وێژەی کوردی

پێشەکی

ئەم بابەتە، کە لە خوارەوە دێ، لە “فەرهەنگی وێژەکانی دونیا”وە[1] گیراوە کە بە زمانی فەڕانسی دەرچووە. ناوەرۆکی دەقەکە لە سەر کورد نووسراوە بەڵام کورد نەینووسیوە و هەر لەبەر ئەوەش زۆر جێی سەرنجە.

بۆچوونەکان لە سەر ئەو بەڵگانەوە هەڵکراون کە لە بەردەستی فەرانسی یەکان دا بووە و بەهۆی ئەوەی کە بەشی زۆرینەی کوردەکانی نیشتەجێی فەڕانسە لە باکوورەوە هاتوون و زۆرینەی جموجوڵی فەرهەنگی‌یان لەم وڵاتەدا بەدەستەوە بووە بەشێکی بەربڵاوی ناوچە کوردیەکان (وەکوو ڕۆژهەڵات و باشوری ڕۆژهەڵات) نەکەوتوونەتە بەر لێکۆڵینەوەکەوە. بەڵام ئەو تایبەتمەندیانە کە باس کراون و لە ئاکامی خوێندنەوەی بابەتەکە وەدەس خوێنەر ئەکەوێ بۆ ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتیش ڕاستە و بەدی ئەکرێ، جا ئەوش بەڵگەیە کە فەرهەنگی کورد بە هەموو پان و بەرینی و ڕەنگاورەنگی‌یەکەیەوە هەر یەک فەرهەنگە.           

پێمان خۆش بوو، بە بیانووی چاو خستنێک بەسەر مێژووی وێژەی گەلەکەمان، بەم کورتە نووسراوە پیشان بدەین فەڕەنسیەکان چۆنمان ئەبینن.

ئاوڕێک لە سەر وێژەی کوردی

بۆ ناساندنی وێژە یان ئەدەبیاتی کوردی ئەبێ گرنگی‌یەکی تایبەت بدرێتە بەشە زارەکی‌یەکەی. هەمووی ئەوانە مێژووی ئەم گەلەیان داوەتە بەر لێکدانەوە، لە دەوڵەمەندی، پاراوی و بەهێزی بەشی زارەکی ئەم وێژەیە سەریان سووڕ ماوە.

 ڕۆژهەڵات ناسی رووس، ئۆ. ڤیلتاچێفسکی[2] بۆ ئاماژە بەم تایبەتمەندی‌یە لە بەکار هێنانی وشەی هیپێرترۆفی[3]، واتە زل ئەندامی، بۆ فۆلکلوری وێژراوەی کورد سڵی نەکردووە.  

 باوەکوو هەر لە نیوەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا ئەمرۆ، بێ وچان، لێکۆڵینەوە لە سەر وێژەی زارەکی کوردی  لە لای لێکۆڵەرەکانەوە بە گرنگ زانراوە هێشتا لێکۆڵینەوەی ئەوتۆ و شیاو لە بەردەست دا نیە.

کوردەکان بۆ خۆیان، نووسینەوەو و تۆمار کردنەوەی فەرهەنگەکەیان تەنیا لە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی‌یەوە دەس پێکردووە. بەڵام جێی سەرنجە  کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا زۆر کەس، بە کاراییەکی بەرچاوەوە،  دەستیان داوەتە پشکنین و دۆزینەوە و تۆمار کردنی دەقە زارەکی‌یە هونەری و مێژوویی‌کان‌. تەنانەت ئەوانەی کە پسپۆڕی ئەم مەیدانە‌ش نین جیگایەکیان لە گۆڤارو پەرتووکەکانیاندا بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم دەسکەوتانە، ڕەچاو کردووە.

 

وێژەی زارەکی

وێژەی زارەکی ئەو بەشەی وێژە ئەگرێتەوە کە دەقەکانی نەنووسراون و سینگ بە سینگ بەدەستمان گەیشتوون.

ئەو وێژەی‌یە بەهۆی کاری بێ وچانی دەنگ بێژان و چیرۆک بێژان و بە هاوکاری بیرەوەریی جەماوەری  بە سەدان ساڵ ماوە و لەبیرنەچوونەتەوە و ڕەنگە هەر بەربڵاوی و دەوڵەمەندی ئەو فەرهەنگە زارەکیە بووبێتە هۆی ئەو هەموو ڕەنگاوڕەنگی و جیاوازی‌یە کە لە نێوان ناوچە کوردیەکاندا لە باری زاراوە وداب و نەریتەوە بەدی ئەکرێ.

