركردن بەهاوبەشی لەگەڵ تیپی موزیكای منداڵانی ( پیرەمێرد و نەورۆز ) و بەشداریكردنیان پێكەوە لە فیستڤاڵی چالاكی قوتابخانەكانی ئێراق و بەدەست هێنانی پلەیەكی بەرز.

7/ گەورەترین چالاكی تیپی موزیكای منداڵانی بێخود ، خزمەتكردن  بووبە هونەری بەرگری و خرۆشاندنی گیان و هەستی نەتەوەیی و جۆشدانی شۆڕش و پتەوكردنی سەنگەری پێشمەرگە ، ئەویش تۆماركردنی كاسێتێكی سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانە بوو بەهاوكاری چەند ئەندامێكی تیپی موزیكای مەولەوی بۆ هونەرمەند ( ناسری ڕەزازی ) لەساڵی (1980) ئەو كاسێتە  لەئەرشیفی هونەری بەرگری نەتەوەكەماندا بەكاسێتی ( ئەی شەهیدان ) ناسراوە.

تیپی موزیكای منداڵانی بێخود جیا لەوەی بەڕووحێكی هونەری خوڕەوشتێكی  بەرزەوە پەروەردەكرابوون لەهەمانكاتیشدا بەگیانێكی كوردانەو هەستێكی نەتەوایەتی پاكەوە گۆش كرابوون.

ئەندامانی تیپی موزیكای منداڵانی بێخود

ئەو تیپە پێكهاتبوون لەم مندالە خۆنەویست و هونەرمەندانەی دواڕۆژی نەتەوەكەمان كە (33) هونەرمەندی  خوێن گەرم  و بەتوانا بوون  وەك : (4)

( دلێر عەبدوڵا عبدالگیف (ڤیۆلۆن ) ، ئالان عارف عەبدوڵا (ڤیۆلۆن) ، بەیاد محەمەد ئەمین (ڤیۆلۆن ) ،كاروان قادر مستەفا (ڤیۆلۆن ) ، ئاری عبدالواحید صابر(ڤیۆلۆن ) ، جوتیار عەلی عەبدوڵا  (ڤیۆلۆن )،پەیجور عەلی عەبدوڵا (ڤیۆلۆن ) ،سۆران حەمە شەریف (ڤیۆلۆن ) ، كارزان عومەر قادر (ڤیۆلۆن )،نەوزاد محەمەد ئیبراهیم (ڤیۆلۆن ) ،بێستوون عوسمان (ڤیۆلۆن ) ،ڕزگار عەبدوڵاحەمە سوور (ڤیۆلۆن )، نیاز نوری مەحمود (ڤیۆلۆن )، زانا فەرەج محەمەد (ڤیۆلۆن )، شەماڵ مەحمود حسێن (ڤیۆلۆن )، شازاد شەوقی ئەحمەد (ڤیۆلۆن )، ئاوات عەبدوڵا عەلی(ڤیۆلۆن )،ئەردەڵان كەمال عیزەت  ( گیتار ) ، دارا عەبدوڵا شەریف ( گیتار ) ، ئاری عارف عەبدوڵا ( گیتار )، پاكۆ عەلی عەبدوڵا ( كیبۆرد )،كارزان قادر مستەفا (ئۆكۆردیۆن ) ، ئاری ئیبراهیم محەمەد (ئۆكۆردیۆن ) ، لاوك لەتیف (ئۆكۆردیۆن )،نەبەز تاهیر (ئۆكۆردیۆن )، جەبار مەحمود شەریف ( ماندۆلین ) ، گۆران عوسمان (نای ) ، دانا فەرەج محەمەد ( ئیقاع ) ، ڕێبوار عوسمان (بانگۆز ) ،شێركۆ كەریم (زەڕب) ، سامان حەسەن ( دەف ) ،كاروان كەمال عیزەت ( دەف ) ، دانا عەبدوڵا شەریف ( دەف )

بەڵام بەداخەوە بەهۆی نائارامی بارودخی ڕامیاری و و زەبرو زەنگ و ستەمی داگیركەری ڕژێمی بەعس مامۆستا نامدار قەرەداخی لەساڵی (1982) ناچاردەبێت كوردستان بەجێ‌ بهێڵێ‌ و ڕووبكاتە هەندەران ،هەردوو تیپی موزیكای مەولەوی و منداڵانی بێخود جێدێڵێ‌ ، بەڵام بەهەوڵ و هیمەتی دڵسۆزانەی هونەرمەند مامۆستا حەمە سەعید عەبدوڵا و دكتۆر كاوە قەرەداخی و شۆڕش عومەر، تاماوەیەك تیپی موزیكای منداڵانی بێخود درێژەی بەكارو چالاكییە هونەرییەكانی خۆیان دەدەن ، لەگەڵ بەردەوام بوونی ژیان و هەڵكشانی تەمەنی  ئەو منداڵە هونەرمەندانە و گەرەبوونیان  ، هەندێكیان ڕوودەكەنەپەیمانگای هونەرە جوانەكان و تیپی  موزیكای سلێمانی و تیپەكانی تر ، تیپی موزیكای منداڵانی بێخود هەڵدەوەشێتەوە ، لەگەڵ ڕێزو حورمەت بۆ ئەو مامۆستا ئازیزانەی ئەو منداڵە بەهرەمەندانەیان بەڕووحیەتێكی  پاك و هونەرپەروەرانەو خەمخۆری موزیك و گۆرانی  نەتەوەكەیان پەروەردەكرد و ئەمڕۆ بوونەتە جێگەی ڕێزو شانازی.

 

سەرچاوە :

(1) كتێبی ئاوازو گۆرانی _كورتەیەك لەمێژووی ئاوازو گۆرانی كوردی /حامیدی گەوهەری    ل : 41 و 42

(2)  هەمان سەرچاوەی پێشوو ل : 43

(3)  سەروەرییەكانی ڕۆژانی ڕەش  _ئا ( نامدار قەرەداخی و جەمالی دەلاك ) گۆڤاری (خاك )  ژمارە (39)  10/9/2000 _ ل: (15)