شاعیری نیشتمان پەروەر و هونەرمەندی دەنگخۆش (1927_ 28/10/1990)
ئەمڕۆ 28/10/2019 ….29 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەند وشاعیری كوردپەروەر محەمەدصالح دیلان، ئەو شاعیرەی كە هەموو ژیانی بەختكرد و تێكۆشا بەرامبەر بەدوژمنان و داگیركەرانی وڵاتەكەی، هونەرمەند و شاعیرێك دەنگە بەسۆزو زولاڵەكەی، هۆنراوە بەرزو لێوڕیژ لەهەستی نەتەوایەتی بۆ هەمیشە لەنێو نەتەوەكەیدا بەرزی ماوەتەو دەمێنێتەوە.
هەرچی لەبارەی دیلانی نەمرەوە بنوسرێت و بوترێت هێشتا كەمە، چونكە گەورەیی و دلسۆزیی دیلان بۆ خاك و نەتەوە و ووشەو زمان و هونەری كوردی و تادواساتەكانی ژیانی لەسەنگەری بەرگریدا بوو بەرامبەر دوژمن و داگیركەری كوردستان. ئەو هەموو ئاراز و دوورخستنەوە لەزێد و زیندانیكردنە زیاتر ببوە هەوێنی جۆشدانی هەستی نەتەوەیی دیلان و چۆكی دانەدا بەرامبەر دوژمن.
من وەكو خولیایەك هەمیشە حەزم لە زانیاری زیاترە لەسەر هونەرمەندانی گەلەكەم، رۆژی 18/10/2019 لەشارە ئازیزەكەم سلێمانی لەخزمەتی برایەكی خۆشەوییستدا بووم كاكە نەژادی حەمەباقی، باسمان لە هەندێك هونەرمەند دەكرد ، كاكە نەژاد پێی راگەیاندم كە شتێكم بیستووە، كەبرادەرێكی خۆی بۆی گێڕاوەتەوەو جێی متمانەیە ئەویش سەبارەت بە هونەرمەند و شاعیر حەمە ساڵح دیلان.
كاك نەژاد وتی ساڵی چەند بوو چوار ئەفسەرەكەی كۆماری كوردستان لەمەهاباد لەسێدارە دران، منیش وتم 19/ حوزەیرانی 1947، كە فایەق بێكەس هۆنراوەیەكی بۆ نوسیون بەناوی ( قەومی كورد)، وتی یەكێكیان خەڵكی سلێمانی بووە، وتم كاكە نەژاد شەهید ( محەمەد قودسی ) برای وێنەگری دێرینی شار كاك ( ڕەفیق) ە.
كاك نەژاد فەرمووی ( لەوساڵەدا كە ئەو چوار ئەفسەرە لەسێدراە دران و تەرمی شەهید محەمەد قودسی دێننەوە بۆ سلێمانی، بارودۆخێكی زۆر ناخۆش و خەمناك لەسلێمانیدا بووە و هەموو خەڵك بەپەرۆش بوون بۆ ئەو كارەساتەو شەهیدبوونی ئەو چوار ئەفسەرە، ئەو كۆڵانە باریكەی تەنیشت سەیدەلیەی شەوكەتت بیرە كەئێستا پێی دەڵین بازاڕی جەوازەكە، منیش وتم چاكم لەیادە ئەو مزگەوتی ( مفتی ) بوو دوودەرگای هەبوو تەنانەت ئەوەشم لەیادە ساڵی 1976 بۆ 1977 شەهید عەبەی مەلای هونەرمەند لەوڕاڕەوەباریكە كەدەچوو بۆ مزگەوتی مفتی لەوێدا كاری دەكرد و جگەرخانەیەكی دانابوو.
كاك نەژاد فەرمووی، ئەوبرادەرەم وتی كە ماوەی سێ ڕۆژ پرسە بۆ شەهید محەمەد قودسی لەمزگەوتی ممممممفتی دانراوە و ” بەهۆی زڵم و ستەمی داگیركاری ئینگلیز، یەك مەلای قورئان خوێند نەیوێراوە لەپرسەكەدا قورئان بخوێنێ، باوەڕدەكەیت دیلانی هونەرمەند و شاعیر بەدەنگە خۆشەكەی ماوەی ئەو سێ رۆژە قورئانی خوێندووە ….. بەڕاستی ئەو هەواڵە بۆ من نامۆ بوو بەڵام لەبەر دوو هۆ دەتوانم باوەڕبكەم كە ئەو ڕووداوە ڕاستە :
یەكەم : لەبەر ئەوەی حەمە ساڵح دیلان ساڵی 1927 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، كوڕی مەلا ئەحمەد كوڕی مەلاصاڵحی كوڕی مەلا قادرە ، كەواتە لەبەرئەوەی باوك و باپیری مەلابوون و قورئان خوێن بوون ، گومانی تێدا نییە لەژێر فشاری باوكی و كەلتووری خێزانەكەی دیلانی ڕەحمەتی فێری قورئان خوێندن بووبێت.
دووەم : لەسالی 1947 كاتی ڕوودانی لەسێدارەدانی ئەو چوار ئەفسەرە دیلان تەمەنی 20 سال بووە لە فەرمانگەی توتن دامەزراوە ، لاوێكی خوێن گەرم و هەستكردن بەچەوساندنەو زوڵم ستەمی داگیركەر كردووە ، كەواتە هۆكاری دووەم ئەو خوێن گەرمییەو ئەو هەستە نەتەوەیی یە شەهیدكردنی رۆڵەكانی نەتەوەی بەدەستی دوژمنان و داگیركەری وڵاتەكەی ، ئەو ڕیگەیەی بەخۆیداوە كە ئەو مەراسیمی پرسەیە بەدەنگە خۆش و زولاڵەكەی قورئان بخوێنێ و وەڵامێك بێت بۆ داگیركەر كە شەهیدبوون لەڕێی نیشتمانا ، ریگایەكی پیرۆزەو ریز و نرخ بۆ شەهیدەكانمان دادەنێن.
لەم یادی 29 ساڵەدا هەزاران چەپكە گول بۆ سەرگڵكۆی پیرۆزی حەمە ساڵح دیلانی نەمر و گڵكۆی پیرۆزی هەمیشە چراخان و غەریقی رەحمەتی پەروەردگار بێت ، یاد و یادەوەرییەكانی هەموو كات بەرز پیرۆز بێت . زۆر سپاس و حورمەت بۆ كاك نەژادی حەمە باقی بۆپێدانی ئەوزانیاریەوە و منیش بەپێویستم زانی كە بیخەمە بەردییە هۆگران و هەوادارانی دەنگ و سۆزو هۆنراەوە ووشەی حەمە ساڵح دیلان .
جەمالی دەلاك 28/10/2019