گه‌لی كورد له كوردستان خاوه‌نی چه‌ندین دیالێكت و زاراوه‌یه هه‌رئه‌و فره زاراواییه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه كورد خاوه‌نی زۆرترین فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور بێت كه هه‌رناوچه‌و ده‌ڤه‌رێك بۆخۆی خاوه‌نی چه‌ندین شێوازی گۆرانی و مه‌قام و ڕیتمی هه‌ڵپه‌ڕكێ بێت ، ناوچه تا ناوچه‌یه‌كی دیكه شێوازه‌كان كه‌م تازۆر گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه ، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان زۆر شێوازی هه‌ڵپه‌ڕكێ هه‌یه لهموكریان چه‌ندین شێوه و وه لهئهردهڵانیش به‌هه‌مان شێوه ، به‌ڵام له‌ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان ڕێتمێكی هه‌ڵپه‌ڕكێ كهسنوورێكی فراوانی داگیر كردووه كه ڕیتمی گه‌ڕیانه ، گه‌ڕیان واته ( سه‌یران و گه‌شت و خۆشی ) ئه‌و ڕیتمه ده‌یه‌وێت به خه‌ڵكی بڵێیت سه‌یران و گه‌شت زۆرگرنگه بۆ خه‌ڵك و فێری ئه‌زموونه‌كانی گه‌شت و سه‌یران و خۆشی بن و چێژ له‌ژیان وه‌ربگرن.
هه‌ڵپه‌ڕكێی گه‌ڕیان له‌ته‌واوی شاری سنه و كرماشان و ئیلام و ناوچه‌ی له‌یلاخ چه‌مشاری سنه‌و كورده‌كانی هه‌مه‌دان و دیوانده‌ره‌و ژاوه‌رۆ دا زۆرباوهو ئهوئامێرانهی زیاتر له‌گه‌ڵ ڕیتمی گه‌ڕیان یان هه‌ڵپه‌ڕكێی گه‌ڕیان به‌كارهاتوون بریتین له ( ده‌هۆڵ و زووڕنا ) بۆ شایی و زه‌ماوه‌ند كه‌ڵكیان لێوه‌رگیراوه ، وه هه‌ندێك جاریش گۆرانیبێژان سوودییان له زه‌رب و باڵهبانیش وه‌رگرتوه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێی گهڕییانیان گێڕاوه ، ئه‌م هه‌ڵپه‌ڕكێیه له‌سه‌ر ڕیتمی ( 7/8)حه‌وت له‌سه‌ر هه‌شته له‌سه‌ر چه‌ند هه‌واو مه‌قام دا ده‌خوێندرێت كێشی هۆنراوه‌كانی په‌نجه‌یین ، هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆشی گه‌ڕیان سوودیان له‌هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر و هۆنراوه‌ی شاعیران وه‌رگرتووه و زۆرجاران خۆشیان هۆنراوه‌ی ته‌ڕو پاراوی ناوچه‌كه‌یان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن ،له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوه‌ندی سه‌ره‌كی گه‌ڕییان له‌شاری سنه و چه‌مشار و له‌یلاخه و له‌وشوێنانه زیاتر گرنگ و بایه‌خی پێدراوه زۆربه‌ی گۆرانیبێژانی ریتمی گه‌ڕییان خه‌ڵكی ئه‌وناوچانه‌ن ،هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ئه‌ڵڵا سمێڵ ،حه‌مه حسێن به‌همه‌نی ،فایه‌ق محه‌مه‌دی(قه‌ره‌چی) عه‌زیز به‌همه‌نی ، مه‌له‌ك محه‌مه‌دی و مهشهبی قوران چهرداڵی و ته‌وفیقی ڕه‌زایی ) وه له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكانه‌وه هونه‌رمه‌ندان ( ناسری ره‌زازی و نه‌جمه‌دینی غوڵامی و كاڵی ) كاری هونه‌رییان له‌سه‌ر ریتمی گه‌ڕیان ئه‌نجامداوه.
