ئاهەنگی ڕۆح
لەناودڵما جۆگەم هەڵبەست کاتێ عەشقت ئاوی هانی
لەگەڵ رۆحما ئاهەنگم گرت ئەو سەردەمی بەتۆی زانی
لەسەر دەستی تۆدا تۆبەم لەدنیا کرد هاتمە سەر ڕێت
بووم بە قوربانی ئەوینێک سەرابێک بوو من نەم زانی
دوێنێ کۆڕی دیوەخانم پڕ دەروێشی سەوداسەر بوون
یەکێ نای ژەن یەکێ سەنتور یەکێ بەدڵ چریکانی
نەوایەک بوو گڕی عەشقی ناو خانەقای لێ دەباری
کۆڕم مات بوون بەدڵ گریان دەف شەهید بوو لە لێدانی
ووتم پیران دەخیلتانم ئەڵقەی ماتەم دەوریان گرتووم
بۆ بەد بەختی ، ناوچەوانم لە گەڵ فیراق نەخشی هانی
پرسیار
دهڵێن سهودای کام عهشق بووی وهها رۆحت لەدووی ناوە
خهڵکی سهرگهرمی ئهم ژینهن ئهتۆش دنیات لێ جێماوە
له خهڵوهتگای کامه عابید ئهڵقهی زیکر بەدڵ دەگری
لهسهر رێگای كام تهریقهت شوشهی بادهت فڕێ داوه
خۆتۆ پێشهنگی کاروان وههوارگهی بهزم وخۆشی بووی
لهسهر بهردی کامه میحنهت گوڵی شادیت بهجێ ماوه
کۆڕی گهرمی ئێمه بێ تۆ وهکو شاری خامۆشانه
ههر کهسێ دێ دهڵێ کوانێ وانهی ئهوین بۆ نهماوه
کام ههورازه پهکی خستوی ئهی زاهیدی دڵ پڕ لهنوور
ئێستا غهرقی خۆشهویستیت یان باوهڕت پێ نهماوه
گهر دهپرسن پرسیار زۆره لهدهروازهی رۆحم بدا
گهرچی ئێستا دهرگای لهسهر پاکترین سڕ داخراوه
جارێک دڵم بیابانه و جارێک قیبلهی دهروێشانه
بۆ وهڵامی ئهم حاڵهتهم من وهڵامم پێ نهماوه
تاسە
وەرە ساقی شوشەی دڵم غەرقی خەمە
جەستەم شەکەت دڵ پڕ گریە رێگام تەمە
لەو شەرابە پیاڵە پڕکەو بم دەرێ زوو
ووچان ناگرێ ئەم تەمەنە وا بەسەر چوو
هێند غەریب وتاسە بارم مەگەر هەر تۆ
بەو خەیاڵە مەلی خۆزگەم بێنیتە گۆ
وەرە ئەمشەو ڕۆحم تینوی ئەو دەنگەیە
دڵی مردووم پاراو بکە بە بەستەیە
بم باتەوە بۆ لای خاکی ئازیزانم
بۆ باوەشی پڕ لەمیهری نیشتمانم
یان تۆش یاخیت وەکو تەمەن لەجەستەی من
پێت خەسارە تەڕ کەی گەرووی برژاوی من
ئەو دونیایەش ئەڵقە بگرن لەدەوری تۆ
کەس نابینی وەک من مەست کا شەرابی تۆ
میراتی خۆشەویستی
خۆشم ئەویست
حەزم ئەکرد
شیعرێک بڵێم
لە رەنگی هیچ شیعرێک نەچێ
تائەو دەمە
هیچ شاعیرێک بەو هەستەوە
دێرێکی وەک منی نەبێ
خۆشم ئەویست
کە جێی هێشتم
ووتی خەمی عەشقت نەبێ
دەیان شاعیر
بە تاسەوەن کۆپلەیەکیان
لەو دیوانەی بۆ منت نوسی
بەدرێژایی عومری شیعریان
وەک تۆ هەبێ
کاروانی رۆح
ئەم شیعرە ئەوەی حافز نییە شیعر بەندەیە تەنها یەکەم بەیت کەعەرەبیە وەرم گرتوە.. ئەویش هی حافز نییە هی یەزیدی کوڕی معاویەیە حافزیش وەری گرتووە لەو ..ئەو جێ گۆڕکێی بە دوونیوە بەیتەکە کردوە ئەوئەڵی (الا یا ایها الساقی ادر کأسا وناولها) من گێراومەتەوە سەر راستەکەی کە یەزید چۆنی ووتوە .