لە ژیانی ئەدەبی کورد دا، بێژەر جێگایەکی گرنگی هەبووە وە تا ئەم دوایی‌یانەش، لە کوردستان‌دا بۆ دەنگ بێژان و چیرۆک بێژان فێرگە دامەزرابوو. دیارە کە لە شەوانی درێژ و ساردی زستانی کوێستان، لە لادێ، کە هیچ سەرگەرمیەکی تر لە بەردەست نەبووە، بستران بێژ و چیرۆک بێژ بەهاسانی توانیویە گوێگر بۆ لای خۆ ڕابکێشێ.

لە باری هۆنراوەوە وێژەی کورد زۆر دەوڵەمەندەو کوردیش دەمی بۆ گۆرانی وتن ئازایە.

گۆرانی، لە لای ئەم گەلە زۆر ڕێزی هەیە و بڕوایان وایە کە خەیر و سەربەرزی ئەبەخشێ بە هاوسەرگیری و بە بێ گۆرانی بەزمی زەماوەند ناگێڕدرێ.

رۆژهەڵات ناسی ئەرمەنی، ئابۆڤیان، لە ساڵی ١٨٤٨ی زایینی‌دا نوسیویە:

لە ناخی دەروونی هەر کوردێک‌دا هەستێکی شاعێرانە هەیە، با ئەوکەسەش بەساڵا چوو یان نەخوێندەواربێ. کوردەکان لە گۆرانی خوێندن دا بلیمەتن، زۆر بە هاسانی بە دۆڵ و کێو و کانیاو  و گوڵ و چەک و ئەسپەکانیان دا گۆرانی ئەڵێنەوە. لە گۆرانیەکانیان دا باسی جوامێری پیاوەکانیان و جوانی ژنەکانیان ئەکەن.

بسترانی شەڕ کردن و مردن زیاترلە لایەن ژنانەوە ئەوێژرێ. ژنان بە نەناسراوی، گۆرانی ئەوین و دڵداریش ئەڵێنەوە بە ئازادیەکی زۆر بەرچاو بە بەراورد لەگەڵ ناوچەیەک کە دین بەهێزەوە دەستی بەسەرا گرتبێ.

لە زۆرکۆنەوە خوێندنی گۆرانی کوردی و گێڕانەوەی چیرۆکی حماسی‌ کورد لە لای دراوسێ‌یەکانیشەوە باو بووە، بە تایبەت لە لای ئاسوری‌یەکان و ئەرمەنیەکان.

یەکێک ‌تر لە باڵە دەولەمەندەکانی ویژەی زارەکی کورد، پەندی پێشینان و قسەی نەستەقە کە زۆربەی جار ژیری و روانینی تیژ ی کورد بۆ سەر سروشت ئەخاتە پێش چاو. وتنەوە و بەکار هێنانی ئەو پەندانە، کە تا ئێستا زیاتر لە دە هەزاریان تۆمار کراوە، لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر باوە. 

 دنیای ئەفسانە و خەیاڵی کورد لە ناخی چیرۆکەکانی دا بە باشی خۆ دەرئەخا. ئەبینین کە لەو دەنیایەدا زۆرجار مرۆڤ ئەکەوێتە داوی هەستێکی شوم و پاشان یا بە هەوڵ و تەقالای خۆی بە تەنیا یا بە یارمەتی هەواڵانی سەر ئەکەوێ و خۆی رزگار ئەکا.

لەو دونیایەدا، مار ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە، جگە لە چەن نمونە بە ئەژمار کەم، مار بەگشتی خراوەتە ڕیزی ناحەزان. لە داستانی زوحاک شا و کاوەی ئاسنگەر، کە داستانی سەمبولیکی پەیدا بوونی گەلی کوردە، دوو مار لە سەر دوو شانی شا زوحاک، لە سەر جیگە ماچەکانی ئەهریمەن دا سەوز دەبن و داوای مێشکی شا زوحاک ئەکەن بۆخۆراک. بۆ پاراستنی شا، شارەزایانی دەربار بڕیار ئەدەن هەموو رۆژێک مارەکان بە مێشکی دوو لاو تێر بکەن و ئەرکی هاوردنی ئەو لاوانەش ئەخرێتە ئەستۆی سەربازەکان.

