گوڵبژیرێ لەکتێبی:گوێت لە بلوێر بێ

رۆژێ، رۆژگارێ، پادشایەک بوو، وەکوو هەموو پادشایانی جیهان خوێن خۆر. لەوەی کە ئەم پادشایە لە کوێ پادشایی کردووە، مێژوو نووسەکان بڕوایان یەک ناگرێتەوە. ئەگونجێ، ئەو وڵاتێکی پان و بەرینی لە ژێر دەسا بووبێ  وە یا ئەگونجێ، هەموو پادشایانی جۆربەجۆری ئەم سەرزەوینە وەکوو یەک، خوێن خۆر و خوێن مژ بووبێتن. ئەم پادشایە، بە هەزاران ناو، ناوبانگی دەرکردووە. ئێمە لە نێو ئەم ناوانەدا بە بارامشا ئەی ناسین٠

بارامشا لە وڵاتی خۆی دا هەموو شتێکی بە هی خۆی دەزانی : با، باران، سێبەری داران، دەمی ئاسنگەران، جریوەی مەل و مۆران و …

بە هەڵکەوت بولبولێ، لە نێزیکی خانوویەکەوە تێپەڕیبا و بیخوێندبا، یا لەو خانووەدا، دارێ سێبەری هەبا، وە ئەگەر با لەو ماڵەوە تێپەڕی کردبا، یا باران لەو ماڵە باریبا، خاوەنی خانووەکە ئەبوا سووروساتی بە بارامشا دابا.

لە سەر زەوینی بارامشا دا، لە نێو گەلێکی بێ ئەژماری سەرباز و پیشەوەر و جوتیار و شوان دا، شوانێ هەبوو کە ناوی عەلی بوو. علی شوان هەموو رۆژێ، ڕانەکەی ئەبردە شوێنێکی دوور بۆ لەوەڕ، بۆ ئەو جێگایە، سەربازێکی بارامشای لێی نەبووایە. عەلی شوان قەت پارەی بە بارامشا نەدابوو.

دەنگی بلوێرەکەی عەلی خەڵکی شاد ئەکرد و پەروش، ئەی هێنایە جۆش و خرۆش، و دەستیانی ئەکردە مست و سەربازەکانی پێی دەترساند. کاتێ عەلی بلوێری لێ ئەدا، وەکوو ئەوە وابوو کە شمشێری سەربازەکانت لە دەستیان ئەستاندووە.

خەڵکی گوندەکە، گوێ یان بۆ قسەکانی عەلی ڕادەگرت، بۆ ساتێکی کەمیش ببوایێ، دژ بە سەربازەکان ئەوەستان. ئەوان بێ وچان کاریان دەکرد وە هەموو شەوێ نەدەخەوتن تا عەلی لەدەشت بگەڕێتەوە بلوێر یان بۆ لێ بدا. هەموو شوانەکانی ئەو گوندە بەباشی بلوێریان لێ ئەدا، بەڵام کەسیان وەک عەلی، بلوێری باشی لێ نەئەدا. عەلی هەموو ژیانی دەکردە کونی بلوێرەکەی دا، لە بە دونیا هاتنیەوە تا سەردەمی لاوی، هەموو بەسەرهاتە تاڵەکەی باو باپیرانی، هەموو بەسەرهاتە تاڵ و کوێرەوەریەکانی ژیانی خۆی و هەموو بەسەرهاتە تاڵ و سوێری خەلکەکانی تریش کە بیستبووی وە هەموو قسەکانی، لە بلوێرەکەیدا بەگوێی خەڵکی دەگەیاند، قسەی خەبات و بەربەرکانێ لەگەڵ زۆرداران و ستەمکاران٠

بە فەرمانی بارام شا، عەلی شوانیان خستە کەندڕێکی ڕەش و تاریکەوە و بلوێرەکەشیان دایە بلوێرژەنی دەربار. دێی عەلی شوان خەم و پەژارە دای گرت. هەموو دێهات و شارەکانی وڵاتی وی، تووشی خەفەت بوون.

