ڕەشکەی بیرەوەریەکان-بەشی یازدەهەم

بڕێ کارەساتم بۆ گێڕانەوە لە دزڵی و باشماخ و کانی سانان، ئێستە ئەچمەوە سەر باقی بیرەوەریەکانم لە قەڵای مەریوان دا.

مەریوان لە وەرزی پاییزا، کە یەکەم بەفری زستانی کێو و بەندەنەکانی هەورامان سپی ئەکاتەوە، دیمەنێکی سەیر و سرنج ڕاکێشی هەیە. دەشتێکی سەوز کە گردوپەڕی تەپۆڵکەی پڕ لە داری بەڕوو یە، زریەیەکی شین یان لە باوەش گرتووە، دڵێ نە، هەزاردڵ، ئەویندار و گراوی ئەبێ.

سەبارەت بەم دیمەنە و ناوی ئەو شوێنە و شوێنەکانی دەوروبەری، وەکو کانی سانان، ولەژێر، نێ  گەلێ پرسیار دێنە گۆڕێ کە بە داخەوە لەبەر ئەوەی لە ڕابردوودا کەس نەبووە، وەکوو وڵاتانی خاوەن ناو، لێ‌یان بکۆڵێتەوە، هەروا کەس لێ‌یانی نەپرسیوەتەوە، بێ ناز و بێ کەس کەوتوون. لەم بەشەی بیرەوەریەکانم‌دا ئەمەوێ نەختێ لە سەر ئەم مەبەستە بڕۆم:

گۆلی زرێوار لە نێو دەشتێکی گەورەی بەربڵاو دایە، کە بەساڵا چووان و پیرەپیاوان بۆیان ئەگێڕاینەوە کە لە ڕابوردوودا هەموو ئەو دەشتەی داپۆشیوە. ئەم گۆلە “زەریە” نیە کە ڕوبارێ بێتە سەری، وەکوو باقی زەریەکانی دنیا. نەتەنیا ئاوی روبارێکی تێ ناڕژێ، ڕۆخانەیەکیشی لێوە سەرچاوە ئەگرێ کە لە بەر دێ‌یەکانی کانی‌سانان، نێ و ولەژێرەوە تا دەگا شێخان ئەڕوا وە لەوێوە تێکەڵ بە ئاوی دەربەن‌دزڵی ئەبێ و لەگەڵ باقی ئاوەکانی هەورامان ئەڕوا ئەڕژێتە نێو ڕۆخانەی سیروان ەوە.

دووجار لە بەهارا کە بە سواری لە دزڵی یەوە ئەهاتمەوە بۆ قەڵای مەریوان ناچار بوم کە لەو چۆمەوە لە ئاو بدەم بپەڕێمەوە. یەک دووجار ئەوندە ئاوی زۆر بوو، ئەسپەکەم ئەکەوتە مەلە و نێزیکی پێنج خولەک لە قووڵایی چۆمەکە دا بە مەلە ئەپەڕیەوە.

گۆلی زرێوار لەباری جۆغرافیایی‌یەوە چاڵاوی ئارتێزیەنە[1] واتە چاوگەیە و ئاوەکەی هەڵ ئەقوڵێ.

چاوانەی ئارتێزیەن

دێتەوە یادم جارێکیان لەمەرزبانی‌یەوە ناردیانە شوێنم وتیان بزانە ئەم سەیاح و جیهان گەڕ و لێکۆڵەرانە چیان دەوێ. کاتێ لەگەڵیان کەوتمە قسە وتیان ئێمە ئەمانەوێ تاقی بکەینەوە بزانین قوڵایی زریەی زرێوار چەندە. پێکەوە چوین لە ماشینەکەیان گەمی‌یەکی پلاستیکی یان دەرهێنا بە پۆمپ واتە ترومپا فوویان تێ‌کرد و سێ کەسی سوار بووین چووینە نێو زرێوارەوە. ئەوان بە مەکینەی تایبەت خەریکی لێ‌کۆڵینەوەی خۆیان بوون منیش دەستم خستبوە نێو ئاوەکەوە، لە گەشت و سووڕ خواردنەوە دا بووین، جار و بار هەستم ئەکرد ئاوەکە سارد ئەبووەوە، دیار بوو لەو جێگایەدا هەڵ‌ئەقوڵێ. پاش نێزیکی بیست خولەک کە گەڕاین شوێنێکی هەرەقووڵ کە دۆزیانەوە شوێنێ بوو لە نێزیکی نێوەڕاستی زریەکە بەرانبەری تێغە‌شانەکەی دێ کۆلان کە یازدە مێتر بوو.

