من و حەسەن زیرک

سەردەمی مناڵیم بوو، لە سنە چوبووین بۆ ”سەرنوێ” بۆ سەیران، بە بنەماڵەو خاو و خێزان، لەگەڵ بەڕێز و خۆشەویستم ڕەحمەتی، کاک عەبدۆڵای موفتی زادە، ڕادیۆ بەغای کوردی گرت کتوپڕ دەنگێکی ئاسمانی هاتە بەر گوێمان، ڕاچڵەکاین، بەحت بووینەوە و چوینە زەریەی خەیاڵەوە.

کە هاتینەوە سەرخۆ ئەو چیرۆکە ئایینی یەمان هاتەوە یاد کە ئەڵێن مۆعجزەی حەزرەتی داوود دەنگە خۆشەکەی بووە وە لە سەدا سەد جەختمان لەسەر ئەوە کرد کە ڕێگای نێزیکەوە بوون بە خودا بێشک دەنگی داوودیە وە بەڕاستی لە جیهانی ئەودا پاش هەزاران ساڵ کە بە سەر مەرگی داوودی پەیغەمبەرا ڕائەبوورێ ئەو دەنگە ئاسمانی یە لە گەرووی بلیمەتێکەوە دێتەدەر کە ناوی ”حەسەن زیرەک”ە.

ئیتر لەوە بەدوا گوێ ڕایڵێ دەنگی بووین وە هەموو کاتێ بە ئەوپەڕی تامەزرۆیی یەوە گوێمان بۆ ڕائەگرت.

ماوەیەک تێ پەڕی و خواکردی لە عێراق کودتا بوو و حەسەن زیرەک بەغای بەجێ هێشت و هات بۆ ئێران و یەکسەر هات بۆ تاران و لە نێزیکەوە بینیم و بە ئاواتی دێرینەم گەییشتم.

لە ئێران هەرلەسەرەتای هاتنیەوە لەگەڵ میدیای زەندی هاوسەرگیری یان کرد و میدیاش لە ڕادیۆ کوردی دا دامەزرا و ژیانێکی ئاسایی یان پێکەوە نا.

ئێستە ئێوەی خۆشەویست پرسیار ئەکەن دەی بۆچی بەستەم بۆ نەوتووە و نەمتوانیوە بەستەکانم لە گەرووی ئەو خوای دەنگ و هونەرە جوانە بە ئێوە بگەیێنم.

باشم لەبیرە بۆ یەکەم جار میدیا خانم خێزانی، بەستەیەکی هێنابوو، پێم وایە شێعری ”کاک کامێل” بوو، ئەگەر بەهەڵە نەچووبێتم، بە ناوی “شەو”. ئەوە یەکەم بەستەیەکە کە حەسەن زیرەک لە هەوەل تا ئاخری عومری خوێندوویە کە لە ئۆرکێستری ڕادیۆ تاران تۆمارکراوە. بۆ ئەو گۆرانیەش، من و میدیا خانم زۆر لەگەڵی هەوڵمان دا تا لەبەری کرد وە کاتێ تۆماریشی کرد یەک دوو هەڵەشی تێدا بوو.

بەڵێ، گۆرانیەکانی حەسەن زیرەک، با وەکو لە باری بەستەوە زۆرباش نەبوو بەڵام دەنگە ئاسمانیەکەی ئەو عەیب و ناڕەسایی یەی دائەپۆشی وە بەرنامەکانی کوردی هێنابووە جۆش و خرۆش و بە هەزاران داواکاری بوو کە بە ئەژمار نایێ.

حەسەن  لە سەرەتاوە تا لە تاران بوو زۆر قەدر و حورمەتی بوو لە لامان و لە ئەوپەڕی ڕێزەوە لەگەڵی ئەبزوتین بۆ وێنە زۆربەی گۆرانیەکانی کە لە تاران تۆماری کردووە، ئۆرکێسترەکەی عەلی تەجویدی بەڕێوەی بردووە کە یەکێ لە موسیقارە هەرە گەورە و ناودارەکانی ڕادیۆ ئێران بوو و بەرنامەیەکی تلێویزیۆنیشمان بۆ دانا و لە تلێویزیۆنی تارانەوە بڵاو بووەوە.     

پاش ئەوە گوێزرانەوە بۆ کرماشان وە بەختیارانە لەوێ لەگەڵ هونەرمەندی گەورەی کورد ”مۆجتەبا میرزادە” کەوتنەیەک وە ئەو گۆرانیانەیان تۆمار کرد کە گەنجینەی هونەری کوردەواری پڕ لە گەوهەر کردووە.