بارامشا فەرمانی دا تا لەگۆڕەپانی هەرە گەورەی شاردا، لە سەری عەلی شوان دەن و سەری بپەڕێنن.

هەر کەتریفەی مانگەشەو گۆڕەپانی روون کردەوه، بەرانبەربەچاوانی بارامشا، لەجیگای دڵۆپەخوێنەکەی عەلی دا، زەلێ بنجی کردبوو وە لەهەڵ چوون دا بوو. پاش ئەوەی بارامشا لەخواردنەوە و رابواردن بوەوه، خەوی لێ کەوت. پیاوێکی هەژاری ستەم لێ کراو، لەیەکێ لەزنجەکانی شارەوە وە دەرکەوت و بەرەو گۆڕەپانی گەورەی شار ملی رێگای گرت. هێشتا هەتاو هەڵ نەهاتبوو چاوی بەو بنجە زەلە شین بووە کەوت. دا نیشت وە لەبنجەوە بڕی. کەسەیری پێستی زەلەکەی کرد، سەری سووڕ ما. چوونکوو لەپێستی دەستی ئادەمیزادی دەکرد.

فووی کرد بەزەلەکەدا، بەجێگای بلوێر هاوارێ هاتەبەر گۆێ، دەنگی عەلی شوان بوو:

لەو دڵۆپە خۆینە ئاڵەی جەرگە کەم

شین دەبێ بلوێرێ ئاخر بێ گومان

لێدە بەو بلوێرە کاکە تا دەنگم

بەرزەوە بێ تا دەگاتە کەشکەڵان

دەنگی ئەو بلوێرە ناڵەی صەد هەزار

رۆژ ڕەش وداماو و دیلی دەستی شان

ئەۆ دەنگە بەرپا ئەکا یەک شۆرشێ

تێک ئەڕوخێ کۆشکی شا و خۆین خۆرەکان

باکان، لە هەموو کون و دەلاقەی خانووکانی وڵاتی بارامشاوە وە ژوور کەوتن، چوونە سەر جۆلانە و لانکی ((عەلی)) ناوەکان٠

جۆلانە و لانکەکانیان راژاند وە دەستیان کردە لایەلایه :٠

دە لای لای لای گوڵی ریحان

بڵێم بۆت داستانێ خۆش

عەلی شوانی دوا رۆژان

دە لای لای لای گوڵی هێرۆ

وڵاتی ئێمە خوار و ژور

پڕە لە شیوەن و ڕۆ ڕۆ

دە لای لای لای گوڵی خۆشبۆن

لەدەستی جەوری بارامشا

هەموو دڵ پڕ لەداخ و سۆن

دە لای لای لای گوڵی هەنجیر

کەڵەمێردانی شۆڕشگێڕ

هەموو کەوتوونە نێو زنجیر

دە لای لای لای گوڵی پەرژین

شەڵاڵی خوێنی بێداده

عەلی شوانی هۆمێدی ژین

دە لای لای لای گوڵی نەعنا

بە ویستی پڕ تەوژمی گەل

دەروخێ کۆشکی بارامشا

دە لای لای لای گوڵی بادام

عەلی شوانی دوارۆژان

هومێدی ژین بنۆ ئارام

لەیەکێ لەرۆژەکان دا، لەگۆڕەپانی هەرەگەورەی شاردا، بۆ بارامشا پەتی سێدارە هەڵخرا. چووە سەر دار تا دەلاقەی کۆشکەکەی ببینێ. کۆشکێ کەبنەڕەتی لەزۆر و ستەم بوو وە ئێستە لە بنیات دەر هێنرا بوو، وە بە تەواوی لەبەین چوو بوو وە نەما بوو. ئەوەی ما بوویەوه، وڵاتی (( عەلی شوان)) بوو٠

دەقی کتێبەکە، لە بەشی “نووسراوە و کتێب” و یا لەم پێوەندی‌یە ببینن:  گوێت لە بلوێر بێ