بۆ ماوەیەک هەموو رۆژێ دوو لاو دەست بەسەر ئەکرێن و مێشکیان ئەکرێ بە خۆراکی مارەکان. تا دووپیری شارەزا لە گەڵ کاربەدەستانی دەرباردا ڕێک ئەکەون کە مێشکی قۆچێک لەباتی مێشکی یەکێ لەو لاوانە بکەنە خۆراک و ئەو لاوە نەکوژن و دەربازی بکەن. بەم چەشنە هەموو ڕۆژێک، گیانی لاوێک ئەپارێزرێ و لاوەکەش بەدزیەوە ئەنێردرێتە کویستانانی دوورەدەست. ئەڵێن ئەو لاوە پارێزراوانەی کوێستان گەلی کورد پێک دێنن و ڕەسەنی کوردی ئەمڕۆ ئەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو لاوانە.

وێژەی نووسراوە

 بۆئەم بەشەی وێژە، زۆرجار لە دەقە زارەکی‌یەکان کەڵک وەرگیراوە. هێندێک لە بەرهەمە حماسی‌یەکان ڕاستەوخۆ رەنگدانەوەی کارەساتە مێژوویەکانن. یەکێان چیرۆکی خانی لەپ زێڕینە کە باسی بەرگری قارەمامانەی سەرۆکێکی کورد ئەکا دژ بە شای ئێران. ئەو کارەساتە لە سەدەی هەڤدەی زایینی‌دا رووی‌داوە.

بێژەران چۆنیەتی ئەو ڕاپەڕینەیان بەرەو داخوازیی سەربەخۆیی باداوەتەوە و کردوویانە بە حماسەیەکی نەتەوایەتی کە تێدا ڕەنج و قارەمانەتی و سەربەرزی و خەیانەت‌یان بەتێکرا پیشانداوە.

ڕۆمانی دمدم ی عەرەب شامیلۆڤ[4]  کە بە یەکەم ڕۆمانەکانی مۆدێرنی کوردی‌ ئەژمێردرێ، ئەو بابەتەی وەرگرتووە و هەستی نەتەوایەتی کوردی بەڕونی تێدا نواندووە.

جگە لە هۆنراوەی شەڕ و شۆڕش و خۆڕاگری، هۆنراوەی ئەوین و دڵداریش هەربەو ڕادەیە، پلەیەکی گرنگی هەیە. نمونەی بەرچاوی ئەو چەشنە هۆنراوەیە مەم و زینی خانیە.   

ئەم هۆنراوەیە کە زۆرجار لەگەڵ ڕۆمێئۆ و ژولیێت[5] وە تریستان و ئیسۆلت[6]دا هەڵ‌ئەسەنگێت داستانی ئەوینێکی دۆڕاوەیە لە نێوان پیاوێکی ئاسایی بە نێوی مەم و کچە شازادەیەک بە نێوی زین. ئەو کارەساتە وێ دەچێ لە سەدەی چواردەهەمی زایینی دا رووی دابێ.

ئەمڕۆ هێشتا روون نیە کە یەکەمین نووسراوە کوردیەکان هی کام سەردەمن. ئەو ئاسەوارانە کە دەس کەوتوون و لە سەر کوردی کرمانجی خوڵقاون زۆر پێشکەوتوون و پیشان ئەدەن کە زمانەکە پێشوویەکی زۆر کۆن‌تری هەبووە. جگە لەوەش تەنیا بەشێک لەو دەقانە وەدەست کەوتوون و نازانرێ چەنیان لە نێو براون، لە شەڕ و پێکدانەکانی ناوچە کوردیەکاندا کە بە درێژایی سەدان ساڵ درێژەیان هەبووە.

تا دوایین ساڵەکانی سەدەی نۆزدە، لە کۆمەڵی کوردەواری‌دا تەنیا مزگەوتەکان ئەرکی فێرکردنیان بە ئەستۆ بووە و سیستمی پەروەردەکەشیان لە مۆدێلی عەرەبی-ئیسلامی وەرگرتووە لە گەڵ یەک جیاوازی، کە بریتی بووە لە فێرکردنی زمان و ئەدەبی فارسی. خویندنی زمانی کوردی لە هیج جێگایەکدا دیاری نەبووە، مەگەر لە سەر داخوازیی تایبەتی دایک و باب و پێشنیاری ماموستاکان کە ئەویش یەکجار کەم رووی‌داوە.

