ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر برای ئازیز‌و هونه‌ردۆست و هونه‌رپه‌روه‌ر كاك سه‌ركه‌وت عه‌لی حه‌بیب له‌ڕێگه‌ی ئه‌كاونتی خۆی له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌یسبوك یادێكی له هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و ده‌نگخۆش ( مه‌لا كه‌ریم ) كرده‌وه ، به‌سوپاسێكی زۆره‌و بۆ ماندوو بوون و خه‌مخۆری بۆ ئه‌وزانیارییه‌ی سه‌باره‌ت به گۆرانی ( كه‌ده‌ڵین ئه‌مڕۆ ده‌شت و كێ‌و شینه ) كه‌بۆیه‌كه‌م جار هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ریم خوێندویه‌تی ،به‌ڵام له‌ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه ئه‌و گۆرانییه وا ناسراوه كه هونه‌رمه‌ند (مه‌زهه‌ری خالقی ) بۆیه‌كه‌م جار خوێندویه‌تی ، به‌نده‌ش ئه‌و بابه‌ته‌م گواسته‌وه بۆ ئه‌كاونتی خۆم و له‌لایه‌ن زۆر له‌هاوڕێیان و هونه‌رمه‌ندانه‌وه ستایش و ده‌ست خۆشی كرا.
یه‌كیك له هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كان هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار مامۆستا چالاك صدیق سه‌رنجی هه‌بوو سه‌باره‌ت به ساڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند مه‌لا كه‌ریم ، وێڕای سوپاس و حورمه‌ت بۆ مامۆستا چالاك و كاكه سه‌ركه‌وت و هه‌موو هاوڕێیان ، پێم باش بوو هه‌ندێك زانیاری زياتر له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رزو ده‌نگخۆشه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان (مه‌لا كه‌ریم ) بده‌م.
من وه‌كو گوێگرێكی هونه‌ری موزیك و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌م ، هه‌میشه ئه‌وه دووپات ده‌كه‌مه‌وه كه ده‌بێت هه‌موو كات به‌وپه‌ری رێز‌و به‌رزنرخاندنه‌وه له كاری هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژ و سترانبێژ و به‌یت بێژ و لاوك و حه‌يرانبێژ بڕوانین ، بۆیه ده‌ڵێم له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕۆشن مان نیه ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه خۆڕسك و خۆبه‌خش له‌نێو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و ژینگه‌ی پاك و زه‌نوێری كوردستان درووست بوون ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه كه هیچیان ده‌رچووی فێرگه‌یه‌كی موزیك نین و نه‌بوون، ته‌نیا به‌هه‌وڵ و كۆششی خۆیان و كاریگه‌ری ژیان و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌یان خۆیان په‌روه‌رده كردووه ودرێژه‌یان به‌كاری هونه‌ری داوه و هه‌روه‌ها پارێزه‌ری ئه‌و هونه‌ره خۆڕسكه بوون و له‌فه‌وتان و كاڵبوونه‌وه پاراستوویانه‌و به‌هه‌مان شیوه‌ش له‌و ڕێگايه‌وه خزمه‌تێكی زۆریان به‌زمانی كوردیش كردووه .
زۆرێك له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشانه هه‌موو كات به‌دوای ده‌رفه‌تێكدا گه‌ڕاون كه گه‌شه به‌هونه‌ره‌كه‌یان بده‌ن و خزمه‌تی زۆرتر به هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی بگه‌یه‌نن ، به‌لام ده‌بێت سوپاس گوزاری ئه‌و كه‌سایه‌تیانه بین له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌وڵ و كۆششیان كردووه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان كه به‌كۆمپانیاكانی تۆماركردنیان ناساندوون.
هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ، مه‌لا كه‌ریم ، ره‌شۆڵ ، دایكی جه‌مال ، ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ،نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد ،كاوێس ئاغا ،مریه‌م خان ،ئه‌ڵماس محه‌مه‌د …تاد ) ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه كه‌ئه‌مڕۆ به‌ده‌نگیان ئاشناین و ئه‌رشیفی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی یان ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه و شانازییان پێوه ده‌كه‌ین له‌ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانی تۆماركردنه‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركراوه.
چۆن له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هونه‌رمه‌ند سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی چۆته تاران و ده‌نگی تۆماركراوه ، خۆزگه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش بۆ هونه‌رمه‌ند مام سه‌عیدی ماملێ یی ده‌نگخۆش باوكی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ هه‌ڵبكه‌وتایه و ئه‌مرۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌و ده‌نگخۆشییه‌ی سه‌عیدی ماملێ بێ به‌ش نه‌بووایه هه‌رچه‌نده هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند سه‌ید ئه‌سكه‌ر و سه‌عیدی ماملێ له‌یه‌ك كات و زه‌مه‌ن دا ژیاون.