ئێمە لە تاران بە گوێرەی داب و نەریتی ڕادیۆەکانی هەندەران سۆنداژمان ئەکرد واتە لێکمان ئەداوە بزانین کام هونەرمەند لە هەموان گوێگری زۆرترە. چەندین و چەند جار گۆرانیەکانی حەسەن زیرەک گۆی لە مەیدانی هونەردا ئەڕفاند و بە ئەو پەڕی خۆشەویستی یەوە گوێگرەکان پێشوازیی یان لێ ئەکرد.

حەسەن ژیانێکی ئاسایی و باشی هەبوو. بوو بەخاوەنی کچێ، ناوی نا ئارەزوو وە بەو بۆنەوە گۆرانی ”خونچەی دڵەکەم ئارەزوو“ی خوێند. بۆ جاری دووهەمیش خوا کچێکی تریشی پێ دا ناوی نا ”مەهتاب” وە گۆرانیەکی تری خوێند بە ناو مەهتاب (خوا هێندە نەمکوژی، مەهتاب پێم بڵێ بابە).

 

بە گوێرەی بەسەرهاتەکەی، کە خۆی لە کتێبەکەیدا دیاردەی بۆ کردووە، لەگەڵ کوێرەوەری و داماوی، بە هەتیوی ژیاوە، ساتێ چەرخی چەپ گەرد بە ئارەزووەکانی نەسووڕاوەتەوە. زۆر شت لەژیانی دا قەوماوە کە زیاتر ئەو ڕۆژڕەشی یەی ترسێنەر کردووە کە بووەتە پێشەکی بۆ چونی بۆ عێراق و گەڕانەوە بۆ ئێران. لە بیرمە کاتێ گەڕایەوە لە عێراق، لە ماڵی دوکتۆر صدێق بووین، کردی بە دەرگا، واقمان وڕ ما. حەسەنی بەستەزمان، هونەرمەندی تاقانەی کورد، ڕەش هەڵ گەڕابوو، لاواز، بەئەستەم دەنگی دەرئەهات، وتی لە عێراق، ئەمنی ئەوێ لە پانکەی سەقفی یان هەڵ واسیوە بۆ ئەوەی کە گفتی لێ وەرگرن کە پیاوی ساواکە وە بۆ جاسوسی هاتووە بۆ عێراق.

حەسەن، وەکوو میلەتە ڕۆژ ڕەشەکەی تووشی چەرمەسەرێ هات. چوو لە بوکان ئەو ساباتەی دانا و گرۆیێ سۆدرە و سەهەندە لە دەوری خڕ بونەوە تا ئەو شێعرەی مامۆستا گۆران بسەلمێنێ کە ئەڵێ:

بەڵام چی بکەین لە بەر چارە ڕەشی بەعزێ زەکای گەورە

وەکو تووی گوڵی دەم با لە سەر بەردێکی ڕەق ئەڕوێن  

حەسەن زیرەک زۆر خزمەتی کوردەواری کردووە، بە خوێندنی گۆرانی ” کرماشان شاری شیرینم” رەگ و دەماری کوردایەتی لە ناوچەی کرماشان کە ئەڕۆیشت وشکەوە بێ  و لە هاتوو چۆ کەوێ خستیە گەشە.  ئەوڕۆ بەشانازی یەوە کرماشان لەباری کوردایەتی یەوە لە هوموو ناوچەکانی کوردستان زیاتر کوردن و کوردبوون جێی شانازی یانە. دەی گۆرانی نەورۆزەکەی یادگاری یەکی لەبیرەوە نەچووە. کام ماڵی کوردی ڕەسەن هەیە لە کاتی جێژنی نەورۆزدا گوێ ڕا نەگرێ بۆ گۆرانیەکەی حەسەن کە لە سەر ڕۆح و دڵ و گیان تۆماری ئەکا:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە هاتەوە

جێژنێکی کۆنی کوردە بە خۆشی و بە هاتەوە

 

جا با بەدڵ بڵێین ڕؤحی شاد بێ و جێگەی بەهەشت بێ، باوەکوو قەدرمان نەزانی و داخ و خەفەت و کەسەریمان پاش مەرگی پێ بڕا.

قانع وتەنی:

چونکو عادەتی کوردان وەهایە             تا پیاو نەمرێ سووکە لە کایە

جا کاتێ کە مرد هەر ئەڵێین هەی ئاخ      لە دەسمان دەرچوو سەد شاخ، دو سەد داخ

 

عوسمان ئەحمەدی  07-2020