زرێواری ئەو سەردەمە یەکجار گەورەتر لە ئێستا بوو و نێزیک ئەبوویەوە بە زەلکاوەکانی دەوروبەری. گڵۆڵە گڵۆڵە مار ئاوی داکەوتبوون و لە یەکتر ئاڵا بوون.لە سەر بنار و تەپۆڵکەکانیشەوە ماری وشکێش فڕکەیان ئەهات وە بە هوروژم لە هاتووچوودا بوون.

بو نمونە ڕۆژێ لە دێ گوێزەکوێرە وە ئەچوینەوە بۆ قەڵای مەریوان، مودیری مەدرەسەی بالک  (بال`ک) یشمان لەگەڵ بوو، وتمان با لە بالکەوە بچینەوە بۆ قەڵا. کەلە بالک تێ پەڕین کەوتینە بناری کێوی مارئاوا سەیرمان کرد دارە درێژە یێک لە نێو جادەکە داکەوتووە، بەرانبەر بە خۆرەتاوی سەرلەبەیانی ئەبرسکێتەوە. سرنجمانی ڕاکێشا، چووین هەڵی گرین، کابرایێ کە لە لێواری  هەسێڵ واتە ئەستێرێکەوە لەو نێزیکەدا بوو هاواری کرد “دارە درێژە نیە مارە”. کە چووینە پێشەوە سەیرمان کرد ماری چی ئەژدیهایە. پێوامان سیزدە کڵاش بوو  و بەقەد ساقوڵتەی پێی پیاوێکی قەڵەو ئەستوور بوو. کابرا بۆی گێڕاینەوە، وتی بەیانی دوای نوێژ هاتم بۆ ئاودێری، یەکەم بێڵم کە ڕۆکرد لە هەسێڵەکە بەربەندەکەی بەلاوە نێم ئەم دەعبایە بەرۆکی گرتم. ئەڕۆیشت لە دوورەوە بە شەلاخە شاڵاوی بۆ ئەهێنام، منیش جیگە‌گۆڕکێم ئەکرد و بە بێڵ ئەکەوتمە گیانی، ئەویش سەرلەنوێ ڕاست ئەبووەوە و بە هەمان شێوە شاڵاوی ئەکردە سەرم. دەردیسەرتان نەدەم ئەم کێشە و هەرایە تا ساتێ لەوەپێش کە نێزیکی نیوەڕۆ بوو بەدرێژەی کێشا تا سەرکەوتم بیکوژم.

بۆ خویشم جارێکیان دیمەنێکی سەیرم بۆ هاتە پێش. کاتێ ئەڕۆیشتم بۆ باشماخ، رێگاکەم لە جێگایەکەوە تێ ئەپەڕی کە بەردەبووکان ی ناو بوو. ئەم بەردە بووکانە[2] گاشە بەردی ساف لێرە و لەوێ کەوتوون و بنەکەی زیخەڵانێکی سپی‌یە کە زیخەکانی لە “خوێ نەکوتراو”ی ئەکرد. کتوپڕ لەبەردەمم دا مارێ دەرپەڕی، ماری چی دەعبایێ. سەری وەرگێڕا، چاوی بڕیە نێو چاوانم. چاوی وەکوو چاوی مریشکی ئەکرد، خرت و سوور، کە چرکەی لێم بڕیبوو. لە جێگای خۆما وشک ڕاوەستا بووم، سەیری ناوچاوی یەکترمان ئەکرد بڕوابکەن پێنج خولەک هەروا سەیری یەکمان ئەکرد تا ئەو سەری وەرگێڕا من هێزم تێ کەوت فرکەم کردە سەر بەرزایی. ئەویش بە ئەسپایی ڕاکشا و ڕۆیشت لە نێو زیخەڵانەکە دا  شوێنێکی گەورەی سەیر و سەمەرەی لە خۆیەوە بەجێ ئەهێشت. کەوتمە یادی ئەوەی کە ئەیانوت مار ڕاو و نەچیرەکانی هیپنۆتیزم ئەکات، واتە چرکەیان لێ ئەبڕێ، دواجار شاڵاو ئەکاتە سەریان.