ناوچه‌ی موكریان یه‌كێكه له ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌ڕؤژهه‌ڵاتی كوردستان له‌وبواری هونه‌ری ده‌نگخۆشی و به‌یتبێژی دا ،له ئاوایی ئینده‌رقاشی سه‌ربه‌ناوچه‌ی سابڵاخ له‌ساڵی 1885 (مه‌لا كه‌ریم ئه‌حمه‌د سابڵاخی ) له‌دایكبووه ، خوێنده‌واری هه‌بووه به‌ڵام وه‌كو پیشه (مه‌لا ) نه‌بووه. (1)
كاك سه‌ركه‌وت عه‌لی حه‌بیب ، له‌كورته نوسینه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی پێداوه كه ( هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ریم له‌ته‌مه‌نی (16) ساڵیدا واته ساڵی 1901 سابڵاخی جێهێشتووه و له‌شاری سلێمانی گیرساوه‌ته‌وه ).
به‌ڵام نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌ى ڕاديۆيي به‌ڕێز ( كه‌مال ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ) له كتێبی (مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد ) نوسیویه‌تی و هه‌مان بۆچوونی هه‌یه كه‌له‌ساڵی 1901 دا هونه‌رمه‌ند مه‌لا كه‌ریم هاتۆته سلێمانی ، به‌ڵام ده‌فه‌رموێت ( به‌هۆی هێندێ ئاشنای دنیادیده‌م پێیان گوتم كه‌له‌یه‌كه‌م جه‌نگی گێتییه‌وه ( 1914 _1918)هاتۆته سلێمانی ). (2)
به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر له‌ساڵی 1901 مه‌لاكه‌ریم هاتبێته شاری سلێمانی تا كۆچی دوایی ، ماوه‌ی 37 ساڵ له‌شاری سلێمانی ژیاوه‌و و سه‌ره‌تا كاری ده‌ڵاڵی كردووه و دواتر بۆته ( ناتر ) واته ( ئه‌و كرێكاره‌ى كه‌له‌گه‌رماوه‌كان مرۆڤ ده‌شوات ) (ج،د) درێژه‌ی به‌كاری ناتری داوه له‌گه‌رماوه‌كانی شارى سلێمانى وه‌ك گه‌رماوى ( فاتمه خان ، مفتی و شێخ مارف ) تاكۆچی دوایی. (3)
بێگومان كاتێ كاری كردووه حه‌تمه‌ن له‌به‌ر خۆیه‌وه به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی زه‌مزه‌مه‌ی كردووه و ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه بناسرێت كه‌ده‌نگی خۆشه و توانای گۆرانی خوێندنی هه‌یه.
له‌وسه‌رده‌مه‌دا ته‌نها كۆمپانیاكانی تۆماركردن له‌سه‌ر قه‌وان له‌شاری به‌غداد هه‌بووه‌و بێگومان له‌شاره‌كانی تری عێراق لق یان هه‌بووه و شاری سلێمانیش بێ به‌ش نه‌بووه ، كه‌سایه‌تی دیاری شاری سلێمانی به‌ڕێز ( عومه‌ر قه‌زاز ) وه‌كیلی ئه‌و كۆمپانیایانه بووه ، له‌رێگه‌ی عومه‌ر قه‌زازه‌وه هونه‌رمه‌ند مه‌لا كه‌ریم دووجار چۆته شاری به‌غدا بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی و مه‌قام له‌سه‌ر قه‌وانی كۆمپانیاكانی وه‌ك ( ئۆدیۆن ، به‌یزافۆن و هس ماسترس ڤۆیس) چه‌ندین گۆرانی و مه‌قامی خوێندووه و تۆماركراون.
دوای ئه‌وه‌ی كه‌له‌شاری سلێمانی درێژه به‌ژیان و كاره‌كه‌ی ده‌دات و تێكه‌ڵاو به‌خه‌ڵكی شار‌و كه‌سانی هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆش ده‌بێت، په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا ) په‌یداده‌كات ، مه‌لاكه‌ریم خاوه‌نی ده‌نگێكی ناسك و خۆش كه له‌پێشه‌كی تۆماركردنی گۆرانیه‌كانی له‌كۆمپانیاكانی كه ئاماژه‌م پێداوه به ( مونلا كه‌ریم ئه‌فه‌ندی ) و به ( بولبولی كوردستان ) ده‌یناسێنن ،دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییانه له‌شاری به‌غدا و هه‌گبه‌ی هونه‌ری لێوریژه له‌گۆرانی پر چێژی كوردی و مه‌به‌ستیه‌تی كه ته‌نها له‌سینه‌یدا قه‌تیسیان نه‌كات بۆ جاری سێیه‌م به‌بێ ئاگاداری عومه‌ر قه‌زاز له‌گه‌ڵ هاوڕێی هونه‌رمه‌ندی ( ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا ) ڕووی كردۆته‌وه شاری به‌غداد و چه‌ند گۆرانییه‌كی تر تۆمارده‌كات ، له‌گه‌ڵ ڕه‌شۆڵ ی ده‌نگ خۆشی هاوڕێی پێكه‌وه گۆرانی تۆمارده‌كه‌ن.