ئه‌و هه‌وا و میلۆدییانه‌ی كه بهڕێتمی گه‌ڕیان خوێندراون و ئه‌مڕۆ زیاتر چێژدهبهخشن وه‌ك( ئاخ له‌یل و داخ له‌یل ، ئه‌ی لاوه لاوه ، ئای له‌گه‌لاوێژ و ههرزاڵێ ) ڕیتمی گه‌ڕیان و گۆرانی هه‌رزاڵی و تیپی مۆسیقای سلێمانی ….!
له‌گه‌شتی یه‌كه‌می هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له‌سه‌ره‌تای پایزی ساڵی 1979 بۆشاری سلێمانی ئه‌نجامدانی چه‌ند كارێكی هونه‌ری له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له هۆڵی نه‌قابه‌ی كرێكاران و هۆڵی ئوتێل سلێمانی (حه‌سیب صاڵح ) و زانكۆی سلێمانی ،دواتر تیپه خۆشه‌ویست و ئازیزه‌كه‌ی كوردستان به‌گشتی و شاری سلێمانی به‌تایبه‌تی (تیپی مۆسیقای سلێمانی ) وه‌ك وه‌فا و ئه‌مه‌كدارییان بۆ هونه‌رو موزیكی نه‌ته‌وه‌كه‌یان و ڕیزگرتن له‌هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژی ده‌ره‌وه‌ی تیپه‌كه‌یان له‌و ساڵه‌دا (3) گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی تۆمارده‌كه‌ن ، گۆرانیهكانیش بریتی بوون له:
( ههرزاڵێ ، ده‌مه‌گری و نازت بێ ) ، له‌وكات و سه‌رده‌مه‌وه تائێستاش ئه‌و گۆرانییانه بوونه وێردی سه‌رزاری گوێ‌گران و چێژی هونه‌رێكی ره‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌به‌خشن ، له‌ساڵی 2000 په‌یوه‌ندیم كرد به‌مامۆستاو هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( خالید سه‌ركار ) ه‌وه لێم پرسی بۆته‌نها تیپی مۆسیقای سلێمانی ئه‌و سێ به‌رهه‌مه‌ی بۆ ناسری ره‌زازی تۆماركرد و ئاماده‌كردنی ئه‌و گۆرانییانه هی كام هونه‌رمه‌ندی تیپی مۆسیقای سلێمانی یه ؟ ، فه‌رمووی ( توانیمان ئه‌و سێ گۆرانیه بۆ هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی تۆماربكه‌ین چونكه كاك ناسر ده‌رفه‌تی زیاتری نه‌بوو ، ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی گۆرانییه‌كانیش به‌نده ئاماده‌ی كردوون )، هه‌روه‌ك چۆن پێشتر ئاماژه‌م پێدا كه ڕیتمی گه‌ڕییان تایبه‌ته به‌شاری سنه‌و چهمشارو له‌یلاخ ، له‌باشووری كوردستان به‌و ڕیتمه ئاشنا نه‌بووین ، تا كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی 1991 كه زۆربه‌ی خه‌ڵكی باشوور به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ری ڕوویانكرده رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌دوای ئارام بوونه‌وه‌ی بارودۆخ و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی كۆڕه‌و بۆسهرماڵ و حاڵی خۆیان و كرانه‌وه‌ی سنووره ده‌ستكرده‌كه‌ی نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و هاتووچۆی گه‌رمی هونه‌رمه‌ندانی باشوور بۆ ڕۆژهه‌ڵات و به‌پێچه‌وانه‌وه ، ڕیتمی گه‌ڕییان سنووری به‌زاند وله‌نێو هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی باشوور به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی پێی ئاشنا بوون ، به‌شێوازی هه‌ڵپه‌ڕكێی گه‌ڕییان و ریتمی گه‌ڕییان ، دوای ئه‌وه‌ی به‌نده زانیاریم له‌سه‌ر ڕیتمی گه‌ڕییان په‌یداكردو گۆرانی ههرزاڵێش له‌سه‌ر ریتمی گهڕییانه ، له‌وسه‌ر ده‌مه‌دا واته ساڵی 1979 هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی بۆیه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌و ریتمه‌ی هێناوه‌ته شاری سلێمانی ، كه‌ڵكه‌ڵه كه‌وته مێشكمه‌وه بگه‌ڕێم به‌دوویدا و زانیاری درووست په‌یدابكه‌م چۆن له‌و كاته‌دا ژه‌نیاره ئازیزه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی توانیویانه گۆرانی ههرزاڵێ بۆ ڕه‌زازی تۆماربكه‌ن.