کاتێ ئەکەومە بیری ئەو دیمەنانە و لەگەڵ ناوەکانی مەریوان (ماریوان) و مارئاوا و دێ نژمار لێکیان نێزیک ئەکەمەوە  ئەبینم لە نێوانی وشەی مار و ئەو ناوانە پێوەندی هەیە.

گۆلی زرێوار چیرۆکێکی سەیر و خەیاڵاویشی لەسەر ساز کراوە. ئەگێڕنەوە جێگای ئەم گۆلە، لە پێشا شار بووە و پادشایەکی هەبووە بە نێوی فەیلەقوس کە یەکێ لەو شا زاڵم و ستەمگەرانە بووە کە وێنەی بەدەگمەن دەس کەوتووە. شار نەتەنیا پڕ بووە لە ستەم و زوڵم و بێداد، لە کردوە و ئاکاری خراپ و داوێن‌پیسی‌ یش دا گەیشتووەتە ئەوپەڕ.

ڕۆژێکیان دەورێشێ، خۆی و ژنەکەی، کە سواری کەرێ بووە، ڕێگایان ئەکەوێتە ئەو شارە. نۆکەر و دەس و دایرەی شا دەردستی ئەکەن و هەزاران پەت‌پەتی بە سەر خۆی و ژنەکەی دا ئەهێنن. دەورێشی بەستەزمان و هەژار کە کەسی نابێ بێجگە لە خوای گەورە و دڵۆوان پەنای بۆ ئەبات و ئەپاڕێتەوە کە تۆڵەی لەو پاوشایە و لەو خەڵکە نەگریس و داوێن پیسە بکاتەوە. بە ئەمری خودا  ناگەھان و  کتوپڕ تۆفان و فەرتەنەیێ هەڵ دەستێ هەموو شارەکە نوقم ئەکات و نێوی لە سەر رووی زەوی ناهێڵێتەوە.

ئێستە لەسەر بنارێکەوە، کە تاشە بەردێکە شۆڕ ئەبێتەوە بۆ ناو زرێوار، قەبرێ هەیە، ئەڵێین ئەوە قەبری ئەو دەورێشەیە و بە “قەبری دەورێش”  بەناوبانگە. لە تەنشتی دا بەردێ هەیە وەکو کۆپانە، ئەڵێن ئەوەش کۆپانی کەرەکەی بووە.

وێنەی ئەم چیرۆکە لە ئۆردون یش دا هەیە، دوو شاری سۆدۆم و گۆمۆرا وەها بەسەرهاتێکیان هەیە کە ئەوانیش چوونەتە ژێر ئاوەوە و وان لە ژێر بەحری ڕەش واتە بەحرولمەیت دا.

ئەمەش یادوارەیێ بو، دیسان لە داهاتوودا لە سەری ئەچم و بەسەرهاتی ترتان بۆ ئەگێڕمەوە.

ئەم باسە درێژەی هەیە …

[1] artesien puit  یا  artesian aquifer

[2] ئەم بەردانە لەباری زانستی زەوینناسی‌یەوە بەردی سەردەمی سەهۆڵبەندانی سەرەتای پێک هاتنی گۆی زەوینە جا بەڕاستیش لە زەماوەند ئەچێ کە بووک ڕائەگوێزن