عومه‌ر قه‌زاز ده‌ڵێت ( بێ ئاگاداری من به‌خۆڕایی قه‌وانه‌كانی بۆ كۆمپانیاكه پڕ كردۆته‌وه ) (4)
كه‌سایه‌تی ماندوو خه‌مخۆری ڕاگه‌یاندن و هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی به‌ڕێز ( كه‌مال ره‌ئوف محه‌مه‌د) ده‌فه‌رموێت :
( گشت به‌رهه‌می لای ئه‌و كۆمپانییانه(سیازده) قه‌وانه ،و (چوار) سترانی كه‌ده‌كاته (دوو ) قه‌وانی له‌گه‌ڵ ڕه‌شۆڵه ، ژماره‌ی سترانه‌كانیشی (بیست) ه به‌مه‌قام و به‌سته‌و سروود ، بێ له‌به‌سته‌ی فۆلكلۆریی و شیعری شاعیرانی كورد : پیره‌مێرد ، عه‌بدوڵلا به‌گ ، میسباحود دیوان ، فایه‌ق بێ كه‌س ، میرزا ڕه‌حیمی سابڵاخی _ وه‌فایشی گێڕاوه‌ته‌وه)
ئه‌وه‌ش نموونه‌ی گۆرانی و سروود ه به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی مه‌لا كه‌ریم خوێندراون :
1/ ئه‌ی خودا له‌م ئاگر بارانه ( مه‌قامی ئورفه) (5)
2/ كه‌ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ ده‌شت و كێ‌و شینه
3/ وه‌رگه‌رێ ئاوێزانت بم ( مه‌قامی سێگا ) (6)
4/ ئه‌و كچه له‌و ماڵه ( مه‌قامی هومایۆن)(7)
5/خاسێ تۆ خانمی ( مه‌لا كه‌ریم و ڕه‌شۆڵ ) ( مه‌قامی ئه‌وشار ) (8)
6/كه‌وای به‌رت ماهوته ( مه‌قامی حیجاز ) (9)
7/كاكه له‌چه‌مۆ دێ ( مه‌قامی ئه‌وشار )
8/ هاته‌وه بابێته‌وه ( سێگا)
9/ به‌له‌نجه‌یه
10/ ده‌مه‌كه‌ت بێنه
11/ده‌چمه سه‌رناڵه‌شكێنێ ( مه‌قامی عه‌جه‌م)
12/ غه‌زێمێ
13/سه‌وزه هه‌ی لیمۆ
14/ دڵه‌كه‌م غه‌مگینه
15/شلێ یار
16/ وه‌ك قومری سه‌رباڵم شینه
17/ شه‌ده شل
18/ چه‌ند شیرینه لام ( سروود)
19/ ئه‌گه‌ر ده‌یزانی من چه‌ند په‌رێشانم
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ ئه‌و به‌رهه‌مه جوانانه‌ی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركردووه له‌شاری به‌غداد ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆیی و به‌ڕێز عومه‌ر قه‌زاز ، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵیین هیچ گومانی تێدا نییه ئه‌و تیپه مۆسیقییه‌ی كه له‌پشتی كاره هونه‌رییه‌كانی مه‌لاكه‌ریمه‌وه‌ن بێگومان ژه‌نيارى عه‌ره‌ب و غه‌یره كوردن به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت ده‌ست و په‌نجه‌یان خۆش بێت به‌ڵام ئافه‌رین بۆ هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ریم زۆر زیره‌كانه‌و به‌توانایانه موزیكژه‌نانی دوای ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی خۆى خستووه‌و ئه‌و به‌رهه‌مه جوانانه‌ی تۆماركردووه .
مه‌لاكه‌ریم له‌شاری سلێمانی ژیانی هاوسه‌رگیری ئه‌نجامداوه و خاوه‌نی كوڕ‌و كچێكه ، به‌ڕێز كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ئاماژه‌ی پێده‌دات تاساڵانی هه‌شتاكان له‌ژیاندا بوون .
هونه‌رمه‌ند مه‌لا كه‌ریم له‌ته‌مه‌نی (53) ساڵیدا واته 1938 كۆچی دوایی ده‌كات و به‌خاكی پیرۆزی كوردستان ئه‌سپه‌رده‌ده‌كرێت و گردی سه‌یوانی شاری سلێمانی ده‌بێته دواهه‌واری.
هه‌زاران چه‌پكه گوڵ بۆسه‌ر گڵكۆی پیرۆزی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و سروودبێژ مه‌لاكه‌ریم و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كۆچكردووی گه‌له‌كه‌مان و یاد و یاده‌وه‌رییان هه‌میشه به‌رزو پیرۆز بێت و سڵاو له‌هونه‌ری به‌رزییان.
سه‌رچاوه / (1 تا 4) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939 _1958) به‌رگی یه‌كه‌م / جزمی سێیه‌م
بابی (لالۆ ) كه‌مال ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ….لاپه‌ڕه (713)
( 5تا 9) كتێبی …گونجینه‌ی گۆرانی كوردی …عوسمان شارباژێڕی …لاپه‌ڕه (113) کەمتر ببینە
20/2/2017