له‌ڕێكه‌وتی 9/12/2013 فیستڤاڵی پایزی كوردستان بۆ موزیك و گۆرانی له‌شاری هه‌ولێر سازكرا ، مامۆستایانی هونه‌رمه‌ند ( خالید سه‌ركار و فره‌نسیس داود ) بانگهێشتی فیستڤاڵ كرابوون له‌وكاته‌دا به‌هه‌لم زانی و له‌میوانخانه‌ی ئارارات له‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندان ( خالید سه‌ركار و فه‌ره‌نسیس داود و عومه‌ر سه‌ركار ) دابووم و جارێكی دی له‌نزیكه‌وه كه‌وتمه پرسیار له‌مامۆستایانی هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به‌و سێ گۆرانییه و ڕیتمی گه‌ڕیان ، مامۆستا خالید فه‌رمووی ( پێشتر به‌كاره‌كانی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی ئاشنابووین له‌ڕیگه‌ی به‌رهه‌می ئای چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ و و دواتر له‌ساڵی 1979 كه‌هاته شاری سلێمانی ئاهه‌نگی گێڕابوو له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ، بیستبومان كه كاك ناسری ره‌زازی له‌شاری سلێمانی یه و له‌تیپی مۆسیقای سلێمانی قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد كه‌كارێكی هونه‌ری بۆ ئه‌نجام بده‌ین ، ئه‌وه‌بوو من گه‌ڕام و پرسیارم كرد تاشوێنهكهیم دۆزییه‌وه وابزانم له‌گه‌ڕه‌كی جوله‌كان له‌ماڵی براده‌رێك بوو به‌ناوی كاك فه‌ره‌یدوون پیاوێك چاو شین و قژی لوول بوو( واته ماڵی به‌ڕێز كاك فه‌ره‌یدوونی جه‌لال پێنجوێنی _ هاوڕێی دێرینی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی ج، د) له‌و ماڵه دۆزیمه‌وه بۆبه‌یانی جه‌ژن بوو قسه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی كرد‌و پێم وت وه‌كو تیپی مۆسیقای سلێمانی پێمان خۆشه كارێكی هونه‌ریتان بۆبكه‌ین ، كاكه ناسر زۆری پێخۆش بوو ، ئه‌وه‌بوو ئه‌وشه‌وه كاكه ناسرم هێنا بۆماڵی خۆمان ، ئاماده‌كاریمان كرد لهتیپ وتوانیمان ته‌نها ئه‌و سێ گۆرانیه بۆ كاكه ناسری ڕه‌زازی تۆماربكه‌ین له‌ڕێكه‌وتی 27/10/1979 ، و ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی گۆرانییه‌كان من كردوومه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زه‌حمه‌ت بوو بۆ من و ژهنیارهكانی هاوڕێم گۆرانی هه‌رزاڵی بوو ).