ادر کأسا و ناولها الا یا ایها الساقی
رۆحم لەسەر عیشقێک دانا نەعیشق گەیی نە رۆح باقی
دڵم مەستە لەدەنگی تۆ سەرم گەرمی زیکری تۆیە
خەڵکی شادن لەبەزمی مەی تەنها ئەمن غەمم باقی
کانیاوێکە رێگەی عەشق وەلێ دەریایە ئایندەی
زۆر بوون رێبواری ئەورێیە هەموو فەوتان نەما تاقی
دەست لەدڵم بنێی ساقی دەڵیی خەرابەی هیجرانە
پیاڵە پڕکەو لەدەستمی نێ پەژموردە بووم لەفیراقی
چ حەشرێکە ئەو نەوایە سەدای فیراقی عاشقانە
دەخالەتم هێنا ئەمشەو هەم خۆت موتریب وهەم ساقی
کاروانی عەشق بەکوێ دەگا دوانەفەسی عومرم پێدا
نەرۆح لەکاروان دەگەڕێ و نە دەسرەوێ لە مەراقی
تۆ لەکوێی؟
هاودەمی رازی دڵم بووی نوری رۆحم تۆ لەکوێی
هەم تەبیب وهەم رەقیبم بێ تۆ ناژیم تۆ لەکوێی
زەخمی دوریت چەن بەسوێیە گەر دەمزانی وا دەبێ
نەوێڵی دوای ناونیشانت نە دەم پرسی تۆ لەکوێی
واخەزانە و هاڕەی عومرە هەرنەهاتی چۆن دەبێ
مەیگێر کوانێ پیاڵەکەی تۆ ئەمن لێرەم تۆ لەکوێی
موسمی کاروان بێ نەوا هەر خۆی میری قافلەیە
چەهچەهەی حوزنێک موغەنی ،ئەمن سوتام تۆ لەکوێی
گەر دەزانی لەم کولبەیە چ ئاورێک دێتەدەر
ئیشتیاقی لیقای تۆیە داخۆ دەڵێی تۆ لەکوێی؟
وەک دەروێشی سەودا سەرم لەدووی پیری تەریقەت
عالەم هاتن بە سۆزمەوە هەر تۆی لێنیت تۆ لەکوێی
وەختە بڵێم بێ هودەیە ئەمن شینی چی دەکەم
لەم دەرسی عەشقە خۆ دیارە من لەکوێم و تۆ لەکوێی
گوڵبژێرێک لە چوارینەکان
چ رەنگێک بوو لەگوڵ جوانتر ئەرژایە ناو خەیاڵمەوە
چ دەنگێک بوو لەسیحری نەی قوڵتر پێوەی ئەتلامەوە
تۆ نەسیمی پایزێک بووی سارد هەر وەکو هەناسەی من
خەزان کوشتمی هەرنەهاتی بە و شەهدەی تۆ ئەژیامەوە
چەمەن پاراو دڵم تەڕو ناخم مەستە غەزەل دێنێ
زەردەپەر هات سازی دڵم شیعر لەدوای شیعر دێنێ
ئێواریە ئەودەمانە گوڵی وشەم هەزار رەنگە
کەدەرکەوتی نەخوێن دەرواو نەحەرفێکم بیر دەمێنێ
خۆ دەم پرسی لە بەر عەتری بسکی تۆبم دەبێ بمرم؟
کەچی لەبەر شەمی چاوت بەپولێک دام باجی عومرم
کاتێ هاتی وەک نەی خەمبار ئەرژایتە ناو خەیاڵمەوە
بەگوڵاوی یەکەم دیدار هەتا ئەمرۆش من هەر دەمرم
دڵم پر لە حەسرەت هەقمە بۆ ئێوارەی تەمەن بگریم
سەرم کەیلی شەرابێکە خەتامە گەر بەکوڵ نەگریم
هاژەی گەڵای پایزە یان هەراجی عومرە ئەمێستا