 یەکەمین شاعێرانی کورد لە جەرگەی ئەم سیستمەدا سەریان هەڵداوە و هۆنراوەکانیان کە بناخەی وێژەی زانیارانەیان داڕشتووە هەر لەسەر رەوت و بۆچوونی شێعری عەرەبی و فارسی دەستی پێ‌کردووە. ئەوەش هەر لە سەرەتاوە بووەتە هۆی دەوڵەمەندی لە باری دەق و بابەت و شێوەکانی داڕشتنی شێعری کوردی وەکوو:

قەسیدە  (لە پازدە تا سی بەیتە و باسی هەستی دەروون ئەکا)، غەزەڵ (هۆنراوەی کورتە لە پێنج تا دوازدە بەیت پێک دێ)، مۆفرەد (دوو نیوەدێڕ)، رۆباعی (چوارینە) و هتد.

ناوئاخنی ئەو دو وێژە دراوسێ‌یەش لە هۆنراوە کوردیەکان‌‌دا، جاروبار، خۆی نواندووە. ‌‌بەڵام شاعێرەکوردەکان لەو سەردەمەدا تەنیا ئەو ناوەرۆکانەیان وەرگرتووە کە لە گەڵ هەستی کوردی‌دا تەبایی‌یا‌ن بووە و ئەوەش وێژەی کوردی لە بەشێکی بەرفرەوانی ئەو دوو ئەدەبیاتە بێ‌بەش کردووە کە بە پێی هەل و مەرجی بۆ کورد نامۆی خۆیان وێژراون. پاش ئەم قۆناخە سەرەتاییە، هۆنەرە زاناکان ئیتر وردە وردە سەرنجیان داوەتەوە فۆلکلۆری خەڵکی خۆیان و ئەوەش نەک تەنیا لە باری دەقی بابەت بەڵکو هەروەها لە باری چۆنیەتی داڕشتنی هۆنراوەکانیشیانەوە.   

یەکەم هۆنەری ناسراوی کورد عەلی ‌حەریری‌ یە، کە لە سەدەی پازدەی زایینی‌دا ژیاوە، و هۆنراوەی داناوە بۆ ئەوین، جوانی سروشتی وڵات و شۆخ و شەنگی کچان.

لەو بەناوبانگ ‌تر مەلای جزیری‌ یە (١٥٧٠ تا  ١٦٤٠) کە وەکو زانایانی ئەو سەردەمە شارەزای سێ زوانی عەرەبی و فارسی و تورکی بووە و لە شێعرەکانی دا باسی مەستی شەراب و دەردی ئەوینی کردووە.

فەقێی تەیران (١٥٠٩٠ تا ١٦٦٠) کە ناوەکەی وادەر ئەخا کە لە زمانی مەل و پەلەوەر تێگەیشتووە، لە بواری بۆچوونەوە شێعرەکانی ساکار و زۆر نێزیک بە زمانی خەڵکی ئاسایی بووە.

بە بێ‌گومان بەناوبانگترین هۆنەری کلاسیکی ئەو سەردەمە ئەحمەدی خانی‌یە (١٦٥٠ تا ١٧٠٧) کە بە تایبەت بە مەم و زینەکەی، خۆی ناساندووە. ئەم شاعێرە، بە ٢٦٥٥ بەیت، توانیویە تراژێدیای ئەو دوو ئەویندارە بێنێتەدی و لەگەڵ ئەوەش بیروبڕوای خۆی لێ تێکەڵ بکا، هەستی خۆی دەربڕێ، هۆیەکانی دواکوتوویی کوردیش بخاتە پێش چاو و رێگای چارەسەریشی بۆ پێشنیار بکا.

خانی ئەڵێ : “سەرم سووڕماوە لەو یاسا خودایی‌یە، بۆچی لەم دونیایە،  کورد هەمووی بێ‌بەشە؟ لە هەموولایەکەوە ئەبێ بە قەڵخان بۆ پاراستنی فارسەکان و تورکەکان، کەچی هەردوو لا  کورد ئەکەنە ئامانج و قەڵاچۆی ئەکەن. ئەڵێی کورد بووەتە پەرژینی سنوورەکانیان”.

خانی ئەو شاکارەی بۆ ئەوە خوڵقاندووە کە: “ئیتر کەس نەتوانێ بڵێ کورد بێ ڕەسەنە و بێ زانستە، ئیتر زانایانیش نەتوانن بڵێن کە کورد شوینی ئەوین و ئەوینداری ناکەوێ، کورد نازانێ،چ لە دونیای راستەقینە چ لە دونیای خەیاڵی دا، خۆشەویستی بکا وە کەس کوردی خۆش ناوێ. کورد نەگۆمە نیە تەنیا بێ‌هێزەو بێ گەورە کەوتووە”.