بۆ مامۆستا زه‌حمه‌ت بوو ؟
( ئێمه له‌تیپی مۆسیقای سلێمانی كه مێژوویه‌كی جوانمان هه‌یه له‌خزمه‌تكردنی هونه‌ر و موزیك و گۆرانی كوردی ، كهكاكه ناسر میلۆدییه‌كه‌ی داینێ مه‌به‌ستم ههرزاڵێ یه و پێش تۆماركردن بۆی خوێندین بۆیه‌كه‌م جاربوو ئه‌و ئاوازه به‌رگوێمان بكه‌وێـت و پێشتر هیچ ئاشنایهتیهكمان نه‌بوو له‌سه‌ری ، كاكه ناسر به‌و ڕیتمه‌ی خۆی ده‌یخوێند كه ڕیتمی (7/8) حه‌وت له‌سه‌ر هه‌شته ، ئێمه‌ش له‌سه‌ر ریتمی (3/4) سێ له‌سه‌ر چوار مۆسیقامان بۆدهژهنی ) مامۆستا فه‌ره‌نسیس داود هاته نێو وتووێژهكهوه فه‌رمووی (كاك خالید چاكی له‌یاد ماوه به‌ڵێ وابوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه یه‌كه‌م جاربوو ئه‌و ئاوازه ببیستین هه‌رچیمان ده‌كرد نه‌مان ده‌توانی ئه‌و ڕیتمه‌ی كاك ناسر ده‌یخوێنێ ئێمه موزیكی بۆ ئاماده‌بكه‌ین ) مامۆستا خالید سه‌ركار سه‌رله‌نوێ ئاماژه‌ی پێدا و وتی ( ئه‌وه‌بوو هه‌ر نه‌ماتوانی ئه‌و ڕیتمی حه‌وت لهسهرههشته بژه‌نین ، ناچار كاكه ناسر وتی ئه‌وه‌ی خۆتان ئاماده‌تان كردووه موزیك بژه‌نن من ده‌یخوێنم ، به‌ڵێ ئێمه وه‌كو ئه‌ندامانی تیپ موزیكمان ئاماده‌كردو له‌ستۆدیۆی تیپی مۆسیقای سلێمانی لهبیناكهی تۆفیق قه‌زاز ده‌ستمان كرد به‌تۆماركردن و هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی گۆرانی هه‌رزاڵی و نازت بێ و ده‌مه‌گری خوێند ، ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم به‌ڕاستی ئافه‌رین بۆكاكه ناسر كه‌توانی واز له‌شێوازه بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی گۆرانی هه‌رزاڵ بێنێ و له‌سه‌ر ڕیتمه‌كه‌ی ئێمه خوێندی و زۆرباشیشی خوێند و كه‌ئێستاش به‌گۆرانییه‌كی به‌رز ناسراوه ) مامۆستا فه‌ره‌نسیس داود یش به‌هه‌مان شێوه ستایشی توانای هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی كردوو به‌هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌و به‌توانا و به‌رزی نرخاند.
وته‌كانی هه‌ردوو مامۆستایانی ژه‌نیار ( خالید سه‌ركار و فه‌ره‌نسیس داود ) ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه هونه‌رمه‌ند پێویسته به‌توانا و شاره‌زا بێت له‌كاره‌كه‌ی و هه‌وڵبدات هه‌میشه كاری نوێ بخوڵقێنێ.
كه‌واته جێی خۆیه‌تی هه‌میشه به‌وپه‌ری ڕێز‌و حورمه‌ته‌وه له‌كاره ناوازه‌كان و شاكاره‌كانی هه‌موو تیپه مۆسیقی یه‌كانی كوردستان به‌گشتی و تیپی مۆسیقای سلێمانی بڕوانین و كه مێژوویه‌كی لێوان لێو له‌به‌خششی هونه‌ری به‌رزییان بۆگهلهكهیان و هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی تۆماركردووه ، هه‌روه‌ها به‌رزنرخاندنی توانای هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی كه‌له‌و كات و سه‌رده‌مه ئه‌نگوسته چاوه‌دا توانی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و تیپی مۆسیقای منداڵانی بێخود و تیپی مۆسیقای سلێمانی چه‌ندین گۆرانی و سروود تۆماربكات كهبۆههمیشه به‌به‌رزی و پیرۆزی ماونه‌ته‌وه ، هه‌میشه شه‌كاوه بێت ئاڵای پیرۆزی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی.
31/1/2017
به‌سوپاسه‌وه سوودم له‌به‌ڕێزان كاك ( جه‌لال هانیسی و په‌یام محه‌مه‌دی ) وه‌رگرتووه له‌سه‌ر ریتمی گه‌ڕییان و هه‌وره‌ها به‌ڕێز مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند خالید سه‌ركار