ڕۆژێ من و دڵ بولبوڵی دڵشادی چەمەن بووین
هاوڕازی گوڵی گوڵشەن و نەسرین و سەمەن بووین
ئاسکی لە غەم ئازادی دەر و دەشت و دەمەن بووین
فارغ لە جەفای ڕاوکەر و داو و کەمەن بووین
ئێستا کە بەبێ ڕەونەق و ژاکاوە دڵی من
“لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من”
“هەرچەن دەگەرێم بێسەروشوێن ماوە دڵی من”
کوا جیلوەیی گوڵ، کوانێ سەفا و ڕەونەقی گوڵزار
کوا دیمەنی پڕ نەقش و نیگاری کەش و کۆسار
کوا مەستی و کوا بادە و کوا شادییەکەی پار
کوا نەرگسی شەهلا و دووچاوی ڕەشی دڵدار
کەی شەوق و سەفا و شادییەکەی ماوە دڵی من
“لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من”
“هەرچەن دەگەرێم بێسەروشوێن ماوە دڵی من”
تاوێ لە چنور تاوێ وەنوشە و گوڵی سەر کۆ
تاوێ لە هەڕاڵەی گەش و خوێنینی سەر ئاسۆ
تاوێ لە گوڵی سور و لە گوڵباخ و لە شەوبۆ
گرتوومە سوراغت گوڵەکەم تۆخوا لە کوێی تۆ
نەیماوە ئیتر تاقەت و سووتاوە دڵی من
“لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من”
“هەرچەن دەگەرێم بێسەروشوێن ماوە دڵی من”
بەستە : عوسمان ئەحمەدی (پێشوازی لە شێعری مامۆستا بێخود)
ئاهەنگ : حەسەن یوسف زەمانی
گۆرانی بێژ: مەزهەر خالەقی