لەگەڵ ئەوەی کە لە دەقە زارەکی‌یەکەی ئەم چیرۆکەدا (مامێ ئالان) ئاسەواری هەستی نەتەوایەتی بەدی نەکراوە، دەقە نووسراوەکەی مەم و زین، کە زانیارانە نووسراوە، لەدرێژەی مێژوو دا بوەتە گەورەترین حماسەی نەتەوایەتی کورد و بە دەیان نووسەر بیرۆکەیان لێ وەرگرتووە.

لە دەسپێکی سەدەی نۆزدەی زایینی دا زاراوەیەکی تر بە نێوی سۆرانی، وەکوو زمانی وێژە، لە باشوری کوردستان سەری هەڵداوە. لەو کاتەوە، ناوەندی ئەدەبی کوردی رووی کردووەتە ئەو ناوچانە کە بەم زاراوەیە ئەدوێن و ئەم ڕەوتە با جاروبار کۆسپی شەڕ و شپرزی سیاسی، کە کەمیش نەبوون، بەریان پێ‌گرتبێ بەڕیگای خۆی درێژەی داوە.

یەکەم داڕێژەری زانیارانەی هۆنراوە بە سۆرانی نالی یە (١٧٩٧ تا ١٨٥٦). نالی لەسەرەتاوە لە سەر رێبازی شێعری فارسی و عەرەبی هۆنراوەکانی داڕشتووە. لە هۆنراوەکانی‌دا زۆرتر گرنگی داوە بە مانای ناوەرۆک و بیرکاری و تێکنیکی داڕشتن تا مێلۆدی و ریتم.

بە پێچەوانەی نالی، هاوچەرخەکەی، کوردی (١٨٠٨ تا ١٨٤٨) لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی شێوەی داڕشتن هۆنراوەکانی لە باری ریتم و ئاهەنگەوە وەها ڕیک و پێک کردووە کە کەسیان لە شاعێرانی تر نەگەیشتوونەتە ئەو ڕادەیە. کوردی زۆرینەی بەرهەمەکانی تەرخان کردووە بە خۆشەویستی.

سەدەی نۆزدە هۆنەرانی تریشی بووە کە لە سەر عرفان و هەستی دەروون و گەپ و ڕخنە و کوردایەتی هۆنراوەیان داناوە.

هەستی نەتەوایەتی کورد لە سەدەی بیستەم‌دا

دامەزرانی ڕۆژنامەی کوردی لە ساڵی ١٨٩٨ی زایینی، کە بە ڕۆژنامەی کوردستان دەستی پێ‌کردووە، دەورێکی گرنگی گێڕاوە لە شکۆفایی وێژەی کوردی. بە درێژایی سەدەی بیستەم ڕۆژنامە و پەرتووک لە بڵاوکردنەوەی وێژە وازیان نەهێناوە.

ئەگەر بکرێ بڵێین کە تا پێش هەڵ‌وەشاندنەوەی ئێمپراتووری عوسمانی وێژەی کوردی بە هۆی هەبوونی دوو زاراوە کرابووە دوو بەشەوە، لە پاش ئەو کارەساتە وێژەی کوردی بەتەواوی پرژوبڵاو بووەتەوە. پاش چوار سەدە دابەش بوون لە نێوان دو ئێمپراتوری فارس و عوسمانی، بەهۆی دامەزرانی دەوڵەتانی نەتەوەیی لە ناوچەکەدا  کوردستان کرا بە چوار پارچە. ئەوەش ڕاستەوخۆ بەرهەم هێنانی ئەدەبی کوردی خستووەتە مەترسیەوە. هیچ لەو چوار وڵاتە کوردستانیان پێیدا دابەش بووە، واتە ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە، نەیان ویستووە ڕێگا بدەنە سەرهەڵدانەوەی هەستی نەتەوایەتی کوردی و لە ئاکام دا هەوڵیان داوە نەهێڵن ووێژەی کورد پەرە بستێنێ.

کوماری تورک هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە  هەموو چەشنە بەکار هێنانی زمانی کوردی قەدەخە کردووە و تەنانەت بوونی کوردیشی شاردوەتەوە. زمانی کوردی لە ساڵی ١٩٢٥زایینی‌دا قەدەخە کراوە و  بەجێی وشەی کورد، لە وتارە فەرمیەکاندا  “تورکی کوێستان” بەکار هێنراوە.