لەوێرانەی تەمەن ماوم بۆ سوتانی رۆحم دەگریم
لەتاو فرمێسکی فیراق یاران وەرزی بارانە دڵم
ئیشتیباهی زامێکی ترە وا پەرێشانە دڵم
ئەمن هێندە بێ حاڵ مابووم بە حەزرەتی ساقیم دەگوت
وەعدەیە تۆ مەی دەگێری ئەمن هەر سوتانە دڵم
بەڕاگوزەر کەوتمە کوچەی عەشق ووتی چی دەزانی
لە ناری دڵ شەوقی دیدار غەمی هیجران چی دەزانی
گووتم هاتووم دەرسم دادەی لەم زوڵماتە چی دەزانی
گووتی داینێ و بەپێ خاوسی وەژوور کەوە چی دەزانی
چ گوڵ رەنگێکە زستانت بەسەد فەسلی گوڵی نادەم
چ خۆش نەزمێکە گوفتارت بە سەد کۆری بەزمی نادەم
عارفێک رێ نیشان دەدام دەیگوت لەو شەرابە لادە
پێم گوت تاڵە ئەمما یەقین بەگشت وەعزەکانتی نادەم
شەرابت رونتر لە فرمێسکی من ناگاتە باڵای رۆحم ئەی ساقی
تێی مەکە دڵم هێندە مەلولە سەد جامیش هەڵدەم هەر خەمم باقی
ئەم دەهرە رەحمی بە کەسمان نەکرد چەند هەست و سۆزی ئێمەی هەڵوەران
شوشەکەی خەیام شەڕی لەسەر کرد لەوەم بۆ پڕکە گەر زۆر مەراقی
نازدارێ
نازدارێ نەرم ونیانێ تۆزێک ئەوشەرمە دانێ
وەرە سەرچۆپی بگرە کەس وەک تۆی لێ نازانێ
کەنارت گرتووە بۆچی دوورە پەرێزی لێمان
گەر تۆمان لێ رەنجابێ خاکی کوێ بکەین بەسەرمان
نەی چی پەنجەکەت نەرزێ ئەوگوڵەش بێنە خرۆشان
باکام جێگەی پێخۆشە دەستی بگرێ لەوێدا
دەسرۆکەی باداو بڕوا لەگەڵ زرمەی دەهۆڵا
ئەو دەستەی خۆشم ئەبڕم ئەگەر کەسی لەبیرما
ئەمە ئاهەنگی تۆیە لەگەڵ دەستەی نازداران
شەنگە رۆژی بەهارن بەرەنگتان پاشی باران
یان لالەی بەر هەیوانن هەڵئەکرێن لای ئێواران
پێیە دانێ لەم شوێنە نەرمە گیای بەهارانە
کوڕان بێنە هەڵپەڕین بەنیگای ئەو چاوانە
بادنیا گشت بزانن رەشبەڵەکی کوردانە
ئەی کچی جوان لەکوێوە
ئەی کچی جوان لەکوێوە
دێیت وئەڕۆیت بەڕێوە
تۆزادەی پەرییانی
یان هەڵاڵەی کوێستانی
ئێوارن ئەکەیت پیاسە
ئەڕژی عەتری هەناسە
بای شەماڵێ ئەهێنی
پەپولەی دڵ ئەڕفێنی
ئەودەمە گوڵ ئەبارێ
کوڕان ئەگرن کەنارێ
کام هەڵبەستە زۆر جوانە
ئەیکەن بۆت بەشلانە
کام ئاوازە خەمینە
کەتۆ هاتی شیرینە
وەرە جوانێ تۆ لێرە
ووچانێ بگرە خێرە
سەردەمانێک بێ دەنگ بوو
وەک پەژموردە بێ رەنگ بوو
نەسۆزی دەنگی کچان
نەبەرامەی مێخەکیان
نەیان توانی وەکو تۆ
ئەم شەقامە بێننە گۆ