لە ئێران‌دا، دان بە بوونی کورد نراوە و زمانی کوردی لە وتووێژی نێوان خەڵکی ناوچەکە دا باو بووە بەڵام وێژەکەی لە دامەزرانی کۆماری مەهابادەوە (١٩٤٦ی زایینی) کە یازدە مانگ زیاتری نەخایاندووە، دەستی کردووە بە پەرەسەندن. لە سووریە، پاش چوونە دەرەوەی فەڕانسە کوردی بە تەواوی قەدەخە کراوە. 

ئەوە لە عێراق دا بووە کە بەهۆی بارودۆخی لەباری ڕامیاری، وێژەی کوردی توانیویە بە چەشنێکی بەرچاو خۆدەربخا. زمانی کوردی بە فەرمی لە قوتابخانە خوێندراوە و نووسەران توانیویانە، با بە کەم و کورتیش بووبێ، بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە. بەڵام هەرکاتێ نێوان دەسەڵاتدارانی بەغدا و رێبەرانی جووڵانەوەی کورد تێک چووە، بڵاوکردنەوی بەرهەمە ئەدەبیەکانیش پەکی کەوتووە. بەم حاڵەش، وێڕای ئەو کوسپانە، وێژەی کورد گەشەی کردووە. وێژەوانان لە یەکەم قۆناخەکاندا کەوتوونەتە شوێنی بزوتنەوە ئەدەبیەکان لەسەرەتاوە لە ڕیگای فارسی و عەرەبی و دواجاریش زمانە ئۆروپی‌یەکان. هۆنراوەش رێگای تازەبوونەوەی بڕیوە و خۆی لە قاڵبە کۆنەکان ڕزگار کردووە و پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە قالبی ئازاد دەرکەوتووە.

گۆران (١٩٠٤ تا ١٩٦٢زایینی) وەکوو گرنگترین هۆنەری سەدەی بیستەم خۆی ئەنوێنێ. لەمەوبەدوا هەموو شێوە وێژەییەکان لە بەرهەمی نووسەرە کوردەکان دا بەرچاو ئەکەوێ.

جگە لە عێراق، هەل و مەرجی سیاسی کورد وای کرد کە وێژەی کورد لە دەرەوەی وڵاتیش پەرەبستێنێ. ئەوەش بۆ یەکەمجار لە سۆڤیەتی جاران و پاش تەواو بوونی شەڕی دووهەم، دەست پێ‌‌ئەکا  و لە وڵاتانی ڕۆژاوا بە تایبەت ئۆرووپا درێژەی پێ‌ئەدرێ چونکوو بە پێچەوانەی ناوچە کوردنشینەکان، ئازادی بیروڕا ھەبووە و لە پاش ساڵەکانی ١٩٧٠ زۆر پەنابەری کوردی تێ هاتووە.

پاش دووهەمین شەڕی کەنداو (١٩٩١ زایینی) کوردەکانی عێراق ئەبن بە خاوەنی ناوچەی ئازادی خۆیان و دەست ئەدەن بە بزوتنەوەیەکی وێژەیی و فەرهەنگی بەرفرەوان کە تا ئەم سەردەمە لە باری گەشەکردن و دەولەمەندی‌یەوە وێنەی نەبووە.

بۆ یەکەمجار ژمارەیەکی بەرچاوی رۆژنامە و گۆڤار و هەروەها کەرستەی ڕاگەیاندن وەکوو ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنی کوردی دامەزراوە و پەرەی سەندووە.

لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا، کوردەکانی تورکیەش کە بوونیان خرابووە ژێر پرسیار و لە هەموو مافێک بێ بەش بوون، دەستیان داوەتەوە گەشە پێدانی وێژەی کوردی و لە بەرھەمەکانیاندا ئاسەواری برینەکانی ئەم دواییانە و هەروەها  تامەزرۆیی نووسینەوە بە زمانی کوردی ڕەنگیان داوەتەوە.

 

           

[1] Dictionnaire mondial des littératures

[2] O. Viltachevski

[3] hypertrophie

[4] Arab Shamilov  (23 October 1897 – 1978) was a Yazidi Kurdish[1] novelist who lived in the Soviet Union. He was born in the city of Kars in present-day north-eastern Turkey

[5]Romeo and Juliet is a tragedy written by William Shakespeare

[6] Tristan and Iseult, alternatively known as Tristan and Isolde, is a chivalric romance retold in numerous variations since the 12th century